ئەردەشێر بابەکان
| ئەردەشێری یەکەم 𐭠𐭥𐭲𐭧𐭱𐭲𐭥 | |
|---|---|
| شاھەنشای ئێران | |
دینارێکی زێڕینی ئەردەشێری یەکەم، ٢٣٠ز | |
| شای فارس | |
| فەرمانڕەوایی | ٢١١/٢١٢-٢٢٤ز |
| پێشوو | شاپووری پاپەکان |
| جێگر | فەرمانگە ھەڵوەشایەوە |
| شاھەنشای ئیمپراتۆریەتیی ساسانی | |
| ماوەی دەسەڵات | ٢٢٤–٢٤٢ز |
| تاج لەسەر نان | ٢٢٦ تەسیفۆن |
| پێشوو | ئەردەوانی چوارەمی ئەشکانی |
| جێگر | شاپووری یەکەم |
| Co-ruler | شاپووری یەکەم (٢٤٠–٢٤٢ز) |
| ھاوسەر | مورۆد |
| منداڵ(ەکان) | شاپووری یەکەم |
| خێزان | خانەدانی ساسانی |
| باوک | پاپەگ یاخود ساسان |
| دایک | ڕۆداگ |
| لەدایکبوون | نەزانراو تیرودا، خیر، فارس |
| مردن | شوباتی ٢٤٢ز |
| ئایین | زەردەشت |
ئەردەشێری یەکەم ناسراو بە ئەردەشێری بابەکان (بە پاڵەوی: 𐭠𐭥𐭲𐭧𐭱𐭲𐭥)، ھەروەھا بە ئەردەشێری یەکخەر ناسراوە[١] (١٨٠–٢٤٢ی زایینی)، دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتیی ساسانی، دوایین ئیمپراتۆریەتیی ئێرانی کۆن بوو. دوای شکاندنی ئەرتەبانی چوارەم، دوایین شاھەنشاھی ئەشکانی، لە دەشتی ھورمزگان لە ساڵی ٢٢٤، خانەدانی ئەشکانی ڕووخاند و خانەدانی ساسانی دامەزراند. دواتر، ئەردەشێر خۆی بە شاھەنشا (شاھان شا) ناوبرد و دەستی کرد بە داگیرکردنی ئەو زەوییەی کە پێی دەگوت «ئێرانشەھر»، نیشتمانی ئێرانییەکان.[٢]
ڕاپۆرتە مێژووییە جیاوازەکان دەربارەی ڕەچەڵەک و باوباپیرانی ئەردەشێر ھەن. بەگوێرەی «تاريخ الرسل والملوك»ی تەبەری، ئەردەشێر کوڕی پاپەک، کوڕی ساسان بوو. گێڕانەوەیەکی تر کە لە «کارنامەی ئەردەشێری بابەکان» و «شاھنامە»ی فیردەوسیدا تۆمارکراوە، دەڵێت ئەردەشێر لە ئەنجامی ھاوسەرگیری ساسان، کە نەوەی داریووشی سێیەم بوو، لەگەڵ کچی پاپەک، پارێزگارێکی ناوچەیی لە فارس، لەدایکبووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تەبەری، ئەردەشێر لە دەوروبەری ئیستەخر، فارس لەدایکبووە. تەبەری ئەوەش زیاد دەکات کە ئەردەشێر کاتێک تەمەنی حەوت ساڵ بووە نێردراوە بۆ لای گەورەی قەڵای دارابگارد. دوای مردنی گەورەکە، ئەردەشێر جێگەی گرتەوە و بوو بە فەرماندەی قەڵای دارابگارد. دواتر پاپەک شایەکی ناوچەیی فارسی بە ناوی گۆچێھر ڕووخاند و کوڕەکەی خۆی، شاپووری لەبری ئەو دەستنیشان کرد. شاپوور و باوکی، پاپەک، لەناکاو مردن و ئەردەشێر بوو بە فەرمانڕەوای فارس. گرژی لە نێوان ئەردەشێر و ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیدا زیادی کرد، و سەرەنجام لە ٢٨ی نیسانی ٢٢٤، ئەردەشێر لە دەشتی ھورمزگان ڕووبەڕووی سوپای ئەرتەبانی چوارەم بووەوە، کە لەوێدا شاھەنشاھی ئەشکانی شکا و لە شەڕدا کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتە شاھانەکان، پاپەک بوو کە گۆچێھر، شای ناوچەیی فارسی ڕووخاند و کوڕەکەی خۆی، شاپووری لەبری ئەو دەستنیشان کرد؛ ئەردەشێر ڕەتیکردەوە دەستنیشانکردنی شاپوور قبووڵ بکات و براکەی و ھەر کەسێکی تری کە لە دژی وەستابوو لادا و دواتر دراوی لێدا کە وێنەی ڕوخساری خۆی لەسەر بوو و وێنەی باوکی، پاپەک لە پشتەوە بوو. ئەوە ئەگەری ھەیە کە ئەو ڕۆڵە یەکلاکەرەوەیەی دەربارەی ئەردەشێر لە سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕین دژی حکوومەتی ناوەندی باس دەکرێت، بەرھەمی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی دواتر بێت. پاپەک پێدەچێت تا ئەو کاتە زۆربەی فارسی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا یەکخستبێت.
ئەردەشێر ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای شاھانەدا. ئەو ھەوڵیدا خۆی وەک پەرستەری مەزدا و نەوەی خوداکان نیشان بدات کە خاوەنی «خوەرنە»یە، ئەو شکۆمەندییە شاھانەییە یەزدانییەی کە لە زەردەشتیدا بۆ پاشاکان دادەنرێت. بۆ شەرعییەت دان بە دەسەڵاتی خۆی و لێسەندنەوەی شەرعییەت لە ئەشکانییەکان، ئیدیعای ڕەچەڵەکی کرد لە شاکانی ئێرانی ئەفسانەیی و خۆی وەک بەردەوامپێکەری ھەخامەنشییەکان، دروستکەرانی یەکەم ئیمپراتۆریەتیی فارسی، نیشان دا، ھەرچەندە باوەڕی ئێستا ئەوەیە کە ساسانییە سەرەتاییەکان زانیاری زۆریان دەربارەی مێژووی ھەخامەنشییەکان نەبووە. لە لایەکی ترەوە، ھەندێک مێژوونووس پێیان وایە کە یەکەم شاھەنشاھە ساسانییەکان ئاشنای ھەخامەنشییەکان بوون و جێنشینەکانیان بە ئەنقەست ڕوویان لە کیانییە ئەفسانەییەکان کردووە. ئەوان بە ئاگایانە ھەخامەنشییەکانیان پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی ڕابردووی خۆیان بۆ کیانییەکان بگێڕنەوە؛ و ئەوە لەو شوێنەدا بوو کە مێژوونووسیی پیرۆزیان بەکارھێنا.
بۆ نیشاندانی سەرکەوتنەکانی، ئەردەشێر نەخشەبەردینەی لە فەیروزاباد (شاری گۆر یان ئەردەشێر-خوەرە)، نەقشی ڕەجەب و نەقشی ڕوستەم ھەڵکۆڵی. لە نەخشەبەردینەکەیدا لە نەقشی ڕوستەم، ئەردەشێر و ئەھوورا مەزدا لە بەرامبەر یەکترن لەسەر پشتی ئەسپ و تەرمی ئەرتەبان و ئەھریمەن لەژێر سمە ئەسپەکانی ئەردەشێر و مەزدا بەدی دەکرێن. دەتوانرێت لە وێنەکە ئەوە وەربگیرێت کە ئەردەشێر وای دادەنا یان ئاواتی دەخواست کە کەسانی تر وا تێبگەن کە دەسەڵاتی ئەو بەسەر ئەو خاکەی کە لە بەردەنووسەکاندا بە «ئێران» ناونراوە لەلایەن پەروەردگارەوە دیاری کراوە. وشەی «ئێران» پێشتر لە «ئاوێستا»دا و وەک «ناوی خاکی ئەفسانەیی ئاریایییەکان» بەکارھاتبوو. لە سەردەمی ئەردەشێردا، ناوی «ئێران» بۆ ئەو ناوچەیە ھەڵبژێردرا کە لەژێر دەسەڵاتی ساسانیدا بوو. بیرۆکەی «ئێران» بۆ ھەردوو کۆمەڵگەی زەردەشتی و نازەردەشتی لە ھەموو شانشینەکەدا قبووڵ کرا و بیرەوەری بەکۆمەڵی ئێرانییەکان لە قۆناغە جیاوازەکان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا تا سەردەمی مۆدێرنی ئەمڕۆ بەردەوام بوو و ژیا. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە چەمکی «ئێران» پێشتر بەکارھێنانێکی ئایینی و نەتەوەیی ھەبووە و دواتر کۆتایی ھاتووە بە دروستکردنی ڕووی سیاسی خۆی و چەمکی کۆمەڵەیەکی جوگرافی لە خاکەکان.
ڕەگناسی
[دەستکاری]«ئەردەشێر» شێوەی فارسیی نوێی ناوی فارسیی ناوەڕاستی
ە، کە لە بنەڕەتدا لە ئێرانیی کۆنی «Artaxšaθra-» وەرگیراوە، کە ھاوتایە لەگەڵ وشەی یۆنانی Artaxérxēs» (Αρταξέρξης)»)، و زمانی ئەرمەنیی کۆن «Artašēs» (ئەرتاشێس).[٣] بە واتای وشە، ئەردەشێر واتە «ئەو کەسەی فەرمانڕەوایییەکەی لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و دادپەروەرییە».[٤] بەشی یەکەمی «Arta-xšaθra-» لە چەمکی ئایینی دادپەروەری کە بە ڕتا یان ئاشا ناسراوە وەرگیراوە و بەشی دووەمی پەیوەندی بە چەمکی «شار» و «شانشین»ەوە ھەیە.[٣]
سێ لە شاھەنشاەکانی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی و چوار لە شایە خۆجێییەکانی پارس—کە بە فراتاراکا و پاشاکانی پارس ناسراون—ناویان ئەردەشێر بووە، و ئەردەشێری یەکەم لە زنجیرەی شاکانی ناوچەکەدا ئەردەشێری پێنجەم بووە.[٥]
مێژوونووسی
[دەستکاری]سەرچاوە سەرەکییەکانی سەردەمی ساسانی دەکرێن بۆ دوو پۆلی «پاشماوە دەقییەکان» و «ڕاپۆرتەکان» دابەش بکرێن:
پاشماوە دەقییەکان
[دەستکاری]پاشماوە دەقییەکان بەردەنووس، نووسراوەکانی سەر پێست، پاپیرۆسەکان و قاپ و قاچاخەکان دەگرێتەوە کە بە چەندین زمان و ڕێنووس نووسراون.[٦] نموونەی پاشماوە دەقییەکانی پەیوەندیدار بە ئەردەشێری یەکەم بریتین لە بەردەنووسە کورتەکەی لە نەقشی ڕەجەب و ھەروەھا بەردەنووسی شاپووری یەکەم لە کەعبەی زەردەشت.[٦]
ڕاپۆرتەکان
[دەستکاری]ڕاپۆرتەکان ئەو دەقانەن کە لە زمان و سەردەمە جیاوازەکاندا نووسراون.[٦] بنەمای نووسینی ھەموو مێژوونووسە موسڵمانەکان (مێژووە عەرەبی فارسییەکان)، «خودای نامە»ی فەرمیی دەرباری ساسانی بووە کە یاداشتە تۆمارکراوەکانی ناو ڕۆژژمێرە فەرمییەکانی دەرباری وەک سەرچاوە بەکارھێناوە. خودای نامە لە کۆتاییی سەردەمی ساسانی بە فارسیی ناوەڕاست ئامادە کراوە. ناوی وەرگێڕانە عەرەبییەکەی پەرتووکەکە «سیر الملوک العجم» بوو و وەرگێڕانە فارسییەکەشی «شاھنامە» بوو. ئەمڕۆ ھیچ کام لە وەرگێڕانە ڕاستەوخۆکانی خودای نامە یان دەقە فارسییە ڕەسەنەکەی لەبەر دەستدا نین.[٧]
یۆنانی-ڕۆمانی
[دەستکاری]کاسیۆس دیۆ یەکێکە لە سەرچاوەکانی مێژووی ئەشکانی کە ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕووخانی ئەشکانییەکان و سەرھەڵدانی ئەردەشێری یەکەم داوە.[٦]
مێژووی «ھێرۆدیان» ھەروەھا بە شێوەیەکی بەرفراوان چۆنییەتی گۆڕینی پاشایەتی لە ئەشکانییەوە بۆ ساسانی ڕوونکردووەتەوە.[٧]
ھەرچەندە ئاگاسیاس لە سەردەمی خەسرەوی یەکەمدا ژیاوە، بەڵام بەھۆی دەستڕاگەیشتنی بە ساڵنامە شاھانەکان لە ئەرشیفی تیسفۆن، پەرتووکی مێژووەکەی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکان. بەڵام لە ڕاپۆرتکردنی چیرۆکی گەنجی ئەردەشێردا لێدوانی عامییانەی بەکارھێناوە.[٦]
ئەرمەنی
[دەستکاری]مێژووی ئەرمەنستان لە سەردەمی ساسانیدا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە مێژووی شاھانەی ئێران؛ بۆیە نەک تەنھا نووسینەکانی مێژوونووسە ئەرمەنییەکانی ئەو کاتە بابەتگەلی گرنگ سەبارەت بە بەسەرھاتەکانی شاھەنشاەکانی ئێران دەخەنە ڕوو، بەڵکو بارودۆخی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەرمەنستان نیشان دەدەن.[٧] «مێژووی ئەرمەنی» لە نووسینی ئاگاتانگێلۆس یەکێکە لە سەرچاوە ئەرمەنییەکان سەبارەت بە سەرەتای سەردەمی ساسانی.[٦]
مۆڤسیس خۆرێناتسی، کە بە ھێرۆدۆتی ئەرمەنی ناسراوە، مێژوونووسێکی سەدەی پێنجەمی زایینییە و چیرۆکێکی سەبارەت بە ئەردەشێری یەکەم گێڕاوەتەوە کە تا ڕادەیەک ھاوشێوەی ئەو چیرۆکەیە کە لە ژیاننامەی کورووشی مەزن وەرگیراوە.[٨]
سوریانی
[دەستکاری]پۆلێکی تری سەرچاوەکانی مێژووی ساسانی بریتین لەو پەرتووکانەی کە لەلایەن مەسیحییەکانەوە بە زمانی سوریانی نووسراون.
«ڕۆژژمێری ئەربێلا» دەقێکە لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی زایینی نووسراوە و مێژووی ناوچە کریستیانەکانی مێزۆپۆتامیا لە سەدەی دووەمەوە تا ساڵی ٥٥٠ لەخۆدەگرێت.[٧] پەرتووکەکە بۆ سەردەمی ڕووخانی ئەشکانییەکان و سەرھەڵدانی ساسانییەکان زۆر بەنرخە.[٦]
«مێژووی ئۆدێسا» پەرتووکێکە لە ساڵی ٥٤٠ نووسراوە و ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٢ی پێش زایین تا ٥٤٠ لەخۆدەگرێت.[٧]
«ڕۆژژمێری کەرخی بێت سۆلوگ»، سەرچاوەیەکی کورت بەڵام گرنگە کە زانیاری بەنرخ سەبارەت بە سەرەتای سەردەمی ساسانی دەخاتە ڕوو.[٦]
فارسیی ناوەڕاست
[دەستکاری]«کارنامەی ئەردەشێری بابەکان» چیرۆکێکی داستانییە دەربارەی ئەردەشێری یەکەم و چۆنییەتی سەرکەوتنی بۆ سەر تەختی ئێرانی. دەقەکە لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠ی زایینی و لە کۆتاییی سەردەمی ساسانی بە زمانی فارسیی ناوەڕاست نووسراوە.[٩][١٠]
فارسیی نوێ
[دەستکاری]
شاھنامەی فیردەوسی گەورەترین و گرنگترین سەرچاوەیە سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە پەیوەندییان بە مێژووی نیشتمانیی ئێرانەوە ھەیە. زانیاری بەسوود سەبارەت بە ڕێکخراو و شارستانییەتی ساسانی دەخاتە ڕوو.[٦]
«مێژووی بەڵعەمی»، کە دووبارە نووسینەوەیەکی فارسیی «مێژووی تەبەری»یە، یەکێکە لە گرنگترین بەرھەمە پەخشانییە فارسییەکان دەربارەی ساسانییەکان. جیا لە دەقە عەرەبییەکە، بەرھەمەکە بەنرخە چونکە ھاوتا فارسییەکانی دەربڕینە عەرەبییەکانی مێژووی تەبەری دابین دەکات.[٦]
«فارسنامە» یەکێکە لە سەرچاوە فارسییە بەسوودەکان دەربارەی مێژووی ساسانی کە زانیاری بەنرخ دەربارەی بارودۆخ و پلەوپایەی پارێزگارە دەستنیشانکراوە گەورەکان و پێگەکانیان دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا وەک بەشێک لە خەڵکی گشتی بە نیسبەت پاشاکانەوە دادەنران.[٦]
«مێژووی تەبەرستان»ی ئیبن ئیسفەندیار یەکێکی ترە لە سەرچاوەکانی مێژووی ساسانی. «نامەی تانسەر» لە ناو پەرتووکەکەدا نووسراوە.[٦]
«موجەمەل التواریخ» دەقێکی خاوەن بەھایەکی سنووردارە، چونکە زۆربەی ڕاپۆرتەکانی لە سەرچاوەکانی تریشدا بە درێژی باسکراون.[٦]
«پەیمانی ئەردەشێر» نامەیەک یان ئامۆژگارییەکی ئەردەشێری یەکەمە دەربارەی ڕێوڕەسمەکانی حکوومەت کە لە «موجەمەل التواریخ»دا ناوی ھاتووە.[١١]
عەرەبی
[دەستکاری]«مێژووی تەبەری» زنجیرە پەرتووکێکە بە زمانی عەرەبی کە سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتییە دەربارەی مێژووی ساسانی.[٦]
مشتومڕ لەسەر نەژاد
[دەستکاری]بەپێی پەڕتووکی کارنامەی ئەردەشێری بابەکان، کە لە سەدەی ٦ی زایینی نووسراوە، بەڵام ئەگەڕێتەوە سەردەمانی ئەردەشێری یەکەم و شاپووری یەکەمی کوڕی. ئەوا ئەردەشێر بە بنەچە ئەگەڕێنەوە سەر دارا (داریووش)، کۆتا فەرمانڕەوای هەخامنشی.[١٢] ئەردەشێر لە نامەیەکدا لە لایەن ئەردەوانی ئەشکانی پێی وتراوە «هەی کورد تۆ گەورە بووی لە ناو خێمەی ڕەشماڵنشینە کوردەکان».
باس لەوە کراوە کە ناوەکە ڕەنگە ڕەنگدانەوەی شوێنێکی سەردەمی بڕۆنزیی کار-دا بێت،[١٣] کە ھاوپێچ لەوانەیە ڕەنگدانەوەی ناوچەیەکی عەرەبی (بەپێی قورئان) جودی بێت.[١٤] کە ئەمەش نەژادی ئەردەشێر دەگەڕێنێتەوە سەر کورد و نزیکیی لە کوردانی ئەم سەردەمە. بوونی خاکێک بە ناوی «کاردا» لە سەرچاوە سۆمەرییەکان لە ھەزارەی سێیەمی پێش زایین، لەسەر پارچە قوڕینێکی سۆمەری کە ئاماژە دەکات بۆ «خاکی کاردا» لە ناوچەکانی سۆمەریدا،[ئ] کە ڕەنگە نزیک ھەولێر و باشووری دەریاچەی وانی ئێستا بێت. ھەندێک لە زانایان ئەمەیان بە گرووپەکانی دواتری وەک کاردۆخییەکان داناوە کە زەینەفۆن لە ئاناباسیسدا باسی کردووە، کە لە ھەمان ناوچەدا ژیاون و پەیوەستیان ھەیە بە باپیرانی کوردەوە.[١٥][١٦]
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ ئەو ناوچانەی کە لە کارگێڕی سۆمەرییەکاندا ھەبوون
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ "Sasanian Dynasty", A. Shapur Shahbazi, Encyclopædia Iranica, (July 20, 2005).[1]
- ↑ Daryaee. The Political History of Ērānšahr.
- 1 2 Shahbazi. Sasanian History.
- ↑ Schmitt. Artaxerxes.
- ↑ Sharpp. Orders of Achaemenid Shahanshahs.
- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 Windengren. The Cambridge History of Iran.
- 1 2 3 4 5 Christensen. Iran During the Sassanians.
- ↑ Safa. Epics in Persia.
- ↑ Sharifi. Culture of Persian Literature.
- ↑ Parikhanian. In the Cambridge History of Iran.
- ↑ Mashkur. Log of Ardashir I.
- ↑ André-Salvini، Béatrice (٢٠٠٥). Forgotten Empire: The World of Ancient Persia (بە ئینگلیزی). University of California Press. لاپەڕە ٢٥١. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢٠-٢٤٧٣١-٤.
- ↑ Hakan Ozoglu, Kurdish notables and the Ottoman State, 2004, SUNY Press, 186 pp. , ISBN 0-7914-5993-4 (See p. 23)
- ↑ Ilya Gershevitch, William Bayne Fisher, The Cambridge History of Iran: The Median and Achamenian Periods, 964 pp. , Cambridge University Press, 1985, ISBN 0-521-20091-1, ISBN 978-0-521-20091-2, (see footnote of p.257)
- ↑ Driver، G. R. (1923-07). «The Name Kurd and its Philological Connexions». Journal of the Royal Asiatic Society (بە ئینگلیزی). ٥٥ (3): ٣٩٣–٤٠٣. doi:١٠.١٠١٧/S٠٠٣٥٨٦٩X٠٠٠٦٧٦٠٥. ISSN ١٣٥٦-١٨٦٣.
{{cite journal}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوت=(یارمەتی) - ↑ Niranji، Sherko Subhan؛ Al-Jaf، Sirwan M. A. (٢٠٢٢). «Genotype Frequency of the Common TLR4 SNPs in a Kurdish Population: Global Reviews and Out-of-African Migrations». Human Biology. doi:١٠.١٣٥٣/hub.٢٠١٧.٠١٠٥. ISSN ١٥٣٤-٦٦١٧.
{{cite journal}}: line feed character لە|سەردێڕ=لە 56 (یارمەتی)