مەلای جزیری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلای جزیری
مەرقەدی مەلای جزیری
ناوی خۆماڵیشێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەد
لەدایکبوون١٥٧٠
جزیرەی بۆتان
مردن١٦٤٠
جزیرەی بۆتان
نازناومەلای جزیری
پیشەشاعیر، نووسەر
زمانکوردی، فارسی، عەرەبی و تورکی
نەتەوەکورد
سەردەمسەدەی ١٦ و ١٧
بواری کارکردنھۆنراوە
قوتابخانەی ئەدەبیکلاسیکی

شێخ ئەحمەدی جزیری ناسراو بە مەلای جزیری (لەدایکبووی ١٥٧٠ – مردووی ١٦٤٠) شاعیرێکی کلاسیکی کوردە کە بە دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کورمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەنرێت.[١] جزیری لە گرنگترین شاعیرانی کلاسیکی کوردە و لەگەڵ ئەحمەدی خانی، فەقێ تەیران، مەلای باتە بە گرنگترین شاعیرە کۆنەکانی کورمانجی دادەنرێن.[٢] ئەو دیوانە شیعرێکی بە شێوەزاری کورمانجی لێ بەجێ ماوە.

ژیان[دەستکاری]

ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەممەد جزیرییە. وشەی جزیری لە ناویدا ئاماژە بە جزیرەی بۆتان دەکات. ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتووەتە دنیاوە کە سەردەمی ئەمیر شەرەف خانی کوڕی میر ئەبدال بووە. لە تەمەنی (10)دە ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە و پاشان چووەتە لای زانا بەناوبانگەکانی جزیرە و فێری زانست بووە. بە فەقێیەتی ھەموو ناوچەکانی جزیرە و ھەکاری و ئامێدی و دیاربەکر و عەمادیە گەڕاوە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە، پاشان بووەتە مەلا و زۆربەی کاتی بۆ وانەوتنەوە تەرخان کردووە.

شێخ محەمەدی باوکی لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە و زۆر حەزی بە خوێندەواری کردووە. لە پەرتووکی مێژوی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا ھاتووە: مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جزیرەی ئیبن عمر لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی ھیجری لە دەوری عیمادەدین حاکمی موسڵدا ژیاوە.

مەلای جزیری سۆفی و لەسەر ڕێبازی نەقشبەندی بووە.[٣] وەک زانایانی سەردەمی خۆی دەربارەی لێکدانەوەی قورئان و فەلسەفە و ئەستێرەناسی و کیمیا و فیزیک و پزیشکی خوێندەواریی ھەبووە. ھەروەھا زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بەباشی زانیوە.

مەلای جزیری ساڵی ١٦٤٠ لە جزیرەی بۆتان کۆچی دوایی کردووە.

نازناوی شیعری[دەستکاری]

لەبەر ئەوەی لە شاری جەزیرەی بۆتان لەدایک بووە نازناوی جەزیریان خستووەتە پاڵی، بەڵام خۆی لە ھەڵبەستەکانیدا نازناوی مەلا و مەلێ بەکار دەھێنێت. لە بڕێک شوێندا نازناوی نیشان بووە. لە ھێندێک لە شیعرەکانیشیدا لە ئەحمەد، واتە ناوە ڕاستییەکەی خۆی، کەڵکی وەرگرتووە.[١]

ناوەرۆکی شیعر[دەستکاری]

زۆربەی زۆری شیعرەکانی ڕەوانن. دەربارەی دڵداری و تەسەوف و ڕاستی و خواپەرستی و ستایشی سروشتن. جگە لەمە مەلا وتووێژی شیعریی لەگەڵ میرعیمادەدینی جزیری و فەقێ تەیراندا ھەیە. مەلای جزیری خۆی بە شاعیری بۆتان و ھەموو کوردستان زانیوە[٤] و لە بەیتێکدا وتوویەتی:

گوڵێ باغێ ئیرەمێ بۆتانمشەبچراغێ شەبێ کوردستانم

دیوانی مەلای جزیری شیعرەکانی مەلای جزیری تێدایە کە بە زاراوەی کورمانجییە. ڕۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی مارتین ھارتمان (Martin Hartmann) لە ساڵی ١٩٠٤ دیوانەکەی مەلای جزیری لە بەرلین و ھەولێر و بەغدا و تاران و قامشلۆ چاپ کراون و خۆی پێشەکی بۆ نووسیوە و لە چاپەکەی قامیشلۆ دا دیوانەکەی بە زمانی عەرەبی لێکدراوەتەوە. ھەژار ئەم دیوانە شیعرەی بە سۆرانی شەرح کردوە.

قاڵب و وەزن[دەستکاری]

قاڵبی شیعرەکانی جزیری بە زۆری غەزەلن. ئەو ھەروەھا تەرجیعبەند و چوارینە و موەششەحی ئەندەلوسیشی ھەیە. کێشی شیعرەکانی بە زۆری عەرووزین.

مەبەستی شیعری[دەستکاری]

  • دڵداری و خۆشەویستی.
  • خواناسی و عیرفان.
  • وەسفکرنی کوردستان.
  • ستایشی میری بۆتان.
  • باسکردن لە ھێرشەکانی مەغۆل و تەتەر.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی دووەم، ھەولێر: ئاراس ٢٠٠٢.
  2. ^ "Iranica: Kurdish Written Literature".
  3. ^ "ماڵپەڕی خۆزگە: مەلای جزیری".
  4. ^ سەججادی، ع. مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، 1951.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]