ئەدەب (شاعیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ئەدەب (ھۆنراوەنووس)ەوە)
Jump to navigation Jump to search

عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان[١] لەدایک بووی ١٨٥٩ لە گوندێکی سەر بە شاری بۆکان، شاعیرێکی ناوداری کوردە کە بە ناسناوی ئەدەبی ئەدەب ناسراوە.[٢]

ژیان[دەستکاری]

ئەدەبی شاعیر ناوی تەواوی عەبدوڵڵا کوڕی ئەحمەد بەگی برایم بەگی ڕۆستەم بەگی‌سەیفەدینە. بە «میسباح الدیوان» ناسراوە، گۆیا حاکمی ئەوکاتی تەورێز ئەم نازناوەی داوەتێ. ساڵی ١٨٥٩ لە گوندی ئەرمەنی بڵاغی (ئێستا: کانی گوڵ) سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار، ھەر لەمنداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستای تایبەتی بۆ تەرخان کراوە بۆ خوێندن و فێری خوێندنەوە و نووسین و فارسی و عەرەبی بووە. پیاوێکی دەس‌ڕۆیشتوو و بەدەستەڵات بووە.

ئەدەبی شاعیر لە تەمەنی بیست ساڵیدا باوکی دەینێرێت بۆ شاری تاران بۆ خوێندن، لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا تووشی نەخۆشی لەرزۆکی دەبێت و بۆ چارەسەر دەچێتە وڵاتی روسیا پاش چاکبوونەوەیەکی کاتی دەگەڕێتەوە، ساڵی ١٩١٠ دێنە ناوچەی شارەزور و ماوەیەک دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە موکریان و نەخۆشییەکەی سەری لێ ھەڵدەداتەوە و تەواو ئیفلیج دەبێت.

ئەم شاعیرە شارەزایی باشی ھەبووە لە کاری پزیشکی و وێنەگری و مۆسیقای بەباشی زانیوە. شیعرەکانی ئەدەب بە شێوازی غەزەلی غەرامی‌یە. ھیچ خەیاڵ و ئارەزوویەکی تری نەبووە جگە لەوەی کە لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا ھەموو کات پێکەوە بن و گفتوگۆ بکەن. خۆشەویستیی ئەدەب بۆ نوسرەت‌خانمی خێزانی بووەتە نەقڵی مەجلیسان.

دیوانی شێعرەکانی[دەستکاری]

دیوانی شیعرەکانی ئەم شاعیرە ساڵی ١٩٣٦ لە شاری ڕەواندز لە چاپخانەی زاری کرمانجی بۆ جاری یەکەم لەچاپ دراوە. دیوانە شیعرییەکەی ساڵی ١٩٣٩ بۆ جاری دووەم لە شاری بەغدا و بۆ جاری سێ‌یەم ساڵی ١٩٦٦ لە ھەولێر لە چاپ دراوە، د. مارف خەزنەدار چەند لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر شیعرەکانی ئەدەب کردوە و ساڵی ١٩٧٠ بڵاوی کردووەتەوە.

نموونە شیعر[دەستکاری]

گەر مەتڵەعە بۆ ماھی موقەننەع، چەھی نەخشەب ماھی مە، تلووعی لە چەھی غەبغەبە ھەر شەب
گوڵزاری جەمالە، موتەشەکیل بەدوو سونبول یا بەدری درەخشندە، لە مابەینی دوو عەقرەب
ئەی سەرو چەمانی قەمەریی، نووری قەمەر ڕوو ئەی خونچە دەھانی شەکەری نوتق، شەکەر لەب
تاکەی بەجەفا؛ ئێمە خەتابار و گونەھکار تاکەی بە ستەم، ئێمە گرفتار و موعەززەب؟
گەر نوتقە؛ ھەتاکەی دەگەڵ ئەغیارە خیتابت گەر قەھرە، ھەتاکەی منی بێچارە موخاتەب
سەد حەیفێ کە بۆ دەردی دڵی مە، دەمی وەسڵت شەو کورتە و فرسەت کەم و توولانییە مەتڵەب
گەر بادە، فەرحبەخشە، بەیادی لەبی تۆیە نەشئەی چییە، بێ شەھدی لەبت: جامی لەبالەب!
گەر لۆمەیە، گەر مەنعە، ئەگەر کفرە، گەر ئیسلام گەر تابعی قانوونە؛ ئەگەر خارجی مەزھەب
تا جان لە بەدەندایە، ئەدەب تۆ دەپەرستێ زونناری ملم: زوڵفی خەمت؛ قیبلەمە: غەبغەب[٣]

کۆچی دوایی[دەستکاری]

ئەدەبی شاعیر لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩١٢ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردوە و لە گۆرستانی گوندی باخچەی فەیزوڵڵابەگی بۆکان بەخاک سپێردراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "دیوانی ئەدەب". books.vejin.net. ناوەندی ڤەژین. Retrieved 4ی تشرینی یەکەمی 2020. Check date values in: |accessdate= (help)
  2. ^ "شاعر و نقاش بوکانی کە محمدعلی شاە قاجار بە او لقب مصباح الدیوان داد". www.ziryanmukryan.ir (بە فارسی). پایگاە خبری زریان موکریان. Retrieved 4ی تشرینی یەکەمی 2020. Check date values in: |accessdate= (help)
  3. ^ "گەر مەتڵەعە بۆ ماھی موقەننەع، چەھی نەخشەب". books.vejin.net. Retrieved 2021-08-21.