ھێمن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی
لەدایکبوون ١٩٢١
لاچین، مەهاباد
مەرگ ١٦ی نیسانی ١٩٨٦
ورمێ
شوێنی دۆزینەوەی تەرم مقبره الشعرای مهاباد
نەتەوە کورد
پیشە شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ
ئایین ئیسلام، سوننە
دایک و باوک سەید حەسەن، زێنەب

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

مامۆستا ھێمن

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک(گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو‌ بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:

ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ریش پان، لە عەرەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو رەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە راوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شێعر ھاتبوو، ھەروا گارە گارەی دەھات، جار و بارە شێعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم.

بەو جۆرە شێعر کوتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ ،ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ ئەوەڵین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق‌بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و راوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.

ھێمن کە یەکێک بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەو‌رەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک وروونی بەیانی ژیانی‌دا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی کتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی،جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەک، شاخ ودەشت و دراوسێ و کەس و کار و یادگارەکانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیکە کە لە یاد ناکرێن ولە دەروون دوور ناکەونەوە.

دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەکانی و یادگارەکەی کاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ کاتێک ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە.ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی ڕۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، عاشقی دڵ پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی ڕووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد، ئەو مرۆڤە بێ نازە خۆ لە ئاسن و پۆڵا دروست نەکراوە، بەڵکوو لە خوێن و گۆشتە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆی ئەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە ئەڵێت:

پارچە گۆشتێکە، دڵی من روو نییە ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە

لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:

شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە‌

شاعێر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و ئەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا راز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش روو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل ، شاعێری عیشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو رۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.

بە فەرموودەی خۆی:

ھەتاکوو دوا پشوو رێبواری رێگەی ئێشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر

شاعیری گەل[دەستکاری]

دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو

ئەوڕۆکە هەر کەس لە ئەدەبی کوردی شارەزا بێ ناوی هێمنی بیستووە. شێعرەکانی خوێندۆتەوە و بێگومان دەزانێ کە هێمن یەکێک لە شاعیرە هەرە بەرزەکانی کوردی سەردەمی ئێمەیە، بەڵام شێعری هێمن هەر لە سەرەتاوە لە چوارچێوەی ئەدیب و نووسەران دەرچووە، لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بڵاو بۆتەوە و هەر لە سەرەتاشەوە لە دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان‌پەروەر کاریگەر بووە و ئەوانی بەرەو خەبات لە پێناوی ڕزگاری گەلی کورددا هان داوە. هێمن لە سەرەتاوە شاعیری گەلە و هەر بە شاعیری گەلیش ماوەتەوە. سی ساڵ زیاترە هەزاران خەباتکەری کورد پێکەوە لە گەڵ هێمنی شاعیر هاوار دەکەن: گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن قەت لە بەر ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە لەت‌لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

هێمن عاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردی کوردستانە، نیشتمانی، تەبیعەتی وڵاتەکەی باش دەناسێ و لەگەڵی پەروەردە بووە. لە «بەهاری لادێ»، «بەهاری کوردستان»، «شەنگەبێری»، «فریشتەی پەڕیوە» و زۆر شێعری تریشدا نیشانی دەدا کە لە ناسین و ناساندنی تەبیعەتی کوردستان و جوانیەکانیدا چەندە شارەزا و مامۆستایە. جێگای سەرسوڕمانیش نیە هێمن لە گەڵ تەبیعەت گەورە بووە و لە تەبیعەت ئیلهامی وەرگرتووە. کەسێک تەبیعەتی کوردستانی دیتبێ و نەک هەر دیتبێ بەڵکوو لەگەڵی تێکەڵاو بووبێ، هێمن بە ناهەق نازانێ کە دەڵێ:

بەهەشتە کوردەواریی من، بەهەشتە

هێمن لە شێعری خۆیدا زۆر جار باسی زۆرلێکراوی نەتەوەی دەکا، لە مافی خوراوی گەل دیفاع دەکا، ئارەزووی ئەوەیە کورد هەرچی زووتر لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگار ببێ، بوونی ئەو ستەمە بە سەرچاوەی زۆر بەدبەختی و کوێرەوەری و بێبەشی دەزانێ. لە «دواڕۆژی ڕووناک»دا دەڵێ: لەمێژ بوو حەقی کورد دەخورا بە فیڕۆ لەمێژ بوو کورد بوو دەیکرد شین و ڕۆڕۆ لە مەیدانی شەقێنی دوژمنیدا سەری سەرداری کورد بوو وەکوو گۆ

هێمن بە تایبەتی زۆر پەرۆشی ئەوەیە کە لە کوردستانی ئێران زمانەکەی ئازادی پەرەئەستاندنی نیە، ئەدەبەکەی بڵاو ناکرێتەوە، فەرهەنگەکەی پێشێل دەکرێ. لە «رۆژگاری ڕەش»دا دەڵێ: داخرا دەرکی ڕۆژنامە شکاون نووکی خامە کوردی نووسین حەرامە دوژمن دەڵێ بێ‌تامە دڕان کاغەز و دەفتەر گیران شاعیر و نووسەر

هێمن نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێ، لەوەش زیاتر نەتەوەی خۆی دەپەرەستێ، بەڵام ڕقیشی لە هیچ نەتەوەیەکی‌تر نیە. لە هەموو دیوانی هێمن‌دا شێعرێک کە باسی نەتەوەیەکی‌تر بە خراپە بکا، یا کورد لە نەتەوەیەکی تر بە بەرزتر دابنێ بەدی ناکرێ، دیاردەیەک کە بە داخەوە لە دیوانی زۆر شاعیری کورد‌دا بەرچاو دەکەوێ. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بەشەردۆستی یەکێک لە سروشتە تایبەتیەکانی شێعری هێمنە. هێمن زۆرجار باسی پێشەوا قازی دەکا، لە شێعرەکانی ڕا دیارە کە چەند ئەو ڕۆلە بەنرخ و هەڵکەوتووەی گەلی کوردی خۆش‌ویستووە. پێشەوای خۆش دەوێ چونکە: زانا بوو، کورد پەروەر بوو پێشەوا بوو، ڕابەر بوو

بەڵام بۆیەش پێشەوا بە مەزن دەزانێ چونکە: هەر کورد نەبوو، بەشەر بوو خەمی خەڵکی لەبەر بوو

هێمن گەلانی تری ئێرانی بە دۆستی گەلی کورد دەزانێ و لە خەبات و تێکۆشاندا بە برا و هاواڵیان دادەنێ. لە «کورد و ئازەربایجانی»دا دەڵێ: کورد و ئازەربایجانی هەر دوو داوایان ڕەوایە هەر بژین و پایەدار بێ یەکیەتی ئەم دوو برایە

هێمن دیسان لە سەرەتاوە لە ناو نەتەوەی خۆشیدا هەموو چین و توێژێکی بە یەک چاو تەماشا نەکردوو و ناکا. لە شێعری بەناوبانگی خۆیدا «دەیڵێم و بێ‌باکم» دەڵێ: ئەوی ئاغا بێ بێکارە جەبوون و قەڵس و لاسارە دزی و ڕێ‌گرتنی کارە ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم لە شەرم و شوورەیی مردم بە خۆم من چۆن بڵێم کوردم کە ئاغا ئابڕووی بردم ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم

لە «ئارەق و تین‌»دا زۆر بە جوانی و بە زمانی سادەی جووتیاران باسی نرخی کاری جووتیار بۆ کۆمەڵ دەکا و چەوسانەوەی جووتیاری نیشان داوە و دەریدەبڕێ کە ئینسانی زەحمەتکێش لە لای زۆر خۆشەویستە: من جووتیارم من جووتیارم من لەگەڵ هەتاو هاوکارم من بە ئارەق و ئەو بە تین دامانڕشتووە بناغەی ژین باسکی من و تیشکی ئەوی بژیو دەستێنن لە زەوی گەر جووتیار ئارەق نەڕێژێ گەر هەتاو تیشک ناوێژێ دانیشتووی ناو کۆشک و قەڵا دەخۆن نانی گەڵا گەڵا؟!

لە شێعرەکانی‌ڕا بە هاسانی دەردەکەوێ کە هێمن لە ژیانی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تایبەتی جووتیاران لە نزیکەوە شارەزایە. لەوەش زیاتر خۆی تا ڕادەیەک لەم ژیانەدا بەشدارە. خۆی دەڵێ: «چاک خەریکی کاسبی بووم زۆر زوو فێری کشت و کاڵ بووم»

فەلسەفەی ژیانی هێمن ئەوە نیە کە دانیشێ و لە دوورەوە تەماشای ژیان و خەباتی گەل بکا و بۆ خۆی و یان بۆ گەل شێعر بڵێ. هێمن ئەو ئەسڵەی قبووڵ کردووە کە ئەرکی شێعری شاعیری گەلێکی زۆرلێکراو تەنیا لێکدانەوە و خستنە ناو هۆنراوەی تەبیعەت و جوانی نیە. شاعیر لە پێشدا ئینسانە، ئینسانێکە کە هەستی ناسکە و زوو دەجووڵێتەوە. چۆن شاعیر بە مانای ڕاستی ئەم وشەیە، دەتوانێ بەرامبەر بە هەژاری و کوێرەوەری و بێ‌بەشی گەلەکەی بێ‌لایەن بێ؟ لە نێوان ڕاستی و درۆدا،‌لە نێوان ئاهوراموزدا و ئەهریمەندا،‌لە نێوان هەق و ناهەقدا ڕاستی هەڵنەبژێرێ، بە گژ ئەهریمەندا نەچێ و دیفاع لە هەق نەکا؟ بۆیە هێمن تەماشاچی نیە و ناتوانێ تەماشاچی بمێنێتەوە. بە هەموو هێزی خۆیەوە بە شێعر و بە نوووسین هەنگاوی ناوەتە ناو مەیدانی خەبات و تا سەر بەرەو ئاسۆی ڕوون، تا ترۆپکی ڕزگار بوون یاریدەی گەلی خۆی دەدا. هێمنی شاعیر لە هێمنی خەباتکەر جیا ناکرێتەوە. بزانە تۆ ئەوی ئەهلی هونەر بێ دەبێ یا دەس بەسەر یا دەربەدەر بێ هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە منیش بابردەڵەی بەر گێژەڵووکەم دەمێک لەو قوڵکە، تاوێک لەو چڵووکەم منیش زۆرداری پرزەی لێ بڕیوم منیش بەدکاری بواری لێ تەنیوم

یا لە «فرمێسکی گەش»دا کە بە قسەی خۆی لەو پەڕی تەنگانە و لێقەوماندا گوتوویە، دەڵێ:

کوشتمی و شەش‌خانی ئومێدی لە من گرتن حەریف مۆرە هەڵداوێم و بێهوودە بە تەمای دوو شەشم

هێندێ شێعری‌تریش وەک «گریانی نیوەشەو» و «ئارەزووی فڕین» هەر نیشانەی نائومێدی شاعیر و ڕاکردنی لە ڕاست ژیانی تاڵە. لە ساڵی 1325وە هەتا ساڵی 1330 سەردەمی پاشەکشەی جووڵانەوەی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێرانە. لە ساڵی 1332دا کە ئاسۆی خەبات ڕوونتر بۆوە، هێمن لە «ئاواتی بەرز»دا جارێکی تر دێتەوە مەیدانی خەبات. هیوای بە خەباتی گەل زیاتر دەبێ و دەیەوێ یە شێعری خۆی لەم خەباتەدا بەشدار دەبێ:

فێری زۆر دەرسی بەکەڵک و باشی کردین تێشکان جا ببینە ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەم جاری کورد وا گزینگیدا بەیانی جوانی ئازادی بەشەر رۆژی ڕووناکە، نەماوە، زوڵمەتی شەوگاری کورد ئەو زمانە شیرنەی ئێمە پەرەی دەگرێتەوە نادڕێ چیدی کتێب و دەفتەری ئەشعاری کورد

قۆناخێکی نوێ لە ژیانی گەل و شاعیردا دەست پێدەکاتەوە. ماوەی پاشەکشە دوایی دێ و گەلی کورد خۆی بۆ خەباتی دوا ڕۆژ ئامادە دەکا. نفووزی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە نهێنی تێدەکۆشێ، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا زیاتر دەبێ. بەرەو هەوراز ڕۆیشتنی جووڵانەوە هەتا ڕۆژەکانی گەلاوێژی 1332 درێژەی هەیە، لە 25ی گەلاوێژەوە هەتا ڕۆژی شوومی کودیتای 28ی گەلاوێژ خەڵک لە شاری مەهاباد حوکمداری دەکا. لە ڕۆژی 25ی گەلاوێژدا خەڵکی مەهاباد بە درشت و وردەوە هەموو لەگەڵ هێمن کە بۆ یەکەم جار پاش چەند ساڵ لە کۆبوونەوەیەکی چەند هەزار کەسیدا شێعر دەخوێنێتەوە، هاوار دەکەن:

بڕۆ ئەی شاهی خاین! بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

ئەو سەردەمە، سەردەمی نیوە دیموکراسیش زۆر ناخایەنێ، دەورانی ڕەشی پاش کودیتا دەست پێدەکا و هێمنی شاعیر جارێکی تر تووشی نائومێدی دەبێ و لە «تووڕەیی‌»دا دەڵێ: لەو وڵاتە کەسێک لە خەو ڕابێ بەشی چارەڕەشی و خەم و شینە تێگەشتم عیلاجی دەردی من مەستی و شێتی و نەزانینە

یا لە «چارەنووسی شاعیر»دا دەڵێ:

دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەتبارم لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە لەگەڵ چارەڕەشی و دوورە بەشی و نەگبەت دەبێ هەڵکەم لە مێژە چارەنووسی شاعیرانی کوردی هەر وایە

تاقی کردنەوەی ساڵانی درێژی خەبات بە هێمنی سەلماندووە کە خەبات دوور و درێژە، هەوراز و نشێوی هەیە، سەرکەوتن و شکستی تێدایە. بەڵام هێمن کۆڵنەدەرە:

رۆڵەی کوردم فێری هەوراز و لێژم تا زۆر بڕۆم، زیاتر ئارەق بڕێژم کورت‌تر دەبێ ڕێگای دوور و درێژم دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون دەڕۆم دەڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون من پەروەردەی بن سێبەری ئەشکەوتم گەلێک جاران لە چاڵاوی ڕەش کەوتم هاتمە دەرێ، هەدام نەدا، نەسرەوتم دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون دەڕۆم دەڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون

هەوراز و نشێوی ژیان و خەباتی گەل لە شێعرەکانی هێمن‌دا زۆر جوان دیارە. لەو کاتەوە کە دەستی بە شێعر گوتن کردووە هەتا ئەمڕۆ، شێعری هێمن ئاوێنەی قۆناخەکانی خەباتی گەلی کوردە. لە ساڵی 1324 (1945)ڕا هێمن بە پێشوازی پێکهاتنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەچێ و دەڵێ:

لەسایەی حیزبی دیموکراتی خۆمان لە باڵدار تێپەڕی ئەوڕۆکە پێ‌ڕۆ نەما داخ و پەژارە و ماتەم و خەم زەمانی هەڵپەڕین و بەزمە ئیمڕۆ

لە ڕێبەندانی ساڵی 1324دا کە کۆماری مەهاباد دامەزرا هێمن «ئەو ساڵ بەهارە بۆ ئێمە زستان» یا لە «رۆژی خۆشی»دا دەڵێ:

گەرچی زستانە بەفر دایپۆشی ئەوڕۆ گشت وڵات خاکی پاکی ئێمە خەمڵیوە وەکوو باخی ئیرەم

بەڵام کۆماری مەهاباد تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو. جووڵانەوەی گەلی کورد لە ئێران هەر وەک جووڵانەوەی سەرانسەری ئێران تووشی شکست بوو. هێمن لە «رۆژگاری ڕەش»دا تووشی نائومێدی دەبێ، وەک کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە تووشی نائومێدی ببوون:

بە فیڕۆ چوو خەباتمان داگیراوە وڵاتمان تێپەڕی ڕۆژی هاتمان رووخا کۆشکی ئاواتمان لە پیاوی ئازا و سەرکەش لە زەحمەتکێشی بێبەش ئاخنراوە کونە ڕەش نابینی کەسێ ڕووگەش

بە تایبەتی شەهید بوونی قازی، هێمنی داخدار کردووە. هەم دۆست و مامۆستای لە دەست داوە و هەم پێشەوا و سەرکۆمار. 

لە چوارچرای مەهاباد لە کانگای بیری ئازاد دەستی ڕەشی ئیستیبداد چەقاندی داری بێداد لە کاتی نیوەشەوا لە جەنگەی شیرن خەوا کرا کاری ناڕەوا لە دار درا پێشەوا

هەر لەو ساڵەدا هێمن لە بەر خەباتی ڕابردووی خۆی تووشی دەردی سەر دەبێ و بۆ ماوەیەک وڵات بە جێ دێڵێ. دیارە وەزعی سیاسی تەئسیری کردۆتە سەر شێعری هێمن. لە «بابردەڵە»دا دەڵێ:

منیش‌ ئەی‌ بلبلی‌ بەندی‌ وەکوو تۆم ‌وەها دوورم‌ لە هێلانە و گوڵی‌ خۆم‌ منیش‌ وەک‌ تۆ لە کیسم‌ چوو گوڵی‌ سوور منیش‌ هێلانەکەم‌ لێ کراوە خاپوور منیش‌ بابردەڵەی‌ بەر گێژەڵووکەم‌ دەمێک‌ لەوقوڵکە، تاوێک‌ لەو چڵووکەم‌

ئەو تووڕەیی و ڕەشی چارەنووسی شاعیر لە شێعرەکانی تریشیدا هەر بەرچاو دەکەوێ و هەتا ساڵی 1340 (1959) هەر بەردەوامە. لە «گلێنەی شاعیر»دا دەڵێ:

ئەگەر خەرمانی عومرم ئێستەکانێ پاکی با بیبا بە مەرگی تۆ مچوڕکیشم بە دڵدا نایە با بیبا هەموو عومری ئەبەد تێیدا نیە خۆشی دەمێک مەستی خدر ئاوی حەیاتی بۆ چبوو؟ فێری شەرابی با

لە «ناسۆری تەشەنا»دا ڕاکردن لە ژیانی واقیعی، لەو حەقیقەتە تاڵەی کە شاعیر تووشی بووە و نایەوێ قبووڵی بکا، ‌بە تەواوی دیارە. هێزی ئەوەی نیە ژیان بگۆڕێ، ڕێگای نیە خۆی دوور بخاتەوە، دەیەوێ ڕابکا و بە یارمەتی مەی ڕوو لە دنیایەکی خەیاڵی دەکا:

چۆن نەبەم بۆ مەی و مەیخانە پەنا، تێگەیوم لەو وڵاتە هەموو شت زۆرە، بەنی ئادەم کەم شەڕەبایە لە چیاکان و هەوا تووشە دەنا وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم

ساڵەکانی 1347-1346 کە ڕاپەڕینی چەکداری لە کوردستانی ئێران بەرپا دەبێ، هێمن خۆی تێیدا بەشدار نیە، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە دەژی. هیوای بە خەباتی گەل زۆرە، باوەڕی بەهێزترە. بۆ شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە دەگری، بەڵام شێعرەکانی پڕە لە هیوا و ئاوات بۆ سەرکەوتن و نیشتمانپەروەران و تێکۆشان هان دەدا. هێمن بیەوێ و نەیەوێ، دیسان و ئەو جارە بۆ هەمیشە لە ناو مەیدانی خەباتدایە:

بۆ‌شەهیدێکی کە گەوزیوە لە نێو خوێن دەگریم بۆ هەڤاڵێکی کە چوو بێ سەروبێ‌شوێن دەگریم تا بە دەستی پەری ئازادی لە سەر گۆڕی شەهید گوڵە شللێرە لە گشت لایەکی نەڕوێن دەگریم

شێعرەکانی هێمن ئیتر بۆنی ناهومێدی لێنایە. چەند ساڵە قۆناخێکی دی لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەستی پێکردووە، قۆناخێک کە جێی هیوای گەلی کوردە. هێمنیش شاعیری وەفاداری گەلی کورد، هەم لە پێکهێنانی هەم لە دەربڕینی ئەو هیوایەدا بەشدارە. لە «مەتەرێزی شەرەف»، «شەنگەبێری»، «ئامێزی ژن»، «ترۆپکی ڕزگاری»، «شەپۆلی تۆڵە»،‌ «شەو و شەیتان»، «گاو و گەردوون»، «کاروانی خەبات» و لە «دەسکەوتی خەبات»دا شێعری کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕی چ لە باری ناوەرۆک و چ لە باری شێوەوە، گەیاندۆتە پلەیەکی بەرزی ئەوتۆ کە کەمتر شاعیری کورد گەیشتوویەتی. هێمن ئامادەیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم هیوایە خۆشی بەخت بکا:

خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم کە لە ڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ، شەم نەبێ؟

لە سەرەتادا شێعرەکانی هێمن، لە ژێر تەئسیری دوو ڕەوتی ئەدەبی دایە. وەک هەموو شێعری شاعیرانی کوردی سەردەمی سی چل ساڵ لەمەوبەر،‌ تەئسیری ئەدەبی فارسی لەم شێعرانەدا دیارە. زۆربەی شێعرەکانی شێعری عەرووزین، وەزن و قافیەیان لەگەڵ دەستووری شێعری فارسی ڕێک دەکەوێ. لە لایەکی تریشەوە شێعری شاعیرە کوردەکانی بە ناوبانگ وەک «نالی» کە خۆی لە ژێر تەئسیری شێعری کلاسیکی فارسیدا بووە، تەئسیری کردۆتە سەر شێعرەکانی هێمن. بۆیە لە سەرەتادا هێمن شێعرەکانی شێوەی غەزەل و قەسیدە و جارجاریش مەسنەوی و دووبەیتی و هی تریان هەیە. هێمن ئێستاش هەر جارجار دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە کلاسیکی‌یە و هێندێ لە شێعرە تازەکانیشی هەر بەم چەشنە گوتراون. وەک «ئاواتی بەرز»، «گلێنەی شاعیر»، «دەسکەوتی خەبات» و هتد. لەم شێوە شێعر گوتنەدا هێمن دەستێکی باڵای هەیە. شێعرەکانی ڕەوانن، بە زمان جوان و بە مانا دەوڵەمەندن. 

پاش ماوەیەکی سەرەتایی شێعر کوتن، هێمن بەرەبەرە دەگەڕێتەوە سەر شێوەی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی، خۆی لە قافیە و وەزنی شێعری کلاسیکی ڕزگار دەکا و شێعرەکانی لە بەستەی کوردی دەچن، لەو بەستەیەی کە شاعیر هەموو ڕۆژێ لە لادێ دەیبیستێ،‌ بەستەیەک کە چوارچێوەی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی لەبارترە و زمانی کوردی لە تەنگ و چەڵەمە ڕزگار دەکا و وەک چۆمێکی خرۆشانی لێدەکا کە بۆ ‌لای دەریای بێ سنوور دەڕوا. جارجار کە ئینسان شێعری هێمن دەخوێنێتەوە، گۆرانی وەبیر دێتەوە. وا دیارە کە لە هەڵبژاردنی ئەم شێوە شێعر گوتنەدا «گۆران» لە سەر هێمن بێ تەئسیر نەبووبێ. لەم شێعرانەدایە کە هێمن دەگاتە ترۆپکی ئەدەبی کوردی و بە ڕاستی ئەدەبی کوردی پێش دەخا. هێمن شاعیرێکی ڕیئالیستە، ڕیئالیزمی ڕەخنەگرانە لە ناوەرۆکی شێعرەکانی هێمن‌دا بە تەواوی بەرچاو دەکەوێ. هێمن بارە هەرە گرینگ و ئەساسیەکانی تەبیعەت و ژیان و ئادەمیزاد بە چاوێکی ڕەخنەگرانەی شاعیرانە باس دەکا و کۆمەڵ بۆ بەرەو پێش چوون هان دەدا. هێمن زۆر جار لە هێندێ شێعری خۆیدا لە ناتورالیزم نزیک دەبێتەوە، ئەوەی کە دەیبینێ باسی دەکا و بە چوی ڕەخنە سەیری تەبیعەت یان کۆمەڵ ناکا. هەر وا بزانە دەیەوێ تابڵۆیەکی تەبیعەت بێکێشێ و بخاتە بەرچاومان. بەڵام شێعری وای کەمە، وا دیارە خۆشی ئاگای لێیە کە لە ڕیئالیزم دوور کەوتووە، زوو ناتورالیزم بەر دەدا و دەگەڕێتەوە سەر ڕیئالیزم کە سەبکی بنەڕەتی ناوەرۆکی شێعرەکانیەتی. ئەو ناتورالیزمە بە تایبەتی لە «بەهاری کوردستان» و «لەبیرم مەکە» و چەند شێعری تردا خۆی دەنوێنێ. ژن لە شێعری هێمن‌دا ڕۆڵێکی زۆر گرینگی هەیە. جوانی ژن ئیلهام‌دەری شاعیرە. سەرانسەری دیوانی هێمن ئەو ڕاستییە بەدەر دەخا کە وێڕای تەبیعەت و ژیان و خەباتی گەل، ژنە کە هێمن بۆ شێعر گوتن هان دەدا، شێعرەکانی هێمن لە سەر ژن نموونەی شێعری بەرزی کوردین. لە «کیژی لادێ»دا بە کچی کورد هەڵدەڵێ: لاجانگت وەکوو گزنگی تاوێ هەر بۆ خۆی جوانە، تیف‌تیفەی ناوێ کوڵمەکەت وەکوو گوڵاڵەی گەشە بێ‌سوورمەش چاوە مەستەکەت ڕەشە وەکوو فرمێسکی ئاشق ڕووناکی وەکوو ئاونگی بەیانی پاکی

ئەو تابڵۆیەی کە لە «بیرم مەکە»دا لە ژنی دەکێشێ، بە ڕاستی جوان و نایابە، هەروەها لە «پەری شێعر» و «لە شەنگەبێری» و زۆر شێعری‌تردا هێمن مامۆستایی خۆی لە هۆنراوەدانان بۆ ژندا دەسەلمێنێ. 

بەڵام ژن، بۆ هێمن تەنیا سەرچاوەی ئیلهام نییە. هێمن بۆ ڕزگاری ژنی کوردی خەبات دەکا. لە «یادگاری شیرن»دا دەڵێ:

لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمی گەشت چون لە قەرنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو ڕووگرتنە

هێمن دەیەوێ ژن بەر لە هەموو شتێک خاوەنی مافی ئینسانی خۆی بێ و زۆر جار دژی زۆرداری و بێحورمەتی نیسبەت بە ژن دەنگی خۆی هەڵدێنێ. هێمن ژنی خۆشدەوێ،‌ دەیپەرەستێ و نرخی هەموو جوانیەکانی ئەو دەستکردە نایابەی تەبیعەت دەزانێ، بەڵام لە لای هێمن خەبات بۆ ڕزگاری گەل، بۆ ئازادی کۆمەڵانی خەڵک لە ژن خۆشەویستترە. لە «ئامێزی ژن»دا دەڵێ:

بەڵێ سەختە یەکجار سەختە، دووری لە ژن، نامرادی بەڵام لە ژن خۆشەویستتر لە لای من ئەتۆی ئازادی!

زمانی هێمن زمانی کوردی پەتی و جوانە. نە پڕە لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەستکردی تێدایە. زمانەکەی زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. بەڵام هێمن کە خۆی خەڵکی موکریانە، تەعەسوبی بەکار نەهێناوە، بە زاراوەی موکریانی شێعر ناڵێ. بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا زمانی هێمن نموونەی بەرزی زمانی ئەدەبی کوردییە و بێگومان لە پێکهێنانی زمانی پەسندکراو (ستاندارد)ی کوردیدا تەئسیری هەبووە. 

زمانی هێمن سادە و پەتی و ڕەوانە، هەم ئەدیب و نووسەری کورد پێی خۆشە و هەم نەخوێندەواری کورد لێی حاڵی دەبێ:

هەزار خۆزگەم بە خۆت شوانە کە بەو مانگە شەوە جوانە دانیشتووی لە ڕژد و هەڵدێر پەنجە دەبزێوی لە بلوێر لەگەڵ تەبیعەت هاودەمی شادی بە کەیفی بێ‌خەمی


«بەهاری کوردستان» فەرهەنگێکی بچووکی زمانی کوردییە. بە تایبەتی بۆ ئەوانەی هەر لە شار ژیاون و لە زۆر باری ژیانی لادێ ئاگادار نین، تابڵۆیەکی ڕاستەقینە بە زمانێکی دەوڵەمەند و بێ‌هاوتا دەخاتە پێش چاو. ئەو شێعرە و چەند شێعری تر کە باسی تەبیعەت و ژیانی لادێ دەکەن، بۆ شارستانی ئەوەندە وشەی نەبیستراویان تێدایە کە زۆر جار خوێنەر سەری سووڕ دەمێنێ و ناچار دەڵێ زمانی کوردی چەند دەوڵەمەندە و بە داخەوە خزمەتی نەکراوە. لە دیوانی هێمن‌دا شێعری وەک «بەهاری کوردستان» بە ڕاستی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردییە. شێعری هێمن لە تەشبیهی جوان ئاخنراوە:

خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی هەر ئەژنۆکەمە بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم

« لە شەنگەبێری»دا ئەنجامی شێعرەکەی ئەمەیە:

زۆری نەماوە بێتە بەر، نەمامی هەوڵ و خەباتم لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم هەڵدەگرمەوە تۆ هەر بێری بە، من هەر شوان، فریشتەی تاسە و ئاواتم


هێندێ شێعری هێمن گەیشتۆتە پلەی هەرە بەرزی ئەدەبی کوردییەوە کە یەکێک لەوانە «کاروانی خەبات»ە. بڕوانە چۆن باسی شەهید بوونی ڕووناکبیرێکی خەباتکەر دەکا: هەر چوار تەنشتی گیرابوو لە سەنگەرێکدا بە تەنێ ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو هەتا مردن چەک دانەنێ رووناکبیرێکی تا ئەمڕۆ دەچوو بەرەو ئاسۆگی ڕوون ئێستا هیوای بە بووڵێڵە بوو بۆ لە گەمارۆ دەرباز بوون

بە ڕاستی ئەوەی هێمن لە سەر گۆران دەیڵێ لە سەر خۆشی ڕاستە: تاکی لە جوانی پەرەستیدا کەمە و وشە لە دەستیدا وەک مێوە، دڵتەڕە و خۆش خەیاڵە و ناسک بینە، بە هونەرە و شارەزا و وشە ڕەنگینە. 

هیوام ئەوەیە هێمن لە ساڵانی درێژ لە ناو گەلی کورددا، لە ڕیزی خەباتکەرانی ڕێگای ئازادی گەلی کورددا، تێکۆشانی خۆی لە پێناوی ڕزگاری گەلەکەمان،‌ لە پێناوی پێش خستنی زمان و ئەدەبی کوردی، هەر درێژە پێ بدا. دڵنیام کە لە دواڕۆژدا هێمن زۆر جار پەری شێعر دێنێتە ژوانی خۆی و دیوانێکی ترمان پێشکەش دەکا کە شێعری کوردی جوانی تێدا بێ:

شێعرێک وەک خوناوەی باران شێعرێک وەک سرتەی دڵداران شێعرێک وەکوو دەریای بێ بن گەرمتر لە باوەشی ژن شێعرێک سروودی شادی بێ شێعرێک دەنگی ئازادی بێ


بە هیوای ئەو ڕۆژە دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو

ژیانی سیاسی[دەستکاری]


ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمانە کە لە کۆمەڵەی ژ-کاف و کۆماری کوردستاندا وەکوو پێشمەرگەیەک خزمەتی بە نەتەوەکەی دەکرد و لە نێو تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە کە ھەر یەکەی ناوی نھێنیان ھەبوو، بە ھێمن ناسرا و ھەر وەکوو بۆخۆی دەڵێ:

شاعیری هیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی هەبووە کە ئەو ناوە دوورودرێژەی «سەید محەممەد ئەمینی شێخەلئیسلامی موکری» لە کۆڵ کردوومەتەوە.

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی ھەتاوی لە شاری مەھاباد کۆمەڵەی ژ-کاف بە دەستی ڕەحمانی زەبیحی وچەند کەسی دیکە دادەمەزرێ. ھێمن دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و شەو ورۆژ لە بیری ئەوە‌دا دەبێ کە چی بۆ ئەو کۆمەڵەیە بکا کە کاری ڕزگاری کوردستانە، ھێمن لەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی ھەتاوی کە لە سەر بناغەی ژ-کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتی قازی محەممەد دادەمەزرێ، ھێمن بۆ یەکەم جار لە مزگەوتی سووری مەھاباد لە بەرامبەر خەڵک‌دا شێعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە سکرتێری ھەیئەت رەئیسەی میللی دێموکڕات و دوایە لە کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزبدا دەست بەکار دەکا. لەو کۆمارەدا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاری کردووە، لە گۆڤارەکانی ئەودەمی حیزب وەک کوردستان، ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شێعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە. لە کۆماری مەھاباددا پێشەوا شانازی پێوە کردووە و رایگەیاندووە کە شێعرەکانی پڕ مانان ودەبێ تەواوی ئەندامانی حیزب لە بەری بکەن و بیکەنە پڕۆگڕامی تێکۆشینی خۆیان.

ھێمن ھەر لە پلەی یەکەمی تێکۆشانیدا وەک شاعیرێکی نەتەویی و کۆمەڵایەتی بیر و باوەڕی خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو، چونکە شیعرەکانی لە راستەقینەدا ببوونە ئاوێنەی دڵی کۆمەڵانی گەل و دەربڕی بیر و ئاواتیان. ھێمن ھەر لە رۆژی یەکەمی تێکۆشانی ھونەری خۆیەوە بۆ خاوێن کردنەوە و پەرە پێدانی زمانی زگماکی قۆلی ‌ھە‌ڵماڵی. شیعرەکانی بە زمانێکی ساکار دەھۆنییەوە و بەزمانی گەل دەدوا، جا بەو بۆنەوە پێشەوا پێی سپاردبوو، کە بۆ گەلێک وشەی فارسی و عەرەبی کە لە ڕێڕەوی خەباتی سیاسیدا بە کار دەھێندرێن، وشەی کوردی پەتی بدۆزنەوە و بەکاری بێنن، ھێمن بە سەرۆکی کۆمیسیۆنێک کە بۆ ئەو کارە دیاری کرابوو، دانرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بە داخێکی زۆر گرانەوە کۆمار دەڕووخێ و ھێمن دەڵێ:

ئەو رووداوە دڵتەزێنە و ئەو کارەساتە جەرگ بڕە ھەموو کوردێکی بە شەڕەفی خەمناک و تازیەبار کرد.


ساڵی‌ ١٣٢٥ی کۆچی ھەتاوی دایکی پێ لە کەوشان دەکا و پێی دەڵێ: دەبێ ژن بێنی، بەڵام ھێمن نایەوێ ژن بێنێ؛ بەھەر جۆرێک بێ، دایکی، ھێمن رازی دەکا و داوای برازایەکی خۆی بۆ دەکا و ھێمن قەتی نەدیوە، بەم جۆرە لە٢٥ی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووکی بۆ دادەبەزێنن و ھەژار لە زەماوەندەکەیدا ھەڵدەپەڕێ و بەرھەمی ئەم ژن ھێنانەش کوڕێک بە ناوی سەلاح دەبێ. ساڵی ١٣٢٧ی کۆچی ھەتاوی وشکە ساڵی پێش دێ و ئەویش وەک خەڵکی دیکە دەکەوێتە چەرمەسەری و ناڕەحەتییەوە و گرانییەکی بە تەو‌ژم ئێران دادەگرێ، زۆر کەس لە برسان دەمرن و خەڵک لەو ساڵەدا کوللێرەی جۆ و ھەرزن دەخۆن.

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی کۆچی ھەتاوی کۆبوونەوەیەک لە مەیدانی شاری مەھاباد پێک دی وھێمن شێعری دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغدا نیوەی رێت بێ دەخوێنێتەوە. لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە ھێمن بە تەواوی قاچاغ دەبێ و ماوەیەکی زۆر بە کێوانەوە دەبێ و ساڵی ١٣٤٤ی کۆچی ھەتاوی باوکی دەمرێ و ھێمن دەڵێ:

دەردی باب مردن، دەردێکی زۆر گرانە و پیاو لە ھەر تەمەنێکدا بابی بمرێ، ھەست بە ھەتیوی دەکا.

دوو ساڵ دوای باوکی، دایکیشی دەمرێ و ئەم رووداوانە بە تەواوی پیری دەکا.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران[دەستکاری]

بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی ١٣٦٤ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێ:‌ ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا.

سەرای هێمن[دەستکاری]

سەرای هێمن (ماڵی مامۆستا هێمن)، وێنەگر: کاروان دوورئەندیش

ماڵی مامۆستا هێمن کراوەته بنکەی پاراستنی ئاسەواری ناودارانی فەرهەنگ و هونەری شاری مەهاباد.

له شاری مەهاباد کەم نین ئەو بلیمەتانەی که له بواره جۆراوجۆرەکانی زانستی، فەرهەنگی و هونەری دا، بوون به چرایەکی پڕشنگدار و ڕێگای خزمەت به گەلیان ڕووناک کردووەتەوه. جێگای خۆی بوو له شوێنێکی تایبەت و شیاودا ئاسەوار و کەل و پەلی بەجێ ماوی ئەو مەزنانه کۆ بکرێنەوه و ئەویندارانی ئەوان بیانبینن و سوکنایی یان بێتێ و بەرەی داهاتوو بیانناسن، قەدریان بزانن، دەرسیان لێوەرگرن و ڕێیان کوێر نەکەنەوه. جا چ جێیەک پیرۆزتر و بەنرخ تر له ماڵی مام هێمن بۆ ئەو کاره؟

پەیکەرەی مامۆستا هێمن له سەرای هێمن[دەستکاری]

پەیکەرەی مامۆستا هێمن له سەرای هێمن، وێنەگەر: کاروان دوورئەندیش

پەیکەرەی مامۆستا هێمن کاری هونەرمەندی ناسراوی پەیکەرسازی کورد، مامۆستا هادی زیائەددینی له ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ له سەرای هێمن پەردەی لادرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

دیوانی ھێمن بە ناوی ناڵەی جودایی (١٩٧٩).

ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

  1. دیوانی هێمن
  2. بارگەی یاران
  3. تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
  4. پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
  5. توحفەی موزەففەرییە(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
  6. شازادە و گەدا .
  7. قەڵای دمدم .
  8. ھەواری خاڵی .
  9. چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
  10. ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
  11. ناڵەی جودایی ، شیعر ١٩٧٩
  12. پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن ، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

نمونەی هۆنراوەی نەتەوەیی[دەستکاری]

کوردم ئەمن
گەرچی توشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسن و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر هەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن

کۆچی دوایی[دەستکاری]

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی هێمن
  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی
  • تاریخ مەهاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رهرو مهاباد ١٣٧٣
  • گۆڤاری مەهاباد، ژمارەی ١٥٠ ساڵی سێزده ١٣٩٢، لاپەڕەی ٦ و ٧