زەبیحی (باباسمایلی بەرزنجی)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شێخ باباسمایلی بەرزنجی ناسراو بە زەبیحی (لەدایکبووی ١٨٨١–مردووی ١٩٤١) شاعیرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی موکریان بوو.

ژیان[دەستکاری]

شێخ باباسمایلی بەرزەنجی ناسراو بە (زەبیحی)، کوڕی شێخ ئەحمەد، کوڕی شێخ سمایلی جاشێران بەناوبانگ بە شێخ سمایلی کڵاوقووچ، کوڕی شێخ محەمەدی ئۆتەمیش، کوڕی شێخ بابای لەگز، ساڵی ١٨٨١ لە گوندی غەوسابادیی مەھاباد لە دایک بووە. شێخ ئەحمەدی باوکی زەبیحی برای شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی (١٨٥٩–١٩١٥) یە، شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی بە ھۆی فتوای دژ بە تورکانی عوسمانی، بە فەرمانی بابی عالی و بە دەستی ئەفسەری سوپای عوسمانی (عومەر ناجی بەگ) لە زستانی ساڵی ١٩١٥ لە گوندی کەرێزەی گڵی لە دار درا. زەبیحی خاوەنی دوو کوڕ و شەش کچ بوو، لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی شەست ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە لە گوندی جاشێرانی نزیک شنۆ نێژراوە.

ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

زەبیحی شاعیرێکی بە توانا بووە و بە ھەردوو زمانی کوردی و زمانی فارسی شیعری بەرزی لەدوا بەجێماوە کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە. شیعرەکانی زەبیحی بە ھۆی پەیوەندی بنەماڵەیی بە تەریقەتەوە و پلەی شێخایەتی لە کوردستاندا، باری ئایینیان ھەیە و دەکەونە خانەی غەزەلەکانی بەرزی عیرفانی. ئەوەی تا ئێستا لە شیعرەکانی زەبیحی بەدەست کەوتبێ ھەر ئەوانەن کە لە تەکیە و خانەقاکاندا بە دەف لەلایەن دەنگخۆشانەوە گوتراون و بەھۆی وەرگرتنەوە لە زمانی ئەم و ئەو زۆر و کەم ھەڵەیان تێکەوتووە. دەستنووسێکی دیوانی زبیحی تا ئێستا بەدی نەھاتووە.

نموونەیەک لە ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

ڕووی تۆ خورشیدە قوربان، یا نە ماھی ئەنوەرەعاشقی بێچارە بۆ وەسڵی تۆ ھەر سەوداسەرە
چاو لە ڕێگای دیتنی باڵای وەکو شمشادی تۆمگەر دەبینم قامەتت بۆ من ھەمیشە مەحشەرە
لەشکری زوڵفت بۆ قەتڵم ھەمیشە حازرەوەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتەرە
ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا ھەناری گوڵ بەدەمدانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەک کەوسەرە
پێم دەڵێن مەستە (زەبیحی) سەرخۆشە، نابێ خومارچۆن نەنۆشم جامی مەی؟ خۆی ساقی و ھەم دڵبەرە

سەرچاوەکان[دەستکاری]

زەبیحی شاعیری نەناسراوی موکریان، نووسینی (عەبدوڵڵا سەمەدی)، گۆڤاری مەھاباد، ساڵی دەیەم، ژمارە ١١٩، ساڵی ٢٠١١ی زایینی ١٣٨٩ی ھەتاوی.