بەرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەرد یان کەڤر یان کوچک تەنێکی سروشتییە، شڵخەیەکی ڕەقەوبووە لە یەک یا چەند ماددەی کانگایی و نیوەکانگایی. [١] بۆ نموونە، گرانیت، کە بەردێکە لە زۆر شوێندا ھەیە، تێکەڵێکە لە ماددەگەلی کانگاییی کوارتز و فێڵدسپار و بایۆتایت. چینی ڕەقی دەرەوەی گۆی زەوی، لیتۆسفێر، لە بەرد دروست بووە.

بە درێژەی مێژوو مرۆڤ بەزۆری بەردی بەکار ھێناوە. کانزا و ماددە کانگایییەکانی ناو بەردەکان لە دروستبوون و پەرەگرتنی ژیاری ئینسانیدا جیێ دیاری خۆیانیان ھەیە. [٢]

بەردەکان بە پێی شێوازی دروستبوونیان پۆلێن دەکرێن بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا: ئاگرین، مێتامۆرفیک و نیشتوو.

زانستی بەردناسی (petrology) کە لە بەردەکان دەکۆڵێتەوە یەکێکە لە گرنگترین لقەکانی زەویناسی.

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی بەرد لە زۆرینەی زاراوە کوردییەکاندا ھەیە (تەنانەت لوڕی) [٣] [٤] و ھاوڕیشەی وشەی ئاڵمانیی berg -ە بە مانای کێو.[٤] لە ھەندێ زاراوەدا «کوچک» و «سەنگ»یشی پێ ئەوترێ. ئەگەر بەرد درشت و گەورە بێ «کەڤر» و «زنار»ی پێ ئەڵێن،[٥] ئەگەر ورد و بچووک بێ زیخ، چەو، ڕیخ و، لمی ناوە.

١-پۆلێنکردنی کەڤرەکان[دەستکاری]

کەڤرەکان لە دەنکۆڵەی زۆر وورد پێکهاتوون کە لە سیفەتە فیزیایی و کیمیاییەکاندا جیاوازن و پێیان دەوترێت خاوەکان (minerals) کە یەکەی سەرەکی پێکهێنانی کەڤرەکانن. بە یەکگرتنی دەنکۆڵەکانی خاوێک یان چەند خاوێک کەڤرێک دروست دەبێت کە هەڵگری سیفەتی تایبەتی خۆیەتی. کەڤرەکان وان لەژێر گۆڕانکارییە فیزیای وکیمیاییەکاندان بەکارتێکردنی پلەی گەرمی و پەستان لەسەریان شێوەو قەبارەی دەنکۆڵەکانی و هەندێک جار پێکهاتە کیمیاییەکانیشی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و لەجۆرێکەوە دەگۆڕێن بۆ جۆرێکی تر، ئەم گۆڕانکارییاانەش پێیاندەوترێت سووڕی کەڤرەکان (Rock Cycle). بەهۆی بوونی ئەم جیاوازیی و گۆڕانکاریانەوە پۆلێنکراون بۆ سێ جۆری سەرەکی.

کەڤری ئاگرین بەو کەڤرانە ئەوترێت کە ڕاستەوخۆ لە ساردبوونەوەی کەڤرە تواوەکانەوە کە پێیان دەوترێت لاڤە دروست بوون. زۆرترین بەشی توێکڵی زەوی پێکدەهێنن. کەڤرە ئاگرینەکانیش لە چەند جۆرێکی جیاواز پێک هاتوون کە دیارترینیان بازەڵت و گابرۆیە کە بە نزیکەیی (%٦٦)ی بەردە ئاگرینەکانن.

کەڤری گۆڕاو ئەو کەڤرانە دەگرێتەوە کە لە گۆڕانکاری کەڤرە ئاگرین و نیشتووەکانەوە دروستدەبێت لەژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پەستانی بەرز، زیاتر لە چینەکانی ژێرەوەی توێکڵی زەوی دروست دەبن و نزیکەی (%٢٧.٤)ی توێکڵی زەوی پێکدەهێنن. لە دیارترین کەڤرەکانی ئەم جۆرە (ماڕبڵ، سلەیت، کوارتزایت، فایلایت، نایس و سەرپەنتین)ن.

کەڤری نیشتوو ئەم جۆرە کەڤرانە بەزۆری لەسەر ڕووی زەوی دروستدەبن بە کۆبوونەوە و نیشتنی دەنکۆڵە بەردە وردبووەکان کە لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە کەش و هەواوە وردبون و بەهۆی ئاو، هەوا، با، سەهۆڵ یان هیزی ڕاکێشانی زەویەوە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێک و پاشان ڕەقدەبن. پێکهاتەی ئەم جۆرە کەڤرانە تێکەڵەیەکە لە پارچەکانی جۆرەکانی پێشتر و زۆرجار ماددەی ئەندامی زیندەوەران دەچێتە پێکهاتەی ئەم جۆرە کەڤرەوە، بە تایبەت زیندەوەرانی دەریایی کە پێکهاتەی ڕەق لە لەشیاندا هەیە کە پێیاندەوترێت بەبەردبووەکان (fossils). بڵاوترین جۆرەکانی ئەم کەڤرە بریتین لە (شێڵ، کەڤری قوڕین، کەڤری لمین، کەڤری کاربۆنی، کەڤری قوم، لایمستۆن )ن. ئەم جۆرە کەڤرانە بەشێوەی چین چین دەنیشن و هەندێک جار بەهۆی جوڵەی زەوییەوە چەماونەتەوە هەربۆیە زۆرجار بە کەڤری چین چین ناودەبرێن.

٢- بەکارهێنانی کەڤرەکان[دەستکاری]

کەڤرەکان هەر لە کۆنەوە بۆتە جێی سەرنجی مرۆڤ و لەزۆر بواردا بەکارهێنراوە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، هەر لە کۆنەوە بەکارهێنراوە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستکەوتنی خاوەکان وەک (مس، ئاسن، فافۆن، ئاڵتۆن و ستیل ...هتد) کە تا ئێستا بەردەوامەو لە بەرەو پێشچوندایە، هەروەها لە بواری بیناسازی و جوانکاریدا بەتەواواتی پشت بە کەڤرەکان بەستراوە. لە ئێستاشدا هەموو بوارەکانی تری ژیانی گرتووەتەوە وەک تەندروستی، کشتوکاڵی، پیشەسازی بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەر بۆیە ئەو وڵاتەی خاوەنی کەڤری هەمەجۆر و بەنرخ بێت لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە لەپێشەوەی ووڵاتانی دیکەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ [https://www.britannica.com/science/rock-geology وتاری بەرد لە ئینسایکلۆپیدیای بریتانیا سورچی و هەموو دنیا
  2. ^ ڕۆبێرتس، دار. بەردەکان و پۆلاندنیان ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. بەشی جوگرافیا، زانستگای کالیفۆرنیا، سانتا باربارا.
  3. ^ ئەبووزەر ھیممەتی. مامۆستای زانستگای یاسوج. وشەڕەتناسیی بەرد لە زمانەکانی لوڕی و کوردیدا ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ ئ ا عەلی نانەوازدە، فەھەنگی ھەرمان، چاپی ٢٠٠٥، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٣٩٤.
  5. ^ شێخ محەمەدی خاڵ، فەرھەنگی خاڵ، چاپی ٢٠٠٥، لاپەڕەکانی ٢٣٨ و ٣٨٠.