بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دڵزار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دڵزار
وێنەیەکی دڵزار .
ناوی لەدایکبوونئەحمەد مستەفا محەممەد
نازناو(ەکان)دڵزار
لەدایکبوون٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ (تەمەن ١٠١)
کۆیە، کوردستان.[١]
مردن١٠ی نیسانی ٢٠٢١
دڵسۆزیکوردستان
خزمەت/لقسوپای لیڤی عێراق
ساڵانی خزمەت١٩٤٣–١٩٤٥
پلەسەرباز
پێکدادانەکان/جەنگەکان

ئەحمەد مستەفا محەممەد ناسراو بە دڵزار (لەدایکبووی ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ - مردووی ١٠ی نیسانی ٢٠٢١)[٢] شاعیر و سەربازێکی کورد بوو. ئەو سەربازیی کردبوو لە جەنگی جیھانیی دووەم.[٣]

ژیانی سەرەتایی

[دەستکاری]

دڵزار کە ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە کۆیە و لە بنەماڵەیەکی ناسراو، بەڵام دەستکورت لە دایک بوو، کە ئەوکات تازە جەنگی جیھانیی یەکەم کۆتایی پێھاتووە و گرانییەکی سەیر ڕووی لە کوردستان کردووە. دایکی ناوی عائیشە عەبدول عەزیزی نەوەی کاکی زێوە بوو.[٤] باوکی ھەمیشە شیعری فارسی بۆ کردوونەتەوە کوردی، ھاوکات داستانی بۆ خوێندوونەتەوە، لەوانە شانامەی فیردۆسی، کە کاریگەری لەسەر دڵزار ھەبوو، ھاوکات ئەوەش وتوویەتی، کە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی کرد، لەم ڕێیەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بوو، ماوەی دوو ساڵێک لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.[٥] لە ساڵی ١٩٢٩، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیەدا دەکرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بەم قۆناغە دێنێ و دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت.[١] دواتر لە ٢٨ی شوباتی ١٩٤٣ بووەتە سەرباز.

ژیانی سەربازی

[دەستکاری]

دڵزار سەربازێکی سوپای لیڤی عێراقی بوو و بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە ڕێزی ئەم سوپایە مایەوە، ئەم تیپە سوپاییە لە لایەن بەریتانیاوە دامەزرا بوو لە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (١٩١٨).[١] ھەر لەلایەن بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەکرا و لە کورد، ئاشووری و تورکمان پێکھاتبوون.[٦] لە ساڵی ١٩٤٣ لە کۆیە بێ کاربووە، لەوێ پەیوەندی بە سوپای لیڤییەوە کرد و لە ١٩٤٣ تاوەکو ١٩٤٤. سەرەتا لە حەبانییە، بەغدا و بەسڕە لە عێراق ماونەتەوە بۆ ڕاھێانی سەربازی، دواتر لەڕێگەی سووریاوە چوونەتە فەڵەستین لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٤. بە گوتەی دڵزار، سوپای لیڤی زیاتر لە ٨ ھەزار سەربازی کوردی لەخۆ گرتبوو. دڵزار و ھاوڕێکانی تا بەکۆتا ھاتنی جەنگ لە حەیفا ماونەتەوە. بە گوتەی دڵزار، نزیکەی ٤٠ سەربازی کورد لە ڕیزەکانی پێشەوە جەنگاون، بەتایبەتیش لە ناوچەی باکووری ئیتاڵیا، و ناوی کەریم عەبدولواحید حاجی عەزیزی ھاوڕێی بەتایبەت ھێناوە و دەڵێ دوو جار لەڕێگەی پەڕەشوتەوە خۆی گەیاندووەتە بەرەکانی جەنگ.[٣]

لە زمانی خۆیەوە

[دەستکاری]

من لە ئێوارەی ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە شاری کۆیە لە دایک بووم، لە بنەماڵەیەکی ناسراو بەڵام دەستکورت ھاتمە سەر دونیا، ئەو کات تازە شەڕی یەکەمی جیھانی کۆتایی پێ ھاتبوو گرانییەکی سەیر ڕووی لە کوردستان کرد ڕۆژانە بە دەیان کەس دەمردن من لەو ڕۆژانە دا لە دایک بووم، کە چاوم بە دونیا ھەڵێنا گوێم لە دەنگی شیعر و ئاواز و مۆسیقا و دەنگی بولبول و جوانییەکانی سروشت بوو، بەرلەوەی بچمە قوتابخانە، باوکم شیعری فارسی بۆ دەکردینە کوردی، داستانی جوانی بۆ دەخوێندینەوە لەوانە (شانامەی فیردۆسی) کاریگەری زۆر کردە سەرمن، لەتەمەنی ٧ ساڵی دا باوکم منی دایە دەستی (مەلا ئەسعەد) و لەوێ فێری نووسین و خوێندن بووم، قورئانم خەتم کرد ساڵی ١٩٢٩ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆیە، مامۆستاکانم ھەر ھەموویان کوردبوون، عەبدوڵڵا سامی، عومەر جەلال، سەبری ئیسماعیل و ھتد. ئەو کات ناوەندی لە کۆیە نەبوو، لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەکەم جار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیە کرایەوە و منیش چوومە قوتابخانەی ناوەندی ئیتر دەستم لە خوێندن ھەڵگرت لە شوباتی ١٩٤٣ چوومەناو عەسکەری بۆ تەواو کردنی خزمەتی سەربازی، ساڵی ١٩٤٣ لە بەغدا بووم و ١٩٤٤ چوومە بەسڕە، دواتر گەڕامەوە کۆیە.

ژیانی دڵزار لە پەرتووکی مێژووی ئەدەبی کوردی[١]

[دەستکاری]

لەو کاتەی لە خزمەتی سوپا ڕزگاری بوو لە ساڵی ١٩٤٦ گەڕایەوە کۆیە. لەو کاتەدا پەیوەندی بەکۆمۆنیستانەوە کرد، لە دوای ماوەیەکی کەم لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ یەکەمین جار گیرا. بۆ جاری دووەم لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٨ گیراوەتەوە، لە کۆیە ڕەوانەی ھەولێر کراوە. لە سەرەتای ١٩٤٩ دادگا فەرمانی شەش مانگ بەندکردنیی دەرکردووە و نێردراوە بۆ بەندیخانەی نێوەندیی بەغدا. لە ناو بەندیخانە لەسەر جموجۆڵی سیاسیی تاوانبار کراوە و دادگا فەرمانی سێ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکردووە و ناردوویانە بۆ بەندیخانەی کووت. لە ھاوینی ١٩٥٢ ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە کۆیە. ئیتر دەستی کردووە بەژیانی نھێنی لە ڕێزی کۆمونیستاندا. لە ساڵانی ١٩٥٢ – ١٩٥٣ لە ھەولێر بووە، ئینجا نێردراوە بۆ سلێمانی، دواتر لە ئابی ١٩٥٤ گواستراوەتەوە کەرکووک. لەو ماوەیەدا دەسەڵات دەیەوێ بیگرێ، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدەدا. لە دوای ماوەیەک چووە بۆ ھەڵەبجە لەوێ دەگیرێ و نێردراوەتەوە کەرکووک. ئینجا بەدەستبەسەری ڕەوانەی بەندیخانەی نوگرەت سەلمان کراوە لە سارای باشووری عێراق. لە ساڵی ١٩٥٦ ئازادبووە و گەڕاوەتەوە کۆیە و بەنھێنی ژیاوە تا کوودەتا سوپاییەکەی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ی بەغدا. لەم ماوەیەدا تا ساڵی ١٩٦٠ خەریکی کاروباری سیاسی کۆمۆنیستەکان بووە لە کۆیە. لەو ساڵەدا کراوە بەدەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «ئازادی» لە بەغدا.
لە دوای کوودەتا فاشستییەکەی ٨ی شووباتی ١٩٦٣ چووەتە ناو ڕێزی کۆمۆنیستە چەکدارەکان کە بنکەیان لە گوندی کەڵکەسماق و لە پاشاندا لە گوندی ئاوەگرد بوو لە ناوچەی کۆیە. لە ساڵی ١٩٦٧ بەملاوە چاوی دەسەڵات کۆمۆنیستەکانەوە نەبوو، بەتایبەتی لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠.
لە ماوەی ١٠٧٠ – ١٩٧١ بەشداری لە خولێکی ڕۆشنبیری کردووە لە مۆسکۆ لەبارەی بیری ماڕکسییەوە، ھەروەھا لە ئەکادیمییەی بولگاریا و لە سۆفیا بڕوانامەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی وەرگرتووە و ئینجا گەڕاوەتەوە وڵات. لە ساڵی ١٩٧٣ – ١٩٧٤ بووە بە وانەبێژ لە قوتابخانەی کۆمۆنیستەکان لە گوندی دەرگەڵە و مێژووی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت و بزووتنەوەی کرێکارانی جیھانی ووتووەتە.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٢ کە دەسەڵاتی عێراق بەدەست حیزبی بەعسەوە بوو پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە مۆر کرد و لە بەھاری ١٩٧٤ لەگەڵ شۆڕشی کورد تێکچوو. دڵزار لەگەڵ نۆ کەسی تر بەناوی کۆمۆنیستەوە بوون بەئەندام لە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان. ئیتر لەو کاتەوە گوزەرانی دڵزار و کۆمۆنیستەکان باش بوو تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٩، لەو کاتەی بەعس لەمانیش ھەڵگەڕایەوە، ئیتر دڵزار ناچاربوو چووە پاڵ ڕێکخراوی کۆمونیستەکان لە ناوزەنگ و پشت ئاشان تا ساڵی ١٩٨٣. لەو ساڵەوە چووە بۆ سووریا، ئینجا بولگاریا لە پاشاندا سوید و بوو بەپەنابەری ساسی و تا ساڵی ١٩٩٤ و بەیەکجاری گەڕایەوە نیشتیمان.

ژیانی دوای جەنگ

[دەستکاری]

ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ش بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردرا. لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٩ نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٥دا بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا. دواتر کوردستانی جێھێشتووە و لە وڵاتی سوید نیشتەجێی بووە. لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، دڵزار لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو دەربارەی بەشداربوونی کورد لە جەنگی جیھانی قسەی کرد و قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپی بەدرۆ خستەوە کە گوتبوی کورد لە جەنگی جیھانیدا یارمەتیدەر ھاوپەیمانان نەبووە دوای کشانەوەی ئەمریکا و دەستپێکردنی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. دڵزار لە وەڵامی دۆناڵد ترامپدا گوتی «کورد بەشداری لە جەنگی دووەمی جیھانی کردووە و لە جەنگەکەشدا زۆر ئازابوون، سەرۆکی ئەمریکا بۆیە زانیاریی نییە و دەڵێت کورد بەشداری نەکردبوو، چونکە ئەو کاتە لە دایک نەبوو، بۆیە نازانێت».[٣]

نموونەی شیعری

[دەستکاری]

شیعرێک دەربارەی ژیانی خۆی[٧]

[دەستکاری]

ھەشتی یەکی ھەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو

حەفتا و دوو ساڵی ڕەبەق لە تەمەنم تەواو بوو

وەک کەسانێکی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین

دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین

بەڵام ئەوەی کە مایەی سەبەرزی و شانازییە

سەرشۆرنەکردنمان و خەبات و گیانبازییە

شیعری «تاکەی»

[دەستکاری]

کەوا لەلایەن ھونەرمەند ناسر ڕەزازیەوەش کراوەتە سروود.

ئەی کوردە تاکەی خەریک تاڵانی

خەریکی ماڵی خوێش و خزمانی

تاکەی حەز دەکەن بە زللەی یەکتر

تاکەی ھەر تینوون بە کەلەی یەکتر

تاکەی تێناگەن تاکەی پێناگەن

تاکەی بەپەندو بێژی کەس ناکەن

تاکەی فەسادی تاکەی کەسادی

ھەتاکەی تیژن لەسەر عینادی

تاکەی مەی نۆشی تاکەی بێ ھۆشی

تاکەی وڵات و میلەت فرۆشی

تاکەی خەریکی ڕامی و پۆکەری

تاکەی مەراقی و کاری جۆکەری

تاکەی حەق نێژی تاکەی خوێنڕێژی

گڵۆڵەی ژینت وا کەوتە لێژی

تاکەی لە وەقتی مەینەت چەقیوون

لەناو میلەتان ھەر وەک ھەتیوون

تاکەی مەحکومی تەکیەو خانەقان

تاکەی بۆ وەتەن بێ وەعدو بەقان

تاکەی ھەر ڕازین بە نیری ملتان

تاکەی ھەست ناکەن بە زامی دڵتان

شیعری «ماھی تابان»

[دەستکاری]

ماھی تابانە ئەسیری شوعلەیی ڕوخساری تۆ

موشکی تاتارە زەبوونی پەرچەمی خونخواری تۆ

چونکە سوتاوە دڵی من وا بە کڵپەی کوڵمەکەت

لەت لەتە جەرگم بە ژەھری زولفەکەی ڕەشماری تۆ

عەینی بارانی بەھاران خوێن دەڕێژێ دیدەکەم

چەشنی مەجنون شێت و شەیدام من بۆ ودیداری تۆ

کارو بارم ھەر گرین و ناڵەو ھاواری یە

چونکە کێشاویە دڵم چاوەکەی سەححاری تۆ

شاھیدی عەشق و جەفایە ڕەنگی زەردو ئاھی سەرد

باعیسی سووتانی دڵمە ڕوومەتی گوڵناری تۆ

سا عیلاجی دەردەکەم کە ئەی تەبیبی عاشقان

نوشداروی زەخمی دڵمە ماچی غونچەی زاری تۆ

وا لە سووتانە دڵی دڵزاری بێ سەبرو قەرار

چەشنی پەروانە بەرامبەر لالەیی ڕوخساری تۆ

ڕۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ڕێگای پرسە نامەیەکەوە ھەواڵی کۆچی دوایی دڵزاری شاعیری ڕاگەیاند لە لە تەمەنی ١٠١ ساڵی،[٨] لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ھەولێر، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی دەروێش خدر، لە شارۆچکەی کۆیە بەخاک سپێردرا.[٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا ب پ مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٨٧ تا ٤٠٠، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  2. ^ «دڵزاری شاعیر كۆچی دواییكرد». www.kurdistan24.net. لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  3. ^ ئ ا ب «Kurdish WWII veterans: Trump wasn't born when we fought the Nazis». لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھێنراوە.
  4. ^ «سەرجەم بیرەوەرییەکانی (دڵزار) ی شاعیر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە». Wishe. ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٨. لە ڕەسەنەکە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھێنراوە.
  5. ^ کوردپێدیا (١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩). «دڵزار». کوردپێدیا. لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھێنراوە.
  6. ^ «Iraq Levies». ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥. لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھێنراوە – via IshtarTV. {{cite news}}: پارامەتری نەناسراوی |dead-url= چاوپۆشیی لێ کرا (|url-status= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)
  7. ^ «ماڵێک لە ھونەر». Facebook. ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩.
  8. ^ «شاعیر و نوسەرى کورد ئەحمەد دڵزار کۆچى دوایى کرد». knnc. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە 10ی نیسانی 2021 ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوتی سەردان= (یارمەتی)
  9. ^ «بە وێنە… تەرمی دڵزاری شاعیر بەخاکسپێردرا». rojnews. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە 10ی نیسانی 2021 ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوتی سەردان= (یارمەتی)