ناری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناری
لەدایکبوون١٨٧٤ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
مەریوان لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
مەرگ١٩٤٤ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە (بە تەمەنی ٧٠ )
بێلوو لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
پیشەشاعیر لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە

مەلا کاکە حەمەی بێلوو کوڕی مەلا ئەحمەد ناسراو بە ناری (١٨٧٤-١٩٤٤) شاعرێکی کورد خەڵکی ناوچەی مەریوان بووە. ھۆنراوەکانی نالی و مەحوی کارییان تێکردووە و وشەی «ناری»ی کردووە بە نازناوی ھۆنراوەی خۆی. ناری یەکێکە لە شاعیرەکانی ڕێبازی کلاسیزمی کوردی و پەیڕەوانی تەریقەتی قادری. زۆربەی ژیانی لە دێی بێلوو مەلا بووە، بۆیە بە مەلا کاکە حەمەی بێلووش بەناوبانگە.

ژیان[دەستکاری]

ناوی کاکە حەمەیە و کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەربدولڕەحمانە. لە ساڵی ١٨٧٤ دا لە گوندی کیکن لە ناوچەی مەریواندا ھاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، قورئان و پەڕتووکە وردەڵەکانی تەواوکردووە، ئینجا بەفەقێتی بەدوای خوێندن لە مەریوان، سنە، پێنجوێن، سلێمانی، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، ھەولێر و ڕەواندز گەڕاوە. لە ڕەواندز لای مامۆستا ئەسعەدە فەندی خەیلانی ئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی ١٨٧٩ وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کیکن. پاشان بە داوای حسێن بەگ مالکی بێلوو چووە گوندی بێلووی نزیک بە مەریوان و بە دەرس وتنەوەوە خەریک بوە تا ساڵی ١٩٤٤ کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە بێلوو بەخاک سپێردراوە.

ناری لە ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەوەدا کە ھۆنراوەی ئایینی و غەرامیی ھەیە، گەلێک ھۆنراوەی نیشتمانیشی ھەیە. لە دۆستانی بە ناوبانگی ناری دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر تاھیر بەگی جاف و شێخ مەحموودی حەفید کە گەلێک ھۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.

ڕوخساری ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

  • کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارھێناوە.
  • یەکێتی قافیەی پاراستووە.
  • وشەی عەرەبی و فارسی لە ھۆنراوەکانیدا دیارە.
  • گرنگی بەوشەکاری و ڕازاندنەوە داوە، لە وشە دەربڕین و بەھرەی وشە ئاراییدا شارەزایییەکی بەتوانا بووە.
  • ئارەزووی لە جیناس لە شێعردایە. بۆ نموونە ئەم شێعرە:
بە شمشێری مەلالەت بوو، کەوا جەرگی مەلا لەت بووبەڵێ مەشھووری ئافاقە مەلا نیوەی مەلالەت بوو
بە پیکی خەم لەسەر سنگی کەلالەت، گەوھەری قەلبیوەھا لێدا زەمانە، دەستی بشکێ وەک کەلا لەت بوو

ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەم مەبەست و بابەتانە بەئاشکرا لە ھۆنراوەکانیدا دەدرەوشێتەوە:

  • دڵداریی و خۆشەویستیی
  • ستایشی ئایینی
  • نیشتمانپەروەریی و نەتەوایەتی

نموونەی شیعرێکی دڵداری لای ناری:

چاوەکەم من بۆیە دایم کارو پیشەم زارییەحاکمی چاوت لەگەڵ من مایلی غەدارییە
شۆڕش و ناڵینی کەس بێ وەجھو بێ عیللەت نییەئاھی من فەریادی بولبول ئیشی بێ غەم خوارییە
من ھەر ئەو ڕۆژە دەسم شۆری لەڕۆحی خۆم کەدیمحەزرەتی خوون خواری ئەبرۆت مەشرەبی خوونخوارییە
گەر دەپرسی بۆچی بێ نەشئەو مەلوول و عاجزیروومەتی زەردم عەزیزم شاھیدی بێ بارییە
کەم بە خەندە بێ بەلامۆ حەیفە تەعنەم لێ دەدەیلێم گەڕێ توبێ و خودا ئەم جارە دەردم کارییە
دڵ لەشامی پەرچەمی ڕووتا بەدایم بێ خەوەچونکە کێشکچی لەشەودا عادەتی بێدارییە
حیکمەتی پڕ مەسئەلەی کوڵمت بۆ کێ حەل دەبێ؟ھەر سەحیفە سەد ئیشارەو ڕەمزی تێدا جارییە
خاڵی ڕوخسارت ھیدایەت بەخشە، شەرحی زوڵفەکەتقازی ئاسا حاشییەی ئەگریجەگەکانت لارییە
رووت وەکوو ئاتەش موژەت وەک شیشە ئەبرۆت قیمەکێشمیڕوەحەت زولف و کەبابت جەرگی پارەی نارییە

نموونەی شێعری ئایینی ناری:

سووڕەتی یاسین کە وەسفی حەزرەتی لەولا ئەکائەھلی دڵ مایل بە جیلوەی سووڕەتی تاھا ئەکا
خاکی بەردەرگاھی قەسری، گەر بە سەردا کا گەداھەر نەفەس نەفرەت لە تاجی قەیسەر و دارا ئەکا
ئاسمان وەک مشتەری، ھەردەم بە میزانی وەفاکەسبی ھەر شامێ بە یادی دەوڵەتی ئەسرا ئەکا
گەر تەسەوور کا مەسیحی تەختی عەرشی ئەعزەمیتا ئەبەد تەرکی بەیانی ڕەفعەتی عیسا ئەکا
نووری عیشقی تۆ لەسەر تووری دڵی مووسا مەگەردای لەسەر سینەی بە شەوقی دڵ یەدی بەیزا ئەکا
بۆ خەلیلان گەر نەسیمی گوڵشەنی لووتفت ببێناری نەمردوودی بە سەحنەی جەننەتولمەئوا ئەکا
تاقی کیسرا بۆ بە بەرقی نووری حوسنی شەق نەبێ!سەیلی حوکمی ناری فارس زایل و ڕیسوا ئەکا
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم! لە ئادەم تا بە تۆئەنبیا یەکییەک بەیانی حەزرەتی والا ئەکا

[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • سەججادی، عەلائەددین، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارف، بەغدا، ١٩٥١.
  • ناری، مەلا کاکە حەمە، دیوانی ناری، کۆکردنەوە و پێشەکیی کاکەی فەلاح.
  • سدیق بۆرەکەیی-سەفی زداە، مێژووی وێژەی کوردی، دەزگای ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٨.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]