جەمال تاھیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مامۆستا جەمال تاھیر لە ساڵی ١٩٤٣ لە گەڕەکی دەرگەزێن-ی شاری سلێمانی لەدایکبووە، ھەر لەوێش قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی تەواوکردووە و پاشان لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٦٤ بووە بە مامۆستا.

شەھید ھەر لە ‌تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵاوی چالاکییە سیاسییەکان بووەو لە ‌یەکێتیی قوتابیانی کوردستان‌ و لەناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا وەک تێکۆشەرێکی ڕۆشنبیرو لەخۆبردوو ناوی دەرکردووە. سەرەتای حەفتاکان بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی سلێمانی و دواتریش لێپرسراوێتی ناوچەی دەربەندیخان-ی پێسپێردراوە. ئەم لاوە پێشکەوتنخوازەی رێبازی کوردایەتی ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندیکردووە بە ئەڵقە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ـەوە. ساڵی ١٩٧٥ ڕۆڵێکی دیارو بەرچاوی بینی لە پێشخستنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵە و جۆشدانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستاندا. شەھید، وەک سەرکردەیەکی کارامە و تێکۆشەرێکی خاوەن ئەزموون ماوەی چەند ساڵێک ئەرکی بەڕێوەبردنی ڕێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی لە ناو شاری سلێمانی دا گرتە ئەستۆ و شانبەشانی ئەمەش سەرپەرشتی مەفرەزەکانی ناو شاری دەکرد. شەھید مامۆستا جەمال تاھیر چەند جارێک کەوتۆتە بەر شاڵاوی گرتن‌ و لە ‌زیندانەکانی ڕژێمی بەعس دا، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەدانێکی زۆر، بەوپەڕی ئازایەتییەوە نھێنییەکانی ڕێکخستنی پاراستووە، دواتریش کە ئازادکرا ڕوویکردە شاخ‌ و لە ‌دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەدا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراو لێپرسراوێتی دەزگای ناوەندی ڕێکخستنی پێسپێردرا، ئەم سەرکردە ماندوونەناسەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٨٣ لە ‌ناوچەی بالیسان بە ‌ڕووداوی ئوتۆمبێل گیانی لەدەستدا و گەیشتە کاروانی نەمران.





ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی کورسات تیڤی