شێخ مارفی نۆدێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شێخ مارفی نۆدێ (١٧٥٣ – ١٨٣٨) ناوی تەواوی سەید محەممەد ناسراو بە مارف کوڕی سەید مستەفا کوڕی سەید ئەحمەدە، سەید عیسای بەرزنجی کوری بابەعەلی ھەمەدانی زانای ئایینی و خواناس باپیرەی سێزدەمینییەتی، شاعیری کورد، باوکی کاک ئەحمەدی شێخ (ناسراو بە کاک ئەحمەدی سلێمانی) و باپیری شێخ سەعید و باپیرەگەورەی شێخ مەحموودی حەفیدە.[١][٢][٣]

خوێندنی شێخ مارف[دەستکاری]

لە ساڵی (١١٦٦ کۆچی - ١٧٥٢ زایینی) لە گوندی نۆدێ سەر بە ناوچەی شارەزور لەدایک بووە. لای باوکی دەستی کرد بە خوێندن، قورئانی خەتم کرد، کتێبە سەرەتایییەکانی سەرف و نەحوی تەواو کرد، باوکی ناردییە (قەڵاچۆلان) پایتەختی بابانییەکان، لە قوتابخانەی (غەزائییە) دەستی کرد بە (شەرحی موغنی)، لەوێ مایەوە ھەتا ساڵی (١٧٦٤ ز)، پاشان چووە (ھەزارمەرد) لای مەلا محەممەدی ئیبنولحاج کتێبەکانی سیوطی و حیسامکاتی و عبداللە یەزدی و مختصر و شەرحی عەقائیدی خوێند. پاشان شێخ مارف گەڕایەوە قەڵاچۆلان و ماوەیەک لەلای مەلا محەممەدی غەزائی شەریعەتی خوێند.

کرا بە مودەریس لە مزگەوتی قەڵاچۆلان، ھەتا ئیبراھیم پاشای بابان شاری سلێمانی دروست کرد و پایتەختی بابان لە قەڵاچۆلان گواسترایەوە بۆ وێندەر، کە ئیبراھیم پاشا مزگەوتی گەورەی دروست کرد، شێخ مارف بوو بە مامۆستای ئەو مزگەوتە، شێخ مارف تەریقەتی قادری وەرگرتووە لە شێخ عەلی یە کۆسەی دۆڵپەموو، کە مامی باوکییەتی و ھەوەھا باپیرییەتی لە دایکییەوە، ئەویش تەریقەتی لە شێخ ئیسماعیلی ولیانی وەرگرتووە.

ناکۆکیی نێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ[دەستکاری]

ھەرچەندە بەھۆی ھەڵە لێکتێگەیشتن ھەندێک کێشەی بچووک لەنێوان مەولانا خالیدی بەغدادی نەقشبەندی و شێخ مارفی نۆدێی قادری ڕووی داوە، بەڵام دواتر بوون بە دۆستی یەکتر و تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوانیان بەردەوامی داوە و شێخ مارفی نۆدێ بە داوای لێبوردنەوە نامەی بۆ مەولانا خالید نوسیوە.[٤]

کۆچی دوایی شێخ مارفی نۆدێ[دەستکاری]

شێخ مارفی نۆدێ لە ساڵی (١٢٥٤کۆچی - ١٨٣٨ زایینی) کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی گردی سەیوان نزیک گۆمبەتی سولەیمان پاشای بابان بەخاک سپێردرا، ئەم زاتە بەڕێزە لە زانا بەرزەکانی کوردستان بووە و زانای دیار و گەورەی بنەماڵەی بەرزنجە بووە و خاوەنی دەستی باڵا بووە لە شیعر و ئەدەبدا و سوارچاکی مەیدانی زانستی عەرووز و ھۆنینەوەی شیعر بووە

کوڕەکانی شێخ مارفی نۆدێ[دەستکاری]

  1. سەید محەممەد ئەمین
  2. حاجی کاک ئەحمەدی شێخ

بەرھەمەکان[دەستکاری]

دەستنووسێکی ئەحمەدی
  1. لۆغەتنامەی ئەحمەدی
  2. أزھار الخمائل فی الصلوات المشتملة علی الشمائل
  3. تخمیس قصیدة البردة
  4. تخمیس قصیدة أءنعم عیشا
  5. الإغراب فی نظم الإعراب
  6. أوثق العری فی الصلاة علی خیر الوری
  7. إیضاحح المحجة و اقامة الحجة علی الطاعن فی نسب السادة البرزنجیة
  8. البرھان الجلی فی مناقب شیخی السید علی
  9. ترصیف المبانی فی نظم تصریف الزنجانی
  10. تنقیح العبارات فی توضیح الإستعارات
  11. تخمیس قصیدة بانت سعاد
  12. تخمیس قصیدة المضریة
  13. تخمیس قصیدة الھمزیة
  14. تحمیس لامیة العجم
  15. الفرائد فی علم العقائد
  16. البرھان الجلی فی مناقب الامام علی
  17. تنویر العقول فی أحادیث الرسول
  18. الشامل فی العوامل
  19. القطوف الدانی فی حروف المعانی
  20. کفایة الطالب فی نظم کافیة ابن الحاجب

شەجەرە[دەستکاری]

محمد مەعرووف کوڕی شێخ مستەفای کوڕی سەید ئەحمەدی کوڕی سەید محەممەدی نۆدێی ناسراو بە کبریت الاحمر کوڕی باوە عەلی وەندەرێنە کوڕی سەید بابە ڕەسولی گەورە کوڕی شێخ سەییدی کوڕی سەید ڕەسول کوڕی سەید قەلەندەری کوڕی شێخ عەبدوالسەیدی کوڕی سەید عیسای ئەحدەب کوڕی سەید حوسەین کوڕی سەید بایەزید کوڕی سەید عەبدوالکەریمی کوڕی سەید عیسای بەرزەنجی کوڕی سەید بابە عەلی ھەمەدانی کوڕی سەید یوسفی کوڕی سەید مەنصوری کوڕی سەید عبدالعزیزی کوڕی سەید عبداللە ی کوڕی سەید ئیسماعیلی موحەدیث کوڕی موسای کاظم کوڕی جەعفەری صادق کوڕی محەممەدی باقر کوڕی عەلی زین العابدین کوڕی حوسەین کوڕی ی عەلی و فاتیمە ی کچی پێغەمبەر

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "پارێزگای سلێمانی". slemani.gov.krd. Retrieved 2021-04-01.
  2. ^ کوردیپێدیا
  3. ^ چنارۆک ١٧ی ئابی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ مێژووی ناودارانی کورد، عارفان، زانایان، وێژەوانان، شاعیران - بەرگی دووەم.
  • مەلا طاھر مەلا عبداللە بەحرکەیی - مێژووی زانایانی کورد - بەرگی سێھەم - لاپەڕە (٢٥٦–٢٦١)
  • بابە شێخ مەردۆخ ڕۆحانی - مێژووی ناوارانی کورد - بەرگی یەکەم - لاپەڕە (٣٤٦–٣٤٩)
  • مەلا عبدالکریمی مودەریس - بنەماڵەی زانیاران - لاپەڕە (٢٦١–٢٦٤)
  • محمد امین زەکی - تأریخ السلیمانیة - لاپەڕە (١٧١–١٧٥)
  • مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراوەی عەلائەدین سەججادی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، ١٩٥١

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]