غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی

لەدایکبوون١٧٧٥
ئیلام، گوندی بان وێزە، ناوچەی سەرچەفتە
مەرگ١٨٤٠
شوێنی گۆڕشاری نەجەف
نەتەوەکورد
کارشاعیر
ئایینیارسان


غوڵامرەزاخان ئەرکەوازی (١٨٤٠ - ١٧٧٥)، شاعیر و خواناسی بەناوبانگی کوردی ئیلامە. ئەو بە ھۆی ھۆنینەوەی موناجاتنامە و ھەڵبەستەکانی لە ناو خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ناسراوە.

ژیان[دەستکاری]

غوڵامڕەزا ئەرکەوازی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی میرزا بەگ کوڕی مەیسم کوڕی ئەحمەد قولییە، لە ناو خەڵکی بە غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی و غوڵامڕەزا ئەرکەوازی ئیلامی ناسراوە، لە ھەندێک شیعریدا نازناوی «غوڵام»ی بەکارھێناوە. ئەو ساڵی ١٧٧٥ لە گوندی بان وێزە کە بەشێکە لە ناوچەی سەرچەفتەی سەر بە قەزای ئیلام لەدایک بووە. شوێنی لەدایکبوونی شاعیر نزیکی سنووری عێراقی ئێستایە، دەشتێکە شاخەکانی باوەیاڵ و سەروێشە و ھانی سەونز و بەلەوان دەوریان داوە. ئەرکەوازی لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کورد پەروەردە بووە، حەسەن بەگ باوکی مەلا و خاوەن دەست و قەڵەم بووە. غوڵامڕەزا لە قۆناغی ناوەندی ژیانی خوێندەواری گەشتی نەجەف و کەربەلای بووە، بەڵام قوتابییەکی ڕەسیمی دەزگا زانستییەکانی نەجەف و کەربەلا نەبووە. شاعیر کچێکی خزمی خۆی ھێناوە کە لەوانەیە ئامۆزای بووبێ. دوو کوڕی لەو ژنە بووە، یەکێکیان ناوی محەمەدڕەزا بووە و دووھەمیان ئەحمەدخان. ئەمەیان لە ھەڕەتی لاویەتی سەری ناوەتەوە و شاعیر ماتەمنامەی بۆ مەرگی ئەم کوڕەی ھۆنیوەتەوە. ئەرکەوازی ماوەیەک خەریکی کاروباری سەرۆکایەتی خێڵی خۆی بووە، ساڵی ١٨٠٤ لە والیی ئیلام حەسەن کوڕی ئەسەدخان نزیک بووە، لە دواییدا برادەرێتی بە دوژمنایەتی گەیشتۆتە ئەنجام. والی و ئەرکەوازی دەبن بە دوژمن، والی لە شاعیر بەھێزتر دەبێ بۆیە دەیخاتە بەندیخانەوە، ئەو ئازارانەی شاعیر چەشتوویەتی لە موناجاتە شیعرییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە. ئەوەی والی لەگەڵ شاعیر کردوویەتی نموونەی دڕەندەیی فەرمانڕەوا ئۆتۆکراتییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتییە.

وادەردەکەوێ دوا قۆناغی ژیانی ئەرکەوازی دوور لە مەڵبەندی خۆی لە وڵاتی ئاوارەیی بووبێ و ھەر لەوێش کۆچی دوایی کردبێ. سەرچاوە وا دەگەیەنێ ھاوڕێیانی تەرمی مردوویان گواستبێتەوە عێراقی ئەو سەردەمە کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوو و لە شاری نەجەف ناشتبێتیان و گۆڕی نادیارە وەکو ھەموو ئەوانەی لە نەجەف و کەربەلا دەنێژرێن. ساڵی مردنی ئەرکەوازی بە ڕوونی نازاندرێ، ئەگەر شەست تا حەفتا ساڵ ژیابێ دەبێ لە نێوان ساڵانی(١٨٤٤-١٨٣٤)دا کۆچی دوایی کردبێ، دکتور مارف خەزنەدار لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، ساڵی (١٨٤٠)ی بۆ کۆچی دوایی شاعیر بە ڕاست زانیوە.

شیعری ئەرکەوازی[دەستکاری]

شاعیری کوردی گۆرانزەمین سەید ساڵحی نیعمەتوڵڵاھی ماھیدەشتی(١٩٠٧-١٨٣٤) لە بابەت ئەرکەوازییەوە دەڵێ:

غوڵام ڕەزا نیتەو شۆر موناجاتچوو مووسا لە توور قازییەلحاجات

شیعری ئەرکەوازی بەشێکە لەو شیعرەی تایبەتمەندی و ئەدگاری تایبەتی خۆی ھەیە، ڕەنگدانەوەی شێوازی ئەدەبی گۆرانییە کە زمانی ئەدەبی کوردیی لە ڕابردوو بووە. شیعری غوڵامرەزا ئەرکەوازی ئیلامی دەچێتە خانەی شیعری شاعیرانی وەک خانای قوبادی و میرزا شەفیعی کولیایی ئەردەڵانی.

شیعری ئەرکەوازی لە ڕووی کێش و قافیەوە ساکار و سادەیە؛ وەکو شیعری ھەموو شاعیرانی شێوازی گۆرانی لە کوردستاندایە. کێشی خۆماڵی دە بڕگەیییە، بە زۆری وەستانێک لە ناوەڕاستدا ھەیە (- - ب --/ ب ب ب - -)، لە ڕووی قافیەوە جووت قافیەیە(مەسنەوی=موزدەویج) (اا، ب ب، ج ج..) ھەندێک جار شاعیر یاری بە قافیە دەکا.

ناوەڕۆکی شیعری ئەرکەوازی[دەستکاری]

شیعری ئەرکەوازی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەسەر ئەم مەبەستانەدا دابەش دەکرێ:

  • موناجات

ئەم بابەتە شیعرییە لە لای ئەرکەوازی لە بەرھەمی ئەدەبیدا لە ھەموو بابەتەکانی تر زۆرترە، دەتوانرێ بە شاعیری موناجات لە ئەدەبی کوردیدا ناو ببرێ و گەورەترین موناجاتنامەی ئەدەبی لە زمانی کوردیدا ھی ئەوە. لەم بابەتە شیعرە ٢٤ لیریکی ھەیە، ھەمووی دەکاتە ٦١٠ دێڕە شیعر. سەرچاوەی بنچینەیی ئەم جۆرە شیعرەی قورئان و حەدیس و قسەی ئیمام عەلی و ڕووداوی مێژوو و چیرۆکی ئەفسانەیی و زانیاری لە بابەت ئیسلامەوەیە.

  • ماتەمنامە

ئەرکەوازی دوو شیعری ماتەمنامەی ھەیە بۆ ئەحمەدخانی کوڕی گوتووە کە کۆچی دواییەکەی کارێکی زۆری تێ کردووە. شیعرەکانی بە ناوی «باوەیاڵ»ەوەن. باوەیاڵ ناوی شاخێکی نزیک مەڵبەندی لەدایکبوونی شاعیرە، ئەرکەوازی لە موناجاتە پرسەنامەکەیدا ڕوو دەکاتە باوەیاڵ و گوتوبێژی لەگەڵدا دەکات.

  • ئاوارەیی و دوور وڵاتی (غوربەت)

«غوربەت» ناوی لیریکێکی شاعیرە، وێنەی ڕاستەقینە و نموونەی ڕەنگدانەوی ڕۆژانی مەینەتی ئاوارەیی و بەندیخانەیە.

دیوانی ئەرکەوازی دوو پارچە غەزەل دەور دەکاتەوە بە ناوی «زلێخام شوران» و «زلێخام ژ چین». ئەم دوو بەرھەمە لە غەزەلی ئاسایی ئەم جۆرە شیعرەی ئەدەبی کوردی ناچنە دەرەوە، بەڵام ئەوە ھەیە گومانیان لێ دەکرێ کە شیعری شاعیر بن، چونکە مەبەستەکانی دیکەی ئەرکەوازی لە غەزەل و دڵداری و ماچومووچ دوورن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ئەم دوو غەزەلە لەوە دەکا لە بەرھەمی ئەم شاعیرە بژمێرین.

ئەرکەوازی لە ناو خەڵکدا شاعیرێکی ناسراو و خۆشەویست بووە، شیعرەکانی لەسەر زاری خەڵک بوون، نەک تەنیا خوێندەواران بەڵکو نەخوێندەوارانیش لەبەریان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی ھۆگری ئایین بوون. لەبەر ئەوە دەستنووسی دیوانی زۆرە، ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی شیعری لەسەر بنج و بناوانی ئەو دەستنووسانە ساغ بکرێتەوە.[١]

نموونەیەک لە شیعری ئەرکەوازی[دەستکاری]

وە باوەیاڵ دیم

ئەو ڕوو وا وەیلا وە باوەیاڵ دیمھاواس پەرێشان حاڵش حاڵحاڵ دیم
سەر تا بەرگەش سیا زخاڵ دیمسەر قولەی کاوان وە سیا تەم دیم
درەختان ژ غەم چو گوچان چەم دیمداران درەختان کەڵاغی پووش دیم
کەپوو کەم دەماغ بڵبڵ خامووش دیم...

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ خەزنەدار، مارف، مێژووی ئەدەبی کوردی- بەرگی سێیەم, (چاپییەکەم، ٢٠٠٣), لل٢٤٦-٢٠٥, دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس:ھەولێر.