موفتی پێنجوێنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
موفتی پێنجوێنی
لەدایکبوونعەبدوڵڵا مەلا کەریم
١٨٨١
گوندی بێستانە، پێنجوێن
مردن١٥ی حوزەیرانی ١٩٥٢[١]
سلێمانی
شوێنی گۆڕگۆڕستانی حاجی شێخ، پێنجوێن
نازناوموفتی پێجوێنی، مەلا عەبدوڵڵا توتنچی
پیشەشاعیر
زمانکوردی
نەتەوەکورد
سەردەمسەدەی ١٩ — ٢٠

مەلا عەبدوڵڵای‌ توتنچی‌ ناسراو بە موفتی پێنجوێنی ناوی تەواوی عەبدوڵڵا مەلا کەریم ‌(لەدایکبووی ١٨٨١ گوندی بێستانە — مردووی ١٥ی حوزەیرانی ١٩٥٢ سلێمانی)[١] شاعیرێکی کورد بوو، چەندان چەپک ھۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و ڕێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ ھەیە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی‌ لە پێنجوێن ھانی‌ خەڵکی‌ داوە بۆ ناردنی‌ منداڵەکانیان بۆ فێرگە بە تایبەتی‌ کچان. ئەم دەستپێکە لە منداڵی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە، بە دەستێک پەیداکاری‌ و بەخێوکاری‌ پیشاندەدا و بە دەستێکی‌ تر ھەڵمەتی‌ قەڵەم و ھەڵگرتنی‌ چرای‌ ڕووناککەرەوەی‌ بیری‌ نەتەوایەتی‌ بەرزکردبۆوە. موفتی‌ بە یەکێ‌ لە ڕەچەشکێنانی‌ ئەو بوارە قوڕاوی‌ و تاریکانە بوو کە ھەنگاونانی‌ قەتیس و قەدەغە کردبوو. موفتی‌ پێشڕەو و پێشەنگی‌ بیرە نوێیەکانی‌ زانستی‌ و پەروەردەی‌ ھاوچەرخ و ڕامیاری‌ سەردەم.[٢]

ژیاننامە[دەستکاری]

عەبدوڵڵا مەلا کەریم ناسراو بە موفتی پێنجوێنی ساڵی ١٨٨١ لە گوندی بێستانە لە نزیک پێنجوێن لەدایکبووە. ھێشتا منداڵ بووە کە باوکی مردووە.بەشێک لە خوێندنی لای برا گەورەی مەلا ئەحمەد گەیاندووەتە ئەنجام. ئینجاچووە بۆ سەقز و سابڵاغ(مەھاباد) و بۆکان بۆ مەبەستی خوێندن. لە پاشاندا ڕووی کردۆتە مەریوان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە ، ھەندێ لە خزمەکانی بەسەرکردۆتەوە، لە دوای ئەمەش گەڕاوەتەوە گوندەکەی و لەوێش لای مەلا ئەحمەدی برای دەستی کردۆتەوە بە خوێندن. ئینجا بەشێک لە خوێندنی لە بیارە بووە لای مەلا عەبدولقادری بیارەیی. ئەم مامۆستایە نازناوی موفتی بۆ ھەڵبژاردووە وەک ڕێزلێنانێک بۆ موفتی ئەو سەردەمەی شاری سنە ناوی (مەلا عەبدوڵڵا موفتی) بووە. لە دوای ماوەیەک دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە، ئیتر بڕیاری داوە ئیجازەی مەلایەتی وەرنەگرێ و مەلایەتیش نەکات. بەم جۆرە گەڕاوەتەوە پێنجوێن و ملی داوە کاسبی و دووکانی تووتنچی داناوە لەگەڵ فرۆشتنی شتومەکی وردەواڵە. ھەڵسوکەوتی موفتی لەناو کۆمەڵگای کۆنەپەرست و دواکەوتوودا جێی ڕەزامەندی نەبووە، تا گەیشتۆتە ئەوەی ھەوڵی کوشتنیان داوە، لە سووتانەکەی ساڵی ١٩٣٦ی پێنجوێن دوکانی سووتاوە و ھەندێ لە ڕەشنووسی شیعری لەناوچووە. لە مانگی ئابی ١٩٤٠ گیراوە. بە پەنجا دینار سزا و نۆزدە ڕۆژ بەندی وازیان لێھێناوە. لە ساڵی ١٩٤٦ز کاتێک کۆماری مەهاباد دامەزرا، هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام خۆشەویستی ئەم سەربەخۆییەی کوردستان، گەیاندییە ناو جەرگەی ئەم کۆمارە تا بە چزوی خۆی ئاواتی چەند ساڵەی ببینێت، لەوێ چەند پارچە هۆنراوەیەکی بۆ کۆماری کوردستان نووسیوە و لە گۆڤاری هەڵاڵە بڵاوی کردۆتەوە. لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان گەڕاوەتەوە پێنجوێن.[١]

مردن[دەستکاری]

شاعیر لە ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەیان بردۆتەوە پێنجوێن و لە گۆڕستانی حاجی شێخ بەخاک سپێردراوە. لە دوای ناشتنی بە چەند ڕۆژێک وەسیەتنامەی گەیشتۆتە دەست بنەماڵەکەی. لەو تۆمارەدا پێشنیازی کردووە لە گردی سەیوان لە سلێمانی بنێژرێ.[١]

وشیاری‌ نەتەوەیی‌ لای‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌[دەستکاری]

موفتی‌ پێنجوێنی‌ لەو شاعیرانەیە کە بەشێکی‌ زۆری‌ دیوانەکەی‌ تایبەتە بە نەتەوە، یان دەتوانین بڵێن ھەموو دیوانەکەی‌ لە خزمەتی‌ نەتەوەکەیدا بووە، ئەمەش بەو دەلیلەی‌ کە بێجگە لە شیعرە نەتەوەییەکانی‌ کە بەڕوونی‌ ھەستی‌ پێدەکەین لە شیعرە کۆمەڵایەتی‌ و ئەو شیعرانەی‌ بۆ کوڕوکچانی‌ کوردی‌ نووسیوە، یان ئەو شیعرانەی‌ وەک وەسێتنامە بۆ کچ و کوڕانی‌ خۆی‌ نووسیوە، یان بە جوانی‌ سروشتی‌ کوردستاندا وتویەتی‌[٢].. لە تێکڕای‌ ئەمانەدا ھەستێکی‌ نەتەوەیی‌ پەنھان دەخوێنینەوە و کە ھانی‌ کوڕ و کچانی‌ کورد دەدات بۆ ئەوەی‌ خۆیان بە زانست و زانیارییەوە خەریک بکەن ئەمە لەپێناو نەتەوەکەدایە و ھاوکات کە بابەتە ھەستیارە کۆمەڵایەتییەکانیش دەخاتە بەرباس بۆ ئەوەیە کە نەتەوەکەی‌ سەرفرازبکات و ھەوڵی‌ نوێبوونەوە و گۆڕان بدات تێیدا. با سەرنج لەم نمونەیەی‌ شیعری‌ موفتی‌ بدەین:

ئەی‌ وەتەن من تێئەگەم بۆ شین و زاری‌ کارتە بۆ نەبوونی‌ عیلمی‌ بەرزی‌ گەورە و سەردارتە
ئاخ و داخ و ئاھی‌ سەردی‌ تۆ سەبەب ئەم دوانەیە خۆ پەسەندیی‌ و غایە ویستی‌ گەورەکانتە

موفتی‌ پێنجوێنی‌ وەک خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەکات، تێدەگات دەردی‌ دواکەوتوویی‌ نەتەوەکەی‌ چییە و ئەو دەیگێڕێتەوە بۆ نەبوونی‌ زانست و خۆ بە شت زانینی‌ سەردارانی‌ ئەو سەردەمە، بۆتە دەردی‌ دواکەوتوویی‌ و خۆرەی‌ جەستەی‌ کۆمەڵگەی‌ کوردی‌. ھەر لەو شیعرەدا ئاماژە بە پێشکەوتووی‌ ھەموو وڵاتانی‌ دنیا دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، کە پێشکەوتنی‌ ئەوان بەھۆی‌ ئەو زانستەوەیە، ھەروەھا ئاماژە بە جیاوازی‌ پێشکەوتنی‌ نێوان لوبنان و کوردستان دەکات و دەنووسێت (فەرقی‌ تۆ و لوبنانە بەینی‌ ئاسمان و زەمین). لەم نیوە بەیتەی‌ موفتییەوە دوو حاڵی‌ گرنگ خراوەتەڕوو یەکێکیان ئەوەیە، کە شاعیر ئاواتی‌ خواستووە کە وڵاتەکەی‌ ئەویش وەکو لوبنان پێشبکەوێت و ئەو ھەموو پێشکەوتنانەی‌ ئەوکات لوبنان ھەیبووە بەخۆیەوە ببینێ‌. دووەمیش ئەوەیە کە موفتی‌ شاعیرێکی‌ ئاگادار بووە لە دەوروبەری‌ خۆی‌ و کەسێکی‌ بێئاگا نەبووە لە پێشکەوتنەکانی‌ ئەوکاتەی‌ جیھان بۆیە، نەک تەنھا لەم شیعرەدا، بەڵکو لە زۆر شیعری‌ تریشدا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی‌ بەرچاوی‌ ھەبووە و لە شیعرێکدا بەناوی‌ ( سۆز ) کە شیعرێکی‌ پێنج خشتەکییە موفتی‌ باس لەوە دەکات کە ئەم کوردە ھەر خەوتووە و بێدا نابێتەوە بۆ ئەوەی‌ بگات بە زانست و وشیاربێتەوە ئەو دەنووسێت:

کوردە خەو تاکەی‌ دەسا دەستی‌ من و دامانتە وەختی‌ ھوشیاریتە خەو زنجیری‌ ئەژنۆ و ڕانتە
دوژمنت دایم خەریکی‌ موڵک و ماڵ‌ و گیانتە حەیفە تۆ فکر و خەیاڵی‌ گەردش و سەیرانتە
رۆژی‌ تێکۆشین و ھەوڵ‌ و کاتی‌ ھەڵسوڕانتە

موفتی‌ پێنجوێنی‌ زۆر بە پەرۆشی‌ نەتەوەوە بووە و بێ‌ نەتەوە ئەو ھیچ مانایەک لەنێو ژیاندا نابینێتەوە کە ئەم ھەستە بەشێوەیەکی‌ زۆر واقیعی‌ لە شیعرەکانی‌ ئەم شاعیرەدا ھەستی‌ پێدەکرێت. دەرککردنی‌ موفتی‌ بەو ھەموو شتە لەو سەردەمەدا گرنگییەکی‌ تایبەتی‌ ھەیە و ھەر ئەم گرنگیەشە کە ئەم شاعیرە دەخاتە خانەی‌ نەمرییەوە، چونکە ھیچ شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ‌ نەمری‌ بۆ خۆی‌ و بەرھەمەکانی‌ بەدەست بھێنێت ئەگەر شاھیدی‌ ڕاستگۆی‌ قۆناغێکی‌ ژیانی‌ نەتەوەکەی‌ نەبێت و ئەرکی‌ مێژوونووسێکی‌ ڕاستگۆ نەگێڕێت، بۆیە دەکرێت لێرەدا و پاش خوێندنەوەی‌ تەواوی‌ دیوانە پڕ بایەخەکەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ ناسنامەی‌ مێژوونوسێکی‌ ڕاستگۆش بدەینە پاڵ‌ ئەم شاعیرە، چونکە ھەموو نووسەرێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە نووسینەوەی‌ مێژووی‌ نەتەوەکەیاندا ھەیە، بەڵام ئەوە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کام لەو شاعیر و نووسەرانە بوونەتە مێژوونوسێکی‌ ڕاستبێژی‌ سەردەمەکەی‌ خۆیان، کە من پێموایە موفتی‌ لەپاڵ‌ چەند شاعیرێکی‌ وەک نالی‌ و سالم و کوردی‌ و بێکەس و ئەحمەد موختار جاف وپیرەمێرد و قانیع و...ھتد شایەنی‌ ئەو نازناوەیە و ئەوەشی‌ ئەم شاعیرەی‌ خۆستۆتە پەراوێزەوە ڕۆژگارە کە نەیھێشتووە ئاوڕی‌ جدی‌ لێبدرێتەوە. ئەگەر ئەو پێنج خشتەکییەی‌ سەرەوەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەراورد بکەین بە بەیتێک شیعری ئەحمەد موختار جاف کە دەڵێت:لەخەو ھەستن درەنگە میللەتی‌ کورد خەو زەرەرتانە
ھەموو تأریخی‌ عالەم شاھیدی‌ فەزڵ‌ و ھونەرتانە

لەخەو ھەستن درەنگە میللەتی‌ کورد خەو زەرەرتانە
ھەموو تأریخی‌ عالەم شاھیدی‌ فەزڵ‌ و ھونەرتانە

لە بەراوردکردنی‌ ئەم دوو شیعرەدا ئەوە دەبینین کە ھەردوو شاعیر دەیانەوێت نەتەوەکەیان بەخەبەر بھێنن و بەرەو عیلم زانست ھەنگاو بنێت، بەڵام جیاوازی‌ ئەم دوو بەیتە لەوەدایە کە موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەشێوەیەکی‌ زۆر سەرکۆنەی‌ نەتەوەکەی‌ دەکات و ھیچ زانست و ھوشیارییەکیان تێدا نابینێت، بەڵام ئەحمەد موختار جاف ئەوە دەخاتەڕوو کە مێژووی‌ جیھان گەواھیدەری‌ بەرزی‌ ھونەری‌ ئێوەیە. لەمەی‌ ئەحمەد موختار جاف دەکرێت ئێمە دوو بۆچوون بخەینەڕوو یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم شاعیرە ویستبێتی‌ نەتەوەکەی‌ ھەڵبنێت و غیرەتیان بخاتەبەر. دووەمیشیان ئەوەبوبێت کە ئەحمەد موختار جاف لەشاردا ژیاوە و تاڕادەیەکی‌ زۆر دنیابینی‌ لە موفتی‌ پێنجوێنی‌ فراوانتر بووە، بەو حوکمەی‌ کە موفتی‌ لە شارۆچکەیەکی‌ وەک پێنجوێنی‌ دوورە دەستدا گیری‌ خواردووە ئەمە وایکردووە، کە ئەحمەد موختار ئاگادار ئەو پێشکەوتنانە بێت کە کۆمەڵگەی‌ کوردی‌ لەو سەردەمەدا خاوەنی‌ بووە و موفتی‌، یان بە کەمی‌ زانییوە، یان کەمێک لێی‌ بێئاگا بووە کە ھەردوو حاڵەتەکەی‌ موفتیش حاڵەتی‌ ئاسایییە[٢]..


نمونە بۆ شیعرەکانی[دەستکاری]

گەورەیەک[دەستکاری]

گەورەیەک بۆ من نەبێ سێبەری

بۆ خۆم بگێڕم لە دەوری سەری؟


بە وشکی بۆچی ببمە مەیتەری

وەختێ دەرکەوێ هەستم لەبەری


هەر خۆی دایمە هەوڵی ژیانی بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشێ نەمان بێ


گەورەیەک چاوی لە فەقیر نەبێ

دەربەست ژیانی جوان و پیر نەبێ


مێمل بە مال و دوژمن بە جان بێ

جوێن و شەقیش بێ بەراتەکەی ئەو


ئەگەر شۆرەتی وەک سلێمان بێ

یاخوا ئەو گەورە بەشی نەمان بێ.........

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی شەشەم، لاپەڕەکانی ١١٩ تا ١٤٥ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ھەولێر ٢٠٠٦.
  2. ^ ئ ا ب ئاوڕدانەوەیەک لە موفتی پێنجوێنی ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. ماڵپەڕی دەنگەکان - ئارام سدیق

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]