شەماڵ سائیب
شەماڵ سائیب | |
---|---|
ناوی لەدایکبوون | شەماڵ سائیب |
پیشەکان | گۆرانیبێژ |
ئامێرەکان | عود |
شەماڵ جەلال سائیب (لەدایکبووی ١٩٣١ لە سلێمانی، عێراق – مردووی ٧ لەسەر ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦)[١] میوزیکژەن و گۆرانیبێژی کورد بوو، بەشێوەزاری سۆرانی گۆرانی دەگوت.[٢]
ژیان[دەستکاری]
شەماڵ لە ساڵی ١٩٣١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەھۆی ئەوەی باوکی قایمقام بووە[٣] و لە زۆر لە قەزا و کاروفرمانی دیوە، بۆیە شەماڵ لە منداڵییەوە لەگەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا ژیاوەو چاوی کراوەتەوە و دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بەزمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندراو تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.
دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە ١٩٥١، کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانستگای بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٥٦ ز دا خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لە دوا ناوەندی ئەعزەمییەی کوڕان و لە ساڵی ١٩٥٩ ز دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا.
لە دوا دوای ساڵی ١٩٦٣، چووەتە ئەمریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵاو بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و کە گەڕاوەتەوە کوردستان.[٤] لە ساڵی ١٩٧١، دا لە زانکۆی سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئاداب و کە ئەو زانستگایە گوێزرایەوە بۆ ھەولێر و کراو بە زانکۆی سەلاحەددین ئەمیش گوێزاوەتەوە بۆ ئەو زانستگایە تاکو کۆچی دوایی کردووە.
لە ٨ی تەممووزی دا شەماڵ سائیب لە ئەنجامی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ھەولێر کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان نێژرا.[١]
ھونەری شەماڵ سائیب[دەستکاری]
شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵییەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا لاسای مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردووەتەوە،[٣] لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بووەتە خاوەنی ھونەرو دەنگی تایبەتی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلی گۆرانی تازە داناوەو گوتوونی و سوودێکی زۆری لە شیعرو ئاوازی فۆلکلۆری کوردیش وەرگرتووە.
شەماڵ لە ساڵی ١٩٥٦، وەک دەنگێکی نوێ و ھونەرمەندێی نوێکار ھاتووەتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی سەرکەوتووی وەک شوانە ھۆ شوانە و بەردە بەردە و ھاتی بۆ ھاتی و ھاتم ھاتم و ھەرە لەیلێ و جوان ئێمە جوانین و بارزانی و زولەیخای دانا.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ ی ا کتێبی شەماڵ سائیب - ژیان و ھونەر، نووسینی ئەحمەد سالار و ژیمۆ شەماڵ سائیب، دەزگای ئاراس، ٢٠١٠.
- ^ دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک ھێشتا دەنگی شەماڵ سائیب زیندووە، ماڵپەڕی ڕۆژ نیوس، ٢٥ی شووباتی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
- ^ ی ا شەماڵ سائیب ڕۆڵی لە موزیک و گۆرانیی کوردی، ماڵپەڕی باسنیوز، ١٥ی تەممووزی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
- ^ یادی ھونەرمەند شەماڵ سائیب دەکرێتەوە، ماڵپەڕی وشە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.