شێخ ڕەزای تاڵەبانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە شێخ رەزای‌ تاڵەبانیەوە ڕەوانە کراوە)
پەیکەری شێخ ڕەزا تاڵەبانی

شێخ رەزای‌ تاڵەبانی (١٨٣٧-١٩١٠) ناوی ڕەزای کوڕی‌ شێخ عەبدولڕەحمانی‌ تاڵەبانی کوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ کوڕی‌ مەلا مەحموودی‌ زەنگەنـەیە کوڕی یوسف ئاغای زەنگەنەیە، سـاڵی‌ ١٨٣١ لەگوندی‌ قرخی‌ نزیک چەمچەماڵ لەدایک بووە، لە تەمەنی‌ حەوت ساڵیدا لای‌ شێخی‌ باوکی‌ دەستی‌ بەخوێندن کردووە، لەتەمەنی‌ بیست و پێنج ساڵی‌یەوە خۆی‌ بە خوێندنی‌ ئەدەبیاتی‌ عەرەبی و فارسی و تورکی خەریک کردووە ، ساڵی‌ ١٨٦٠ چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەی‌ دوو ساڵ لەوێ‌ ئەبێ‌ و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، دوای‌ مردنی‌ باوکی‌ ئەچێ‌ بۆ کۆیەو لای‌ شێخ غەفوری‌ مامی‌ زیاتر لەشەش مانگ ئەمێنێتەوە و بەتەمای‌ کچەکەی‌ ئەبێت بەڵام مامی‌ رازی‌ نابێ‌ و ئەویش ئەڕوات بۆ کەرکوک، ساڵی‌ ١٨٦٦دا بۆ جاری‌ دووەم ئەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەرێگەی‌ میسرەوە ئەچێ‌ بۆ حەج، ساڵی‌ ١٨٨٤ ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و زۆر جار ھات و چۆی‌ وەسمان پاشاو مەحمود پاشای‌ جاف و پیاوە گەورەکانی‌ ئەو ناوەی‌ کردووە، خێزانی‌ وەسمان پاشا، عادیلە خانم ھەمیشە دیاری‌ بۆ داناوە و یارمەتی‌ بۆ ناردووە، ساڵی‌ ١٨٩٨ ئەچێ‌ بۆ بەغدا و لە تەکیەی‌ تاڵەبانی‌ دانیشتووە، پەیوەندی‌ بەتینی‌ لەگەڵ بنەماڵەی‌ سەلیم بەگی‌ بابان و سەید عەبدولرەحمانی‌ نەقیب دا ھەبووە. زۆربەی‌ شیعرەکانی‌ لە بابەتی‌ ھەجووکردن بووە. شێخ رەزای‌ تاڵەبانی‌ ساڵی‌ ١٩١٠ لە بەغدا کۆچی‌ دوایی‌ کردووە و ھەر لەو شارەش بە خاک سپێردراوەتەوە.

شیعری ھەجڤ[دەستکاری]

زۆرینەی شیعرەکانی شێخ ڕەزا بابەتی ھەجڤ و داشۆرین بوون بەتایبەتی بەرامبەر سدقی زەھاوی کە لە وێنەی شاعیرانی عەرەب بووە (فەرزدەق و ئەختەڵ و ...)

لە تەرەف کێرەوە بەریدی سەبا بۆ مودیری قزڵجە نامە دەبا
بۆ جەنابی موقەڕڕەبولخاقان میرعەلی‌بەگ، لە ئەنجەبی نوجەبا
میرم! ئایا چلۆنە عیللەتەکەت؟ باز بە خارشتە بن گونت؟ عەجەبا!
ئیحتیاجت بنووسە، عەیبی چییە؟ مەحرەمی ڕازی تۆم بە عەھدی سەبا
سەد تڕت دا بە کوودەکی لە گونم ئەی تڕت ڕەعد و وەی تست ڕەشەبا
دوودمانتان چرووکە بونیادی (بو قباحت بنم دگل ھەبەبا)
عەبدڕڕەحمان بەگی برات فەرمووی ئابڕووی خانەدان عەلی دەیبا
لە ئەبانت ئیبا مەکە، میرم! (ھذِەِ إرْثُکُمْ اَخَاً وَ اَبا)
خاڵە کوێرەش بە سەراحەت ئەیگوت کە عەلی‌بەگ بووە بە دێڵەبەبا
گەر بە داری قزڵجە تێر ناخۆی وەرە با «شێخ ڕەزا» بە ڕەشتا با

نموونەی شیعری دڵداری[دەستکاری]

ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد سەرما بە ھەتیو با بە دەواری شڕی ناکا
دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی وەک شاھی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا
تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی ھیجری وەکوو شێت نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا
لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا
ڕۆح و دڵ و دین ھەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری کامی دڵی من، گەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا
سەر دانێ لە ڕێی عەشق، ڕەزا لازمە عاشق بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا

نموونەی نشتیمان پەروەری[دەستکاری]

لەم دێڕەی خوارەوە ئەو پەڕی نشتیمان پەروەری شاعیر دەنوێنێت لەکاتی ڕووخانی میرنشینی بابان و داگیرکاری عوسمانەکان و سەفەویەکان نووسیویەتی

لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە کە مەیدانی جریدبازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو
بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی ھەڵدا سولەیمانی زەمان، ڕاستت دەوێ، باوکی سولەیمان بوو
عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
عوموومی شەھریاران و سەلاتینی فەرەنگستان لە ڕوعبی سەتوەتی ئەو شێرەدا گشتی ھەراسان بوو
قوبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک ھەوری نیسان بوو
کە عەبدوڵڵاھ پاشا لەشکری والیی سنەی شڕ کرد ڕەزا ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو


سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]