بێرەجووک
بێرەجووک | |
|---|---|
شار | |
| وڵات | باکووری کوردستان، تورکیا |
| پارێزگا | ڕحا |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٣) | |
| • سەرجەم | ٩٣٬٨٦٦ |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی |
| کۆدی تەلەفۆن | ٤١٤(٩٠+) |
بێرەجووک، یەکێکە لە شارەکانی باکووری کوردستان لە پارێزگای ڕحا. بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی دانیشتووانی ٩٣٬٨٦٦ کەس بووە.[١]
شوێنەوارناسی
[دەستکاری]گۆڕستانی بەنداوی بێرەجووک گۆڕستانێکی سەردەمی برۆنزی پێشووە لە نزیک بێرەجووک. لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زاییندا بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠٠ ساڵ بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارھاتووە. لە ساڵانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨دا زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕ لێرەدا پشکنینیان بۆ کراوە. شوێنەکە لەکاتی دروستکردنی بەنداوی بێرەجووک وەک بەشێک لە پڕۆژەی گاپ (GAP) دۆزرایەوە.[٢]
ئەم گۆڕستانە لە نێوان ساڵانی ٣١٠٠–٢٦٠٠ پێش زایین بەکارھاتووە.
یەکەم پشکنینی شوێنەوارناسی لە ناوچەی بێرەجووک لە ساڵی ١٨٩٤ لەلایەن جەی. ئی. گۆتییە ئەنجامدرا. دواتر لە ساڵی ١٩٤٦، ک. کۆکتەن ڕووپێوییەکی بۆ ناوچەکە کرد و شوێنەواری نیشتەجێبوونی سەردەمی بەردینی ناوەڕاستی دۆزییەوە. ڕووپێوییەکی دیکە لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن تیمێکەوە بە سەرۆکایەتی گ. ئالگاز ئەنجامدرا. لە نێو ئەو شوێنانەی کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕووپێوی ئالگازەوە ناسێنران، ئاکارچای تەپە و مەزرا تەلەیلات بوون، کە دوو کۆنترین نشینگەی ناسراوی حەوزی فوراتن. لە ساڵی ١٩٩٨دا، بەھۆی ئەگەری دروستکردنی بەنداوەکە، پشکنین بۆ ئەو شوێنانە کرا کە دوای تەواوبوونی بەنداوەکە ژێرئاو دەکەوتن. لە ساڵی ٢٠٠١دا لەلایەن تیمێکەوە بە سەرۆکایەتی م. ئۆزدۆغان و ن. کارول، دەستکەوتی زیاتری سەردەمی بەردینی ناوەڕاست دۆزرایەوە.[٣]
مێژوو
[دەستکاری]سەردەمی کۆن
[دەستکاری]زانیارینامەی بریتانیکای ساڵی ١٩١١ بێرەجووکی بە ئاپامیای کۆن یان ناوچەی سێلوکیای دەوروبەری ناساندووە و وەک بەشێکی بەرامبەر زوێگما وەسفی کردووە، کە بە پردێکی بەلەم بەیەکەوە بەسترابوونەوە. لە ھەمان کاتدا ئەوەشی بۆ زیاد کردووە کە «شوێنەکە وا دەردەکەوێت پێش سەردەمی سێلوکییەکانیش بە ناوی «بیرتا» بوونی ھەبووبێت، ناوێک کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕۆمەکاندا زیندوو بووەتەوە». دۆزینەوەکانی دواتر دەریان خستووە کە ھاوتاکردنی لەگەڵ ئاپامیا و زوێگماکەی[ئ] (وشەی زوێگما بە واتای یەکگرتن دێت و ئاماژەیە بۆ یەکگرتنی ڕێگاکان لە خاڵێکدا کە پردێکی بەلەم بەسەر ڕووبارێکدا دەپەڕێتەوە) ھەڵەیە: ئێستا ناوچەی بالی، کە نزیکەی ١٧ کیلۆمەتر بەرەو سەرەوەی ڕووبارەکە ھەڵکەوتووە، وەک شوێنی زوێگما دەبینرێت، و ڕەنگە ھیچ پردێکی بەلەم لە بیرتا/بێرەجووکدا نەبووبێت تا ئەو کاتەی خاڵەکانی پەڕینەوە لە زووێگما و تەل ئەحمەر[ا] ناوبانگیان لەدەستداوە. ئەمانە، نەک خاڵی پەڕینەوە لە بێرەجووک/بیرتا، ڕەنگە ئەوە بن کە بڵاوکراوەکەی ساڵی ١٩١١ وتوویەتی «لە کاتی زۆر کۆنەوە لە پەڕینەوە لە باکووری سووریا بۆ حاران، ئێدێسا و باکووری مێزۆپۆتامیا بەکارھاتووە، و لە ڕووی گرنگییەوە لە دوای تابساکوس لە پلەی دووەمدا بووە، کە لەوێوە ڕێگاکە بۆ بابل و باشووری مێزۆپۆتامیا دەپەڕییەوە.»[٤][٥]
دانانی ئاپامیا-زوێگما لە شوێنێکی سەرتر و ناساندنی بێرەجووک بە «بیرتای ڕۆمانی» پێشتر لە ساڵی ١٩١٧ لە گۆڤاری ئەمریکی بۆ شوێنەوارناسی باسکرابوو؛ ھەروەھا فەرھەنگی ویلیام سمیت بۆ جوگرافیای یۆنانی و ڕۆمانی (١٨٥٤) بە ڕوونی بیرتای لەگەڵ بێرەجووک ھاوتا کردووە، ھەرچەندە لە شوێنێکی دیکەدا وا دەردەکەوێت کە لەگەڵ «زوێگمای کۆماگین»[ب] تێکەڵی کردبێت، کە پارێزگایەک بوو لە کەناری ڕاست/ڕۆژاوای ڕووبارەکە.[٦][٧]
ناوی «بیرتا» لە ھیچ نووسەرێکی کۆنی یۆنانی یان ڕۆمانیدا نەدۆزراوەتەوە، ھەرچەندە بیسرا (بە یۆنانی: Βίθρα) (کە ئەگەر زۆرە مەبەست لێی «بیرتا» بێت) لە گێڕانەوەکانی زۆسیموسدا دەربارەی ھێرشی ئیمپراتۆری ڕۆمانی جوولیان بۆ سەر مێزۆپۆتامیا لە ساڵی ٣٦٣ی زایینیدا دەردەکەوێت.[٨]
یۆنانییەکان لە قۆناغێکدا بەوەی ئێستا بێرەجووکە دەوت ماکیدۆنۆپۆلیس (ھەروەھا بە شێوەی ماکێدۆنۆوپۆلیسیش ھاتووە). ئەو شارەی کە لەلایەن قەشەکانەوە لە یەکەم ئەنجومەنی نیکییە و ئەنجومەنی چالسیدۆن[پ] نوێنەرایەتی دەکرا، لە تۆمارە لاتینی و یۆنانییەکاندا بەم ناوە ناوزەند کراوە، بەڵام لە دەقە سوریانییەکاندا بە بیرتا ھاتووە. نەخشێنراوێکی ساڵی ٦ی زایینی بە زمانی سوریانی کە لە بێرەجووک دۆزراوەتەوە، تابلۆیەکی سەر گۆڕی زەربیان، «فەرماندەی بیرتا»ی تێدایە.[٩]
بێرتای کۆن کاتێک گەشەی کرد کە شاری کۆنی کارکەمیش (کە لای یۆنانییەکان بە ئەورووپۆس ناسرابوو) چۆڵکرا؛ ئەمەش لە ناوەڕاستی سەدەی چوارەمدا ڕوویدابوو. ھاندەرێکی تری ئەگەری بۆ گەشەکردنی بیرتا کاتێک بوو کە ڕۆمەکان سوپاکەیان لە زوێگما کێشایەوە دوای ھێرشێکی فارسییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی سێیەمدا؛ لەو کاتەدا ڕەنگە ھەندێک لە دانیشتووانی زوێگما ڕوویان لە بیرتا کردبێت. ھەرچەندە بیرتا وەک خاڵێکی پەڕینەوە لەسەر فورات خزمەتی دەکرد، بەڵام خاڵی سەرەکی پەڕینەوە ھێشتا ھەر زوێگما بوو.[١٠][١١]
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ دوو شاری دووانە بوون کە لە سەردەمی سێلوکییەکاندا لەسەر ڕووباری فورات دروست کرابوون.
- ↑ شوێنێکی گرنگی شوێنەوارییە کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فورات لە باکووری سووریای ئێستا، نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری شاری کۆنی کارکەمیش و ناوچەی بێرەجووکەوە دوورە.
- ↑ ئاماژەیە بۆ شاری زوێگمای کۆن کە دەکەوتە ناوچەی «کۆماگین».
- ↑
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://biruni.tuik.gov.tr/medas/?kn=95&locale=tr
- ↑ Sertok, K. and Ergeç, R. 1999. A New Early Bronze Age Cemetery: Excavation near the Birecik Dam, Southeastern Turkey. Preliminary Report (1997-98) Anatolica 25: 87-107
- ↑ Çelik, Bahattin (2008). Arkeoloji'de Urfa (PDF). Istanbul: Fsf Printing House. ISBN 978-975-585-992-7. Retrieved 8 November 2022.
- ↑ One or more of the preceding sentences incorporates text from a publication now in the public domain: Chisholm, Hugh, ed. (1911). "Birejik". Encyclopædia Britannica. Vol. 3 (11th ed.). Cambridge University Press. p. 979.
- ↑ One or more of the preceding sentences incorporates text from a publication now in the public domain: Chisholm, Hugh, ed. (1911). "Seleucia". Encyclopædia Britannica. Vol. 24 (11th ed.). Cambridge University Press. p. 603.
- ↑ The Syrian Desert, Christina Phelps Grant, (Routledge 2013 ISBN 978-1-136-19271-5), p. 41, footnote
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Syrian_Desert.html?hl=ar&id=4d-3AAAAQBAJ#v=onepage&q=Grant%20Birejik%20Macedonopolis&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/American_Journal_of_Archaeology.html?hl=ar&id=oX5JAAAAYAAJ#v=snippet&q=Macedonopolis%20Birtha&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/Julian_the_Apostate.html?hl=ar&id=tScWQpJ6j0kC#v=onepage&q=Bowersock%20%22probably%20Birtha%22&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Hellenistic_Settlements_in_the_East.html?hl=ar&id=3aabFPHxRPUC#v=onepage&q=Cohen%20Makedonoupolis&f=false
- ↑ https://books.google.com/books/about/Eastern_Turkey.html?hl=ar&id=6CMnEAAAQBAJ
