مەحوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلا موحەمەد کوڕی مەلا عوسمان «مەحوی»

لەدایکبوون١٨٣٦ یان ١٨٣٧
مەرگ١٩٠٦
شوێنی گۆڕژوورەکانی خانەقای مەحوی
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، زانای ئاینی، عاریف
ئایینئیسلام

مەلا موحەمەد کوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦) مامۆستای ئایینی و یەکێک لە دیارترین ھۆنراوەنووسەکانی کورد بووە؛ و بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شیعری کوردی دادەنرێت، ھۆنراوەکانی لە دەوری چەند تەوەرێکی جیاواز ئەسوڕێنەوە و سەرجەمی ھۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە

ژیان[دەستکاری]

(مەحوی) ناوی مەلا موحەممەد کوڕی مەلا عوسمانی باڵخییە لە نەوەی پیر و زانای ناودار (شێخ ڕەش), باپیریشی ناوی مەلا عوسمان بووە، وەکو شێخ مارفی نۆدی لەگەڵ دروست کردنی سلێمانیدا ھاتۆتە شاری نوێوە، (باڵخ) یش دێیەکە لە ناوچەی (ماوەت) لە شاری سلێمانی.

مێژونوسی کورد (موحەممەد ئەمین زەکی بەگ) دەڵێ لە ساڵی ١٢٥٢ ی. ک (١٨٣٦–١٨٣٧ ی. ز) دا لە دایک بووە، مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ لە ١٨٣٠ (١٢٤٦ ی. ک) دا لە دایک بووە، و (کاکەی فەلاحیش) دەڵێ لە ١٢٤٧ ی. ک (١٨٣١–١٨٣٢ ی. ز) دا لە دایک بووە، باوکی خەلیفەی شێخ عوسمان سیراجەددینی تەوێڵەی بووە، حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەک لای باوکی خوێندوییەتی، بۆ خوێندن چۆتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەکانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی، ئەوجا چوە بۆ بەغداد و بوە بە فەقێ زانای بە ناوبانگی کورد مفتی زەھاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە، دیسان مامۆستا عەلائەددین سەججادی دەڵێ پاش ئیجازە وەرگرتنی لە ١٨٥٩ ی. ز دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا، بەڵام لە ١٨٦٢ دا بەغدای بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا. لە ١٨٦٨ دا بە ھۆی مردنی باوکییەوە دەستی لە کاری میری کێشاوەتەوە و بۆەتەوە بە مەلا و دەستی کردەوە بە دەرس وتنەوە بە فەقێیان، مەلا حەسەنی کوڕی مەلا عەلیی قزڵجی و مەلا مەحمودی مەزناوەیی و مەلا سەعید ئەفەندیی نایب ئۆغڵیی کەرکووک و مەلا عەزیزی موفتی سلێمانی لە ناوبانگترین فەقێکانی بوون، ھەر بە ڕێچکەی باوکیا تەریقەی گرتوەتەبەر و بووە بە خەلیفەی شێخ بەھائوددینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە. وەکو مامۆستا شێخ موحەمەدی خاڵیش لە (مفتی زەھاوی) یەکەیدا نوسیویەتی، مەحوی لە ساڵی ١٢٩١ی. ک (١٨٧٤–١٨٧٥ی. ز) دا لەگەڵ چەند مەلایەک لە سلێمانییەوە نەفی کراون بۆ بەغداد، ناوبراو ھیچی تری لە بارەی ئەم نەفی کردنە و ھۆیەکەی و چۆنیەتی گەڕانەوەی مەحوییەوە لەوەو پاش بۆ سلێمانی نەنوسیوە.

مەحوی لە ١٨٨٣دا بەپێی قسەی مامۆستا سەججادی چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ ئەستەنبوڵ و ڕێگەی پیاوماقوڵانی کوردەوە لە ئەستەنبوڵ چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی کەوتوە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەکیان لە سلێمانی بۆ کردۆتەوە کە ئێستا بە (خانەقای مەحوی) بەناوبانگە، مەعاشێکیشی بەناوی خزمەتکردنی ھەژارانەوە بۆ بڕیوەتەوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، تا مردنی لە سەرەتای شەشەڵانی ١٣٣٤ (تشرینی یەکەمی ١٩٠٦)دا.

خانەقای مەحوی[دەستکاری]

ساڵی ١٨٨٣ چووە بۆ حەج، لە ھاتنەوەیدا چووە بۆ ئەستەنبوڵ کە ئەو کاتە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی پیاوە کوردەکانەوە لە ئەستەنبوڵ بە دیداری سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم ئەگات، و سوڵتان زۆر عیلم و تەسەوفی مەحوی بە دڵ ئەبێت، ھەر لەبەرئەمەش بڕیار ئەدات خانەقایەکی بۆ بکرێتەوە لە سلێمانی، کە بە خانەقای مەحوی ناسرا؛ و مەحوی لە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی و لە خانەقاکەی بەردەوام دەبێت لە وانە ووتنەوە زانست و ڕابەریکردنی خەڵک لە تەسەووفدا.

مەحوی لە خانەقاکەیدا کاتەکانی بۆ سێ بەش دابەش دەکات، بەشێکی بۆ وانەووتنەوە و بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ خەڵک و ئامۆژگاری کردنیان و بە شێکی تری بۆ نوێژ و یادی خوا و بیرکردنەوە.

کەسایەتی مەحوی[دەستکاری]

پەیکەری مەحووی لە باخی گشتی لە سلێمانی

مەحوی پیاوێکی باڵابەرز و سوور وسپی و چاوگەورە بووە، رێشێکی درێژی ھەبووە و بە نەرمی و ھێمنی قسەی کردووە، مێزەری سپی و کەواو سەڵتەی لەبەرکردووە، و ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە خولیای گۆشەگیری بووە و گەرمی ھەست و سۆزەکانی دەرگای شیعری بۆ ئاوەڵا کرد، ھەروەھا ئەو ژینگە و خێزانەی مەحوی تیا پەروەردە بووە کردوویەتی بە شاعیرێکی تەسەووف، ھەروەھا شاعیرێکی وەردەکاربوو و تەواوکردنی ھەندێک لە قەسیدەکانی لە مانگێکەوە تا ساڵێکی خایاندووە.

ناوەڕۆک و ڕووخساری ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

شیعرەکانی مەحوی لەسەر مانا و بیرکردنەوەیەکی تەواو قوڵ ئەوەستێت و بەگشتی ھۆنراوەکانی لەسەر چەندین تەوەری جیاواز ئەدوێت، لەوانە شانازی کردن بە نەتەوەی کورد و زمانی کوردییەوە لە ھەندێک لە شیعرەکانیدا، ھەروەھا ھەڵوێستی توندی شاعیر بەرامبەر ستەمکار و زۆرداران لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە لەگەڵ بەگژداچوونی ئەوانەی بازرگانی بەسەر ئایینەوە ئەکەن، زۆرترین بەشی شیعرەکانی لە چوارچێوەی جوانی و خۆشەویستی و عەشق دەسوڕێتەوە ھەروەھا چەندیین شیعری ھەیە لە بواری ڕاستی پەرستی و فەلسەفەدا و لە ستایشی ئایینی و تەسەووفدا.

مەحوی وەکو شاعیرانی سەردەمی و پێشووتر لەخۆی کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارھێناوە، ھەروەھا یەکێتی قافییە پاراستووە، بەواتایەک کە سەرانسەری ھۆنراوەکە لەسەر یەک قافیەیە. بەھۆی ئەوەی زمانی کوردی لەو سەردەمەدا ھێز و تینی ئێستای نەبووە، مەحوی وشەی فارسی و عەرەبی زۆر بەکارھێناوە، ھەروەھا وشەکاری و وردەکاری زۆری بەکارھێناوە و بەدوای وشە دەربڕینی گراندا گەڕاوە.

لە ھەمان کاتدا مەحووی لەگەڵ زمانی کوردیدا بە زمانی فارسی و عەرەبی چەندین ھۆنراوەی نووسیوە.

چەند نموونەیەک لە ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

غەزەلیات[دەستکاری]

بەشی زۆری شیعرەکانی مەحوی لە چوارچێوەی غەزەلیاتدایە و ئەم پارچە شیعرەی خوارەوە نموونەیەکە لەو شیعرانە؛

بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم!بە شەمعێکی وەھا چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم!
لە خەزنەی دڵمدا ھەرچی ھەیە، ھەر داغی سەودایەدەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم!
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یاروەکو «شێخ» ئیختیاری مەزھەبی «تەرسا» نەکەم، چ بکەم!
لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێمادەسا خاکی ھەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم، چ بکەم!
دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشەبە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم!
لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەردەریەسیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم!
لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزیەم «مانع الجمع» ەکە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی ھەموو دنیا نەکەم، چ بکەم!
بەجێ ماوم لە یاران، نا بە جێ ماوم، ئەجەل زوو بەبە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم!
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی!ھەتا قامی قیامەت، ئاە و واوەیلا نەکەم، چ بکەم!

دێرێک شعری مەحوی کە بۆ خۆشەویستەکەی نوسیویەتی

شوکر تۆ لەفکرم ناچی، ئەگەرچی من لەفکرت چووم

لەمن غایب نەبێ تۆ، بەسمە، با من بم لە تۆ غایب

ئایینی[دەستکاری]

ئەم چەند دێڕەی خوارەوە نموونەیەکن لە ھۆنراوە ئایینییەکانی مەحوی و بەشێکن لە قەسیدەی بەحری نوور کە ستایشی پیغەمبەری (صلی الله عليه وسلم) ئیسلامی تێدادەکات و قەسیدەکە خۆی لە ١٢٤ دێڕ پێک ھاتووە.

"و صلی اللە علی" ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانەکە دەرکی غەوری ناکا "غیر علم اللە سبحان"ە
"و صلی اللە علی" ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتەکە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەننانە
"و صلی اللە علی" ئەو حەزرەتەی ساحێب کەماڵاتەکە ئەعلا و موعجیزەی، قوربانی بم من، نووری قورئانە
لە تاریکی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعێکی داھەزار و سێ سەد و بیست و دووە، دنیا چراخانە
چرایەک نووری بێچوونی مومیددی بێ، دەبێ وا بێچرایەک دەستی قودرەت خۆشی کا، بۆ تا ئەبەد مانە
"تعالی اللە" بە دوو دە بوو کە ھەردوو عالەمی داگرتبنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوھدی دنیایی تەماشا کەکە یەک لەت نانی جۆ بوو قوتی، یا خورما دوو سێ دانە
فەلەک جاھێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێتەنازوول کا عولووی ھیممەتی بۆ دەنکە زیزانە
موھیممێ غەیری زاتی حەی لە ھیممەتیا نیە، ئیللالەبەر ئەم ئوممەتە بێ ھیممەتە دائیم بە ئەحزانە

ئەمەش دێرێکی تر لە ھۆنراوەکانی:

خەیالی پوچی دنیا وا دەماخ و دلمی پێچاوە:

قیامەت مەگەر ھەر رۆژێ قیامەت بێتەوە فکرم

چوار خشتەکییەکان[دەستکاری]

دیوانی مەحوی گەورە ٦٤ شیعری چوارخشتەکی لە خۆ دەگرێت بە زمانی کوردی، یەکێک لەوانە ئەم چوارخشتەکییەی خوارەوەیە:

بنووسە، پیری دڵم ئەمری کرد، ئیتاعەم کردلە ئیبتیداوە کە بەیتێ موناسبی دیوان
گەدایەکی وەکوو «مەحوی»، قەلەندەرێکی کوردمیسالی پادشەھی فورسە، ساحێبی دیوان

لەبارەی مەحووییەوە ووتراوە[دەستکاری]

مەحوی یەکێک لە دیارترین و ناسراوترین ھۆنراوەنووسانی کورد و کەم تا زۆر نووسەر و ڕەخنەگر و شاعیرانی کورد لە بارەیانەوە نووسیوە ھەروەھا زۆر لە شاعیران لە ھۆنراوەکانیاندا بە شانی مەحوویدا ھەڵیانداوە، لەوانە؛ سالمی ساحێبقڕان و مەلا موحەممەد خاکی و حاجی قادری کۆیی و مەلا کاکە حەمەی ناری و سەیید ئەحمەدی نەقییبی و فەوزی و عەلی کەمال باپیر ئاغا و حەمدی و زۆر لە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگرەکانی تر ستایشی مەحوی و شیعرە قوڵەکانیان کردووە.

وەک نموونەیەک لەسەر ئەو ھۆنراوەنەی لەسەر مەحوی نووسراون، ئەم دووپارچە ھۆنراوەیەی خوارەوەن، کە پارچەی یەکەمیان شێخ ئەحمەد شێخ غەنی ناسراو بە فەوزی نووسیویەتی؛

گەرچی نالی و کوردی و سالم لە دەوری «ماچی» یاخاوەنی دیوانی عالی بوون لە شیعری کوردییا
گۆیی سەبقەت ھەر لە ئاوا مابوو «مەحوی» پێی گەیشتخستیەوە مەیدان بە جێی ھێشتن لە عەسری «پانی» یا

پارچە ھۆنراوەی دووەم، عەلی کەمال باپیر ئاغا نووسیویەتی.

چونکە بەندەی حەزرەتی «مەحوی» م و شاگردی ئەوموائەزانم واریسی تەختی شاھی کەیخوسرەوم
داخەکەم ئەولادەکانی دەرحەقی من بێ وەفانوا ئەزانن بەندە مردووم یاخۆ سەرمەستی خەوم

دیوانی مەحوی[دەستکاری]

دیوانی مەحوی، کۆمەڵە شیعرەکانی مەحوی لە خۆ دەگرێت، ھاوکات لەگەڵ زۆر لەو ووتار و بابەت و شیعرانەی لە بارەی مەحوویەوە نوسراوەن وەک پاشبەند لە کتێبەکەدا ھەن، و شیعرەکانی مەحوی دابەشکراوە بۆ غەزلیات و شیعری ئایینی و چوار خشتەکییەکان و تاکەکان و بەشی عەرەبی و بەشی فارسی ھاوکات ھەر یەکێک لەم پۆڵێنانە بە پێی ڕیزبەندی ئەلفبێی کۆتایی دێڕە ھۆنراوەکان ڕیزبەند کراون.

ئەو سەرچاوانەی دیوانەکانی مەحوویان لێ وەرگیراوە لە سەرەتادا نوسراوەکانی دەستی شێخ مەلا عومەری مەحوی کوڕی شاعیر و ھەندێک دەستنووسی تری بنەماڵەکەیان بوون و پاشان شیخ موحەممەدی مەحوی بە بەراوردکردنی دیوانەکەی چاپی ١٩٢٢ لەگەڵ دەستنووسەکاندا دیوانەکەی نووسیوەتەوە و لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٦١دا لەگەڵ گۆران و کاکەی فەلاحدا ڕاستیان کردۆتەوە و خستویانەتە سەر ڕێنووسی نوێی کورد.

پاشان ھەریەک لە مەلا عەبدولکەریم مودەریس و محەمەدی کوڕی شیعرەکانیان لێکداوەتەوە و ھەروەھا بە ھاوکاری کاکەی فەلاح و شێخ موحەممەد مەحوی دیوانەکەیان بە چاپ گەیاندووە.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

مەحوی لە تشرینی یەکەمی ١٩٠٦دا ژیانی دوایی ھات و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقاکەیدا بە خاک سپێردرا.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر مەحوی[دەستکاری]

مەحوی وەکو لوتکەی شیعری تەسەوفی کوردی و عاریف و زانا و شاعیرێکی گەورە و لەبەر ناوەرۆکی وردی شیعرەکانی چەندین فیستیڤاڵ و لێکۆڵینەوە و کتێب لەسەر خۆی و شیعرەکانی بەڕێوە چوون و دەرکراون، لەوانە فیستیڤاڵی شاعیری گەورەی کورد «مەحوی» لە ھەولێر لە ژێر چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٨–٣٠ی ئابی ٢٠٠١، ھەروەھا ئەم کتێبانەی خوارەوە نمونەی چەندین لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەم شاعیرە گەورەیە:

ناوی کتێب ناوی نوسەر ژمارەی پەڕە ناوەرۆک
نووری حیکمەت و رۆحی عیرفانی مەحوی تەحسین حەمە غەریب ٣٧٠ لێکۆڵینەوە لەسەر قەسیدەی بەحری نوور
مەحوی ناسی ھیمداد شاھین ٢٠٠ لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر تەسەوف و مەحوی گەورە
مەحوی لە نێوان زاھیریەت وباتنیەت و سەرچاوەکانی عیشق

و وێنەی مەعشوقدا

د. ئەحمەدی مەلا ٣٤٠ لێکۆڵینەوەیەکی گشتی
دەیری عیشق عەبدولڵا قەرەداغی ٢٣٠ لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری "دیارم دەیری عیشقە"
گوڵخانەی عاریفان ھیمداد شاھین ٤٤٠ لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر تەسەوف و مەحوی گەورە
مشتێ لە بێژەی عارفی و کردەی عیرفانی مەولانا مەحوی عومەر عەزیز مەحوی ١٦٠٠ (چوار بەرگ) لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر تەسەوف و مەحوی گەورە

بابەتی پەیوەندیدار[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]