مزگەوت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە شاری ئەستەمبوڵتورکیا

مزگەوت (بە عەرەبی: المسجد‎) ئەو شوێنە پیرۆزەیە کە لە ئاینی ئیسلامدا موسوڵمانان فەرزی نوێژ یان پەرستش و پاڕانەوە تێیدا بەجێ دەھێنن. مزگەوت تەنھا بۆ جێبەجێکردنی نوێژی بە کۆمەڵ و ھەینی نییە بەڵکو ناوەندێکی کۆمەڵگەی موسڵمانە، ناوەندێکی ڕامیاری و ئاینییە بۆ گەلانی موسڵمان، کە نوێژی تیادەکرێ و تاو توێی کێشەکانی تیادەکرێ کاروباری جەنگی و ڕامیاری و ئابووری ھی تریشی تیا ڕێکدەخرێ. مزگەوت لە سەردەمی پێغەمبەر و ھاوەڵانی جێنشینی ھەر بەم شێوەیە بوو ھەر بۆیە دەبینین مزگەوتەکەی پێغەمبەر (د. خ) لە مەدینە ناوەندی پەرستش و ناوەندی بەڕێوەبردن و ڕامیاری بووە ھەر لەوێ چاوی بەو نێردراوانە دەکەوت کە دەھاتنە لای لەوێوە لە ئیسلام فێر دەبوون و ھێندێکیان موسڵمان دەبوون و پەیمانیان دەدا ھەر لەوێوە پێغەمبەر موسڵمانانی فێری ئیسلامەتی دەکردن و کاروبارەکانیانی ڕێک دەخست و ھەر لەوێش کاری دەوڵەتی بەڕێوە دەبرد بۆیە ھەر لەساتەکانی یەکەمی ئیسلامەتییەوە مزگەوت دەکەوتە ناوەندو چەقی شار و لە تەکیدا ماڵی گەورە و حاکم و بەڕێوەبەری شار و مۆڵگەی سەربازی ھەبوو. کە ئەم سێ جێگایە بە یەکەوە بنیات دەنران وەک قەڵایێک لەناوەندی ھەر شارێک کە موسڵمانان ئازادیان دەکرد، ھەر لە ناو مزگەوتیشەوە پەیمانیان ئەبەست بۆ جێنشینەکانی یەکەم بۆیە ھەر لەوێوە پەیمانیان لەگەڵ (ئەبووبەکر) و (عومەر کوڕی خەتتاب) و (عوسمان کوڕی عەفان) و (عەلی کوڕی ئەبووتالیب) بەست. ھەر لەسەر دوانگەی مزگەوتەوە جێنشین وتاری بۆ موسڵمانان دەدا. باسی پلان ڕیژییەکانی خۆی دەکرد، وبڕیارە ڕەسمییەکانی دەوڵەت دەخوێندرایەوە، دەنگوباسی شەڕ باس ئەکرا و دەسکەوتەکانی شەڕ دابەش ئەکران ھەر لەوێوەش پەیامبەر درودی خوای لەسەربێت -کاروبارو کێشەی دادوەری بەڕێوە ئەبرد، دادوەرانیش تاسەردەمی ئەْمەویەکان ھەر لە مزگەوت قەزاوەتیان ئەکرد لەدوایدا لەنزیک مزگەوت کاری خۆیان بەڕێوە دەبرد، و مزگەوت پەیمانگای پێگەیاندن و فێرکردن و لەبەرکردنی قورئان و زانستی شەرعی و کۆڕی زانستی بووە کە تا ئێستاش ھەرباوە ئەوەتا زانایان و مامۆستایان تا ئێستاش لە مزگەوت وانە بەقوتابیان دەڵێنەوە. زانکۆی ئەزھەر (الازھر) یش بۆ ئەمە چاکترین نموونەیە ھەروەھا جاری واھەبووە کە پەرتووکخانە و کتێبی زۆر بە مزگەوتەوە لکێنراوە یان پارەو و زەوی درواوە و لکێلنراوە بە مزگەوت بۆ نۆژەن کردنەوە و ڕێکخستن و بەخشینی بەو قوتابیانەی کە دەمێننەوە لە دەوروبەری مزگەوت.

گالێری مزگەوتەکانی جیھان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]