مەستوورە ئەردەڵان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەستوورەی ئەردەڵان
پەیکەری مەستوورە لە شاری سنەدا
پەیکەری مەستوورە لە شاری سنەدا
لەدایکبوون١٨٠٤
مردن١٨٤٨
پیشەنووسەر، شاعیر، فەیلەسووف، مێژووناس
نەتەوەکورد
کارە بەرچاوەکانمێژووی ئەردەڵان

مەستوورەی ئەردەڵان (لەدایکبووی ١٨٠٤ - مردووی ١٨٤٨) شاعیر و مێژوونووسی کوردە. ناوی خۆی ماھ شەرەف خانم بووە و نازناوی مەستوورە بووە. دەوروبەری ساڵی ١٢٢٠ ک. م (١٨٠٤ ز) لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بەقەدر بوون، لە شاری سنە ھاتە دنیا.[١]

مەستوورە چل و چوار ساڵ تەمەنی بووە کە لە سلێمانی مردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

ئەحمەد بەگی کۆماسی بۆ وەسفی لە شێعرێکدا دەڵێت:[٢]

مەستوورە و فەردش وێنەی گەوھەرەننە موڵک عەفاف ئەو چون جەوھەرەن
پەیکەرەی مەستوورەی ئەردەڵان لە حاڵی سازکردن، کارێک لە ھادی زیائوددینی

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

ناوی ماھ شەرەف خانم و نازناوی مەستوورە بووە. دەوروبەری ساڵی ١٢٢٠ ک. م (١٨٠٤ ز) لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بەقەدر بوون، لە شاری سنە ھاتە دنیا. باوکی ئەو، ئەولەسەن بەگ (ئەبولحەسەن بەگ)ی کوڕی محمەممەدئاغای ننازیری کوردستانی،[٣] لە پیاوە ڕەسەنەکانی سنە بووە و بە ماھ شەرەف خانمی خوێندووە تا وەھای پێ گەیاندووە کە ناو دەرکا. لە زەمانی خوسرەو خانی ئەردەلان، والیی سنە، کە بە ناکام ناو براوە، خان و ماڵە قادرییەکان لە یەکتر ڕەنجاون و ئاشت بوونەوە و بوونە خزم.

مەستوورە لە سەرەتای ژیانیدا لە پەیوەندییەکی تۆکمەدا بووە لەگەڵ باوکی، زۆرجار بەیەکەوە لە کۆڕە ڕۆشەنبیرییەکان بەیەکەوە ئامادەبوون. کاتێک تەمەنی مەستوورە شەش ساڵان بوو، محەممەدئاغا کە باپیرەی مەستوورە بوو، ئەوا مەستوورەی بردووەتە مزگەوتی گەورەی سنە بەمەبەستی خوێندن. مەستوورە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی زانیوە.[٤]

ژیانی خێزانی[دەستکاری]

خوسرەو خانی ناکام، والی سنە کە شاعیریش بوو، چاوی بڕیبووە مەستوورە. بەڵام مەستوورە مەیلی زیاتری بۆ حوسێن قولیخانی (پوورزاکەی) هەبوو.[٤] خوسرەو خان لەڕێی بەستنی تۆمەت بۆ باوک، باپیرە و بنەماڵەی مەستوورە ئەوا فشاری کردووەتە سەر مەستوورە تاوەکوو بە هاوسەرگیرییەکەیان ڕازی بێت. دواتر ناکۆکییەکانیان چارەسەر کرد بە هاوسەرگیری نێوان مەستوورە و خان. ئەوان لە ساڵی ١٢٤٤ کۆچی هەتاوی بەرامبەر ١٨٢٨ یان ١٨٢٩ هاوسەرگیرییان کردووە.[٤][٥] لە شیعردانان دا لە خانم نزیک بۆتەوە. لە دیوانی ھەردووکیان دا شیعر بە یەکدا ھەڵدانیان زۆر بەرچاوە. بەر لە مەستوورە، خوسرەو ژنێکی دیکەی هەبووە، کە لەو ژنە ٣ کچ و کوڕی هەبوو.[٤]

لە ساڵی ١٨٣٤، خوسرەو خان بە نەخۆشیی جەرگ کۆچی دوایی کرد.[٤]

شیعرەکانی[دەستکاری]

مەستوورە لە شیعردانان، چ بە کوردی و چ بە فارسی، زۆر خاوەن دەستەڵات بووە. بەداخەوە زۆربەی شیعرەکانی لە ناو چوون و تەنیا دووھەزار بەیتێکی ماوەتەوە کە ساڵی ١٣٠٥ ک. ە (١٩٢٦ ز)، میرزا ئەسەدوڵڵا خانی کوردستانی، سەرۆکی فەرھەنگی سنە، لە تاران چاپیانی کردووە. ژمارەی ھۆنراوە کوردییەکانی کەمترن لە فارسییەکانی بەڵام لە قەسیدەیەکیدا کە بەم بەیتەوە دەست پێ دەکا:

گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانتبریندارم بە نێشی سینەدۆزی تیری موژگانت

وا دیار ئەدا کە شیعرە کوردییەکانیشی زۆر ڕەوان بووبێتن. خێوی کتێبی حەدیقەی ناسری، کە ئامۆزای مەستوورە بووە، ژمارەی شیعرەکانی لە قەسیدە و غەزەڵ و وردە بابەت، بە نزیکەی بیست ھەزار بەیت نووسیوە بەڵام «توحفەی ناسری» کە ئەویش لە مەڕ کوردستان تاریخێکە، دە ھەزاری لەو بیستە کەم کردۆتەوە و دەڵێ دەھەزار بەیتێکی وەھۆندووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ www.yjc.news https://www.yjc.news/fa/news/6309109/%D8%A7%D9%88%D9%84%DB%8C%D9%86-%D8%B2%D9%86-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AE-%D9%86%DA%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%D9%88%D8%AF-%D8%B9%DA%A9%D8%B3. Retrieved 2021-05-07. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  2. ^ ماھشەرەف خانمی ئەردەڵانی (خەنسای کورد)، دیوانی مەستوورە، لێکۆڵینەوەی: محەممەد عەلی قەرەداغی، ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم ٢٠١١.
  3. ^ کتێبی ئینسایکلۆپێدیای گشتی، بەرگی سێیەم، یاسین سابر، ٢٠٠٩.
  4. ^ ئ ا ب پ ت کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، نووسینی بوخاری وشیار، دەزگای مەم و زین، چاپی یەکەم لە ساڵی ٢٠٢٠، لاپەڕە ١٨ تا ٢٠.
  5. ^ شێخ محمد مردوخ، تاریخ مرودخ، جلد دوم، بدون ذکر سال و محل تبع، س١٦١.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]