سوارە ئیلخانیزادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سوارە ئیلخانیزادە
لەدایکبوون ١٩٣٧
تورجان،بۆکان
مەرگ ١٩٧٥
تاران
شوێنی دۆزینەوەی تەرم گوندی حەمامیان
نەتەوە کورد
پیشە شاعیر، نووسەر
سەرناو باوکی شیعری نوێی کوردی
ئایین ئیسلام ، سوننە

سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنراوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.

ژیاننامە[دەستکاری]

کاکە سوار کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان لە ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانکۆی تاران باوەڕنامە لە بواری مافدا وەرگرتووە.

شیعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سۆخەن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆبۆمەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە.

لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان شیعر و پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر درووست دەکا.

خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شیعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شیعرەکانی فارسی دا ھێز و توانای شاعیر و نووسەر و ڕووناکبیرێک دەنوێنن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.

تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بەغدا دوو پڕوگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوە، لە بەغدا کوردستان موکریانی و عەبدوڵڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لە تارانیش عەلی حەسەنیانی و فاتح شێخولئیسلامی.

سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شیعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد.

سوارە بە منداڵی دووچاری نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگادا کەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ. زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرەو بۆکان دەیگەڕێننەوە و لە گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.

ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ و داستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا درووست دەکا.

ژیانی ڕێڕەوانی شیعری نوێی کوردی خۆی ڕۆمانێکی دڵتەزێن دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەڕشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمڕۆ ھەر چوار سووچی فەڕشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێدانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.

بەرھەمی چاپکراو[دەستکاری]

  • خەوە بەردینە (سەرجەمی شیعرەکانی کوردی و فارسی)
  • تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیۆ کوردی تاران)

پارچە شیعرێک لە سوارە[دەستکاری]

دووی ڕێبەندان[١][دەستکاری]

 
بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران‌
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە

  • * *

ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد

  • * *

ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان

  • * *

. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە

  • * *

مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» ‌مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن» ‌
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»

  • * *‌

شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان

  • * *

با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
                 بژی
                        بژی
                                                تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨

ژێدەر و سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ گۆڤاری ڕووناکی، ژمارە ٢٩٠، ٣/١٠/١٩٦٩، لاپەڕە ١٩

، ئامادەکردنی: جوتیار تۆفیق ھەورامی