کوردستانی نوێ (ڕۆژنامە)

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەردەکرێت. ژمارە سفری ڕۆژنامەکە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ چاپ و بڵاوکرایەوە و بووە یەکەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەرِینەکەی خەڵکی کوردستان لەئاداری ١٩٩١ کە تائێستاش بەردەوامە لەدەرچوون، کە بۆ ئەو سەردەمە دەرکردنی رۆژنامە بەواتای رۆژنامەی ھەواڵ و بەدواداچوونی رۆژنامەگەریی، کارێکی ئاسان نەبوو. خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دوکتۆر فوئاد مەسعوومە و لەساڵی ٢٠٠٩ ـشەوە ستران عەبدولڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیە و ھەریەک لە کاروان عەلی، شیرین. ک، محەمەد کەریم ئەندامی سکرتارییەتی نووسینن. لە مێژووی ڕۆژنامەکەشدا ھەریەک لە ئەرسەلان باییز و فەرەیدون عەبدولقادر و فریاد ڕەواندزی و مەحمود مەلا عیززەت و کاوە موحەممەد سەرنووسەری گۆڤارەکە بوون. لە ئێستادا گۆڤارەکە چەند پاشکۆیەک لەگەڵ ڕۆژنامەکەدا چاپ دەکات کە بریتیین لە پاشکۆی ئەدەب و ھوونەر، پاشکۆی ستادیۆم، پاشکۆی خێزانی کوردستانی نوێ، پاشکۆی کاکێشان، پاشکۆی کەشتیی نوح، پاشکۆی کوردستانی گەنج، و ھەروەھا پاشکۆی ئەدگار.[١]
دامەزراندن[دەستکاری]
ئەگەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمێژووی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی خۆیدا خاوەنی سەدان دەستکەوت و داھێنان بووە، بەڵام بۆ دەرکردنی رۆژنامەیەکی رۆژنامە دوای پرس و ڕایەکی زۆر و وەدەستخستنی وەڵامی دەیان پرسیار، ئینجا برِیاریدا کە گەڵاڵەنامەکانی سەر کاغەز بۆ کاریی پراکتیکی بگوازێتەوە. ھەرلەگەڵ رۆژەگەرم و بەجۆشەکانی راپەڕینی ١٩٩١ دا ئەو بیرۆکەیە خرایە سەر کاغەز تابەشێوەیەکی عەمەلی ئیشی بۆ بکرێت، بۆ ئەمەش بەگوێرەی رێنمایی و دوای بروسکەیەکی مام جەلال برِیاری جێبەجێکردنی درا، لە ھەولێر و سلێمانی دەست بەکۆبوونەوە کرا. لە ھەولێر دوو دانیشتنی فراوانکرا، یەکێکیان بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و کۆبوونەوەی دووەمیش بەسەرپەرشتی ئەرسەلان باییز، لەھەردوو کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر و شارەزای بواری ھونەری ئامادەیبوون. لەشاری سلێمانیش بۆ ھەمان مەبەست چەند دیدارێک رێکخرا. دوای ئەوەی ستافێک بۆ رۆژنامەکە دیاریکرا، رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ژمارە سفری رۆژنامەی کوردستانی نوێ خرایە ژێرچاپ و بڵاوکرایەوە کە لێی نووسرابوو ""کوردستانی نوێ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەریدەکات" و شاری ھەولێر بووە بنکەی سەرەکی رۆژنامەکە و چاپخانەی رۆشنبیری دەسنیشانکرا بۆ چاپکردنی رۆژنامەکە. دەرکردنی ژمارە سفر تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوو، زۆربەی ھەرەزۆری ستافی رۆژنامەکە رۆژیان لەچاپخانە کردەوە، دوای ١٤ ڕۆژ پشوو بۆ دابەشکردنی کاروبارەکان بەکاری ئیداریشەوە، رۆژی ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ژمارە ١ی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ چاپ و بڵاوکرایەوە و وەک رۆژنامەیەکی رۆژانە دەستی بەبڵاوکردنەوە کرد. کوردستانی نوێ یەکەمین رۆژنامەشە کەداوای مۆڵەتی دەرکردنی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە و وەزارەتیش مۆڵەتی ژمارە ١ی بە رۆژنامەکە داوە.[١]
پێکھاتە[دەستکاری]
ڕۆژنامەکە خاوەن ئیمتیازی ھەیە وەک ناوێکی فەرمیی بۆ دامەزرێنەر یان مۆڵەتپێدراو لەلایەن حکوومەتەوە. ھەروەھا سەرنووسەر و جێگری سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسین و سکرتارییەتی نووسین بەرپرسن لە نووسینی بابەتەکانی ناو ڕۆژنامەکان.
گۆڕانکاریی لە پێکھاتەدا[دەستکاری]
لەکاتی دامەزراندنی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ـوە لە ١٩٩٢ دا تا ٢٠٠٩ گۆڕانکاریی لەپێکھاتەی ئیداریی ڕۆژنامەکەدا بەم جۆرە بووە:
ڕێکەوت | خاوەنی ئیمتیاز | سەرنووسەر | جێگری سەرنووسەر | بەڕێوەبەری نووسین | سکرتارییەتی نووسین |
---|---|---|---|---|---|
١٢-١-١٩٩٢ | ئەرسەلان باییز | ئازاد جوندیانی | |||
١٦-٦-١٩٩٢ | ئەرسەلان باییز | فریاد ڕەواندزی | ئازاد جوندیانی | ||
١٣-٨-١٩٩٢ | ئەرسەلان باییز | ئازاد جوندیانی | فریاد ڕەواندزی | ||
٢-٨-١٩٩٣ | فوئاد مەسعووم | ئەرسەلان باییز | ئازاد جوندیانی | فریاد ڕەواندزی | |
٢٣-١١-١٩٩٣ | فوئاد مەسعووم | فەرەیدون عەبدولقادر | ئازاد جوندیانی | فریاد ڕەواندزی | |
٢٣-١-١٩٩٤ | فوئاد مەسعووم | فەرەیدون عەبدولقادر | فریاد ڕەواندزی | ||
٢٥-١-١٩٩٤ | فوئاد مەسعووم | فەرەیدون عەبدولقادر | |||
١-٤-١٩٩٦ | فوئاد مەسعووم | فریاد ڕەواندزی | دڵشاد عەبدولڵا | ||
٥-٥-١٩٩٩ | فوئاد مەسعووم | فریاد ڕەواندزی | دڵشاد عەبدولڵا – ستران عەبدولڵا | کاوە موحەممەد | |
٢١-٦-١٩٩٩ | فوئاد مەسعووم | فریاد ڕەواندزی | ستران عەبدولڵا | کاوە موحەممەد | |
٣-٧-٢٠٠٠ | فوئاد مەسعووم | مەحمود مەلا عیززەت | ستران عەبدولڵا | کاوە موحەممەد - شێرکۆ مەنگۆری | |
٧-٤-٢٠٠٢ | فوئاد مەسعووم | کاوە موحەممەد | شێرکۆ مەنگۆری | ||
٢-٨-٢٠٠٩ | فوئاد مەسعووم | ستران عەبدولڵا | کاروان عەلی، شیرین. ک، محەمەد کەریم |
پاشکۆکان[دەستکاری]
کوردستانی نوێ، بەدرێژایی مێژووی دەرچوونی کەزیاتر لە بیست ساڵە بەبەردەوامی دەردەچێت، چەندین پاشکۆی دەرکردووە، کەبەشێکیان لەئێستادا نەماون و بەشێکیشیان ناوە ناوە دەردەچن، یان بۆ یەکجار دەرچوون، لێرەدا ئەو پاشکۆیانە دەخەیەنە رِوو کە ئێستا بەردەوامن لەدەرچوون.[١]
پاشکۆی ئەدەب و ھونەر[دەستکاری]
لە ٢٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣دا یەکەم ژمارەی پاشکۆی ئەدەب و ھونەر بە چوار لاپەرِەی ھەفتانە دەرچووە، لەقەبارەی تابلۆیی دا بوو، لەناو رۆژنامەکە دادەنرا بەڵام بەخۆرِایی بوو، ریزبەندی لاپەرِەکانی سەربەخۆ بوو، بەشێک نەبوو لەریزبەندی لاپەرِەکانی رۆژنامەکە، ئەم حاڵەتە تا ژمارە ٢٠ی پاشکۆکە بەردەوام بوو. بۆ ماوەیەک وەستاو پاشان دەستی بەدەرچوون کردۆتەوە. جارێکی تر وەستاوەتەوە و پاشان دەستی بەدەرچوونکردۆتەوە. بەگشتی دەکرێت تەمەنی ئەم پاشکۆیە بەسەر چوار قۆناغدا دابەشبکرێت. لەخوولی یەکەم و دووەم و سێیەمدا ١٧٤ ژمارەی لێ دەرچووە. لەخوولی چوارەم رۆژی ٣٠ی [ئادار]]ی ٢٠٠٠دا بە ٨ لاپەرەی سەربەخۆ دەرچۆتەوەو ژمارە ١٧٥ ی پێدراوە و تائێستاش بەردەوامە.[١]
سەرپەرشتیاری ئەم پاشکۆیە لە ھەولێر، سەعدولڵا پەرۆش بووە و دوای ئەوەی رۆژنامەکە چۆتە سلێمانی، شیرین. ک بۆتە سەرپەرشتیار، پاشان سیامەند ھادی و ئێستاش مەریوان مەسعود سەرپەرشتیار و یونس حەمەد لێپرسراوی پاشکۆی ئەدەب و ھونەرە.[١]
ستادیۆم[دەستکاری]
سەرەتا وەک پرۆڤەیەک، بۆدەرکردنی پاشکۆیەکی ھەفتانە، رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ٣ ژمارەی تایبەتی پاشکۆی ستادیۆمی پەروەردەی دەرکردووە کە تایبەت بوو بەخوولە وەرزشییەکانی نێوان ھەڵبژاردەکانی پەروەردەی ھەرێم. ئەو ٣ ژمارەیەش، بەم شێوەیە بڵاوکراوەتەوە: رۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠٠٢ ژمارە یەک. رۆژی ٣٠ی ئاداری ٢٠٠٢ ژمارە دوو. رۆژی ١ی مایسی ٢٠٠٢ ژمارە سێ. دواتر رۆژی ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٢ یەکەم ژمارەی وەک پاشکۆیەکی ھەفتانە بڵاوکرایەوەو ٢٩ ژمارەی بە قەبارەی A4 لێدەرکرا، دوا ژمارەی لەرِۆژی ١٨ی شوبات ٢٠٠٣ دابوو، بەھۆی ھاتنە پێشەوەی پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە وەستێنرا. پاشان ھەر بە ھەفتانە درێژە بەدەرکردنی پاشکۆکە درایەوە و رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ ژمارە ٣٠ی لێدەرکرا، رِۆژی ٢٢ی مایسی ٢٠٠٧، ژمارە (٧٥) ی لێدەرکراوە لە ژمارە ٧٦ دا و لەرِۆژی ١ی حوزەیرانیی ٢٠٠٦دا کراوە بەرِۆژانە و تائێستاش بەردەوامە. ستافەکەی پێکھاتوون لە سەرپەرشتیار: ئیسماعیل مەحمود، جێگری سەرپەرشتیار: سەنگەر زرار، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە تەنیا ناوی ئیسماعیل مەحمود وەک سەرپەرشتیار لەسەر پاشکۆکە ماوە.[١]
خێزانی کوردستانی نوێ[دەستکاری]
پاشکۆیەکی ھەفتانەیە، لەرۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩دا یەکەمین ژمارەی دەرچووە و گرنگی بەمنداڵ و کاروباری خێزان و ناوماڵ دەدات. چوار لاپەرِەیە، سەرپەرشتیارەکەی ڕۆزا دڵشاد مەریوانی بوو، پاشان سەرپەرشتیارەکەی گۆرِاوە بۆ کۆسار عوسمان و ئێستاش بەشێوەیەکی کاتیی راوەستاوە.[١]
کاکێشان[دەستکاری]
پاشکۆیەکی ھەفتانەیە، تایبەتە بەبوارەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکان و فەلسەفە و جیھانبینیی نوێ بۆ ڕووداوەکان. یەکەمین ژمارە رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠١٠، بە ١٢ لاپەرە دەرچووە، تائێستاش بەردەوامە. سەرپەرشتیارەکەی مەحمود شێرزادە.[١]
کەشتیی نوح[دەستکاری]
پاشکۆیەکی ھەفتانەی تایبەتە بەبوارەکانی زانست و زانیاری نوێ، ژمارەی یەکەمی لەرِۆژی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا دەرچووە، ئێستاش بەردەوامە بە ٤ لاپەڕە. سەرپەرشتی دەکرێت لەلایەن ھێرۆ جەزا، تارا شێخ عوسمان.[١]ططططط
کوردستانی گەنج[دەستکاری]
سەرەتا مانگی جارێک بە ١٢ لاپەرِە دەرچووە، پاشان دوو ھەفتە جارێک دەرچووەو بۆتە ٨ لاپەرِە و تایبەتە بە گەنجان. ژمارە ١ رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دەرچووە. سەرپەرشتیی دەکرێت لەلایەن پشتیوان زاھیر (لەپێشوودا)، لە ئێستاشدا سەرپەرشتیارەکەی بووە بە مەحمود نەجمەدین و بەردەوامە لەدەرچوون.[١]
ئەدگار[دەستکاری]
پاشکۆیەکی تایبەتە و ناوبەناو دەردەچێت. تایبەتە بەکەسایەتییەکانی بواری ئەدەب و نووسین و ھونەرمەندان. ژمارە ١ رۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ دەرچووە. ئەم ژمارەیە تایبەتە بە شاعیر و نووسەر کەریم دەشتی. ھەشت لاپەرِەیە و دووەمین ژمارە تایبەتە بە رۆماننوس و نووسەر موحەممەد موکری. رۆژی ٤ی نیسانی ٢٠١١ بە ٤٤ لاپەرِە دەرچووە و لەئێستاشدا بەردەوامە لەدەرچوون و مەریوان مەسعوود سەرپەرشتی دەکات.[١]
چالاکی تر[دەستکاری]
ھەندێک پاشکۆی سیاسیی و فیکریی و بۆنە ھەیە، ناوبەناو دەردەچێت لەژێر ناویشانی جیاجیا لەوانە: دۆسێ، دووڕِیان و ھیتر.[١]
کتێبە چاپکراوەکان[دەستکاری]
رۆژنامەی کوردستانی نوێ ھەر لەگەڵ ساڵی یەکەمی دەرچوونیدا دەستی بەچاپکردن و دەرکردنی کتێب و نامیلکە کردووە. یەکەمین کتێب کە چاپیکردبێت، راپۆرتی سیاسی بوو، کە ھەڤاڵ مام جەلال لەکۆنگرەی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ساڵی ١٩٩٢ پێشکەش بە ئەندامانی کۆنگرەی کرد. دووەم کتێب، نامیلکەیەک بوو لەنووسینی مام جەلال کە بانگەوازێک بوو بۆ حزب و دەستە و رێکخراو و گروپە چەپەکان بۆ یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، تائێستا پرِۆسەی چاپکردنی کتێب بەردەوامە، ئەمساڵ ساڵی کتێبە چاپکراوەکانی کوردستانی نوێ بووە، کە زیاتر لە ٢٠ کتێبی چاپکردووە و لەئێستاشدا چاپکردنی کتێب بەردەوامە.[١]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 15ی Februaryی 2017. Retrieved 1ی Februaryی 2014.
{{cite web}}
: Check date values in:|accessdate=
و|archivedate=
(help) ١٥ی شوباتی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.