کەیفی
کەیفی | |
---|---|
پەڕگە:Kurdish poet - Keyfi (1814-1883).jpg | |
لەدایکبوون | فەتحوڵڵا ١٨١٤ز |
مردن | ١٨٨٣ز ئەستەمبوڵ، تورکیا |
شوێنی گۆڕ | نەزانراو |
زمان | کوردی |
نەتەوە | کورد |
قوتابخانەی ئەدەبی | شیعری کلاسیکی کوردی |
کەیفی (١٨١٤-١٨٨٣) ناوی فەتحوڵڵایە، هەروەها کەیفی جوانڕۆیی ناوبانگی دەرکردووە. زانیاری لە بارەی ژیانییەوە زۆر کەمە. لە بارەی جێگەی لەدایکبوون و ژیانی بەرایی شاعیرەوە حاجی قادری کۆیی دەڵێت:
لەکوێرە دێیێ کەکەیفی تیا بی فــــــــیردەوسە | جەھەننەمە کەنەما (کەیفی) شاری قوستەنتین |
ناوی "کوێرەدێ" لێرەدا دوو واتا ھەڵدەگرێ: یەکەمیان ئەو گوندەی کەیفی تێیدا لەدایک بووە و ژیاوە ناوی "کوێرەدێ" بووە، دووەمیان گوندێکی بچووک و کاول و بێ بایەخ.
ژیاننامە
[دەستکاری]کەیفی لە ساڵی ١٨١٤ لەو گوندەی ناوچەی جوانڕۆ لەدایک بووە. لەبەر ھەر ھۆیێک بێ یا وەک فەقێیێک مەڵبەندی خێزانی خۆی و باب و باپیرانی بەجێھێشتووە و لە کۆیە نیشتەجێ بووە، ئەو کاتە لە تەمەنی مێردمنداڵیدا بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی حاجی قادری کۆیی دەریدەبڕێ دەبێ کەیفی لە شارەزوور لەدایک بووبێ، لەبەر ئەوە بە (شارەزووری)ش ناوبانگی دەرکردووە. لەوانەیە ڕاستییەکە ئەوەبێ کەیفی خەڵکی جوانڕۆ بێ، قۆناغی یەکەمی کۆچکردنەکەی شارەزوور بووە، لەوێوە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٣ ڕووی کردۆتە کۆیە. وەکو ھەموو فەقێییکی بێگانە بووە بە میوانی مزگەوت بە مەبەستی زیندەگانی و تەواوکردنی خوێندنی حوجرە.
کەیفی لەلای مەلا عەبدوڵڵای جەلی خوێندوویەتی. لەو دەمەدا کۆمەڵێک لە مەلا و فەقێیانی مزگەوت دەمیان لە شیعر شیعرێن و شەڕە شیعریان دەکرد. وا ڕێک دەکەوێ شێخ ڕەزای تاڵەبانی ماوەیەک لە کۆیە دەژی بە مەبەستی خوێندن و میوانی شێخ غەفووری مامی دەبێ. لەسەر شیعر وتن ناخۆشی دەکەوێتە نێوان کەیفی و شێخ ڕەزا و ئەو کەسانەی دەم لە شیعر دەدەن. ئەنجامی ئەم مەسەلەیە دەگاتە ئەوەی کەیفی ڕیسوا ببێ و ھیچی بۆ نەمێنێتەوە تەنیا ئەوە نەبێ لە ساڵی ١٨٦٩ کۆیە بەجێ بێڵێ ھەتا ھەتایە، بە ڕێگەی ھەولێر و موسڵ و حەلەب ڕوو بکاتە شاری ئەستەمبوڵ. لەوێ لەگەڵ حاجی قادر جارێکی تر دەست لەملی یەکتری دەکەنەوە.
دەڵێن کەیفی لە ئەستەمبوڵ پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەڕەنسا بووە و شارەزایی لە زمانی فەڕەنسی پەیدا کردووە. وا دەگێڕنەوە کەیفی تەنیا ھۆنەرەوەی شیعر نەبووە، بەڵکو دەست ڕەنگین و وەستای کۆڵین (زەنگوگراف و لیتوگراف) و دارتاشین و مۆزاییک و گرافیک و خەت خۆشیش بووە. کەیفی لە ساڵی ١٨٨٣ لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوایی کردووە و تا ئێستا گۆڕی نەدۆزراوەتەوە.
ناخۆشی نێوان کەیفی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی
[دەستکاری]کۆمەڵێک شاعیر لە دەوری مزگەوتی گەورەی کۆیە کۆبووبوونەوە، ئەم مزگەوتە نێوەندێکی گرنگی خوێندەواری و ڕۆشنبیری بوو لەو ڕۆژگارەدا. گۆشەیەکی شیعری لەو کاتەدا لە ناوەوە بوو، فەقێیانی مزگەوت لە شێخ ڕەزای تاڵەبانی بەولاوە هیچ یەکێکیان لە پلەی کەیفی نەبوو، لەبەر ئەوە شێخ ڕەزا بەسەر هەموو ئەو شاعیرە پێگەیشتووانەدا زاڵ بوو. شیعر شیعرێن یان شەڕە شیعر جموجۆڵی یەکەمی ئەم کۆمەڵە خوێندەوارانە بوو. وا دەردەکەوێ گەڵێ جار ئەم دوو شاعیرە کەیفی و شێخ ڕەزا بەرامبەر بە یەکتری خەریکی شەڕە شیعر بووبن. لە پێشدا بە هێمنی و لەسەرخۆ و ئاشتییانە بە شیعر وەڵامی یەکتریان داوەتەوە، بەڵام لە دواییدا دەمیان لە یەکتری کراوەتەوە. لەبەر ئەوە شاعیریەتی کەیفی لە هی شێخ ڕەزا کەمتر نەبووە هەرگیز لە هەموو هەڵوێستێکدا نەیتوانیوە بەرامبەر بە کەیفی بوەستێ، بە پێچەوانە زۆر جار کەیفی پشتی شێخ ڕەزای بە ئەرزدا داوە. ئەم بارودۆخە دەماری چینایەتی شێخ ڕەزای بزواندووە و پێی ئاستەم بووە یەکێکی کەس نەناسی وەکو کەیفی لە ڕووی ڕابوەستێ، هەروەها بەبێ هیچ هۆیەک ئەو دەمارە لەلای مەلا عەبدوڵڵای جەلی مامۆستای کەیفی و چڵکاوخۆرەکانی بزواندووە بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵانی فەقێیانی ناو مزگەوت، تا مەسەلە گەیشتۆتە ئەوەی هەندێ لە فەقێکان وێنەی زۆر ناشرین لەسەر دیوارەکاندا بۆ کەیفی بکێشن وەکو ئەوەی کەر و ئاژەڵی دیکە سواری بوون. بۆ کۆتایی هێنان بەم کارە ناڕەوایە مەلا عەبدوڵڵای جەلی بێ بەزەییانە تەنیا بەوە ڕازی نابێت بە جنێو کەیفی ڕسوا بکات بەڵکو بە لێدان لە مزگەوت دەری دەکا. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەیفی کۆیە بەجێ بهێڵێ و بچێتە هەولێر لەوێوە ڕوو بکاتە ئەستەمبوڵ.
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی چوارهم، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە ۳۶-٣١. چاپی ٢٠٠٤ هەولێر