ئیبراھیم خەیات

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
لەدایکبوون ئیبراھیم محەمەد موستەفا
١٩٣١
سلێمانی
مەرگ مانگی ٥ی ٢٠٠٥
سلێمانی
شوێنی گۆڕ سلێمانی
نیشتەجێ سلێمانی
نەتەوە کورد
پیشە گۆرانیبێژ
منداڵەکان جیهان، ژیان، کیژان، گۆران،
ماڵپەڕ
http://www.ibrahimxeyat.com

ئیبراھیم محەمەد موستەفا ناسراو بە ئیبراھیم خەیات (لەدایکبوون ١٩٣١ - کۆچی دوایی ٢٠٠٥) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی خەڵکی شاری سلێمانی و باشووری کوردستان. لە بەرھەمە دیارەکانی گۆرانی «خۆشم ئەوێ» کە بە کوردستانیدا دەڵێ.

ژیان[دەستکاری]

ئیبراھیم لەساڵی ١٩٣١ لە خێزانیکی ھەژاری شاری سلێمانی لەدایکبوو. تەمەن یەک ساڵان بووە، کە باوکی کۆچی دوایی کردووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەچێتە قوتابخانە؛ لەبەر ھەژاری دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت و لای وەستا تۆفیقی برای ئەبێت بە شاگردی خەیات. ئیبراھیم لەساڵی ١٩٥٦ خێزان پێک ئەھێنی و دەبێتە باوکی چوار کوڕ و پێنچ کچ.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

ھەر لە سەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرھەمی لەگەڵدا ئامادەکردوون. لە شۆڕشی چواردەی تەمموزدا سروودی نیشتمانی ووتووە. ھەروەھا گۆرانی بۆ خۆشەویستی وتووە. لە ساڵی ١٩٥٨ بانگھێشت کراوە بۆ ڤییەنا، کە ھەموو تیپە لاوەکانی جیھان بانگھێشت کرابوون و ئەمانیش بەشداریان کردبوو، کە سروودی نیشتمانیان وتەوە لەوێ. دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی و ھەموو تیپە موزیکییەکانی بە تیپی خۆی زانیوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا لە ڕادیۆی بەغداد چەندین ‌گۆرانی تۆمارکردووە؛ لەوانە: «بۆ ڕەنجەڕۆت کردم»، «ئیستعماری گەڕ»، «حیلفی بەغداد»، «تۆ جوانتری لەگوڵ» و «خۆشم ئەوی ووڵاتەکەم».

ئیبراھیم خەیات‌ دەستی بۆ ھەر ھەڵبەستێک بردبێ و کردبێتی بە گۆرانی، ئەوەندەی دیکە بووە بەھۆی ناساندنی ھەڵبەستوانەکە؛ بۆ وێنە کە دەچینە نێو گوڵزاری گۆرانییەکانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا بەگی گۆراندا دەستمان دەگرێ و بەگشت کوردستاندا دەمانگێڕێ، دۆڵاو دۆڵی وڵات، شار و دێ و ھەموو قەدپاڵ وجوانییەکی نیشتمانمان پیشان ئەدات. جارێکی دیکە «ژیان» بەبەر گۆرانیدا دەکاو دەیھێنێتەوە ئەم «جیھان»ە و لەگەڵ کوڕان و کیژانی ئەم نەوەیە ‌و نەوە‌کانی داھاتوودا ئاشنای دەکا. تەنیا بەوە ھەدا نادا، بەڵکو بارگەو بنەی سەفەری لە «سۆران»ەوە بەرەو ناوچەی «گۆران» لەکۆڵ دەکاو تا دەگاتە ئەوێ، بۆ ساتێکیش ڕاناوەستێ. لەوێش دوای پشوویەکی کورت، لایەک لە «ست فاتیمە»ی ھەردی دەکاتەوە و دەیدا بەگوێی سابڵاخدا. ھەر ئەو ئاوازە ڕەسەنەی ئەمیشە دەبێ بەھۆی ناساندنی «خەلیل سدیق» و دەیباتە ڕیزی نەمرانەوە.

تایبەتمەندییەکانی ئیبراھیم[دەستکاری]

بەدەگمەن دەستی بۆ وتنی سروود بردووە، بەڵام بەتەنیا سروودێک و بە ھەڵبەستێکی پڕ لە ھەستی «کاکەی فەللاح» وای لێکردووین، پڕ بە دڵ بڵێین: «خۆشمان دەوێی مامە برایم، چونکە بەوتنەوەی ئەو سروودە جارێکی تر فێرت کردین کوردستانمان خۆش بوێ و کاکەی فەللاح بەرز بنرخێنین.»

خاڵێکی دیکەی جێگای باسی ھونەری ئەم ھونەرمەندە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە؛ وەک چۆن لەھەڵبژاردنی ھۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە ھەنگاو بنێ، ئاواش لەدەربڕِینی دەنگدا وەستایانە جوڵاوەتەوە. لەگەڵ کێشی ھۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێکی ئەوتۆی داوە بەگوێی بیسەراندا کە دەستبەجێ بۆی لەمل بداو بڵێ: «بەڕِاستی کاڵا بەقەد باڵایە».

گۆرانییەکانی ئیبراھیم خەیات‌ تەنیا شوێنی لەسەر خەڵک دانەناوە، بەڵکو بووە بەھەوێنی خوڵقاندنی گەلێک بەھرەی دیکە لەنێو خێزانەکەیدا، بۆ وێنە گۆران ئیبراھیم ھەر کە ڤیۆلۆنەکەی دەست دەداتی و ئاوازێک دەژەنێ، بیسەر دەبا بۆ جیھانییەکی ئەفسوناوی. سەیری سەکۆی شانۆ دەکەی، ژیان ئیبراھیم دەبینی، کە ئەکتەرێکی بەتوانایە‌ و فێری کوردایەتی و بەرخۆدانت دەکا. لە گۆرانیدا جیھان ئیبراھیم و‌ کیژان ئیبراھیم دوو دەنگی جیاواز و دەگمەنی ئەو بنەماڵە ھونەرییەن. ئاوڕ لە‌سۆران دەدەیتەوە، قوتابییەکی باشی گۆران ئیبراھیم ‌و پەنجەیەکی شیرینی ھەیە. ئەمە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، کە مامۆستا ئیبراھیم ھەم وەک باوک و ھەم وەک ھونەرمەند کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بنەماڵەی ھەبووە و لەگەڵ ئەوەدا دەرەتانی داون خۆیان تاقی بکەنەوە،.

لەناوەرڕاستی ھەشتاکاندا کە گۆرانی «ئێمەن گیانێکین»ی تۆمار کرد لە تەلەفزیۆنی کەرکووکدا بڵاوکرایەوە، سۆلۆژەنی گۆرانییەکە گۆرانی کوڕیەتی. ئیبراھم خەیات زیاتر لە١٠٠ گۆرانی پێشکەشی گەلی کورد کردووە، کە دواھەمین بەرھەم بەناوی «سەرنج» بوو، ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٠دا بەئەنجامی گەیاند، ھەروەھا دوو مەقام و گۆرانییەکی پێشوویی نوێکردەوە، ئەوانەش «ست فاتیمە» و «دڵم ھەر ئەو دڵەی جارانە» و «بەھار». ئیبراھیم ھۆنراوەی شاعیران گۆران، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، ئەحمەد ھەردی، ڕەزا حمە .... ھتد ی کردووە بەگۆرانی. ھاوڕێ ھونەرییەکانی ئەمانەبوون (قادر کابان، شەوکەت ڕەشید و سەلاح ڕەشید.

ھونەرمەند ئیبراھیم خەیات‌ خاوەن بەھرەیەکی دڵپاک و کوردێکی خودان ھەڵوێست بووە. کۆچی یەکجاری ئەو ھونەرمەندە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوو.


سەرچاوەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی ئیبراھیم خەیات

ماڵپەڕەی خۆزگە