محەممەد قودسی
محەممەد قودسی ناوی محەممەد کوڕی مەحمود ئەفەندی ڕەسامە، ساڵی ١٩٢١ و کاتێک خێزانەکەیان ئاوارە و دەربەدەر بوون، لە شاری ئورشەلیم لەدایکبووە و ئەم نازناوەی پێبەخشراوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لە شاری مووسڵ چووەتە خوێندنگە و ساڵی دواتر خێزانەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە. پلەی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کرد و پاشان لە بەغدا چووە خوێندنگەی سەربازی و دوای دوو ساڵ خوێندن ساڵی ١٩٤١ بە پلەی (نائب ضابط-جێگری ئەفسەر) لە ھەولێر دامەزرا. ساڵی ١٩٤٢ بوو بە ئەفسەر و ڕەوانەی ڕواندز کرا. لەوێ لەگەڵ ھاوڕێ نیشتمان پەروەرەکانیدا کەوتنە بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی و ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی کرد بە بزووتنەوە چەکدارییەکەی ناوچەی بارزانەوە. پاش شکستھێنانی ئەو بزووتنەوەیە خۆی گەیاندە مەھاباد و لەناو ڕیزەکانی سوپای کۆمارە خودموختارەکەی مەھاباددا خزمەتی زۆری کرد و ئازایەتییەکی زۆری نواند، لەبەر ئازایی و دڵسۆزی ئەم ئەفسەرە تێکۆشەرە میری مەھاباد کردی بە نەقیب. شان بەشانی ئەمەش لە بواری ڕامیاری و ڕۆشنبیریدا ڕۆڵی گەورەی بینی و کرا بە سەرۆکی یەکێتیی لاوانی کوردستان لە ناوچەی سەقز و بانە. شەھید محەممەد قودسی لە وتار نووسین و وتار خوێندنەوەدا بەھرەیەکی گەورەی ھەبوو، بۆیە ناویان لێنابوو (خەتیبی شۆڕشی کوردستان) ئەم لاوە ڕۆشنبیرە لە بواری چیرۆک نوسینیشدا سەلیقەیەکی چاکی ھەبوو. چیرۆکی بڵاوکراوەی ھەیە و لە گۆڤاری گەلاوێژدا چەند بەرھەمێکی بڵاوکراونەتەوە. پاش ئەوەی ھێزەکانی شای ئێران کۆماری مەھابادیان خەڵتانی خوێن کرد، محەممەد قودسی و سێ ھاوڕێکەی (مستەفا خۆشناو، خەیروڵا عەبدولکەریم، عیززەت عەبدولعەزیز) کەوتنەدەست کاربەدەستانی عێراق و لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧دا لەسێدارەدران. گەورەترین سامانی لە پاش بەجێماوی ئەم چوار قارەمانە نامە پیرۆزەکەیانە کە ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ نووسیوویانە و تێیدا ئامۆژگاری نەوەکانی دوای خۆیان ئەکەن کەدڵسۆزی کورد و کوردستان بن.
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]پەراوێزەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]