کوردی (شاعیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کوردی
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٨١٢
سلێمانی، عێراق
مردن١ی کانوونی دووەمی ١٨٥٠(١٨٥٠-٠١-٠١) (٣٨ ساڵ ژیاوە)
پیشەشاعیر

مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕان، ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨٠٩[١] یان ١٨١٢[٢] لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ زایینی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. ھەڵبەستوان وەکوو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لە قەڵەم دەدرێت و یەکێک بووە لە پەیڕەوانی تەریقەتی قادری، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی ھۆنراوەوان کەوتووەتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی ھۆزانڤان لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

لایەنی شاراوەی ژیانی کوردی[دەستکاری]

گەلێک لایەنی شاراوەش ھێشتا پەردەی لەسەر ھەڵنەدراوەتەوە کە ئەوەش وایکردووە گەلێک شتی ئەفسانە تێکەڵ بە ژیانی مستەفا بەگی کوردی بکرێت کە ھیچ بنچینەیەکی زانستیی نییە. گوایە مستەفا بەگ عەشقی قەدریە ناوێک بووە، ئەو قەدریە بووەتە سەرچاوەی ئیلھامی شیعری مستەفا بەگ. دەگێڕنەوە کە مستەفا بەگی کوردی بە شای ئێران گەیشتووە، لەگەڵ ئاقانی ھەڵبەستوانی گەورەی ئێران شەڕەھۆنراوەی کردووە، شای ئێران گەلێک سەرسام بووە بە کوردیی، گەرچی ئەو گێڕانەوەیە جێگای گومانە و عەقڵی مرۆڤ بۆی ناچێت کابرایەکی کوردی خەڵکی بابان بگاتە شای ئێران و لەوێ لە مەجلیسی شادا کابرایەکی سونیی مەزھەب ھێرش بکاتە سەر مەزھەبی شاە ئاقانی ھەڵبەستوان، بەڵام ھەرچۆنێکیش بێت ئەوا ھەرگیز لە شاعیرییەتی و ھەڵوێستی مستەفا بەگ کەم ناکاتەوە، بەڵام مستەفا بەگ کە ئاوارەی ئێران کرابێت ئاسان نییە بگاتە شای ئێران، جگە لەوەش لە دیوانەکەی کە ئێستا لەبەردەستدایە ھیچ ئەوە نادەنە دەست کە گەیشتووەتە کۆشکی شاھانە و شەڕەھۆنراوەی لەگەڵ قائانیدا کردبێت. ناوی قادر گەلێکجار لە ھۆنراوەکانی کوردی بەکار ھاتووە، بێ ئەوەی بە تەواوی ساغ کرابێتەوە ئەو قادر ناوە کێیە؟

وەسف لای کوردی و تێکەڵیی شیعری بە ئایین[دەستکاری]

ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە کوردی ھەوڵی ئەوەی دابێت کە عەشقی مەجازی بگۆڕێت بۆ عەشقی ڕاستەقینە، دەکرێت بڵێن ئەو قادرە مەبەستی لە ڕێبازی قادری بێت، گەرچیش ھیچ تروسکایەک نییە کە کوردی لەسەر ڕێبازی قادری بێت و ڕێبازی سۆفیگەری گرتبێتەبەر، کەواتە تەنھا تاکە ڕێگایەک دەمێنێتەوە کە بڵێین زۆر نزیکە ئەو قادر ناوە، ناوی ژنێکی خۆشەویستی خۆی بێت، بەڵام وەکوو ھێمایەک بەکاری ھێنا بێ، ئەویش لەبەر ئەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە ڕێگای نەدابێ بە ئاشکرا ناوی بھێنێت. جوانی پانتایەکی فراوانی لە ھۆنراوەکانی کوردیدا داگیر کردووە، زۆربەی ئەو جوانییەش بە یوسفی کوڕی یەعقوب چواندووە، لەوەوە بەدیار دەکەوێت کە مستەفا بەگ ئەگەرچی مەلا نەبووە، بەڵام ڕۆشنبیری ئایینی ھەبووە و کەوتووەتە ژێر کاریگەری کارەسات و ڕووداوە ئایینییەکان، ئەوە باس لە جوانی حەزرەتی یوسف و زولەیخا دەکات، کە چۆن زولەیخا عاشقی جوانی یوسف بووە و خۆی تەسلیم بەو کردووە، کاتێکیش خەڵکەکە بەوەیان زانیوە، سەرزەنشتی زولەیخایان کرد، ئەویش بۆ ئەوەی بڕوا بە خەڵکەکە بھێنێت و پاکانەی خۆی بکات، خەڵکەکەی داوەت کردووە ھەریەکەیان چەقۆ و سێوێکی دادەستیان، پاشان یوسفی پێ نیشان دان ئەوانیش لە تاوی جوانی یوسف ئاگایان لەخۆ بڕا و دەستی خۆیان بە چەقۆ بڕی و گوتیان: (حَاشَ لِلَّەِ مَا ەَٰذَا بَشَرً‌ا إِنْ ەَٰذَا إِلَّا مَلَکٌ کَرِ‌یمٌ) (یوسف ٣١)[٣] کوردی دەڵێ ھەر کاتێک یوسف جوانی بەدیار کەوت من زانیم کەوا عەشقی ئەو دەبێ:

کە شوعلەی تەلعەتی یۆسف تلووعی کرد لە چەھ زانیمکه عشق از پرده عصمت برون آرد زلیخا را

دیسان لە وەسفی جوانیدا دەڵێت ئەگەر حۆرییەکانی بەھەشت خۆیان لە ئاوی کەوسەر بشۆنەوە، ھەرچی پیسی ھەیە فڕێی بدەن، ئەوا بە خاڵ و ڕەنگ و ڕوخسارت حاجەت بەرووی یار ناکات چونکە ناگەن بەتۆ.

ئەگەر حۆری لە کەوسەر شوستوشۆی خۆی کا بە تۆ نابێبه آب و رنگ و خال و خط چه حاجت روی زیبا را

کاتێک کە حەزرەتی یوسف لە باوکی دوور کەوتەوە بۆ وڵاتی میسر، باوکی واتە حەزرەتی یعقوب لە تاو دووریی یوسف چاوەکانی کوێر بوون، بەڵام پاشان حەزرەتی یوسف کراسەکەی خۆی نارد و بەسەر چاویاندا ھێنا چاوەکانی حەزرەتی یعقوب چاک بۆوە، جا پێش ئەوەی قاسیدەکە بێت حەزرەتی یعقوب گوتی: (قَالَ أَبُوەُمْ إِنِّی لَأَجِدُ رِ‌یحَ یُوسُفَ ۖ لَوْلَا أَن تُفَنِّدُونِ) (یوسف ٩٤). کوردیش دەڵیت گەر بێتو جارێک بەلاماندا تێپەڕ بێت ئەو تێپەڕ بوونە وەکوو کراسەکەی حەزرەتی یوسف بۆ من کە تارمای دڵ و دەروونم بروێتەوە و ڕۆشنای بۆ چاوەکانم:

قەمیسی یۆسفە بۆ چاوی تاریکم وەکوو یەعقووبسەبا جارێک بەلاما بێنێ گەر بۆنی عەرەق چینت

ئەمجارە بە پێچەوانە شاعیر دەڵێت من وەکوو حەزرەتی یوسف چۆن کراسەکەی نارد بۆ باوکی و چاوەکانی ڕووناک بوونەوە تۆش ھیمەت بکە وەکوو شیفا بە دیدارت شاد بم و چاوەکانم ڕووناک ببێتەوە:

کوێر بووە ھەر وەکوو یەعقووب بە خودا دیدە لە بۆتسا بنێرە وەکوو یۆسف بە شفای دیدە لە بۆت

ئەگەر بێتو تۆش وەکوو حەزرەتی یوسف خۆت کەنارگیر بکەی کە بێ تاوان بوو چەند ساڵان خرایە بەندیخانەوە ئەو کاتە دەماری عیشق و ڕیشی بە توھمەت لەگەڵ پارچەی کەلێنی یەخەی کراسەکەی، چونکە کاتێک زولەیخا ھەوڵی ئەوە دەدات یوسف تەسلیمی بێت، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو، زولەیخا کراسەکەی ڕاکێشا:

ئەگەر بێتو بە ناحەق بۆت بکەی پەنھان وەکوو یوسفوەریدی عیشق و ڕیشی تۆ ھمەت و چاکی گریبانی

شاعیر بێزاریی خۆی دەردەبرێت لە دەست عەشق، بەڵام ھیچ کەسێک لە عاشقاتیدا موخەبر نییە لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە، کەی کەوایە با ئەو کەسانە کە عاشقن یاخوا لە زولیخا خراپتر و شێت و شەیداتر بێت، چونکە زولیخا گەلێک عاشقی یوسف بوو شێت و شەیدای ببوو:

کەس لە ڕەویەی عەشق و ڕێگەی عاشقی موخییر نییەشێت و شەیداتر ببوایە زولیخا کاشکێ

شاعیر سویند دەخوا بە جوانی حەزرەتی یوسف کە لە جوانیدا وێنەی نەبووە، ھەر ئەو حەزرەتی یوسفە کە نووری چاوەکانی حەزرەتی یەعقوبی باوکی بوو، ھەر لەبەر یوسفی کوڕی کوێر بوو، ھەر بەکراسەکەشی چاوەکانی چاک بۆوە:

بە حوسنی یۆسف ئاسات و بە خوڵق و لوتفی شیرینتچراغی بەزمی خوسرەو، نووری دیدەی پیری کەنعانی

زوجەوشەن سەر لەشکری سوپای یەزیدی کوڕی معاویە لە نزیک شاری کەربەلا، ھێرشی کردە سەرحوسێنی کوڕی عەلی و ھەموویانی شەھید کرد، بەو شێوەیە:

ئۆبەی کوڕی خەلەف پارچە ھێسکێکی بە دەستەوە بوو بە گاڵتەوە بە پێغەمبەری خوا (د. خ) دەڵێ کێ ئەو ھێسکە زیندو دەکاتەوە (أتری اللە یحی ھذا العظام بعد مارمت) پێغەمبەریش (ص) فەرمووی (نعم یبعثک اللە و یدخلک الجھنم) ھەروەکوو خوای گەورە دەفەرموێت: (قال من یحی العڤام وھی رحیم) (یاسین) کوردی دەڵێت گەیشتنی تۆ زیندووم دەکاتەوە ھەروەکوو چۆن ھێسک یەکدەگرێتەوە ھەتا ئەو کاتەی لاشەم دەبێتە گەرد و تۆز خاک ئەو گەردەش ھەموو بە دەم بای شەماڵەوە دەفەوتێ:

وەسلی تۆ (یحی العظام) و قالبی فەرموودەمەبێلە تۆ بۆ خوا بڵا شاد بێ بەگەردم بای شەماڵ

تۆ پەرییەکانی بەھەشتی کە ھێندە جوانی یا خود تۆ گوڵێکی لە گوڵە جوانەکانی باغی ئیرەم یاخود ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئاسمانی یاخود ئەو ڕۆژە بە تیشکەی کە ھەموو زەوی ڕووناک کردووەتەوە:

حۆریی باغی جینانی یا گوڵی ئیرەمام النجوم العرش ام شمس علی فوق العلم

شاعیر دەڵێت ئەی دۆست و یاران ھەرگیز داوای ئەوەم لێ مەکەن کە لەگەڵیاردا ڕابوێرم، چونکە ھەر کاتێک کە دەگەم بە یار ئەوا شێت و بێھۆش دەبم، ھەروەکو چۆن بای (صرصر) دێت ھەمو خەڵک بەو بایە بێزارو ھەراسان دەبن تاکو وایان لێدێت ھەموویان دەمرن بەھۆی ئەم بایەوە، خوای گەورە کاتێک قارو غەزەبی خۆی گرت لە ھۆزی پمود ئەو بایەی نارد کە حەوت شەو ھەشت ڕۆژی خایاند (وأما عاد فأھلکوا بریح صرصر عاتیة سخرھا علیھم سبع لیال وثمانییة أیام حسوما فتری القوم فیھا صرعی کأنھم أعجاز نخل خاویة) (الحاقە ٧):

قەت مەڵێن یاران لەگەڵ فیرقەت وەرە سازش بکەشێت ئەبووم وەک من خۆم تووشی بای سەرسەربکەم

حەزرەتی عیسا سڵاوی خوای لێ بێت موعجیزەی ئەوە بوو مردووی زیندوو دەکردەوە بە ئیزنی خوا (وأبرئ الأکمە والأبرص وأحی الموتی بإذن الله). شاعیر دەڵێت، بەڵکو ئەمە خوایە گەر بۆ جارێک بەلای گۆرەکەمدا تێپەر ببێت ھەر وەکوو عیسا فەرمان بکا ھەموو ھێسکە ڕزیوەکانم کۆ بکاتەوە و پاش فەوتانم زیندووم بکاتەوە:

گەر وەک عیسا لە پاش مردن بەسەرما، ڕابرێتجمع العظم الرحیم تحمینی بعد العدم

مەنصوری حەلاج لەسەردەمی عەباسییەکان دەیگوت (انا الحق) کە ئەمەش بە ظاھیری شەرع کفرە بۆیە دادگایان بۆ دامەزراند پاشان فەرمانی دادگا دەرچو بە کوشتنی دەڵێن کە خوێنی ڕژا بە خوێنەکەی (انا الحق) دەنوسرا کوردییش دەڵێت کاتی مردنم لاشەکەم بووە تۆزو گەرد ھەروەکو مەنصور حەلاج ناوی تۆی پێ دەنوسێ چونکە مەنصوری حەلاج کاتێک کوشتیان انا الحق دەنوسی کە عەشقی ئەو وتەیە بوو بە زیندویی، منیش عەشقی تۆم پاش مردن بە سروشکم ناوی تۆ دەنوسم:

سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێجیگای سێدارەکەی مەنصورە ئەمشەو

شاری کەربەلا لە ساڵی ٤١ کۆچی کارەساتێکی گەورەی لێ ڕودا، کە ئەویش کوشتاری بنەماڵەی پێغەمبەر (ص) بوو لە سەدەی یەزیدە کوری معاویە، شاعیریش ئەوھا کوشتەی دەستی دڵدارەکەیەتی، ھەر وەکوو چۆن کەو پێیەکانی سوورە تۆش بە خوێی من ئاوھا پەنجەکانی خۆت سوور کردووە

چونکە ئەمرۆ من شەھیدی کە بەرلایی عیشقی تۆمھەر وەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم ڕشتووە

سامیری لە سەردەمی حەزرەتی موسادا ژیاوە، کابرایەکی ساحیر و جادوگەر بووە. بەھۆی سیحرەکانی خەڵکێکی زۆری لە خشتە بردووە، جا بۆ ئەوەی عاشق فریو بدرێ سەرنجی دڵ و دەرونی عاشقان بۆ خۆی ڕابکێشێ ئەو دلبەرە ئەوەندە مەکر بازە، ڕەنگە کەسانی وەکو ساحیری ببنە شاگردانی واتە ئەو وەستایەو سامیریش شاگرد خوای گەورەش دەربارەی سامیری دەفەرموێت: (قال فإنا قد فتنا قومک من بعدک وأضلھم السامری) (گە ٨٥)

بۆ فریوی عاشقان و جەزبی دڵ وا ماھیریڕەنگە شاگردیت بکا میھتەر نەسیمی سامری

هەر لە درێژەی ئەم پارچە شعرەدا کوردی باس لە پەیڕەوی خۆی دەکات بۆ تەریقەتی قادی و دەڵێت:

کوردی لێت بێ سەد ئەمانەت هەرکە ئەمشەو جومعەیە

تا سبەینێ قەت مەبە غافڵ لە زیکری قادری


ھاروت و ماروت لە قورئاندا باسیان کراوە (السحر وما أنزل علی الملکین ببابل ھاروت وماروت وما یعلمان من أحد حتی یقولا إنما نحن فتنة) (البقرە ١٠٣). مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس دەفەرموێت (ملکین) بەفەتحەی لام واتە دوو مەلائکە بەڵام بە کەسرەی لام واتە دوو پاشا بەڵام ئەو دوو پاشایە پیاوی چاک بۆینە بە مەلائکە ناویان براوە، بەڵام خوێندنەوەی یەکەم واتە (الملکین) دوو مەلائکە ڕاستترە ئەو دوو مەلائکە نێردراوی خوا بوینە، دوایی خەلکیان لە خشتە بردووە و فێری سحریان کردوون خوای گەورەش غەزەبی لێ گرتون سەرپشکی کردوون لە نێوان سزای دنیا یاخود قیامەت ئەوانیش سزای دنیایان ھەڵبژاردووە گوایە سەراوژێر بە لەناو بیردا ھەلواسراون، بەڵام موفەسیرەکان ئەم قسەیە ڕەت دەکەنەوە، چونکە خوای گەورە دەربارەی مەلائکە دەفەرموێت (لایعصون اللة ما امرھم و یفعلون مایومرون) تفسیری نامی بەرگی یەکەم. شاعیر ئەم بەسەرھاتەی بەم شێوەیە سوود لێ وەرگرتووە کە چاڵی سەرچەناگەی خەڵکێکی زۆری تێدا ئەسیر کراوە، ھەر وەکوو چۆن ھاروت و ماروت لە چاڵدا ھەڵواسراون:

لە چاھی ژێری لێوت وا ئەسیرنھەزارانی وەکوو ھارووت و مارووت*

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کوردی، مستەفا بەگ، دیوانی کوردی، لێکدانەوەی گیڤی موکریانی، ١٣٨٧
  2. ^ مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی دووەم، ھەولێر: ئاراس ٢٠٠٢
  3. ^ ماڵپەری کوردستان ڕاپۆرت[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]