مەولانا خالیدی نەقشبەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەولانا خالیدی نەقشبەندی

لەدایکبوون (١٧٧٩-0٦-0٧) ٧ی حوزەیرانی ١٧٧٩
مەرگ٨ی تەممووزی ١٨٢٧
نەتەوەکورد
ئایینئیسلام


مەلا شێخ خالیدی شارەزووری ناسراو بە مەولانا خالید یا خالید بەغدادی[١] (لەدایکبووی ٧ی حوزەیرانی ١٧٧٩ –مردووی ٨ی تەمموزی ١٨٢٧) کە نازناوی «ضیاءالدّین» و «ذی الجناحین»یشی ھەبووە، زانای ئاینی و سۆفی کورد بووە. ئەو لە ھیندستان لای شا عەبدوڵڵا دیھلەوی فێری تەریقەتی نەقشبەندی دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات و ڕێبازی خالیدی دادەمەزرێنێت. لە یادی ١٨٢ ساڵەی مەولانا خالید، لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٩دا دیدارێکی جیھانی لە سلێمانی بەڕێوە چوو.[٢] بە فارسی و کوردی هۆنراوە و پەخشانی لێ بەجێ ماوە.[٣] زۆربەی هۆنراوە کوردییەکانی بە گۆرانین، بەڵام پەخشان و هۆنراوەی سۆرانیشی ھەیە.

ژیان[دەستکاری]

مەرقەدی حەزرەتی مەولانا خالیدی شارەزوری نەقشبەندی - سوریا

مەولانا خالید کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی حوسەینە و لە تیرەی جافی میکایلییە. دایکی ناوی فاتمەیە و لە سەییدەکانی پیر خدرییە. لە ساڵی ١١٩٣ی کۆچیدا لە شارۆچکەی قەرەداغ لەدایک بووە و بە منداڵی ھەر لەوێ خوێندوویەتی. لە تەمەنی لاوێتییدا بە فەقێیەتی چووە بو سلێمانی و لەلایەن شێخ محەممەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتوە. کاتێک سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای خۆی لە ساڵی ١٢١٣دا کۆچی دوایی دەکات، مەولانا بە فەرمانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لەجێی دادەمەزرێ و دەست دەکات بە دەرسگوتنەوە و ناوبانگ دەر دەکات. لەو ماوەیەدا کە خەریکی تەدریس بووە، ھەمیشە موشتاق بووە مورشدێکی ڕۆحی بدوزێتەوە و تەسەوفی لێ وەربگرێت.

مەرقەدی حەزرەتی مەولانا خالیدی شارەزوری نەقشبەندی

خوێندنی[دەستکاری]

لە قەرەداغ دەستی کردووە بە خوێندن. لەلای چەندین زانا خوێندوویەتی لەوانەش :

١)سەید عەبدولکەریم بەرزنجی

٢)شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی

٣)سەید عەبدولڕەحیم بەرزنجی

٤)مەلا ساڵحی تەڕەماری

٥)مەلا ئیبراھیمی بیارەیی

٦)مەلا جەلالی خورماڵی

٧)مەلا سیبغەتوڵڵای زیارەتی

٨)مەلا محەممەد ئیبن ئادەم بالەکی

٩)شێخ قەسیمی سنەیی مەردۆخی

١٠)مەلا عەبدوڵڵای گەورە

پاشان دێتە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی عەزیز ئاغا دەست دەکات بە دەرسدانەوەی فەقێکان. دواتر دەچێتە مزگەوتی عەبدولڕەحمان پاشا کە ناوسراوە بە مزگەوتی بابا عەلی، ماوەیەکی زۆر لەوێ دەرس دەدات، پاشان ساڵی ١٨٠٥ی زایینی لە ڕێگای شامەوە دەچێت بۆ حەج.

مەولانا دەفەرموێ لەوێ بەدوای پیاوچاکان دەگەڕام تا گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرم، گەیشتم بەخزمەت شێخێکی یەمەنیی زانا و دانا، ئەویش چەند ئامۆژگارییەکی کردم. یەکێک لەوانە فەرمووی : لە مەککەدا ئینکاری مەکە لە شتێک کە بینیت ڕووکەشەکەی پێچەوانەی شەرعە. مەولانا دەفەرموێت کە گەیشتمە مەککە، ڕۆژی ھەینی چوومە حەرەمی مەککی، لەلای کەعبەی شەریفە دانیشتم و کتێبی دەلائیلم دەخوێند، پیاوێکی ڕیشڕەشم بینی کە جلێکی سادەی لەبەر بوو و پشتی دابوو بەسەر قەراغەکانی کەعبەدا و ڕووی کردبووە من؛ منیش لە ناو دڵی خۆمدا وتم «ئەم پیاوە ئەدەبی نییە لەگەڵ کەعبەدا.» ئەویش پێی وتم : «ئەی تۆ نازانی ڕێزی مرۆڤ و حورمەتی لای خودا گەورەترە لە حورمەتی کەعبە، ئیتر بۆچی ڕێگری لە پشتکردنم لە کەعبە و ڕووکردنم لە تۆ دەکەیت؟ ئایا گوێت لە ئامۆژگاریی خەڵکی مەدینە نەبووە؟» منیش گومانم لا نەما کە یەکێکە لە ئەولیا گەورەکان و بەم ڕەفتارانە خۆی شاردۆتەوە، دەستیم ماچ کرد و داوای لێبوردنم لێی کرد و داوام لێ کرد ڕێگای ڕاستم نیشان بدات. ئەویش بە دەستی ئاماژەی بۆ لای ھیندستان کرد و فەرمووی : «لەم شارەدا فەتحت بۆ ناکرێ، لەوێ فەتح و نیشانت بۆ دێت.»

پاشان دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک جاران دەست بە دەرسدانەوە دەکات. ڕۆژێک موریدێک بەناوی «میرزا ڕەحیموڵڵا» ھاتە لای مەولانا و داوای لێ کرد بچێت بۆ ھیندوستان بۆ خزمەت شێخ عبداللھی دەلھی. پاشان مەولانا دەزانێت کە ئەمە ئەو نیشانەیەیە کە چاوەڕوانیی دەکرد و دەچێت بۆ ھیندوستان و کە شێخ عەبدوڵڵا دەیبینێت شیاوە، دەیکات بە خەلیفەی خۆی و فەرمانی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەدات.

پاشان دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەڵک دێنە پێشوازیی. دوای ئەوە دەچێتە بەغداد و شەش مانگ لە مزگەوتی حەزرەتی شێخ عبدالقادری گەیلانی دەمێنیتەوە. ساڵی ١٨١١ی زاینی دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاشان لەسەر فەرموودەی شێخ عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و لەو مزگەوتە نیشتەجێ دەبێ کە ئێستا بە تەکیەی خالیدییە ناودەبرێ.

پاشان میر مەحموود پاشای بابان چووە بەغداد و داوای لە مەولانا کرد بگەڕێتەوە کوردستان؛ ئەویش ھاتەوە سلێمانی و میر مزگەوت و تەکیەی بۆ دروست کرد کە ئێستا بە خانەقای مەولانا خالید ناو دەبرێت. مەولانا خالید بە دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی لە شاری سلێمانیدا دادەنرێت. ھەرچەندە بەھۆی ھەڵەلێکتێگەیشتن ھەندێک کێشەی بچووک لەنێوان مەولانا خالیدی شارەزووریی نەقشبەندی و شێخ مارفی نۆدێی قادری ڕووی داوە، بەڵام دواتر بوون بە دۆستی یەکتر و تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوانیان بەردەوامیی داوە و شێخ مارفی نۆدێ بە داوای لێبوردنەوە نامەی بۆ مەولانا خالید نووسیوە ((مێژووی ناودارانی کورد - ٣٠١))

پاشان لە سلێمانییەوە باری کرد بۆ بەغداد و لە تەکیەی خالیدییە خەریکی دەرس و فتوا بوو، ساڵی ١٨٢٢ی زایینی چووە دیمەشق، لەوێ دەستی بە دەرسدانەوە و ئامۆژگاری کرد، پاشان زیارەتی قودسی کرد و پاشان دووبارە حەجی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ شام.

ھەندێ لە مورید و خەلیفە و فەقێکانی مەولانا:[دەستکاری]

١)شێخ عوسمان سیراج الدینی تەوێڵە

٢)مەلا عەبدوڵڵای جەلی کۆیی

٣)شێخ تاھیری بامەڕنێ

٤)سەید تەھای نەھری

٥)سەید عوبەیدوڵڵای نەھری

٦)شێخ عەباسی کەرکوکی

٧)شێخ ئیسماعیلی شێروانی

٨)شێخ موحەمەد سلێمانی

٩)شێخ فەتاحی ئاکرێ

١٠) شێخ ئەحمەدی سەرداری سەرگەڵوویی

لە دانراوەکانی مەولانا :[دەستکاری]

١)حاشیە لەسەر خەیالی و سەیلەکوتی شەرحی عەقائید

٢)العقد الجوھري , في الفرق بين كسبي الماتريدي و الأشعري

٣)شەرحی (أطباق الذھب)ی زەمەخشەری بە فارسی

٤)نامیلکەی (اداب المريد)

٥)نامیلکەی رابیطە

٦)نامیلکەی زیکری نەقشبەندی

٧)مەکتوباتی عەرەبی و فارسی

٨)فرائد الفوائد في العقائد

٩)حاشیە لەسەر (جمع الفوائد)

١٠)حاشیە لەسەر شەرحی عەقائیدی (عضد)

١١)حاشیە لەسەر (نھاية المحتاج) لە فیقھی شافعی

١٢) دیوانی شیعر

منداڵەکانی مەولانا :[دەستکاری]

١)بھاء الدین ٢) عبدالرحمن ٣) شھاب الدین ٤) نجم الدین ٥) فاطمە

نمونەیەک لە شعرەکانی مەولانا بە کوردی :[دەستکاری]

یا فــــــەردی ئەعزەم یا فەردی ئەعزەم

یا حەی ، یا قەییوم ، یا فەردی ئەعزەم

یا شـــــــــــــنەوەندەی ناڵەی سوبحدەم

پەنـــــــــای بەندیان ، بەندینخانەی غەم

یا فـەرازندەی چـــــــــــــــەرخ موعەللەق

یا نیگارندەی نـــــــــــــــــــــــۆ تاق ئەزرەق

کۆچی دوایی[دەستکاری]

مەولانا لە شەوی ھەینی، ٨ی تەممووزی ١٨٢٧ (١٣ی مانگی «ذي القعدة»ی ساڵی ١٢٤٢ی کۆچی) بەھۆی تووشبوون بە نەخۆشیی تاعوونەوە کۆچی دواییی کرد و لە گۆڕستانی کێوی قاسیۆن لە دیمەشق بەخاک سپێردرا کە لەوێ ناسراوە بە (زیارەتگای سەید خالیدی کوردی)، ساڵی ١٨٤٢ی زایینی لەسەر فەرمانی خەلیفە سوڵتان عەبدولحەمیدی دوویەم گومبەت بۆ مەرقەدەکەی دروست کرا.

مەولانا و تەسەوف[دەستکاری]

مەولانا لە ساڵی ١٢٢٠دا لە ڕێگای شامەوە دەچێت بۆ حەج. کەسێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کە بۆ فێربوون تەسەوف دەبێ بچێت بۆ ھیندستان. ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج بەرەو ھیندستان بە ڕێ دەکەوێت، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لە ساڵێک دەگاتە دیھلی و شا عەبدوڵڵا دیھلەوی لە گەورەکانی تەسەوف دەبینێت. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوەندە لەلای شا عەبدوڵڵا خۆشەویست دەبێت کە کەس بە پایەی ئەو ناگات. دوای سەرکەوتن لە پلە و پایەکانی تەریقەت، شا عەبدوڵڵا ئیجازەی ئیرشادی لە ھەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوھرەوەردی، کوبرەوی و، چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شا عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە سالی ١٢٢٦دا دەگاتەوە سلێمانی. پاش ماوەیەک حەسانەوە دەچێت بۆ بەغدا و پێنج مانگ لە بارەگای غەوسی گەیلانیدا دەمێنێتەوە و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەم جارە دەست دەکات بە ئیرشادی موسوڵمانان بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. ھاوینان چووە بو ھەورامان و ھەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددین بە خزمەتی گەیشتووە و خەریکی سولووکی تەریقەت بووە.

مەولانا لە سالی ١٢٢٨ی کۆچیدا بۆ جاری دووھەم چووەتە بەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوە. لە ئاخردا دەبینێت کە دۆخی سلێمانی بە ھۆی کێشە و ناکۆکی لەناو بابانەکاندا ناخۆش بووە و لە سالی ١٢٣٦دا بۆ جاری سێھەم دەچێت بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوە، بەرەو شام بەڕێ دەکەوێت و لە ساڵی ١٢٣٨ی کۆچیدا دەگاتە ئەوێ.

دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەرێکی قودس دەکا. لەوێش زۆر لە زانایان و پیاوماقووڵان و خەڵکی تر دەبن بە موریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوە تا ساڵی ١٢٤١ خەریکی دەرسگوتنەوە بە فەقێکان دەبێ. لەو ساڵەدا دیسان سەفەری حەج دەکا.

ساڵێک دوای گەڕانەوە بۆ شام، واتە لە سالی ١٢٤٢ی کۆچیدا، شەوی چوارشەممە ١١ی مانگی ذی‌القعدە تووشی نەخۆشیی تاعوون دەبێ و لە شەوی جومعە سێزدەی ھەمان مانگدا لە نێوان نوێژی شێوان و خەوتناندا ژیانی کۆتاییی پێ دێت.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

مەولانا، کتێبی زۆری نووسیوە و ھەروەھا بە کوردی و فارسی و عەرەبی شیعری گوتوە کە زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر و مەدحی پیاوچاکانن. لە نموونەی شیعرەکانی مەولانا خالید کە پیرەمێردی شاعیر وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم پارچەیە خوارەوەیە:

مژدە ئەی یاقوبی دڵ وا یوسفی کەنعان گەیشتبۆ خەمی بێ ئینتیھای دووری، دەمی پایان گەیشت
بێرە دواوە، گیان لەسەر لێوم کە یاری نازەنینھەروەکو عیسای مریەم بۆ عیلاجی گیان گەیشت
کێوی خەم، با، با، لەناوی با، ئەوا بادی صەباھات لە تەکیا بۆنی تۆزی مەقدەمی جانان گەییشت
دڵ کە گیرابوو لەداخی دووری یا ڕزگاری بووچونکو دەنگی پێکەنینی ئەو گوڵی خەندان گەییشت
(خالید!) ئەی مورغی گوڵستانی وەفا، ناڵەت نەبێوا بەھار بۆ گیانی سەرما بردەڵەی زستان گەییشت

ستایش بۆ مەولانا خالید[دەستکاری]

مەحوی لە یەکێک لە قەسیدە ناوازەکانیدا وەسف و ستایشی مەولانا خالید دەکات، ئەمەی خوارەوە چەند دێڕێکی ئەو قەسیدەیەی مەحوییە لە ژێر ناوی (ستایشی مەولانا خالید):

دڵم ئەمشەو نەخۆشی نیسبەتی چاوێکی بیمارەجگەر غەڵتانی خوێنی حەسەتی لێوێکی خونخوارە
سەرم شێواوی شێوەی فیتنە ھەڵگرسێنی شۆخێکەحەواسم تەفرەقەی عیشوەی دڵ ئاشووبێکی عەییارە
خەیاڵی زوڵفی دەرناچێ لە دڵ تا دەرنەچێ ڕۆحمسپێراوە خەزێنەی بەختی ئێمە بەو سیامارە
لە شینی فیرقەتی ئەودا ئەوەندە ئەشکی سوورم ریتبەدەوری جێگەما تا بڕ دەکاتن دیدە، گوڵزارە
لە بۆ سەیرانی باغ و سەبزە تەکلیفم مەکەن یارانکە سەبزە و گوڵ لە چاومدا بەبێ ئەو ھەر خەس و خارە
نەمامی قامەتی پەروەردەی ئاوی دیدەکەی من بووکەچی گوڵچینی باغی وەسڵی ئەو ئێستاکە ئەغیارە

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Özdalga, E. (1999). Naqshbandis in western and central Asia. Istanbul: Numune Matbaasi" (PDF). Retrieved 1ی Marchی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |بەستەری شکاو= ignored (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help)CS1 maint: url-status (link) ٣٠ی ئازاری ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ دیداری مەولاناخالیدی شارەزوری نەقشبەندی بەرِێوەچوو ٢ی ئایاری ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، پەیامنێر
  3. ^ Malmisanij, M. (2006). The past and the present of book publishing in Kurdish language in Turkey. Istanbul.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]