عەبدوڵڵا گۆران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گۆرانەوە ڕەوانە کراوە)
  ئەم وتارە سەبارەت بە عەبدوڵڵا گۆران نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە گۆران (ڕوونکردنەوە).
عەبدوڵڵا گۆران

لەدایکبوون١٩٠٤
مەرگ١٩٦٢
ھۆکاری مەرگشێرپەنجە
نیشتەجێیسلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەھوزانڤان
ئایینئیسلام
مناڵ(ەکان)شاھۆ گۆران


عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەست پێ دەکات و چەند جارێک دەخرێتە بەندیخانە. لە ١٩٥٢ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە. گرینگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم ھۆزانڤانیی نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە ھۆنراوەی کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

ناوی عەبدوڵڵا بەگە و کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوک و باپیریشی لە ھۆنراوە و وێژەدا بەھرەیان ھەبووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» لە ناوچەی مەریوان بوون. پاشان ڕوودەکەنە ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە گۆران زانیوە ‌و لەوێ جێگر دەبن.

گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم ‌و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت ‌و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەن چەمی بیارە ‌و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون ‌و بۆ پایز ئەگەرێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیز‌ەوە تەواو کردووە.

لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی ‌و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت ‌و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ.گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

پاش ١٩٣٧ ماوەیەک بێکار ئەمێنیتە و دواییش بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی «کاروباری ڕێگاوبان» ‌و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا لەو بەشەدا ئەمێنێتەوە. لەو بەینەدا چەند ساڵێک لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کورددا دەچێ بۆ یافا لە فەلەستین و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم، بەشی کوردستان دەکەنەوە.

لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەچێ بۆ سلێمانی ‌و دەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی دەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە ‌و نوگرە سەلمان ‌و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا. لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت ‌و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا ئەبێت بە چاوەشی کرێکار.

کاتێک کە ئیسرائیل ھێرش دەباتە سەر میسر، دوای ڕاس بوونەوەی عەرەبەکان لە ئیسرائیل، بڕێک لە کوردەکانیش بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵیان پەیمانی برایەتی دەبەسن. گۆرانیش لەوانەی و دەیگرن و لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت ‌و کردەوەی ‌وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ. گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ ‌و ئە ئەشیەوێ گفتی وەھا بە میری بدات، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە ‌و تا ١٠ی ئابی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووە.

پاش بەربوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین ‌و کۆریای باکوور ئەدا.

لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێھێشتووە - کار بەجێھێشتنەکەی بۆ چوون بوە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورددا - لەسەر کار لای ‌دەبەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.

چالاکییە ئەدەبییەکان[دەستکاری]

یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شێعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە «سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە» و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو «شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە».

لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی «پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست» لە چاپ دەدات.

لە ١٩٥٨دا گۆران بەنیاز بووە کۆمەڵەشێعرێک بە ناوی «سروشت و دەروون» لە چاپ دا کە دوای خستنە ژێر چاپی تەواوی نەکرد کە پاشان لە لایەن «ھۆگر»ی کوڕی و براکانی لە ١٩٦٨دا بە ناوی «سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران» لە چاپ دراوە.

گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی بووە چون نەویستووە لە ئەدەبیاتی ڕۆژ دوور کەوێتەوە دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی. باوڕی وابووە کە ئەبێت شێعری کوردی لە عەرووزەوە بگرێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە(ھیجا)ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پی ھۆنراوەتەوە. ھەر لەم بارەوە دوای شیکردنەوەی مانای شیعر لە زمان چەند ناوداری جیھانی، پاشان ئەلێت: «.. بە دروستیش سەرنج بدەین ئەبینین، کە لە گشت زمانەکانی رووی زەویدا شیعرێک، بە شیعر دانرابێ و پشتاوپشت ھەتا ئێستا بە جێ ھێڵرابێ ھەر ئەو شیعرانەن، کە بە پێی تابەتێتی و پێوانەی نەتەوەی عائیدی خۆیان وەزنێک تایبەتییان ھەیە. تەنانەت قافیەش لەناو ھەندێ نەتەوەدا بە پێویستی بنجی(ئەسڵی)دائەنرێ بۆ شیعر، ئەگەرچی شیعری ئەم نەتەوانە ھەرگیز وەک ھی ئەوانی تر نەیتوانیوە بە کێوی ناوبانگی ئیتاتیکی بە ناوی شیعری پەخشانەوە، ناو بە ناو ئایا بخوێنینەوە.» ئەو نوێ خوازیە دەبێت بە ھۆی ئاڵگوڕێکی نوێ لە دنیای ئێستای شیعری کوردیدا.

گۆران بێجگە لە شیعر دەستێکی بەرزیشی لە بواری پەخشاندا بووە. پەخشانی گۆران ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لە سەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازە کردنەوەی تێدا داوە بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە.

لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە بەڵام گۆران زۆر بە ئاوات بوو تا پێش مەرگی دیوانە شێعرەکەی لە چاپ بدرێت. لە ١٩٧٨ لیژنەیەک پێکھاتوو لە محەممەدی مەلا کەریم، دوکتۆر عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح ، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ و ھۆگر گۆران و ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی کە زۆربەی لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە و دەنگی داس و ژین و ئازادی و گۆڤاری گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و ھیوا و شەفەق و بەیان و بڵێسە و رووناھی و نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق ئەکەونە تەقالادان و بەم بۆنەیەوە ئاگاداری و بانگەوازێک بو ئەدەب دوستان لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» ژمارەی ٢٧٧ و «پاشکۆی عێراق» ژمارەکانی ١٢و١٣ بڵاو ئەکەنەوە. لە ئاکامدا دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ ئەکۆیتە بەر چاوی خوێنەران و ھۆگرانی شێعری کوردی.

کۆتاییی ژیانی[دەستکاری]

لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.

نمونەی شیعری ڕۆمانتیکی گۆران[دەستکاری]

پایز! پایز
بووکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز
ھەردوو ھاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من ھەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ ھەوری گریانت
دوایی نایە دادم دادت
پایز پایز
گەڵا رێزانت
ھەوری ماتی ئاسمانت
لەبر کزەی بای سەر تەزێن
لە گەڵ گەڵای درەختا ئەژین
بەڵام قورسە زۆر بە جۆشە
دۆزەخێکم کوا لە جۆشە
پایز! پایز!
شان و مل رووت
من مات، تۆ زیز
ھەردووکمان جووت
ھەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفرێ بگرین
بگرین… بگرین… چاومان نە‌سڕین
ھەرگیز، ھەرگیز

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
  • فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
  • سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
  • لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
  • دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠

ئومێد ئاشنا کتێبی «نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی گۆران»ی کۆکردووەتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر چاپی کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]