کامەران موکری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
کامەران موکری
ناوی خۆماڵیمحمد ئەحمەد تەھا
لەدایکبوون١٩٢٩
سلێمانی
مردن٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦
ھەولێر
شوێنی گۆڕسلێمانی
پیشەمامۆستا، شاعیر، چیرۆک نووس
زمانکوردی
نەتەوەکورد
ڕەگەزنێرینە
ڕەگەزنامەعێراقی
خوێندنقۆناغی ئامادەیی
قوتابخانەی ئەدەبیڕیالیزم
کارە دیارەکاندیوانەکانی
خزمەکاننوری ئەحمەد تەها

کامەران موکری (ناوی تەواو: محەممەد ئەحمەد تەھا)، (لەدایکبووی ١٩٢٩، لە سلێمانی) شاعیرێکی کورد بوو. لە گەڕەکی دەرگەزێن هاتووەتە دنیاوە. خۆی نازناوی شیعریی كامه‌ران موكری بۆخۆی داناوه‌.

خوێندنی تاپۆلی کۆتایی ئامادەیی بوو، بەڵام بەھۆی چەند ھۆیەک تەواوی نەکردووە. لەنێوان ساڵانی (١٩٤٩–١٩٦٣) بۆ ماوەی شەش ساڵ لەبەندینخانە دەکرێت بەھۆی ھەڵوێستی نیشتیمانی. ماوەیەکی زۆریش لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی و دواتر زانکۆی سەلاحەدین مامۆستای ئەدەبیاتی کوردی بووە. لەبەرواری (٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦) لەشاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.

کامەران موکرى، لە زۆربەى خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەى شارى سلێمانىدا بەشدارى کردووە و هەمیشە پێشەنگ بووە. هەر لە خۆپیشاندانەکانیشدا یەکەم کەس بووە کە شارى سلێمانی ناونا (هەڵمەت و قوربانی)، کاتێک لە خۆپیشاندانی سلێمانی دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس) وتارێکی بە دەنگی بڵند خوێندەوە و وتى: "ئەی جەماوەری بەشەرەفی شاری هەڵمەت و قوربانی."

لە بوارى وانە وتنەوەدا توانایەکى لێهاتووى هەبووە، ئەگەرچى پلەی خوێندنی ئامادەیی بووە، بەڵام بەهۆى زیرەکى و لێهاتویى بۆ ماوەیەکى زۆر کراوەتە مامۆستای ئەدەب لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەڵاحەدین.

تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥–١٩٧٢، دیارترین دیوانەکانی (ئاشتی، دیاری، ئاگر و ژیلە و گوڵاڵە سوورە)ن، وەلەدوای مردنیشی لە ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم شیعرەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (کامران موکری) کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوەتەوە. سەرەڕای کاری شاعیری "کامران موکری چیرۆکنوسیش بووە.

کتێبە چاپکراوەکانی[دەستکاری]

تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، کە بریتین لە:

  • ئاشتی
  • دیاری ١٩٥٧
  • ئاگرو ژیلە ١٩٥٨
  • گوڵاڵە سوورە ١٩٥٩
  • گوڵ ئەستێرە ١٩٥٩
  • ئاوات و ڕەنج ١٩٦٨
  • زەبری هۆنراوە ١٩٧١
  • دیوانی کامەران موکری ١٩٨٧ (دوای مردنی خۆی کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوە - خانەی چاپی چوارچرا)

مەبەستی شیعرەکان[دەستکاری]

ئەگەر شیعر و ھۆنراوەکانی موکری بخوێنینەوە، دەبینین کەوا کامران موکری ھۆنراوەکانی بۆ چەند مەبەستێک وتووە:

نەتەوەیی و مرۆڤینی[دەستکاری]

بەشێکی زۆری ھۆنراوەکانی موکری ھۆنراوەی نەتەوەیین، شاعیر خاوەن ھەستێکی ناسک بووە بەرامبەر بەوڵاتەکەی، وەشیعرەکانی لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی بوون.

دوو نموونەی شیعرەکانی:

١.

کاروانی ئێمە کەوتووەتە ڕێگا بە ئامانجی کورد ھەر ئەبێ بگا
ئەگەر چی شەوی خەباتی ژیان گیانی زۆر لاوی وەک گوڵ ھەڵوەران
بەڵام ھەر ئەبێ شەفەق دەرکەوێ کورد لەم ھەورازە سەختە سەرکەوێ.

٢.

ئەوی مێژووی کورد بخوێنێتەوە ئەڵقەی زنجیرەی بھۆنێتەوە
تێ ئەگا ھەرگیز سەرنانێتەوە ھیچ ھێزێک نییە بیتوێنێتەوە
ئەو چەرخە نەما درەختی ڕەگەز ڕیشەی دەرکێشن ھی ئێمەی نەبەز

خۆشەویستی و ئەڤینی[دەستکاری]

مەبەستێکی تری شیعرەکانی کامەران، دڵداری و ئەڤینییە. وەک نموونەیەک لە شیعرەکانی تایبەت بەخۆشەویستی:

کەپرچت ئاڵان لەگەردەن گڕت بەردا لەدڵی من
کە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕوو ئاگر لە دەرونم بەربوو
ئەی زۆرداری جوانی بچووک تکایە کچی ئێسک سووک
لێرەوە مەیە شەیدامۆت وەباڵی دڵم بەئەستۆت.


لە هۆنراوەیەکی دا بەناوی "فریشتە" کارێکی هونەریی پێشکەش کردووین و زۆر بەوردی وێنەی ئەو ئافرەتە نازدارەمان بۆ دەکێشێ و دەڵێت:


ڕوومەتی وەک گوڵی بێ گەرد

قژی خوای ئاوریشمێکی زەرد


چاوی کاڵ، ئەگەرچی نەرمـــە

بەڵام نیگای ئێجگار گەرمـــە!!


دوای ئەم سەرەتایە جوانەی، لەسەر هۆنراوەکەی دەڕوات و ئەو کچە نازدارە دەکاتە فریشتەیەکی ئاسمان و ئەوەندە شۆخ و شەنگی دێتە بەرچاو، سەد ئاخ و ئەفسووس دەردەبڕێ کە باسی ئەو جوانییەی هێشتا هەر درشتە و ناگاتە ئاستی پێویست و بە وردی لە هەموو لایەنێکییەوە نا توانێ بدوێ و دەڵێت:

جوانێکی تاک وەک فریشتە
ئاخ وەسفی من زۆر درشتە
کوا شیعرێک ورد، خۆش و گەرم
وەک ئەندامی لەشی نەرم؟

سەرچاوەکان[دەستکاری]