بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھۆلاکۆ خان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھۆلاکۆ خان
ᠬᠦᠯᠡᠭᠦ ᠬᠠᠭᠠᠨ
وێنایەکی ھۆلاکۆ خان لەلایەن ڕەشیدەددین ھەمەدانی، سەدەی ١٤یەم
ئیلخان
فەرمانڕەوایی١٢٥٦ – ٨ی شوباتی ١٢٦٥
جێگرئەباقا خان
Consort
  • گیووک خاتوون
  • دۆقوز خاتوون
  • یەسوونجین خاتوون
  • قووتی خاتوون
  • ئۆلجێ خاتوون
منداڵ(ەکان)ئەحمەد تەکوودەر
ئەباقا خان
جوومغوور
مۆنگکۆ تەیموور
یۆشمووت
قۆنقورتای
خێزانبۆرجگین
خانەدانھۆلاکۆیی (دامەزرێنەر)
باوکتۆلی خان
دایکسۆرقەغتانی بێکی
لەدایکبووننز. ١٢١٧
مەنگۆلیا
مردن (٤٧ ساڵ ژیاوە)
ڕووباری جەغەتوو، کوردستان
ناشتندوورگەی شاھی، ورمێ
ئایینبوودیزم[١][٢]
تەمغە

ھۆلاکۆ خان، ھەروەھا ناسراوە بە ھولێگوو یان ھولاگوو (بە مەنگۆلی: ᠬᠦᠯᠡᠭᠦ؛ نز. ١٢١٧ – ٨ی شوباتی ١٢٦٥)، فەرمانڕەوایەکی مەغۆل بوو کە توانیی زۆربەی ڕۆژاوای ئاسیای داگیر بکات. لە باوکی تۆلی خان و دایکی شازادەی کیراییتەکان سۆرقەغتانی بێکی لەدایکبوو، ئەو نەوەی جەنگیز خان و برای ئەریق بۆکی و مۆنگکۆ خان و کوبلای خان بوو.

سوپاکەی ھۆلاکۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەشی باشووری ڕۆژاوای ئیمپراتۆریەتیی مەغۆلی فراوانکرد، و دواتر ھۆلاکۆ خان دەوڵەتی ئیلخانیی لە ئێران دامەزراند. لەژێر سەرکردایەتیی ھۆلاکۆدا، مەغۆلەکان بەغدایان گەمارۆدا و تاڵان و وێرانیان کرد، و کۆتاییی بە سەردەمی زێڕینی ئیسلامی و خانەدانی عەبباسی ھێنا. ھەروەھا دەسەڵاتی موسڵمانانی لە دیمەشق لاوازکرد و گرتی، کە بووە ھۆی گواستنەوەی ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ سوڵتانییەتی مەمالیک لە قاھیرە.

ژیانی سەرەتایی

[دەستکاری]

ھۆلاکۆ لە ساڵی ١٢١٧ لە تۆلی خان، یەکێک لە کوڕەکانی جەنگیز خان، و سۆرقەغتانی بێکی، شازادەیەکی کاریگەری کیراییتەکان و خوشکەزای تۆغروول (خانی کیراییتەکان) لەدایکبووە.[٣] زانیارییەکی زۆر دەربارەی منداڵیی ھۆلاکۆ نازانرێت جگە لە بەسەرھاتێک کە لە «جامع التواریخ»دا ھاتووە کە ئەو جارێک لە ساڵی ١٢٢٤دا لەگەڵ کوبلای خانی برای چاوی بە باپیرەی، چەنگیز خان کەوتووە.

ھەڵمەتە سەربازییەکان

[دەستکاری]
گەمارۆدانی ئەلەموت لە ١٢٥٦
وێنەیەکی شێوەکاریی مەغۆلی لە گەمارۆدانی ئەلەموت لەلایەن ھۆلاکۆوە

مۆنگکۆ خانی برای ھۆلاکۆ لە ساڵی ١٢٥١دا وەک خانی مەزن دەستبەکاربوو. مۆنگکۆ ھۆلاکۆی ڕاسپارد بۆ سەرکردایەتیکردنی سوپایەکی زەبەلاحی مەغۆلەکان بۆ داگیرکردن یان لەناوبردنی دەوڵەتە موسڵمانە ماوەکان لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا. ھەڵمەتەکەی ھۆلاکۆ بەدوای ژێردەستەکردنی دەوڵەتە کوردییە لوڕەکانی باشووری ئێران[٣] و لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسماعیلیی نزاری (حەشاشینەکان) و لەناوبردنی خەلافەتی عەبباسی لە بەغدا و لەناوبردنی دەوڵەتی ئەییووبییەکان لە سووریا کە بنکەکەیان لە دیمەشق بوو، و دواجار شەڕکردن بوو لەگەڵ سوڵتانییەتی مەمالیکیی بەحریی میسر.[٤] مۆنگکۆ فەرمانی بە ھۆلاکۆ کرد کە بەمیھرەبانی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە خۆیان ڕادەست دەکەن و ئەوانەشی کە ڕادەست نابن بە تەواوی لەناویان بەرێت. ھۆلاکۆ بەتوندی بەشی کۆتاییی ئەم ڕێنمایییانەی جێبەجێ کرد. ھۆلاکۆ لە ساڵی ١٢٥٣دا بە سوپایەکەوە کە ڕەنگە گەورەترین سوپای مەغۆل بێت تا ئێستا کۆکرابێتەوە بەڕێکەوت – بە فەرمانی مۆنگکۆ، دوو لە دە یەکی پیاوە جەنگاوەرەکانی ئیمپراتۆریەتەکە بۆ سوپاکەی ھۆلاکۆ کۆکرابوونەوە.[٥] ئەو لە ساڵی ١٢٥٥دا گەیشتە ماوەڕائوننەھر. ئەو بە ئاسانی کوردە لوڕەکانی لەناوبرد، و ڕێکخراوەی حەشاشینەکانی قەڵای ئەلەمووتی بێوێنەی خۆیان بەبێ شەڕ لە سەرەتای ساڵی ١٢٥٦دا ڕادەست کرد، و ڕێککەوتنێکیان قبووڵکرد کە ژیانی خەڵکەکەیانی پاراست. ھۆلاکۆ خان ئازەربایجانی وەک بنکەی دەسەڵاتی خۆی ھەڵبژارد، لە کاتێکدا فەرمانی بە بایجوو کرد پاشەکشە بکات بۆ ئانادۆڵ. لانی کەم لە ساڵی ١٢٥٧ بەدواوە، موسڵمانان و مەسیحییەکانی ھەموو جۆرە ئایینییە سەرەکییەکانی ئەورووپا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، و ناوەڕاستی ئاسیا بەشێک بوون لە سوپاکەی ھۆلاکۆ.[٦]

نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٢٥٧، پێش ئەوەی ھۆلاکۆ دەست بکات بە ھێرشکردنە سەر خەلافەتی عەبباسی و گەمارۆدانی بەغدا و لەناوبردنی دەوڵەتی ئەییووبی لە سووریا و ھێرشکردنە سەر فەڵەستین

گەمارۆدانی بەغدا

[دەستکاری]

سوپای مەغۆلی ھۆلاکۆ لە تشرینی دووەمی ١٢٥٧دا بەرەو بەغدا بەڕێکەوت. کاتێک نزیک بووەوە لە شارەکە، ھێزەکانی دابەش کرد بۆ ئەوەی لە ھەردوو بەری ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای دیجلە ھەڕەشە لە شارەکە بکەن. ھۆلاکۆ داوای خۆڕادەستکردنی کرد، بەڵام خەلیفە، ئەلموستەعسیم بیللا، ڕەتی کردەوە. بەھۆی ناپاکیی ئەبوو عەلقەمە، ڕاوێژکارێکی ئەلموستەعسیم، ڕاپەڕینێک لە سوپای بەغدادا ڕوویدا و گەمارۆدانی بەغدا دەستی پێ کرد. مەغۆلە ھێرشبەرەکان بەنداوەکانیان شکاند و زەویی پشت سوپای خەلیفەیان نوقمی ئاو کرد، و تەڵەیان بۆ نانەوە. زۆربەی سوپاکە سەربڕدران یان خنکان.

مەغۆلەکان لەژێر دەستی ژەنەراڵی چینی گوۆ کان لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٢٥٨دا گەمارۆی شارەکەیان دا،[٧] پەرژین و خەندەقیان دروست کرد و ئامێرەکانی گەمارۆدان و مەنجەنیقیان ھێنایە پێشەوە. جەنگەکە بەپێی ستانداردەکانی گەمارۆدان کورت بوو. تا ٥ی شوبات مەغۆلەکان کۆنترۆڵی بەشێکی دیواریان کرد. خەلیفە ھەوڵی دانووستانی دا بەڵام ڕەتکرایەوە. لە ١٠ی شوباتدا بەغدا خۆی ڕادەست کرد. مەغۆلەکان لە ١٣ی شوباتدا ڕژانە ناو شارەکە و دەستیان بە ھەفتەیەک لە وێرانکاری کرد. کتێبخانەی گەورەی بەغدا (کە بە بەیتی حیکمەش ناسرابوو)، کە چەندین بەڵگەنامەی مێژوویی و پەرتووکی گرانبەھای لەسەر بابەتەکانی پزیشکی تاوەکوو گەردوونناسیشی تێدا بوو، وێرانکرا. دانیشتووان ھەوڵی ھەڵاتنیان دا بەڵام لەلایەن سەربازە مەغۆلەکانەوە ڕێگرییان لێکرا.

تابلۆیێکی ھۆلاکۆ خان (چەپ) کە خەلیفە لە نێو گەنجینەکانیدا زیندانی دەکات تا لە برساندا دەمرێت. (کە ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە) وێنایەکی سەدەکانی ناوین لە «کتێبی سەرسوڕھێنەرەکان»، سەدەی ١٥.

ئاماری مردووەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان دەگۆڕێت و ناتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە: کەمترین خەمڵاندن نزیکەی ٩٠٬٠٠٠ مردن بوو؛[٨] خەمڵاندنە بەرزترەکان لە ٢٠٠٬٠٠٠ تا ملیۆنێک دەگۆڕێن.[٩] مەغۆلەکان تاڵانییەکی زۆریان کرد و پاشان بیناکانیان وێرانکرد. مزگەوتەکان، کۆشکەکان، کتێبخانەکان، نەخۆشخانەکان—بینا گەورەکان کە بەرھەمی نەوەکان بوون—سووتێنران و لەگەڵ زەوی تەختکران. خەلیفە دەستگیر کرا و ناچار کرا سەیری کوژرانی ھاووڵاتییانی و تاڵانکردنی گەنجینەکەی بکات. «ئیل میلیۆن»، پەرتووکێک لەسەر گەشتەکانی بازرگانی ڤێنیزی مارکۆ پۆڵۆ، دەڵێت کە ھۆلاکۆ خەلیفەی لە برساندا کوشتووە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی پشتڕاستکەرەوە بۆ ئەوە نییە. زۆربەی مێژوونووسان بڕوایان بە گێڕانەوەکانی مەغۆل و موسڵمانان ھەیە کە دەڵێن خەلیفە لە ناو فەرشێکدا پێچراوەتەوە و مەغۆلەکان بە ئەسپەکانیان بەسەریدا ڕۆیشتوون، چوونکە بەپێی نەریتی مەغۆلەکان، خوێنی شاھانە نابێت بڕژێتە سەر ئەرز، گەرچی خوێنی شاھانەی دوژمنیش بێت. ھەموو کوڕەکانی جگە لە یەکێکیان کوژران. بەغدا دوای گەمارۆدانەکە دووچاری دابەزینێکی سەختی گرنگی بووەوە و ئیدی بەغدا گرنگییەکی وەھای نەما، ھەرچەندە بەپێی گوتەی مێژوونووس میشال بیران، ھۆلاکۆ فەرمانی بە دووبارە بونیادنانەوەی شارەکە دا و کتێبخانەکان لە ماوەی دوو ساڵدا دووبارە کرانەوە.[١٠][١١] دەوڵەتە بچووکەکانی ناوچەکە پەلەیان کرد بۆ دڵنیارکردنەوەی ھۆلاکۆ لە دڵسۆزیی خۆیان، و مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٥٩دا ڕوویان لە سووریا کرد، دەوڵەتی ئەییووبییان داگیرکرد و دەستەی پێشڕەوییان تا شاری غەززە نارد.

خەلیفە موستەعسیم بیللا بە قۆڵبەستکراوی دەبردرێت بۆ ھۆلاکۆ خان

گەمارۆدانی ھەولێر

[دەستکاری]

ھۆلاکۆ لەگەڵ گرتنی بەغدا، فەرمانی گرتنی شاری ھەولێریشی دا.

لەشکرکێشیی سەر سووریا (١٢٦٠)

[دەستکاری]
ھۆلاکۆ و شاژن دۆقوز خاتوون وەک قوستەنتینی مەزن و ھێلین لە ئینجیلێکی سریانیدا وێنا کراون.[١٢][١٣]

لە ساڵی ١٢٦٠دا، ھێزە مەغۆلەکان لەگەڵ ھێزە پاشکۆ مەسیحییەکان لە ناوچەکەدا یەکیان گرت، لەوانەش سوپای شانشینی ئەرمەنستانی کیلیکیا لەژێر دەسەڵاتی ھێتوومی یەکەم، پاشای ئەرمینیا و فەڕەنجییەکانی بۆھیمۆندی شەشەمی ئەنتاکیە. ئەم ھێزە سووریای ئیسلامیی داگیرکرد، کە لە ژێر قەڵەمڕەویی خانەدانی ئەییووبی بوو. ئەوان حەلەبیان گەمارۆ دا و لەژێر دەستی ژەنەراڵی مەسیحی کیتبوقا، لە ١ی ئازاری ١٢٦٠دا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت.[ئ] مەراسیمێکی مەسیحی لە مزگەوتی ئەمەوی ئەنجامدرا و چەندین مزگەوت بێڕێزییان پێکرا. زۆرێک لە گێڕانەوە مێژوویییەکان باس لەوە دەکەن کە سێ فەرمانڕەوا مەسیحییەکە ھێتووم، بۆھیمۆند، و کیتبوقا پێکەوە بەسەرکەوتوویی چوونەتە ناو شاری دیمەشق،[١٤][١٥] ھەرچەندە ھەندێک لە مێژوونووسی مۆدێرن ھەن وەک دەیڤد مۆرگان کە گومانیان لەم چیرۆکە ھەیە و ڕەتی دەکەنەوە و بە ساختەی دەزانن.[١٦]

داگیرکارییەکە بەکردار ئەییووبییەکانی لەناوبرد، کە تا ئەو کاتە خانەدانێکی بەھێز بوون کە فەرمانڕەوایەتیی بەشە گەورەکانی شام، میسر، و نیمچەدوورگەی عەرەبییان دەکرد. دوایین پاشای ئەییووبی، ئەلناسڕ یووسف، لە ھەمان ساڵدا لەلایەن ھۆلاکۆوە کوژرا.[١٧] بە تێکشکانی بەغدا و لاوازبوونی دیمەشق، ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی گوازرایەوە بۆ پایتەختی سوڵتانی مەمالیک لە قاھیرە. ھۆلاکۆ مەبەستی بوو ھێزەکانی بەرەو باشوور بە ناو فەلەستیندا بەرەو قاھیرە بنێرێت.

بۆیە نامەیەکی ھەڕەشەئامێزی لە ڕێگەی نێردراوێکەوە بۆ سوڵتان سەیفەددین قوتزی مەمالیک لە قاھیرە نارد و داوای لێکرد شارەکەی بکاتەوە ئەگینا وەک بەغدا وێران دەکرێت. پاشان، چوونکە خۆراک و ئالیک لە سووریادا بەس نەبوو بۆ دابینکردنی پێداویستیی تەواوی سوپاکەی، و چوونکە پراکتیکی ئاساییی مەغۆلەکان بوو کە بۆ ھاوین سوپاکانیان بۆ کوێستانە فێنکەکان بگوازنەوە، ھۆلاکۆ سوپای سەرەکیی خۆی بۆ ئێران لە نزیک ئازەربایجان پاشەکشە پێکرد، و تەنھا یەک تومەنی (١٠٬٠٠٠ پیاو یان کەمتر) لەژێر دەستی کیتبوقا بەجێھێشت، کە لەلایەن خۆبەخشە ئەرمەنی، گوتجی و فەڕەنجییەکانەوە (مەسیحییەکان بەگشتی) ھاوکاری دەکران، کە ئەمەی بە بەس دەزانی. پاشان ھۆلاکۆ خۆی بەرەو مەغۆلیا بەڕێکەوت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە ململانێی جێنشینیی ئیمپراتۆریەتەکەدا بگێڕێت کە بەھۆی مردنی خانی مەزن مۆنگکۆ لە ھەشت مانگ پێشتردا دروست ببوو. بەڵام دوای پێگەیشتنی ھەواڵی ئەوەی کە چەند مەغۆلێکی کەم لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، سەیفەددین قوتز بەخێرایی سوپا ٢٠٬٠٠٠ کەسییەکەی کە بەباشی ڕاھێنرابوون و ئامادەکرابوون لە قاھیرە کۆکردەوە و ھێرشی کردە سەر فەلەستین. پاشان لە سووریا لەگەڵ سەرکردەیەکی ھاوڕێی مەمالیک، بایبەرس، ھاوپەیمانیی بەست، کە نەک تەنھا پێویستی بە پاراستنی داھاتووی خۆی بوو لە مەغۆلەکان، بەڵکوو پەرۆش بوو تۆڵەی ئیسلام و موسڵمانان لە بەرامبەر گرتنی دیمەشق و تاڵانکردنی بەغدا و داگیرکردنی سووریا لە مەغۆلەکان بکاتەوە.

مەغۆلەکان لای خۆیانەوە ھەوڵیان دا ھاوپەیمانییەکی فەڕەنجی-مەغۆلی لەگەڵ پاشماوەی شانشینی خاچپەرستی ئۆرشەلیم (قودس) پێکبھێنن (یان لانی کەم داوای تەسلیمبوونیان لێ بکەن)، بەڵام پاپا ئەلێکساندەری چوارەم ئەو جۆرە ھاوپەیمانییەی قەدەغە کردبوو. گرژیی نێوان فەڕەنجییەکان و مەغۆلەکان زیادی کرد کاتێک جولیانی صەیدا بووە ھۆی ڕووداوێک کە بەھۆیەوە یەکێک لە نەوەکانی کیتبوقا کوژرا. کیتبوقا کە تووڕە بوو، صەیدای تاڵانکرد. بارۆنەکانی عەککا کە مەغۆلەکان پەیوەندییان پێوە کردبوون، مەمالیکەکانیش بۆ داوای ھاوکاریی سەربازی دژی مەغۆلەکان چووبوونە لایان. ھەرچەندە مەمالیکەکان دوژمنی نەریتیی فەڕەنجییەکان بوون، بەڵام بارۆنەکانی عەککا مەغۆلەکانیان وەک مەترسییەکی دەستبەجێتر ناسی. خاچپەرستەکان لە جیاتی ئەوەی لایەنێک بگرن، پێگەی بێلایەنییەکی وریایان لە نێوان ھەردوو ھێزەکەدا ھەڵبژارد. بەڵام لە ھەنگاوێکی نائاساییدا، ڕێگەیان بە مەمالیکە میسرییەکان دا کە بێ ڕێگری بە ناو خاکی خاچپەرستەکاندا بەرەو باکوور بڕۆن و تەنانەت ڕێگەیان پێ دان لە نزیک عەککا کەمپ دابنێن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

شەڕی عەین جالووت

[دەستکاری]
ھۆلاکۆ سەرکردایەتیی سوپاکەی دەکات

کاتێک لە ساڵی ١٢٦٠دا ھەواڵ گەیشت کە مەغۆلەکان لە ڕووباری ئوردن پەڕیونەتەوە، سوڵتان سەیفەددین قوتز و ھێزەکانی بەرەو باشووری ڕۆژھەڵات بەرەو «کانیی گۆلیات» (کە بە عەرەبی بە «عەین جالووت» ناسراوە) لە دۆڵی جەزرەئیل بەڕێکەوتن. ئەوان لە شەڕی عەین جالووتدا ڕووبەڕووی سوپای مەغۆلیی نزیکەی ١٢٬٠٠٠ کەسی بوونەوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بێوچان جەنگان. بایبەرسی سەرکردەی مەمالیکەکان زیاتر تەکتیکی لێدان و ڕاکردنی بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی ھێزە مەغۆلەکان ڕابکێشێت بۆ شوێنکەوتنی. بایبارس و سوڵتان سەیفەددین قوتز زۆربەی ھێزەکانیان لە گردەکاندا شاردبووەوە بۆ ئەوەی لە بۆسەدا چاوەڕێ بکەن تا مەغۆلەکان بگەنە مەودای گونجاو. کیتبوقای سەرکردەی مەغۆلەکان، کە پێشتر بەھۆی ڕاکردنی بەردەوامی بایبەرس و سوپاکەی تووڕە ببوو، بڕیاری دا بە ھەموو سوپاکەیەوە بە شوێن میسرییە ھەڵاتووەکاندا بڕوات. کاتێک مەغۆلەکان گەیشتنە بەرزایییەکان، میسرییەکان لە حەشارگەکانیان دەرکەوتن، و مەغۆلەکان خۆیان لە نێو ھێزەکانی دوژمندا بینییەوە لەکاتێکدا سوپا شاردراوەکان لە لاکانەوە لێیان دەدان و سوڵتان قوتزیش لە پشتی مەغۆلەکانەوە ھێرشی دەکرد. خەمڵاندنەکان بۆ قەبارەی سوپای میسرییەکان لە ٢٤٬٠٠٠ تا ١٢٠٬٠٠٠ دەگۆڕێت. مەغۆلەکان لە تەڵەکە ڕزگاریان بوو و تەنانەت ھێرشێکی پێچەوانەی کاتیی سەرکەوتوویان ئەنجام دا، بەڵام ژمارەیان ئەوەندە کەم ببووەوە کە ئەنجامەکە حەتمی بوو. تەواوی سوپای مەغۆل کە لە ناوچەکەدا مابوونەوە، بە کیتبوقاشەوە، ڕەتیان کردەوە خۆیان ڕادەست بکەن و ئەو ڕۆژە ھەموویان کوژران. شەڕی عەین جالووت لووتکەی پێشڕەویی مەغۆلەکان بوو، کە لەو خاڵەوە چیتر نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن.

شەڕی ناوخۆ لەگەڵ ھۆردی زێڕین

[دەستکاری]
سکەی ھۆلاکۆ، بە ھێمای کەروێشکی کێوییەوە

دوای یەکلاییکردنەوەی جێنشینی و دەستبەکاربوونی کوبلای خانی برای وەک خانی مەزن، ھۆلاکۆ تا ساڵی ١٢٦٢ گەڕایەوە سەر زەوییەکانی خۆی. بەڵام کاتێک سوپاکانی کۆکردەوە بۆ ھێرشکردنە سەر مەمالیکەکان و تۆڵەسەندنەوەی شکستی عەین جالووت، لە جیاتی ئەوە کێشرا بۆ ناو شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ بەرکە خانی برای باتوو خان. بەرکە خان، کە موسڵمان ببوو و نەوەی چەنگیز خان بوو، لە تووڕەییی خۆیدا دوای تاڵانکردنی بەغدا لەلایەن ھۆلاکۆوە، بەڵێنی سزادانی دابوو و لەگەڵ مەمالیکەکاندا ھاوپەیمانیی بەستبوو. ئەو زنجیرەیەکی گەورە لە ھێرشی بۆ سەر خاکەکانی ھۆلاکۆ دەست پێ کرد، کە لەلایەن نۆگای خانەوە سەرکردایەتیی دەکران. ھۆلاکۆ لە ھەوڵێکی داگیرکاریدا بۆ باکووری قەوقاز لە ساڵی ١٢٦٣دا دووچاری شکستێکی سەخت بووەوە. ئەمە یەکەم شەڕی ئاشکرای نێوان مەغۆلەکان بوو و ئاماژەیەک بوو بۆ کۆتاییی ئیمپراتۆریەتە یەکگرتووەکە. وەک تۆڵەیەک بۆ شکستەکەی، ھۆلاکۆ «ئۆرتۆگ»ەکەی بەرکەی کوشت، و بەرکەش ھەمان شتی کردەوە.[١٨]

تەنانەت لە کاتێکدا بەرکە موسڵمان بوو، لەبەر برایەتیی مەغۆلەکان سەرەتا لە بەرامبەر بیرۆکەی شەڕکردن لەگەڵ ھۆلاکۆدا بەرگریی کرد. ئەو دەیگوت: «مەنگۆلەکان بە شمشێری مەنگۆلەکان دەکوژرێن. ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بووینایە، ئەوا ھەموو جیھانمان داگیر دەکرد». بەڵام بارودۆخی ئابووریی ھۆردی زێڕین بەھۆی کارەکانی ئیلخانییەوە وای لێکرد جیھاد ڕابگەیەنێت، چوونکە ئیلخانییەکان سەروەت و سامانی باکووری ئێرانیان بۆ خۆیان دەبرد و بەھۆی داواکارییەکانی ئیلخانیش بۆ ئەوەی ھۆردی زێڕین کۆیلە بە مەمالیکەکان نەفرۆشێت.[١٩]

ھۆلاکۆ خان لە کانوونی دووەمی ١٢٦٥دا بەسەختی نەخۆشکەوت و مانگی دواتر لە کەنارەکانی چۆمی پەسوە (کە ئەوکات پێی دەگوترا جەغەتوو) کۆچی دواییی کرد و لە دوورگەی شاھی لە دەریاچەی ورمێ نێژرا. مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەو تاقە مەراسیمی ئیلخانی بوو کە قوربانیکردنی مرۆیی (کردنی مرۆڤ بە قوربانی) تێدا بووبێت.[٢٠] گۆڕەکەی قەت نەدۆزراوەتەوە.[٢١]

پرسەی ھۆلاکۆ خان

میرات

[دەستکاری]

ھۆلاکۆ خان بناغەی دەوڵەتی ئیلخانیی دانا. داگیرکارییەکانی ھۆلاکۆ ھەروەھا ئێرانی بە ڕووی ھەردوو کاریگەریی ئەورووپی لە ڕۆژاوا و کاریگەریی بوزی لە ڕۆژھەڵاتەوە کردەوە. بەم شێوەیە، لەگەڵ پاڵپشتیی جێنشینەکانی، نایابییەکی تایبەت لە نژیاروانیی ئێراندا گەشەی کرد. لەژێر دەسەڵاتی خانەدانەکەی ھۆلاکۆدا، مێژوونووسانی ئێرانی دەستیان کرد بە نووسین بە زمانی فارسی نەک زمانی عەرەبی.[٢٢] بەڵام تۆمارکراوە کە کاتێک لە مردن نزیک بووەوە، دژی ویستی دۆقوز خاتوون بووە بە بودی.[٢٣][٢٤] بونیادنانی پەرستگایەکی بودی لە خۆی گەواھیدەری گرنگیدانی ئەوە بەو ئایینە.[٢٥] وەرگێڕانە نوێیەکانی نامە و پەیامەکانی چەندین ڕەبەنی تبتی بۆ ھۆلاکۆ، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو بۆ ماوەی تەمەنی بودی بووە، و پەیڕەوی «مەزھەبی کاگیۆ»ی کردووە.[٢٦]

ھۆلاکۆ پاڵپشتیی نەسیڕەددینی تووسی دەکرد و پشتگیریی لە دامەزراندنی ڕوانگەی مەراغە کرد. ئەو ھەروەھا براکانی جۆوەینی دامەزراند: شەمسەددین جووەینی وەک «خاوەن دیوان» خزمەتی دەکرد، لەکاتێکدا عەتا مەلیک جۆوەینی فەرمانڕەوایەتیی بەغدای دەکرد و بەشداریی لە چاککردنەوەی ئەو زیانانەدا کرد کە بەھۆی داگیرکاریی مەغۆلەکانەوە دروست ببوون.[٢٧]

تێبینییەکان

[دەستکاری]
  1. «لە ١ی ئاداردا کیتبوقا لەسەرکردایەتیی سوپایەکی مەنگۆلدا چووە ناو دیمەشق. پاشای ئەرمینیا و شازادەی ئەنتیکیای لەگەڵ بوو. دانیشتووانی پایتەختە دێرینەکەی خەلافەت بۆ یەکەم جار دوای شەش سەدە بینییان سێ فەرمانڕەوای مەسیحی بەسەرکەوتوویی بە ناو شەقامەکانیاندا دەڕۆن».[١٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Grousset، René (١٩٧٠). The Empire of the Steppes: A History of Central Asia (بە ئینگلیزی). Rutgers University Press. لاپەڕە ٣٥٨. ژپنک ٩٧٨٠٨١٣٥١٣٠٤١.
  2. Vaziri، Mostafa (٢٠١٢). «Buddhism during the Mongol Period in Iran». Buddhism in Iran: An Anthropological Approach to Traces and Influences (بە ئینگلیزی). Palgrave Macmillan US. لاپەڕە ١١١–١٣١. doi:١٠.١٠٥٧/٩٧٨١١٣٧٠٢٢٩٤٣_٧. ژپنک ٩٧٨١١٣٧٠٢٢٩٤٣.
  3. 1 2 داڕێژە:Iranica
  4. Amitai-Preiss, Reuven. The Mamluk-Ilkhanid War
  5. John Joseph Saunders, The History of the Mongol Conquests, 1971.
  6. Chua، Amy (٢٠٠٧). Day of Empire: How Hyperpowers Rise to Global Dominance–and Why They Fall (چاپی 1st). New York: Doubleday. لاپەڕە ١١١. ژپنک ٩٧٨-٠-٣٨٥-٥١٢٨٤-٨. OCLC ١٢٣٠٧٩٥١٦.
  7. «Six Essays from the Book of Commentaries on Euclid». World Digital Library. لە ڕەسەنەکە لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٣ ھێنراوە.
  8. Sicker 2000, p. 111.
  9. New Yorker, April 25, 2005, Ian Frazier, "Invaders - Destroying Baghdad"
  10. Hodous، Florence (٢٠٢٠). «Guo Kan: Military Exchanges between China and the Middle East». لە Biran، Michal؛ Brack، Jonathan؛ Fiaschetti، Francesca (eds.). Along the Silk Roads in Mongol Eurasia: Generals, Merchants, and Intellectuals (چاپی 1st). Oakland: University of California Press. لاپەڕە ٢٧–٤٣. doi:١٠.٢٣٠٧/j.ctv١٢٥jrx٥.٧. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢٠-٢٩٨٧٥-٠. JSTOR j.ctv١٢٥jrx٥.٧.
  11. داڕێژە:Cambridge History of Iran
  12. "In May 1260, a Syrian painter gave a new twist to the iconography of the Exaltation of the Cross by showing Constantine and Helena with the features of Hulegu and his Christian wife Doquz Khatun" in Cambridge History of Christianity Vol. 5 Michael Angold p. 387 Cambridge University Press ISBN 0-521-81113-9
  13. Le Monde de la Bible N. 184 July–August 2008, p. 43
  14. 1 2 Runciman 1987، لاپەڕە 307.
  15. Grousset, p. 588
  16. Jackson 2014.
  17. Atlas des Croisades, p. 108
  18. Enkhbold، Enerelt (٢٠١٩). «The role of the ortoq in the Mongol Empire in forming business partnerships». Central Asian Survey. ٣٨ (4): ٥٣١–٥٤٧. doi:١٠.١٠٨٠/٠٢٦٣٤٩٣٧.٢٠١٩.١٦٥٢٧٩٩. S2CID ٢٠٣٠٤٤٨١٧.
  19. Johan Elverskog (٢٠١١). Buddhism and Islam on the Silk Road. University of Pennsylvania Press. لاپەڕە ١٨٦–. ژپنک ٩٧٨-٠-٨١٢٢-٠٥٣١-٢.
  20. Morgan, p. 139
  21. Henry Filmer (١٩٣٧). The Pageant Of Persia. لاپەڕە ٢٢٤.
  22. Francis Robinson, The Mughal Emperors And The Islamic Dynasties of India, Iran and Central Asia, pp. 19 & 36
  23. Hildinger 1997، لاپەڕە 148.
  24. Jackson 2014، لاپەڕە 176.
  25. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری ":03" نەدراوە
  26. Martin، Dan؛ Samten، Jampa (٢٠١٤). «Letters for the Khans: Six Tibetan Epistles for the Mongol Rulers Hulegu and Khubilai, and the Tibetan Lama Pagpa. Co-authored with Jampa Samten». لە Roberto Vitali (ed.). Trails of The Tibetan Tradition: Papers for Elliot Sperling (بە ئینگلیزی). Amnye Machen Institute. ژپنک ٩٧٨٨١٨٦٢٢٧٧٢٥. لە ڕەسەنەکە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  27. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "IranicaHulagu" نەدراوە

پەراوێزەکان

[دەستکاری]