مارف خەزنەدار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مارف خەزنەدار (بە عەرەبی: معروف خزندار، ١٩٣٠ - ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠) مامۆستای زانکۆ و نووسەرێکی ناوداری کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٠ لە شاری هەولێر و لە بنەماڵەی خەزنەدارەکانی هەولێر لە دایک بووە. قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە زانکۆی بەغدا لە بەشی زمانی عەرەبی خوێندنویەتی. لە ساڵی ١٩٦٨ چووەتە یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی بەدەست هێناوە. پاشان گەڕایەوە و بووە مامۆستای بەشی کوردیی زانکۆی ئەدەبیاتی بەغدا و ھەروەھا بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی عەننابی جەزائیر و بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر. خەزنەدار ئەندامی کۆڕی زانیاریی کورد بوو. سەرپەرشتی ژمارەیەکی زۆر نامەی زانکۆیی ماستەر و دکتۆرای کردووە.

دکتۆر مارف خەزنەدار یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد و ماوەیەکیش سەرنووسەری گۆڤارەکەیان، نووسەری کورد بووە، ھەروەھا چەند ژمارەیەکی گۆڤاری دەفتەری کوردەواریی دەرکردووە و لە گۆڤاری رۆژی کوردستان- شمس کوردستان دەستەی نووسەران و لە گۆڤاری کاروان ڕاوێژکاری ئەدەبی و رۆشنبیری بووە. خەزنەدار، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٨ دا ڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان واتە ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ی وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دیاریکرد.

مامۆستا مارف ماڵەکەی کردۆتە مەڵبەندی رووناکی بۆ پاراستنی تێکست و دەستنووس و ئەرشیفی ئەدەبی کوردی و ھەردەم دەرگای ماڵەکەی بۆ قوتابیان کراوەبووە و گەلێک قوتابی سوودیان لەکتێبخانەگەورەکەی وەرگرتووە.

دکتۆر مارف خەزنەدار لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری هەولێر لە ڕێکەوتی شەوی ٢٠١٠/١٠/٢٥ دا کۆچی دوایی کرد.پرۆفیسۆر مارف خه‌زنه‌دار وه‌جاخی ڕوونه‌ کچێکی(پزیشک میدیا)و دوو کوڕی(زاگرۆس و بنیاد)ی هه‌یه‌ که‌ هه‌دوو پێگه‌ییشتوون.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

مارف خەزنەدار ھەر لە ٥٠کانەوە دەستی بە نووسین کردووە و وتاری بڵاوکردۆتەوە. یادداشتە ڕۆژانەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٠ ھەتا ساڵی ١٩٩١ لە دووتوێی ٧ بەرگدا نووسیوەتەوە بەناوی دیجلەی ھزرم. دوا بەرھەمیشی بریتییە لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، کە لە ٧ بەرگدا چاپی کردووە. دکتۆر مارف خەزنەدار، خاوەنی نزیکەی ٣٠ کتێبی چاپکراوە، لەوانە:

بە کوردی:

  • کێش و قافیە لەشیعری کوردیدا، بەغدا، ١٩٦٢.
  • کورد، تێبینی و تێڕوانین، ڤلادمیر مینۆرسکی، وەرگێڕان و پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوە، بەغدا، ١٩٦٧.
  • بووکە شووشە، چیرۆکی کوردی، بەغدا، ١٩٦٩.
  • ئەڵەمان و چەند چیرۆکێکی تری کوردی، بەغدا، ١٩٦٩.
  • عەبدوڵا بەگی میسباحولدیوان، بەغدا، ١٩٧٠.
  • زمان و ئەدەبی کوردی، بەغدا، ١٩٧١.
  • دیوانی نالی و فەرھەنگی نالی، بەغدا، ١٩٧٧.
  • نالی لەدەفتەری نەمریدا، بەغدا، ١٩٨١.
  • لەبابەت مێژووی ئەدەبی کوردیەوە، بەغدا، ١٩٨٤.
  • کوردیادە، لەندەن، ١٩٨٥.
  • گەشتێک بۆ ئەرەزڕوم، وەگێڕان لەڕوسیەوە، سوید، ١٩٩٥.
  • ئەدەبی کوردی و کێشەی پاسترناک، ھەولێر، ١٩٩٥.
  • کوردی تورکمانستان، ھەولێر، ١٩٩٥.

بە عەرەبی:

  • العدل الاجتماعي، بەغدا، ١٩٤٥
  • ھغانی کوردستان، بەغدا، ١٩٥٦
  • الأكراد، نووسینی: مينورسكی، وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە بۆ عەرەبی، بەغدا ١٩٦٨
  • مخطوطات فريدة ومطبوعات نادرة، بەغدا، ١٩٧٨
  • تاریخ الاستشراق، بغداد، ١٩٨٠
  • الرحالة الروس في الشرق الأوسط، نووسینی: ب.م.دانتسيغ، وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە بۆ عەرەبی، بیروت، ١٩٨١

بە ڕووسی:

سەرچاوەکان[دەستکاری]