مەلا کەریم فیدایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مامۆستا مەلا کەریم فیدایی
لەدایکبوون ١٩٢٨
سیسێر ، سەردەشت
مەرگ ١٩٩٣
کاوڵانی سەرێ ، مەهاباد
شوێنی دۆزینەوەی تەرم کاوڵانی سەرێ ، مەهاباد
پیشە شاعیر ، نووسەر
ئایین ئیسلام ، سوننە

مامۆستا مەلا کەریم فیدایی ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی(١٩٢٨)، لە ئاوایی "سیسێر"ی ناوچەی گەورکی سەردەشت، لە ماڵی خێزانێکی ساکاری وەرزێردا لە دایک بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە بنەماڵەیەکی هەژاردا لاوێکی وەرزێڕ بە ناوی "سمایل" و هاوسەری خۆشەویستی بە ناوی "ئامان"، دڵیان بە لەدایکبوونی کۆرپەیەک شاد و ماڵیان ئاوەدان بۆوە. ناویان نا "کەریم"، چونکە ئەو منداڵەیان بە بەخشش و دیارییەک دەزانی لە لایەن یەزدانەوە. سمایلی نەخوێندەوار بە ئاوات بوو کەریم-ی بچکۆلە، پێ‌هەڵگرێ و خوێندەوار بێ و بۆ ڕێگەی تاریکی ژینی پاشەڕۆژ چرای "زانست"ی بە دەستەوە بێ. کەریم لە تەمەنی حەوت ساڵی پێی نایە خوێندن؛ پێی نایە ڕێگایەک کە هەژدە ساڵ درێژەی هەبوو. لە ماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا، بە دابی فەقێیەتی لە کوردستاندا، زۆری ئەم دێ و ئەو دێ کرد. زۆر ماندوو بوو. برسێتی و هەژاری و کوێرەوەرییەکی زۆری چێشت. تاکوو لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی (١٩٥٣) لە خزمەت "مەلا ئەحمەدی حەیدەری" لە ئاوایی "نەمەشیربانە دەرسەکانی ئەو سەردەمی بە دوایی گەیاند و ئیجازەی وەرگرت. پێنج ساڵ لە گوندی "نستان" دانیشت و خەریکی دەرس گوتنەوە بوو. ساڵی ١٣٣٧/١٩٥٨ هاتە کاوڵانی سەرێ، ئاوایی‌یەکی خنجیلە و ئارامی قەدپاڵی کێو. ئیتر نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی ئەم شوێنەی بەجێ‌نەهێشت. سی‌وچوار ساڵ لەوێ دانیشت و لە هەموو غەم و شادییەکی خەڵکدا هاوبەش بوو.

ئەو، ئێش و ئازاری گەلەکەی هەست ‌پێ‌کردبوو و بڕیاری دابوو ژینی خۆی تەرخان بکا بۆ سووک کردنی ئەو ئازارانە. دەستی دایە قەڵەم و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، یانی ئەو دەمەی کە مێرمنداڵێک پتر نەبوو، بەو زمانەی کە دایکی لە پەنا بێشکەکەی لای‌لایەی بۆ کردبوو، دەستی کرد بە هۆندنەوەی بەرمووری شێعر، و لەو بڕیارەی پاشگەز نەبۆوە، هیچ، بەڵکوو زیندان و ئەشکەنجەشی بۆ کێشا. ئاکامی ئەو هەوڵە پیرۆزەی بووبە هەزاران دێڕ شێعر، بە ناوی "دەسدێن".

دەسدێن دیوانی شێعری کوردییە و قسەی دڵی شاعیرە. غەزەلەکانی ئەو دیوانە حەکایەت لە هەستێکی خاوێن و ڕوون دەکەن و بەرهەمی ڕۆژەکانی تەمەنی هەستیارێکە، کە گا لە شاگەشکەی خۆشیدا بووە و گا ڕوندکی حەسرەت و دووری لە سەر ڕوومەت. گا لە بۆنەیەک دواوە و گا بە جوانی و ڕازاوەیی سروشتی زێدەکەی هەڵداوە:

ئەی عاشقی زەمزەمەی فیدایی شەیدایی هەوایی ئاشنایی
پەروانەیی مەنزڵی ئەدیبان ئەی هەمدەمی ئاشنا و غەریبان
تێفکرە ئەتۆ لە شێعرەکانم هەڵبگرە زوبەرجەدی گرانم
هەر دانەیێ گەر لەوانە باشە بۆ ئێوە بزانە، خۆ بە لاشە
هۆنراوەیی من لە چەندە جۆرە تێکەڵ بووە، لێکدراوە، زۆرە
هەر جۆرەیێ لەو بە جۆرە ڕەنگێ هەر بەستەیێ دەنگ ئەدا بە دەنگێ
نووسیمەوە وا لە ڕوویی پەرتووک ڕازایەوە دەفتەرم وەکوو بووک
تۆ دەس‌بەرە شێعر و دەفتەری من بەو مەرجە بە با نەدەی سەری من
هەر جۆرە کە بتهەوێ وەدەس دێ پەنجەت لە پرێسکەکانە دەدرێ
چون هێندە پرێسکە گشتەکەی پێن پەرتووکەکە نێو نرا بە “دەسدێن“

پاشان بیری ئەم شاسوارە، بۆی دەرکەوت کە بەشێکی زۆری زمان و مێژوو و نەریت و هونەری کوردی، لە یەغدانێکی نەتەوایەتیدا پارێزراوە بە ناوی بەیت. ئەو یەغدانە ئەگەر زوو ئاوڕی وەسەر نەدرێت و نووکی خامەی لێ‌ وەکار نەخرێ، مەترسیی لەناوچوونی نزیکە. چونکە بەیتەکان تەنیا ئەدەبێکی زارەکین و سینگاوسینگ دەپارێزرێن و بە مردنی هەر بەیت‌بێژێک، بەشێک لە وێژە و زمان و دیرۆکی کوردیش دەمرێ و لەناو دەچێ. ئەو، نیشانەی پێکابوو، و ڕێگای گرینگترین خزمەتی دۆزیبۆوە. هەر ئەو نیشانەی کە سێسەد ساڵ بەر لەویش، "ئەحمەدی خانی" پێکابووی. وەک چۆن خانی دەستی دابووە لووتکە و مەم و زینی هەڵبژاردبوو، خانیی سەردەمی ئێمەش هەر لە لووتکەوە دەستی پێکرد، و شاکاری ئەدەبی زارەکی، واتە: "لاس‌وخەزاڵ"ی هەڵبژارد.

ئەو، هیچکات بێ‌ بوار لە ئاوی نەدەدا. ئەمجارەش بە پشوویەکی درێژ و لە سەرەخۆ، دە ساڵ لە سەر ئەو بەیتەی کۆڵییەوە. لە زاری ئەم و ئەوی بیست، دیسانیش بە شوێن بەیت‌بێژێکی شارەزاتر و باشتردا دەگەڕا. تا دوایین جار، دوایین گرێ‌کوێرەکانی ئەم کارەی بە دەستی سەربازێکی ونی پارێزەری زمانی کوردی بە ناوی "وسێن کەنیلە" کردەوە و دوایی بە لێکۆڵینەوەکەی هێنا. ئەمجار پرێسکەی دەساڵەی گەڕان و سەفەرەکەی لە بەردەم خۆی هەڵڕشت و بە هونەری شێعر، دەستی کرد بە هۆندنەوەی و لە ماوەی شەش مانگدا کارەکەی بە ئەنجام گەیاند و لە ٤٧٠٠ دێڕە شێعردا هۆندییەوە.

ئەو، بە داڕشتنەوەی سەر لەنوێی ئەم بەیتە بە شێعر، ئەم چیرۆکەی ژیاندەوە و لاس‌وخەزاڵی لە گۆڕ هەستاندەوە. مەلاکەریمی فیدایی چونکە خاوەنی ئامانج بوو، لە کارەکانیدا ڕێگەی بەرەو ئامانجەکەی دەبڕی. لەم کتێبەشیدا لە هەر کوێ بۆی لوابێ، زۆر وەستایانە، بەیناوبەین خۆ دەدزێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ئامانجەکەی و بە زاری قارەمانی داستانەکەیەوە دەدوێ:

یاڕەب بە بزەی چرایی ئیمان بۆ خاتری مستەفا و قورئان
هەوەڵ لە خەتایی من ببوورە تۆ مەمکە لە بەخششت بە دوورە
دووهەم بکە ڕوحمێ تۆ بە کوردان ڕزگار کە ئەو گەلەی لە دەردان
بۆ کورد کە چیایی ژینە هەوراز ڕێگابڕی کێوی بەرزە بێ‌واز
تۆ ئەو گەلە لەو کەلەی وەسەرخە ڕۆژی لە کەلی هومێد دەرخە
با ئەو بە ملی کەچ و چرووکی ئەو ژینە نەباتە سەر بە سووکی
چون کوردە فیدایی، گەر نەما، مرد حەشری بکە ئەی خودا دەگەڵ کورد…
قەومێ نەتەوەی کە بێ‌سەوادە دەسوێتەوە هەر وەکوو لبادە
لە ژیانی بە دوورە، بەشخوراوە لێدان بە قامەتی بڕاوە
زیندانە مەکان و مەنزڵی ئەو دەسبەندە هەڵاڵە و گوڵی ئەو
قەومێ کە نەزان بن، دیارن بێ‌وازن و مل‌کەچ و هەژارن
قەومێ کە بە عیلم ئاشنا بوون بێ‌بەش لە دنە و فریوی جادوون
ئەوهەی کە مەزەی عیلم دەکا نۆش مافی گەلەکەی دەکا فەرامۆش؟…
چی‌کردووە ئەی فەلەک گەلی کورد جەرگی بە چەقۆیی غەم دەکەی ورد
گەنجێ کە لەبۆ گەلی لەبارە زیندانییە، یا درا لە دارە

مەلا کەریم بەر لەوە، سێ‌هەزار دێڕ شێعری کوردی، لە مەترسیی ناحەزانی زمانەکەیدا لەناو چووبوو. بەڵام ئەمجار نەیدەویست ئەم کۆرپە نازدارەشی بە مەراقی ئەوانی پێشوو بچێ. ئەوە بوو کەوتە ئەندێشەی پاراستنی. بە زەینیداهات کە بەرگی کەسکی بۆ بدروێ و بیخاتە سەر ڕفحەی دیواری قیبلەی ژوورەکەی. تاکوو هەر ناکوردێک کە بە شوێن دۆزینەوەی نووسراوەیەکی کوردیدا، دەستی کردە پشکنین و هەڵڕشتنی کەلوپەلی ماڵەکان، وابزانێ کە لە سەر ڕفحەی دیواری قیبلەی ماڵی مەلایەکی ئاوەدانیدا، تەنیا قورئان لە بەرگی کەسک وەردەپێچرێ، و نەوێرێ بێ‌حورمەتیی پێبکا.

کە لە غەمی ئەو کارە گرینگە ڕەخسا، دانیشت و ئاوڕێکی وەسەر ژیانی خۆی داوە. دیتی کە لەو ماوه کورتەدا، زۆر کارەساتی چاو پێکەوتووە و شاهیدی ڕووداوی سەیر بووە. بەو بڕوایە کە ئەم کارەسات و ڕووداوانە لە دواڕۆژدا، هەرکام لاپەڕەیەکی مێژووی نەتەوەکەی پێک‌دێنن، پێیاندا هاتەوە و بە وردی لە هەزار دێڕدا، لە دوو توێی دەفتەرێکا، بە ناوی: "مێژووی ژیان"، بە شێعر تۆماری کردن و ئەویشی خستە ناو بەرگی سەوزەوە.

گەورەپیاوان لە خۆ نادوێن. ئەویندارن و لە هەموو شتێکدا تارمایی یار دەبینن. مەلاکەریمیش بە بیانووی مێژووی ژیانی خۆی، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ناوچەی سەردەمی خۆی تۆمار دەکا، کە ئەویش کەلێنێک لە مێژووی وڵاتەکەی پڕدەکاتەوە:

شەوێکی عاجز و پەرت و وەڕەز بووم وەکوو بولبوول گرفتاری قەفەز بووم
کوتوپڕ یاری شیرینم وەدەرکەوت لە تاوانی گڕم گرت هەر وەکوو نەوت
شەوێکە هەر وەکوو زولفت درێژە سیاڕەنگ و پەرێشان و بە گێژە
نەزیلەی خۆم و مێژوویی ژیانم ئەمن دەیڵێم ئەوەی ئەوڕۆ بزانم
لە کاتی خۆشی‌ و ڕۆژی ڕەش و تاڵ لە منداڵی هەتا زیاتر لە چل ساڵ
بە کورتی من دەکەم باسێ لە ژینم لە دەرد و ماتەم و عیشق و ئەوینم
لە سەر ئەو عەرزەدا من بۆیە شادم هەموو کوردن بەر و پشت و نەژادم
شوکر بۆ ئەو کەسەی ئەمنی دروست‌کرد بە ئەولاد و نەوەی هۆزی گەلی کورد
بە کوردانم دەنازم من هەتا هەم وەفادارم بە ئەو هۆزەی هەموو دەم…

ئەو، لە سەردەمێکدا کە ژینی گەلەکەی بە شەوێکی تاریک و دوور و درێژ دەزانێ، پەردەی ناهومێدی دەدڕێ و هەرچی بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە جێی دێنێ. لە هەزار دێڕە شێعردا ژیانی خۆی دەکاتە هەوێنی چەند وردە باسێکی مێژوویی و تەنانەت جوغڕافیایی وڵاتەکەی:

کەسێ بشتە "هەواری سێوەسوورە" هەتا دەمرێ لە دەرد و غەم بە دوورە
لە "بەردی کوڕ" ئەگەر ئازا نەبێ کوڕ دەترسێ، ڕوحی ئەو دەڕوا کتوپڕ
لە کوێستانێ کەسێ گەر بێ بەرەو دێ زەمینی ئاویی و دێمی وەبەر دێ
لە "کوتوران" و "پساوک" تا "بناوان" کلە، گەر تۆ دەکەی تۆزی لە چاوان
لە "قۆلی" تا بە "شیوی شەولەبانی" هەموو وەرزانی باشە دەغڵ و دانی
کە "جمگێ" یا زەمینی "پیرەفاتێ" بکێڵی تۆ، خودا گەنمت دەداتێ…
بەرابەر دێ دەبینی تۆ قەڵاتێ مەگەر پەڕکوور شاباڵی بگاتێ
دەنا کێوێکە سەرقووچ و حەسارە ئەوێستا بەرد و دیواری دیارە
بەرابەر ئەو قەڵاتەی، سێ تەرازوو دروستی کردووە مەردێ بە بازوو
وەهای داناوە ئەو ئەستێرەناسە کە لەودا سەد نەسیری تووسە کاسە
کە بازی خۆرە تێپەڕ بوو لەسەر وان دوایی دێ لە کوردستانە زستان
کە ڕۆژ دەرچوو لە نێو هەرسێ، بەهارە زەمانی عەیش و مێرگ و مێرغوزارە…

ئەو خولیای وشەی کوردی بوو، و بە ڕێز و حورمەتێکی تایبەت لە زمانەکەی خۆی دەڕوانی. هەروەها لە چوارچێوەی کاروباری ئایینی و ئەرکی دینیدا، مەلایەکی پسپۆڕ و خواناسێکی ڕووناکبیر و لێزان بوو. زۆر کەس پێشنیاری نووسینی کتێبێکی شەرعی یا تەفسیر یا بابەتێکی ئایینی‌یان لێدەکرد، بەڵام لە کاتێکدا باوەڕی و ئەوینێکی پتەوی بەم ڕێبازە هەبوو، زۆر وردبین و وشیارانە دەیگوت: ئێمە تا ئێستا بە زمانەکەمانەوە ماوین. وشەی کوردی پێویستی بە خزمەت و بە دەورداهاتن هەیە. لە هەموو بابەتێکی شەرعی و ئایینیدا کتێب و نووسراوی پێویست هەن، ئێمە دەبێ هونەر، داب‌ونەریت، ئەدەب، مێژوو و کەلەپووری نەتەوەکەمان بپارێزین و لە بیرمان نەچێ زمانەکەمان لە ئاویلکەدایە.

تەنانەت ساڵێک بەر لە مردنی، کە بە شوێن کارێکی ئەدەبیی پێویستدا دەگەڕا و لە هەوڵی هەنگاوێکی تردا بوو، نووسەری ئەم وتارە "گلشن راز"ی شێخی شەبوستەری ناردە خزمەتی و قەویتی وەرگێڕانی لێکرد. ئەو گەورەیی خۆی نواند و ڕەعایەتی دڵ و داواکەی منی کرد، کتێبەکەی بەسەردا نەدامەوە. بەڵام دوای ماوەیەک تەنیا وەرگێڕانی کوردیی پێشەکیی کتێبەکەی بۆ ناردم و فەرمووی: ئەم کتێبە گەلێک جار چاپکراوە و نافەوتێ. ئێمە شتی لە فەوتان نزیکمان زۆرە.

بە نێوی ئەوهە فکری داوە بە گیان چرایی دڵ بە نووری ئەو درەخشان
بە لوتفی ئەو دوو عالەم بۆوە ڕەوشەن بە چاکەی خاکی ئادەم کردە گوڵشەن
لە یەک چاونانە سەر یەک، زاتی زانا بە کاف و نوونە دوو دنیایی دانا
هەزاران نەخشی لەو لەوحەی کە کێشا ڕەگەی جەرگی نەبوونی ڕادەکێشا
ئەلەو کاتەی دەبوو پەیدا دوو عالەم ڕوحی چوو بەر ئەلەو دەورانە ئادەم
لە ئادەم عەقڵ و زانین گەر دەبوو قوت بەوەی دەرکی دەکرد ئەسڵی هەموو شت
کە خۆی دیی هەر بە یەک مەردی دیاری کدی بیر ئەو لە خۆی و کاروباری
گوتی: من چم؟ هەوێنی من چ جۆرە؟ لە بۆ تاسی زەوی بۆ بوومە مۆرە؟
لە قەترەی‌ڕا دەچوو بۆ لایی دەریا گەڕاوە گەر لەوێ، ڕووی کردە دنیا
لە جوزئی بۆ تەڕەف کول گەر دەڕۆیی گەیشت ئەو پێی و مەس بوو هەر بە بۆیی
کە تاقی دیی لە نێو ئەعدادە جاری بە دنیایی دەبوو کەم ئیعتیباری
عەدەد کوللە ئەگەر بکرێ شومارە بە باشی واحید و تاقی دیارە…
دەگۆڕا باس چوون مەنزڵ بە مەنزڵ لە نێو زەینی خەڵکدا بووبە موشکڵ
ئەوەی گەر گێژە لەو مەعنا گرانە دەبێ فێری ببێ، نەگرێ بەهانە…

سەرەڕای ئەو ئەوینە پاکە سەبارەت بە زمانەکەی، بەڵام ئەویش وەک مەلاکەی هەورامانی گۆران، بازی ڕوحی چەش‌خواردووی شێعری شێوە زووی عەجەم و عەرەب بووە. سەرەتای دەرس خوێندنی بە کتێب و شێعرەکانی عەرەبی و فارسی دەست‌پێکردبوو. ناگەهان، سەنگتراش، گوڵستان، پەند نامەی عەتتار، تەسریف، عەوامیل، ئەنمووزەج، ئیزهار، جامی، سیوتی، … بازی ڕوحی ئەویان چەش‌خواردوو کردبوو. هەر بۆیە بەیناوبەین لە پاڵ شێعری کوردیدا دەستی بۆ شێعری فارسیش دەبرد، و بەرهەمی ئەو پڕیشکانە بووبە کلیات فارسی کە بۆ ئەوە دەبێ لە سەر خوانی ئەدەبی بەرینی فارسیدا دابنرێ و باسی لێوە بکرێ.

لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی (١٩٨٨)، یانی نزیکەی پێنج ساڵ بەر لە کۆچی‌دوایی، مەلاکەریم کە هەستی بە کزبوونی هێز و توانای لەشی کرد، و ڕشکەوپێشکەی چاوی، تارمایی مەرگیان لە نێو تەڵخیی تەم و مژەکانی خەستی کوێستان بەدی دەکرد، پەنای بردە بەر ئەزموونی ژیانی شەست ساڵەی خۆی. وەکوو ئارەش هەموو توانست و تاقەتی خۆی هێنایە کایەوە و پێی نایە چیمەنی هۆزانێ. لە داوێنی کێوی دمدم وەسەر کەوت و لە سەر بەردی شمشێرخان خۆی گرتەوە. لە وێرانەی قەڵای شێرەپیاوانی ڕوانی و دڵۆپێ فرمێسکی گەرمی تکاندە سەر خۆڵی پیرۆزی دمدم. بڕیاری دا و پەیمانی لەگەڵ ڕوحی شەهیدان بەست کە ئەوی لە نەغدینەی تەمەن پێی ماوە، لە پێناو زیندوو کردنەوەی حیماسەی سەراسەر شانازیی ئەوانی هەڵڕێژێ. لە سەر ئەو پەیمانە، ڕوح و هزر و بیری خۆی لەوێ جێهێشت و تەنیا گۆشت و پێست و ئێسقانی بۆ گرتنی قەڵەم، گەڕایەوە هۆدە بچووک و ساکارەکەی لە داوێنی کوێستانی کاوڵانی سەروو. و لە کاتێکا لە پێدەشتەکانی دمدم دادەگەڕا و بە ناوقەدی شاخەکانی کاوڵان هەڵدەگەڕا، لەبەر خۆوە لە ژێر لێو دەدوا، و ئەگەر لێی نزیک‌ بای، دەتبیست کە دەڵێ:

تکایە دەکەم من لە یەزدانی پاک خوداوەندی ئاو و خوداوەندی خاک
خوداوەندی شت زان و زانا بە ڕاز لە هەرچی کەس‌وکارە ئەو بێ‌نیاز
ئەلەو کاتە گەر پیر و گەردەن کەچم بەرەوپیل و پێشوازی مردن دەچم
ببەخشێ بە من هێزی شێعری جوان کە بەیتێکی دانێم ڕێک و ڕەوان
لە جەنگاوەریی کورد و سەرسەختییان لە کێشە و شەڕ و شووڕ و بەدبەختییان
چ بەیتێ؟ هەموو باسی ئازایەتی شەڕی شێرەمەردان و مەردایەتی
شەڕی خەڵکی کوردە و گیانبازییە کە مێژوویی ئەو پڕ لە شانازییە
شەڕی کاوەیی کوردی بێ‌ترس و لەرز ئەمیرخان، سەرکردەیی پایەبەرز
هەمووی دادەڕێژم لە یەک بەیت و باو بە یاقووت و پیرۆزە نێو پڕکراو
بڵیندی دەکەم من لە چەشنی قەڵا قەڵای شێعری نەخشاوی زێو و تەڵا
قەڵایێکی بێ‌لینگە و بێ‌نیشان نەڕووخێ بە سێڵاوی چەرخی زەمان…

بەڵێ، ئەو گەڕایەوە و هەرچەند خۆی لەم‌بارەیەدا سەرچاوەیەک بوو، بەڵام دیسان بەبێ‌بوار لە ئاوی نەدا. کەوتە پشکنینی مێژوو و لە هەر کتێب و کتێبچە و یادداشت و نامیلکەیەک، بەرکوتێکی پاشەکەوت کرد. عالەم‌ئارای عەباسی بە وردی خوێندەوە و بە تۆحفەی موزەففەرییەدا هاتەوە و گوێی بۆ گەلێک بەیت‌زان و بەیت‌بێژ ڕاگرت. ئەرخەیان و ئاگراوی لە بناغەوە قەڵای دمدمی داڕشتەوە. بەڵام ئەمجار تۆپی کەللە و تۆپی هەوشار و تۆپی نامەرد کاریان لێ‌نەدەکرد. تەنانەت نەیاندەتوانی دیواریشی بڕووشێنن.

مەلاکەریمی فیدایی بەر لە ڕۆیشتنی یەکجاری، ئەم دوایین ئەرکەشی بەجێ گەیاند. ئیدی خۆی لەوە ئەرخەیان بوو کە ئەوەی دەبوو کردبای، کردی. ئەو پاشی نووسینی دمدمنامە تەنیا ساڵێک بە سڵامەتی ڕایبوارد. ئەمجار وردە وردە نیشانەکانی نەخۆشی وەدەرکەوتن و پتر و پتر بوون. تاکوو بڕستیان لێ‌بڕی و لە پێیان خست. و بەم جۆرە، پتر لە ساڵێکیش لە سەر جێگا کەوت. لە ماوەی یەک ساڵ سڵامەتیی دوای نووسینی دمدمنامە، هەموو بیر و ئەندێشەی ببوە دەست‌پێکردن و بەجێ‌گەیاندنی کارێکی گرینگ. ئەو، لە شتێکی تریش دەگەڕا. هەرچەند زۆری حەول دا، بەڵام نەیتوانی لەو ماوە کورتەی بەر لە ڕۆیشتنی، ئەو هەنگاوەی کە خۆی مەبەستی بوو، هەڵێنێتەوە. تەنیا بەرهەمی ئەم یەک دوو ساڵە، چەند پارچە شێعر و وەرگێڕانی پێشەکییەکەی "گوڵشەنی ڕاز" بوو.

مەلاکەریم ئەرکی خۆی بەجێ‌گەیاند. بە تایبەت بە نووسینی دمدمنامە لە پتر لە حەوت‌هەزار دێڕە شێعردا، کە ئەویشی لە بەرگی کەسک وەرپێچا و لە پەنا لاس‌وخەزاڵو مێژووی ژیان و دیوانی شێعرەکانی دانا.


کۆچی دوایی[دەستکاری]

مەلا کەریم هونەرمەند (فیدایی)، ١١/٣٠ شەوی پێنج شەممه، پێنجی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، ڕێکەوتی ٢٥ی مارسی ١٩٩٣، لە کوێرە دێیەکی موکریان، بە ناوی "کاوڵانی سەرێ"، پیرەپیاوێکی شەست و چوار ساڵە دڵی لە کوتان کەوت و مرد. ئەو پیرەپیاوە کە پتر لە ساڵێک بوو لەگەڵ نەخۆشیی “شێرپەنجە” دەستەویەخە ببوو و پەلەقاژەی ڕاوەستان و مانەوەی دەکرد، مامۆستا مەلا کەریمی فیدایی بوو.

مەلا کەریم مرد؛ وەکوو هەزاران مرۆڤی تر. بەڵام ئەوەی پاشی مردن ناوی مەلاکەریمی زیندوو ڕاگرت و نەیهێشت لە بیر، نەک خەڵکی تەنیا گوندێک، بەڵکوو لەبیری گەلێک بچێتەوە، دڵسۆزی و خزمەتی ئەو بوو بە نەتەوەکەی.

ئێستا، کە بە سەر توولەڕێی پێچاوپێچی دۆڵەکاندا، بەرەو کاوڵانی سەرێ هەڵدەکشێی، بەر لەوەی بگەیە ئاوایی، حەسارێکی سەنگچن لە سەر دوندی گردێکی بەرز، سەرنجت بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بەرینایی ئەم گۆڕایی‌یە، کە نزیکەی بیست میتری چوارگۆشە دەبێ، کوچکەڕێژ کراوە و دەوراندەور بە گوڵووکی کوێستانی ڕازاوەتەوە و لەم ناوەدا گۆڕێکی جوان، بە دوو کێلی بڵندەوە خۆ دەنوێنێ. لە کێلی ژوور سەری، وێنەی پیاوێک هەڵکەندراوە کە بە درۆشم و چاوە کاریگەرەکانی‌ڕا، شێوەی پیاوێکی بە ورە و تەبع بڵیند و ئازا دێنێتە بەرچاو، کە لە ژێری نووسراوە: گڵکۆی مامۆستای پایەبەرزی ئەدەبی کوردی، مەلاکەریمی هونەرمەند، ناسراو بە فیدایی. (١٣٠٧–١٣٧٢)ی هەتاوی [١٩٢٨-١٩٩٣].

بەڵام ئەوە تەواو بوونی کاری مرۆڤێکی گەورە نییە. بەڵکوو دەست‌پێکردنێکە. داهاتوو مەلاکەریم باشتر دەناسێ و شوێنەوارەکانی دەخاتە تەرازووی هەڵسەنگاندن و نرخاندن و دەیاننێتە سەر پێڵووی مێژوو.

بەرهەمەکان[دەستکاری]


تەرجیعبەندی کوردی[دەستکاری]

مامۆستا مەلا کەریم ئەم تەرجیعبەندەی‌ لە ژێر کاریگەریی تەرجیعبەندە بەناوبانگەکەی سەعدی شیرازی هۆنیوەتەوە کە دەسپێکی ئەمەیە: ای سرو بلند قامت دوست / وە وە کە شمایلت چە نیکوست.

ئەی کیژی وەتەن ڕەفیق و یارم ئەی مەڵحەمی جەرگی زامدارم
بۆ من کە بە دەردی عیشقە مردم شینێ بکە عاشقی هەژارم
ئەوڕۆ کە بە دڵپڕی دەسووتێم سبحەینێ لە گۆڕدا دیارم
بیری منو با لە سەر دڵی بێ بۆ ئێوە پەشێو و لێو بەبارم
دڵ شیشە کەبابە وا دەبرژێ دووکەڵ ئەوە دێتە دەر لە زارم
ئەوڕۆکە لە بەر غەمی ئەوینت گریانە هەموو دەمانە کارم
ئەسرینی خوێنە من دەڕێژم پاییزی خەزەڵوەرە بەهارم
کیسێکە لە دەردە پڕ کراوە بڕوانە لە سینگی پڕ چغارم
مەجنوونی وڵاتی کوردم ئەی شۆخ بۆ کێو و چیای داغدارم
گیراوی کەمەندی زولفی خاوی کیژانی جوانی دێ و شارم
دڵ قومرییە وا لە ژووری سەروی باڵای کچانی غونچە زارم
من بولبولی خاکی نیشتمانم عاشق بە دەرە و کەژ و هەوارم
بەو ناڵە و شیوەن و بە گریان باوەڕ کە نەکەی بە حاڵی زارم
دەمبینێوە گەر دەڵێم لە حەشرا من کوردم و کوردی نێو نزارم
چون دەست بە پەرچەمانی ناگا وا چاکە کە بۆ غەم و پەژارم

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی [١][٢]
  1. ^ عەبدوڵڵا سەمەدی(کوردی).
  2. ^ عەبدوڵڵا سەمەدی(کوردی).
  • تاریخ مهاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رهرو مهاباد/١٣٧٣/لاپەڕەی ٣١٩ تا ٣٣٣