عوسمان سەبری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ئۆسمان سەبریەوە)
Jump to navigation Jump to search
ئۆسمان سەبری
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٩٠٥
کۆلیک، تورکیا
مردن١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣(١٩٩٣-10-١١) (٨٨ ساڵ ژیاوە)
دیمەشق، سووریا
زمانەکانی ئاخاوتنتورکی، کوردی
زمانی نووسینکوردی
پیشەنووسەر، شاعیر، سیاسەتوان
ئۆسمان سەبری

عوسمان سەبری (١٩٠٥ ز - ١٩٩٣ ز) ناوی نووسەر و شاعیرێکی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

عوسمان سەبری لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٠٥ی زایینیدا لە گوندی نارنجیی لە قەزای کارختە لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. باوکی لە ئاغایانی عەشیرەتی مردێسی بووە، هێشتا منداڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە. شوکری مامی گرتوویەتییە خۆ و پەروەردەی کردووە و لەبەر خوێندنی داناوە و بووە بە قوتابی قوتابخانەی ڕوشدییە، لە ساڵی ١٩٢٢ تەواوی کردووە. لەو ماوەیەدا هەردوو مامی شوکری و نووری بەشدارییان لە شۆڕشی کوردی باکووری کوردستان کردووە بە سەرکردایەتی شێخ سەعیدی پیران، لە ئەنجامی لەناوبردنی شۆڕش و لە سێدارەدانی سەرۆکەکان لە ساڵی ١٩٢٥ بنەماڵەی عوسمان سەبری لە دیاربەکر (ئامەد) ئاوارەبوون، وەکو هەزاران بنەماڵەی کورد کەوتنە ڕۆژی ڕەشەوە. کردەوە تیرۆریستییەکان تورکە کەمالییەکان هاندەرێک بوو بۆ لاوانی وەکو عوسمان سەبری بکەونە خەباتی نهێنی لەدژی دەوڵەتی تورکیا. دەسەڵات زەفەری پێ دەباو دەیگرێ، تا ساڵی ١٩٢٨ لە بەندیخانە دەمێنێتەوە. لە ساڵی ١٩٢٩ جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ناو داوی جەندرمەی تورکیا و دەدرێتە دادگای سوپایی. ڕزگاربوونی لەم گرتنە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵات بەجێ بهێڵێ پەنا بۆ سوریا ببا، خۆی و شەش لە براکانی ڕوو دەکەنە سووریا لە شاری دیمەشق نیشتەجێ دەبن، کە ئەو کاتە وڵاتی شام هێشتا لەژێر فەرمانڕەوایی فەڕەنسا بوو.


عوسمان سەبری لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ زایینیدا لە شاری دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی بەرکفری نزیک دەرباسییە نێژراوە.

ژیانی ھونەری و سیاسی[دەستکاری]

عوسمان سەبری لە بەندیخانە

سەیدا عوسمان سەبری لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری ھاوار لەلایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە لە ١٩٣٢.٠٥.١٥ زایینیدا لە دیمەشق بۆتە نووسەرێکی سەرەکی ئەو گۆڤارە و گەلێک وتاری بەنرخی لەسەر نوسینی کوردی بەلاتینی تێدا نووسیوە و کاتێکیش، کە میر جەلادەت گۆڤارێکی تریش بە ناوی ڕوناھی (گۆڤار) ھەر لە دیمەشق لە ساڵی ١٩٤٢ زایینیدا دەرچوواند و تاکو ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو، لە دەرچوون، مامۆستا عوسمان سەبری وتار و شیعری پتەو‌ی بە لاتینی تێدا بڵاوکردۆتەوە بەم جۆرە مامۆستای خەماڕەنگین یەکێک بووە لە نووسەرە ناودارەکانی کورد، کە پەرەیان بەنووسینی کوردی بە پیتی لاتینی داوە و بنچینەی ئەلفبێی کوردییان ئەو ئەبجەدییە داناوە. لە بواری خەباتی نەتەوایەتیشدا سەیدا عوسمان لەساڵی ١٩٥٧ ز لەگەڵ خەباتگێڕی ناسراوی وەک نورەدین زازا و دەستەیەک لە نیشتمانپەروەرانی کورد پارتی دیموکراتی کوردیان لەسووریا دامەزراند و بەم کارە ڕامیارییەی میری سووریا پێ تەنگاو بوو و چەند جار ئەو تێکۆشەرانەی گرت و دەست بەسەریکردن. مامۆستا عوسمان لە ژیانی ڕامیاریدا ١٨ جار گیراوە و ئەشکەنجە دراوە و لەوانە دووجار لە تورکیا دوو جار لە ئێراق و جارێک لە لوبنان و ١٣ جاریش لە سووریا گیراوە و لە ڕۆژی ١٩٦٠.٠٨.٠٨ـدا لەگەڵ نورەدین زازا و ڕەشید ‌حەمۆ لەسەر خەباتی ڕامیارییان وەک سەرکردەی پارتی فەرمانی لە سێدارەدانیان درا، بەڵام نووسەر و ڕووناکبیری کورد لە ئەوروپا و ئێراق و لوبنان یاداشت و پڕۆتسۆیان پێشکەش بەجەمال عەبدولناسر کرد و داوای بەردانیان کردن و لە ئەنجامی ئەو داواکارییانە دوای ساڵێک بەندیی لە ڕۆژی ١٩٦١.٠٨.٠٨ـدا ئازاد کران.

سەیدا عوسمان سەبری ھەموو پارچەکانی کوردستان گەڕاوە، دوای ھاتنی بۆ دیمەشق نیشتەجێ بوونی لەو شارەدا، لە ساڵی ١٩٣٠ زایینیدا پەیوەندی بە پارتی خۆییبوونەوە کردووە چالاکیەکی زۆری تێدا نواندووە و بە ناوی ئەو پارتەوە سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و خۆی گەیاندۆتە بارزان و لەوێ لەگەڵ‌ مەلا مستەفا بارزانی کۆبۆتەوە بۆ پتەوکردنی پە‌یوەندی خۆیبیون بە خەباتی کورد لە کوردستانی باشووردا و ھەر بەناوی خۆیبوونیش سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و چەند تێکۆشە‌ری ئەوێی چاوپێکەوتووە و ئەم کەسایەتییە لە ژیاندا واتای ماندووبوونی نەزانیوە و تا دوا ھەناسەی ژیانی ھەر لە خەباتی بێوچاندا بووە لە پێناوی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی کورددا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

عوسمان سەبری زنجیرەیەک پەڕ‌تووکی بەنرخی بە زمانی کوردی و پیتی لاتینی بە چاپ گەیاند، کە ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەوبەرھەمانەی:

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵەپەڕی خۆزگا [١]
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، لاپەڕەکانی ٩ تا ١٦، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.