عوسمان چێوار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عوسمان چێوار

عوسمان چێوار لە ساڵی ١٩٨٠دا.
لەدایکبوون١٩٤٦
مەرگ٢١ی ئایاری ١٩٩٦
نەتەوەکورد
پیشەشێوەکار، ئەکتەر، دەرھێنەر
مناڵ(ەکان)کاروان چێوار، کاڵزۆ(مردوو)[١]

عوسمان محەممەد ئەحمەد ناسراو بە عوسمان چێوار (١٩٤٦ لە سلێمانی، عێراق – ٢١ی ئایاری ١٩٩٦)[٢] شێوەکار، ئەکتەر و دەرھێنەرێکی شانۆ و تەلەڤیزیۆن، وەرگێڕ و وێنەگرێکی بە ڕەگەز کورد بوو.

عوسمان چێوار و کەمال سابیر، لە ساڵی ١٩٧٨دا.

ژیان[دەستکاری]

عوسمان محەمەد ئەحمەد، کە بە عوسمان چێواری ھونەرمەند ناوبانگی دەرکرد، لە ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی (سەرکارێز)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە.[٣] ساڵی ١٩٦٩ پەیمانگەی مامۆستایانی تەواو کردووە. ماوەی چەند ساڵێک لە ناوچەکانی چۆمان و شارباژێڕ و قەرەداخ و ھەڵەبجە و سلێمانی مامۆستایی کردووە. یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی و ماوەی پازدە ساڵ سەرۆکی ئەم تیپە بووە.[٤] عوسمان ھەر زوو بەشداری کردووە لە چالاکییە سیاسیی و پێشمەرگایەتییەکاندا و ماوەیەک لە ناو پێشمەرگەدا ڕابەری سیاسیی بووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی کردووە بە شۆڕشەوە و لە ئێزگەی دەنگی کوردستاندا خزمەتی کردووە. ساڵی ١٩٧٥ لێپرسراوێتی چالاکی قوتابخانەکانی پێ سپێردراوە و کاری کردووە بۆ فراوان کردنی چالاکییە ئەدەبی و شانۆییەکان. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئاشکرا‌و بە دەنگی بڵند لە لای سەرای سلێمانی وتوویەتی "وەرن من بکوژن، بەڵام گەلەکەم ئەنفال مەکەن".[٥] لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە‌ و یەکەم کار و بەرنامەی ئەو تەلەفزیۆنە لە ماڵی ئەودا تۆمار کراوە.

نموونەی ھۆنراوە[دەستکاری]

چێوار بۆ شانۆییەکانی شیعری نووسیوە و شاعیریش بووە، ئەمە نموونەی شیعرێکە کە ساڵی ١٩٨٦ بۆ شانۆگەریی (ئاسکو ڕیاڵ)ی نووسیوە:

لە وڵاتەکەمان، لە ڕۆژی جەژنی گەورەدا
بەخۆشی ‌و شاد
بۆ گەمەی خەڵک
گێژێک دێنن وای لێدەکەن
گورزێ لە ناو دەستی ئەنێن
تاجێک لەسەر سەری ئەنێن
بە ئاھەنگ و سەما‌ و یاری
ئەیبەن بۆ تەختی پاشایی
بە پاشای خۆیانی ئەکەن
لە وڵاتەکەمان .. لە وڵاتەکەمان

عوسمان چێوار و سیروان جەمال، لە ساڵی ١٩٨٠دا.

بەرھەم و شانۆگەرییەکان[دەستکاری]

  • بڕیار و ئەنجام
  • سەرینی باداری
  • لانەوازان
  • پاڵتۆ
  • ئابڵوقە
  • خەج و سیامەند
  • گوڵەمێخەک
  • بەھەشتیکی سووتاو (فیلمی سینەمایی)
  • ئەحەی کوڕنو (شانۆگەری)

مردن[دەستکاری]

عوسمان چێواری ھونەرمەند لە ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٦ بە نەخۆشییەکی کت و پڕ کۆچی دواییی کرد.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]