ھێمن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ھێمن موکریانیەوە ڕەوانە کراوە)
سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی

Mamosta Hêmin.jpg
لەدایکبوون١٩٢١
مەرگ١٨ی نیسانی ١٩٨٦
شوێنی دۆزینەی تەرممقبرە الشعرای مھاباد
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، نووسەر و وەرگێڕ
ئایینئیسلام، سوننە

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

کورتە[دەستکاری]

ھێمن یەکێک بوو لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە بواری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، حەقی خستووەتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک و ڕوونی بەیانی ژیانیدا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خەرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆری بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە وا ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون کەوت. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەگرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە ڕۆژگارێک دا لە دایک دەبێ ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە و لاسای ئاتاتورکی دەکردەوە. جل وبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپلەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ.

لە کاتی منداڵی دا گوێی بۆ بەسەرھاتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، وا پیرێژنێکی دونیا دیتوو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف و بێ لای عەبدوڵڵای مستەوفی (سەعید ناکام) دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف و بێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شیعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکا، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەووت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و ڕاھێنانی نووسینی خەت دەکا. باوکی کاتێ دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمنێکی ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھانی وا ھەشت نۆ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزات دا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:

ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ڕیش پان، لە عەرەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو ڕەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە ڕاوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شێعر ھاتبوو، ھەروا گارە گاری دەھات، جار و بارە شیعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم.

بەو جۆرە شێعر ووتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە ئەوا پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ، ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھێمن دەچێتە سەر و بۆ یەکەمین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و ڕاوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچی ھەتاوی بەرامبەر ١٩٣٨ی زایینی وا تەمەنی ١٧ ساڵان دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێی ماڵیان چووبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی دەنێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان دەبێ، باوکی پێ دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.

پوختەی ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٨ دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. لە کاری کشت وکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات لێزان بووە، لەبەرئەوە ساڵی ١٩٤١ دەستی داوەتێ و سەرکەوتووە. ساڵی ١٩٤٢ کە کۆمەڵەی نھێنی ژێ کاف دامەزراوە، بووەتە ئەندام، ناوی نھێنی (ھێمن) و ژمارەی ئەندامیەتی (٥٥) بووە.
لە ساڵی ١٩٤٦ کچی خاڵیان بۆ ھێناوە بەبێ ئەوەی چاوی پێ بکەوێ. لە سەرەتادا بەدڵی نەبووە بەڵام لە پاشاندا خۆشی ویستووە. لە دوای ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و ھاوڕێکانی، لە زێدی خۆی دوور دەکەوێتەوە و سنوور دەبڕێ و خۆی دەگەیەنێتە قەڵادزێ، ماوەیەک لە مزگەوتێکدا بەنھێنی دەژی، دواتر کاتێ سیاسەتی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بەکورد نەرم دەبێ و بڕیاری لێبوردن لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ عەشیرەتەکان دەردەکا، ھێمن دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و دەست دەکاتەوە بەکاسبی و بایەخ دان بەشێعر و ئەدەب، ھەروەھا تا ساڵی ١٩٦٥ لە ژیانی سیاسیی دوور نەبووە.


لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران[دەستکاری]

بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی ١٣٦٤ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێ: ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا.

سەرای ھێمن[دەستکاری]

سەرای ھێمن (ماڵی مامۆستا ھێمن)

ماڵی ھێمن کراوەتە بنکەی پاراستنی ئاسەواری ناودارانی فەرھەنگ و ھونەری شاری مەھاباد.


پەیکەرەی مامۆستا ھێمن لە سەرای ھێمن[دەستکاری]

پەیکەرەی مامۆستا ھێمن لە سەرای ھێمن، وێنەگەر: کاروان دوورئەندیش

پەیکەرەی مامۆستا ھێمن کاری ھونەرمەندی ناسراوی پەیکەرسازی کورد، مامۆستا ھادی زیائەددینی لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ لە سەرای ھێمن پەردەی لە سەر لادرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

دیوانی ھێمن بە ناوی ناڵەی جودایی (١٩٧٩).

ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

  1. دیوانی ھێمن
  2. بارگەی یاران
  3. تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
  4. پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
  5. توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
  6. شازادە و گەدا.
  7. قەڵای دمدم.
  8. ھەواری خاڵی.
  9. چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
  10. ئەفسانە کوردی یەکان (کاری قەنات کۆردۆ وا ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
  11. ناڵەی جودایی، شێعر ١٩٧٩
  12. پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

نموونەی شیعری[دەستکاری]

بەھۆی تاڵی و مەینەتی ژیانییەوە پڕ بە دڵی خۆی دەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە دەڵێت:

پارچە گۆشتێکە، دڵی من ڕوو نییە ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە

لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:

شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە


شاعیر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و دەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا ڕاز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش ڕوو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاو داوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل، شاعێری عیشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو ڕۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.

بە فەرموودەی خۆی:

ھەتاکوو دوا پشوو ڕێبواری ڕێگەی ئەشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر

نمونەیەک لە ناڵەی جودای[دەستکاری]

ناڵەی جودای
چۆن نەناڵێ ئەودڵەی پڕ ھەستی من
چۆن لە ئەژنۆ بێتەوە دوو دەستی من
گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بە سۆز
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی روون
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە
بەرد لە بەردی ببتەوە دەنگی ھەیە
ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھێشتووە
ھەڵبڕاوام من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین

نموونەی ھۆنراوەی نەتەوەیی[دەستکاری]

کوردم ئەمن
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر ھەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن

مردن[دەستکاری]

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش دا بەخت کرد. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، لە ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٦ی زایینی کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی ھێمن
  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی
  • تاریخ مەھاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رھرو مھاباد ١٣٧٣
  • گۆڤاری مەھاباد، ژمارەی ١٥٠ ساڵی سێزدە ١٣٩٢، لاپەڕەی ٦ و ٧
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٢٣ تا ٤٣٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]