بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ڕانیە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

À

ڕانیە

ڕانیە شارێکە لە پارێزگای سلێمانی کە ناوەندی قەزای ڕانیەیە. لە مێژووی باشووری کوردستاندا، ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین بەناوبانگە کە دەگەرێتە بۆ ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە لەم شارەوە سەری ھەڵدا. ڕانیە دەکەوێتە باکووری خۆرھەڵاتی پارێزگای سلێمانییەوە و نزیکەی ١٣٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە. ڕانیە بە شاخەکانی کێوەڕەش و حاجیلە و ئاسۆس دەورە دراوە و لە ڕووی کشتوکاڵیەوە دەشتی ڕانیە بەناوبانگە و خاکەکەی بە پیتە.

مێژوو

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ڕانیە سەر بە ئەمارەتی بابان بووە، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی میر محمدی ڕەواندز، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. ڕانیە لە ساڵی ١٨٩٧وە سنجاقێکی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور بووە کە ناوەندەکەی کەرکووک بووە. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق ڕانیە قەزایەکی سەر پارێزگای ھەولێر بووە و لە ساڵی ١٩٥٧ خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی‌.

چەندین شوێنەواری مێژوویی لە دەڤەری ڕانیەدا ھەیە:

  • لە ناوەڕاستی شاری ڕانیە گەڕەکێک ھەیە بە بەری ڕۆژھەڵاتدا بەناوی گەڕەکی قەڵات کە بە کۆنترین گەڕەکی شاری ڕانیە دادەنرێت کە بناغەی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی بووە. مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە. مامۆستا عەبدول ڕەقیب یوسف لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری ڕانیەدا دەڵێت: «مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.» «عەلی سەید گەورانی» نووسەر و مێژوونوس، لە ساڵی ١٩٣٠ لە کتێبی «لە عەمانەوە بۆ ئامیدی»دا لە بارەی قەڵاتی ڕانیەوە دەڵێت: «ڕانیە گردێکی کۆنی تێدایە،گوایە لەشکری ئێرانی لە کاتی خۆی ھەڵیان بەستوە، ئێستا خانووە چین بە چینی بەسەریەوە دروستکراوە بە چەشنی قەڵای ھەولێر.» لە تەنیشت گەڕەکی قەڵات گردێکی مێژووی تر ھەیە بە ناوی «گردە دێمە».
  • «گردی شمشارە» کە لە ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٥٩ دا لە لایەن تیمێکی دانیمارێکی و عێراقیەوە پشکینیی بۆ کراوە، بە یەکێک لە کۆنترین گردەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە زیاتر لە ٢٤٧ نامەی بزماری و میخی و پەرستگایەکی سەردەمی ئاشووریەکان و ٧ چینی مێژووی تێدا دۆزراوەتەوە، ھەر سەردەمی پێش فەخفوری و حسونە، ورکا، ئاشوری و ھتد، بۆ دوای ھاتنی ئیسلام.
  • گردەکانی بازموسیان و بوسکێن،دوگرادان، کامەریان و قورەشینە و دێمە
  • تابلۆ ھەڵکۆڵراوەکەی لای دەستە ڕاستی دەربەند لە خۆرھەڵاتی شاری ڕانیە کە ھەڵکۆڵراوێکی مێژوویی ھەیە کە وێنەی مرۆڤێکە، بە ڕای ھەندێک لە شوێنەوارناسان پاشایەکی گۆتی یان لۆلۆییە، ئەم تابلۆ مێژووییە پانی مەترێک و بەرزی ٦٠ سانتیمەتر و نزیکەی ٢٠ مەتر لە زەویەوە بەرزە.

شاری ڕانیە لە سەردەمی نوێدا:

  • لە سەردەمی شیخ مەحمودی حەفید، بارەگای جێگری حاکمی سیاسی سلێمانی ئینگلیز لە دەربەندی ڕانیە بووە.
  • شەری بەناوبانگی دەربەندی ڕانیە لە ٢٣/٨/١٩٢٢ بە یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت کە خێڵە کوردە نیشتەجێبوەکانی ئەو ناوچەیە ڕۆلێکی گەورەیان تێدا گێراوە.
  • ڕاپەرینی ساڵی ١٩٨٢ و ڕاپەرینی ٥/٣/١٩٩١ کە بۆ یەکەم جارو لە شاری ڕانیە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گژ دەسەڵاتە خوێنرێژەکەی بەعسدا ھاتنەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە خوێنی ٨ شەھید شارەکەیان ڕزگار کرد، بەمەش دەروازەی ڕاپەرینی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە ڕانیە کرایەوە و بەرھەمی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی لێکەوتەوە، ھەر بۆ ئەمەش لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە نازناوی دەروازەی ڕاپەرینی پێدراوە.

ھەروەھا یەکەم بڵاوکراوە لە ڕانیەدا لە ساڵی ١٩٤٢ بەناوی «بڵێسە» دەرچووە.

دانیشتووان

بە گوێرەی ئاماری سەرژمێری گازێتەربۆ ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی دانیشتوانی ڕانیە نزیکەی ١٣٠٫٠٠٠ کەس و نزیکەی یانزە ھەزار خێزانە. دانیشتوانی ڕانیە پەیڕەوی ئاینی ئیسلام و سەر بە مەزھەبی شافعین.

شوێنەکان

  • گەرەکەکان: قەڵات، رەشەمێرگ، گڵینجان، سەرا، ڕزگاری، ڕاپەرین، ئازادی یەک، ئازادی دوو، کێوەڕەش، قوولە، فەرمانبەران، خانزاد، نەورۆز.
  • سەیرانگاکان: کەنار ئاوی دەربەندی ڕانیە، دەوروبەری سەرچاوەی ڕەشەمێرگ، لای گردەدێمە، سەیرانگای بێتواتە و گوندەکانی ناوچەی دۆڵی شاورێ و ئاکۆیەتی
  • پارکەکان: پارکی دەروازە، باخی گشتی
  • بازاڕەکان: قەیسەری نەقیب، بازاڕی کوردستانی نوێ.
  • زانکۆکان: زانکۆی ڕاپەڕین
  • ئامادەیییەکان: کۆدۆ، پێنجی ئازار، ڕانیەی کچان، کێوەڕەش، پە‌یام، رانیە‌ی ئێواران، راپە‌رین، کێوە‌رە‌ش.
  • خوێندنگا ناوەندییەکان: گوڵستان، بابە‌گورگور، ھیوای ئێواران، بۆتێ.
  • مزگەوتەکان: مزگەتی گەورەی ڕانیە، مزگەوتی ناجیەخان، مزگەوتی ھەمزاغا، مزگەوتی قازی محمد، مزگەوتی قە‌ندیل، مزگەوتی نزا، مزگەوتی صلاح الدین -راپە‌رین، مزگەوتی ئازادی.

گالەری

سەرچاوەکان