ئەڵماس خانی کەنۆڵەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەڵماس خان کوڕی ئەحمەد خانی کەندووڵەیی خان ناسراوە بە «ئەڵماس خانی کەندوولەیی(کەنووڵەیی)»، «ئەڵماس خانی کوردستان»، «سەرھەنگ ئەڵماس خان»، «میرزا ئەڵماس خان» و «ئەڵماس خانی کەڵھوڕ». (لەدایکبووی ١٧٠٢ لە کەندووڵە، کرماشان — مردووی ١٧٧٦ لە کەندووڵە) شاعیر، مۆسیقا ژەن و کەسایەتییەکیی سەربازیی بە ڕەگەز کوردیی ئێران بووە لە سەدەی ھەژدەمی زایینی. کۆکردنەوە و نووسینەوەی شانامەی کوردی دراوەتە پاڵی. لە فەرماندارانی سوپای نادر شای ئەفشار پاشای ئێراندا بووە جێگەیەکی تایبەتیی لای ھەبووە. پلەی سەرھەنگی (کۆلۆنیلی) ھەڵگرتووە. وەک مێژوو دەیگێڕێتەوە بەشداری لە جەنگەکانی نادر شادا کردووە. لە جەنگێکدا لە ساڵی ١٧٣٢ لە نێوان نادر شا و تۆپاڵ عوسمان پاشا ڕوویداوە، بەھۆی دواکەوتنی ئەڵماس خان تیپی سنە شکاوە، ئەمە کاری کردووەتە سەر شکانی سوپای نادر شا، ئیتر نادر شا ئەڵماس خانی لە سوپا لابردووە و گوایە خستوویەتییە بەندیخانەشەوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

ئەڵماس خان لە ساڵی ١١١٨ کۆچیی (١٧٠٢ زایینی) لە گوندی کەندووڵە لەدایکبووە. لەسەر پەیڕەوی خوێندنی ئەو سەردەمە بە منداڵیی خوێندوویەتی و فێری زمان و وێژەی فارسی و عەرەبی و خەتخۆشی بووە و لە پاشاندا چووەتە کرماشان، ئەسفەھان و شیراز و خوێندنەکەی تەواو کردووە و ئەوسا چووەتە ناو لەشکر و فێری ھونەری شەڕ بووە و لە دەوری نادر شای ئەفشاردا بووەتە سەرۆکی ھەنکێک و پاشان لە شەڕی نادر و عوسمان تۆپاڵدا ھاوبەشیی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی تێک شکاوە، نادر تەمبێی کردووە و ئەویش گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و پاشماوەی ژیانی بە کاری کشتوکاڵی و ھۆنینەوەی ھۆنراوە بردووەتە سەر تا لە ساڵی ١١٩١ کۆچیی (١٧٧٦ زایینی) مردووە.

چیرۆکە شیعرییەکان[دەستکاری]

  • خورشید و خەرامان یا خورشیدی خاوەر.
  • شیرین و فەرھاد یا شیرین و خوسرەو.
  • ھەفت لەشکر یا ھەفت پەیکەر.
  • نادر و تۆپاڵ یا نادرنامە.
  • ڕۆستەم و زۆراب.
  • مەنیژە و بیژەن.
  • کەنیزەک و یازدە ڕەزم.
  • شەماڵ و زەڵان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی دووەم، لاپەڕەکانی ٥٩ تا ٦٩، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٨.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، سدیق بۆرەکەیی (سەفی زادە)، لاپەڕەکانی ٣١ تا ٣٨، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٨.