ئاوی ژێرزەوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
تەواوی[بەستەری مردوو] ئاوی سەر زەوی ڕووباری ئەلاپاھا لە فلۆریدا دەچێتەوە ناو چاڵێکی قوچەکی کە لەوێش دەگاتەوە چینێکی ئاوھەڵگڕ.

ئاوی ژێر زەوی ئەو ئاوەیە کەوا لەژێر ڕووکەشی زەوی و بەدیاریکراوی لەنێو کونە بۆشە خۆڵییەکان و لەنێو جێگا شکاوەکانی کەڤردا بوونی ھەیە. ھەرکاتێک ئاوی سەر زەوی دەچێتە نێو قووڵایی خاکەکە ئەوا بە ئاوی ژێر زەوی پێناسە دەکرێت. ئەو ئاوەشی کە دەچێتە ژێر زەوی ڕاستەوخۆ کون و کەلێنە بۆشەکان پڕدەکاتەوە. ماددەی ڕەق نەبوو (وەک خۆڵ)یان ھەر تەنێک بە چینی ئاوھەڵگر یان ئاوە کۆگای ژێرزەوی[١] بانگدەکرێت ھەرکاتێ توانای دروستکردنی بڕە ئاوێکی ھەبێت.

کاتێ ئاویش دەچێتە ژێر زەوی دەکرێ بەسەر سێ چین دابەش بکرێت کە بریتین لە "ناوچەی نەخوساو - Unsaturated Zone" کە تێیدا ئەو ناوچەیە کە ھیچ ئاوێک لە نێو کەلێنەکانی بەدی ناکرێت، "ناوچەی خوساو - Saturated/Phreatic Zone" کە تێیدا خوساوە یان تێرە لە ئاو. ھێلی جیاکەرەوەی نێوان ھەردوو ناوچەکەش پێیدەگوترێ "Water Table - ئاستی وەستانی ئاو". پڕبوونەوەی چینی ئاوھەڵگڕ ئەو پڕۆسەیە کەوا چینە پڕ ئاوەکانی ژێر زەوی دووبارە پڕ دەبنەوە لە ئاو. پێچەوانەی ئەمەش بریتییە لە دەرھێنانەوەی ئاو بۆ مەبەستەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی، یاخود بەشێوەیەکی سروشتی لەڕێگای کانییەکانەوە. ئەو زانستەی کە لە بوون و پەیدا بوون و شێوە و دابەش بوونی ئاو ئەکۆڵێتەوە پێیدەگوترێ ئاوناسی.

بەشێوەیەکی گشتی، ئاوی ژێر زەوی بەو ئاوە دەگوترێ کە بەنێو چینە ئاوھەڵگرەکانەوە دەڕوات، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە، دەستەواژەکە دەکرێ بەکاربھێنرێ بۆ تەڕی خۆڵ، خۆڵی بەستوو، ئاوی جێگیر لەنێو ئەو کەڤرانەی کەوا ئاستنی دەڵاندنیان نزمە. دەگوترێ کە ئاوی ژێرزەوی کاریگەری لەسەر جووڵەی لێکترازاوەکانیش دەکات لەڕێگای دروستکردنی چەوری. ئاوی ژێرزەوی تەنھا لەژێر ڕووی خاکی زەویدا نییە. بەشێک لە ڕووکەشی ھەسارەی مارس بەھۆی ئاوی ژێرزەوییەوە بە جۆرێک کاریگەر بووە. ھەروەھا بەڵگەی بوونی ئاوی شل لەژێر ڕووی خاکیھورمزیشدا بوونی ھەیە.[٢]

ئاوی ژێر زەوی ھەرزانتر، شیاوتر بۆ کار و پارێزراوترە لە پیسبوون بە بەراورد بە ئاوی سەر زەوی. ھەربۆیەش بە زۆری بۆ دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتووان بەکاردێت. بۆ نموونە، ئاوی ژێر زەوی گەورەترین سەرچاوەی ئاوی بەکارھێنراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، و ساڵانە ویلایەتی کالیفۆرنیا زۆرترین ئاوی ژێر زەوی دەپاڵێوێت.

ئاوی پیسبوو پاککردنەوەی قوڕسترە لە پاککردنەوەی ئاوی نێو کانی و ڕووبارەکان. پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی بەزۆری بەھۆی فڕێدانی پاشماوەکانە لە ئەنجامی کردارە پیشەسازییەکاندا. سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو پاشماوانە بریتین لە پاشماوە کیمیایییە پیشەسازییەکان، زبڵی خاکی، زیاد بەکارھێنانی پەینی کیمیایی لە کشتوکاڵدا و چەندانی تر.

ئاوە کۆگای ژێرزەوی[دەستکاری]

ڕێژەی دەرھێنانی ئاوی ژێر زەوی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا

ئاوە کۆگای ژێرزەوی بریتییە لە چینێکی کوندار کەوا ئاو لە خۆدەگرێت و دەیگوازێتەوە. ھەرکاتێ ئاو ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕووی زەوی و ناوچەی خوساودا گوزەر بکات، ئەوا بەو ئاوە کۆگایە دەگوترێ "ئاوە کۆگای نا سنووردار - Unconfined aquifer". تا چەند بەشەکانی ئەو ئاوە کۆگا ناسنووردارە قووڵتڕ بێ ئەوەندە زیار خوساوترە، بەوپێیەی کە ھێزی کێشکردنی زەوی وا لە ئاوەکە دەکات بەرەو خوارەوە بڕوات.

چینی سەرەوەی ئەو ئاوە کۆگا ناسنووردارە پێیدەگوترێ ئاستی وەستانی ئاو یان ڕووکەشی فریاتی. لەژێر ئاستی وەستانی ئاویشدا، تەواوی کون و کەلێنەکان بە ئاو خوساون بۆیە پێیدەگوترێ ناوچەی خوساو یان ناوچەی فریاتی.

ئەو بنەچینەی ئاستی کونداری و دەڵاندنی نزمە پێیدەگوترێ «aquitard - ڕاگرە چین». ئەو بنەچینەی کەوا کونداری یەکجار کەمە کە ئاستی دەڵاندنی بچووکتریشە بۆ ھاتوچۆی ئاو پێیدەگوترێ «aquiclude - ڕاگرە چین».

کۆتا ئاوی سنووردار "confined aquifer" ئەو کۆگا ئاوەی ژێرزەوییەیە کەوا بە ڕاگرە چینێک "ئەکویتارد یان ئەکویکلود" داپۆشراوە و ھاتوچۆی ئاوی کەمترە بەھۆی نزمی ئاستی دەڵاندن. ئەگەر ھاتوو کۆگا ئاوێکی سنووردار ئاوەکەی وەک چۆن لەسەرچاوەکەیەوە بەرەو خوارەوە دێت ئاوا بەردەوام بێ، ئەوکاتە ئاوەکە پاڵەپۆستۆیەکی زیاتری دێتە سەر لەگەڵ ھاتوچۆیەکەیدا. ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی بیری ئیرتیوازی کەوا بەبێ ھەڵھێنجان گوزەر دەکات بەڕادەیەک بەرز دەبێتەوە دەگاتە سەرووی ئاستی وەستانی ئاویش.

سیفەتەکانی ئاوەی کۆگای ژێرزەوی لەگەڵ پێکھاتەی زەویناسی، شێوازی چین و بەرز و نزمی دا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. بەشێوەیەکی گشتی، ئاوە کۆگا بەرھەمدارەکان لە پێکھاتە نیشتووەکاندا باوترە.

بڕی ئاو لە کۆگا ئاوێکی ژێرزەویدا لەڕێگای پێوانەکردنی ئاستەکانی ئاو لەنێو بیرە ناوخۆیییەکان دەکرێت، یان لەڕێگای پشکنینی تۆمارە زەویناسییەکان

خولی ئاو[دەستکاری]

نەخشەیەکی تایبەت بە چینەکانی ئاو.
درزلۆ،[بەستەری مردوو] سەرچاوەی یەکەمی ئاوی خواردنەوە لە گوندێکی ئوکڕاینا.

ئاوی ژێرزەوی نزیکەی ٢٠٪ی ئاوی سازگاری جیھان پێکدەھێنێت، کەوا دەکاتە نزیکەی ٠٫٦١٪ی تەواوی ئاوی جیھان، بە زەریا و بەستەڵەکەکانیشەوە. ئاوە بەستووەکانی بەستەڵەکەکانیش دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی ئاوی پاک سوودیان لێوەربگیرێت لە حاڵەتی کەمبوونی ئاوی ڕووی زەوی یاخود ھاتنی وشکەساڵی.

ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەکی سروشتی بەھۆی ئاوەکانی سەر ڕووی زەوییەوە دێتە کایەوە، کە ئەوانیش بەھۆی بارانبارین، ڕووبار و کانییەکانەوە پڕدەبنەوە.

فەرشێکی تایبەت بە گۆڕینەوەی ھەڵم بە ئاو.

توێژینەوە نوێکان ئەوەیان دەرخستووە کەوا ھەڵمینی ئاوی ژێر زەوی ڕۆڵێکی دیاری ھەیە لە خولی ئاوی نێوخۆیی، بە تایبەت لە ناوچە کەم ئاوەکان.[٣] زاناکان لە سعودیە پلانێکیان پێشکەشکردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی و بەکارھێنانەوەی ئەو ئاوەی کە دەبێتە ھەڵم بۆ ئاودانی دانەوێڵە. لە وێنەکەی سەرەوەدا، جۆرە ئامێرێکی چوارگۆشەی پەنجا سانتیمەتر دەبینرێت کەوا لە قوچەکی پلاستیکی دروستکراوە و خراوەتە ناوچەیەکی بیابانی بێ سەوزایی بۆ پێنچ مانگ بەبێ ھیچ باران و ئاودانێک. ئەو ئامێرە توانیویەتی بڕە ئاوێکی باش بگەڕێنێتەوە لە باری ھەڵمی دا.

کێشەکان[دەستکاری]

تێڕوانین[دەستکاری]

بەشێک کێشەی تایبەت لە بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەویدا دێتە ئاراوە لە تەواوی جیھان. ھەروەک چۆن ئاوی ڕووبارەکان زۆر بەکاردەھێنرێت و پیسدەکرێت، کۆگا ئاوەکانی ژێرزەویش بەھەمان شێوە ڕووبەرووی ئەم دۆخە دەبنەوە. تاکە جیاوازیان ئەوەیە کە کۆگا ئاوەکانی ژێرزەوی بە چاو نابینرێن.

دەکرێ بڵێین کێشەکان خۆیان لە چوار جۆری سەرەکیدا دەدۆزنەوە:

  1. سیستەمەکانی پاراستنی بیناکان لە لافاو کەوا بەشێوەیەکی نەویستراوە دەبنە ھۆی دابەزینی ئاستی پڕبوونەوەی کۆگا ئاوەکانی ژێرزەوی.
  2. بەردەوام دەرھێنانی ئاوی زۆر کە دەبێتە ھۆی داڕمانی خاکی زەوی و زیان گەیاندن بە باڵەخانەکانی نزیکی.
  3. تێکەڵبوونی ئاوە کۆگایەکی ئاوی سازگار بە ئاوە کۆگایەکی ئاوی سوێر.
  4. تێکەڵبوونیی ئاو بە خۆڵی پێکھاتوو لە سەلفەیت.

لەگەڵ گوزەرکردنی ئاو، ئاوەکە تێکەڵی خوێی تواوە دەبێتە کە سەرەکیترینیان بریتییە لە سۆدیۆم کلۆراید. کاتێ ئەو ئاوە دەگاتە پڕۆسەی بە ھەڵم بوونیش، ئەو خوێیانە بەجێ دەمێنن.

زیاد دەرھێنانی ئاو لە کۆگا ئاوەکان[دەستکاری]

وێنەیەک[بەستەری مردوو] کە نیشاندەدات چۆن دەرھێنانی ئاوی زیاد کاریگەری لەسەر خاک دەکات لە یوتا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ئاوی ژێرزەوی سامانێکی دەوڵەمەند و زۆر بەکارھاتووە. بەڵام زۆر دەرھێنانی ئاوەکە بە ڕادەیەک کە زیاتر بێت لە توانای بەخشینی دەبێە ھۆی دروستکردنی کێشە بۆ ژینگە و دانیشتووان. دیارترین نموونە بریتییە لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بە ڕادەیەک کەوا بیرەکان پێی ناگەن. لەبەرئەوەشە دەبێت بیرەکان بەشێوەیەکی قووڵتر دووبارە لێبدرێنەوە، ئەمەش لە چەندین شوێنی جیھان بەدی دەکرێت (بۆ نموونە کالیفۆرنیا، تێکساس و ھیندستان). لە ھەرێمی پونجابی ھیندستان، ئاستی ئاوی ژێر زەوی ١٠ مەتر ھاتووەتە خوارەوە لەوەتەی ساڵی ١٩٧٩ەوە و ڕێژەی ھاتە خوارەوەشی بەردەوام خێراتر دەبێت.[٤] نزمبوونەوەی ئاستی ئاویش دەبێتە ھۆی دابەزین/داکشان یا تەپینی ڕووی زەوی و بەخوێبوونی ئاوەکە.

ئاوی ژێرزەوی لەڕووی ژینگەزانیشەوە گرینگە. گرینگی ئاوی ژێرزەوی لە سیتەمە ژینگەیییەکاندا زۆربەی جارەکان پشتگوێ خراوە، تەنانەت لەلایەن زانایانی زیندەزان و ژینگەناس.

داڕمان[دەستکاری]

دابەزین/داکشان یا تەپینی ڕووی زەوی (Subsidence) لە ئەنجامی دەرھێنانی ئاوێکی یەکجار زۆرەوە دروستدەبێ، کە دەبێتە ھۆی بەتاڵبوونی بۆشایییەکانی ژێر ڕووی زەوی و ھۆی داڕمانی زەوییەکە. ئەمەش بەھۆی ئەوەیە، چونکە لە دۆخی ھاوسەنگیدا، پەستانی ئاوی ژێر زەوی لەنێوان کونەکانی ئاوە کۆگاکاندا ڕاگری بەشێک لەو کێشەیە کە چینە نیشتووەکان ھەیانە.

پیسبوون[دەستکاری]

ژەنگھێنانی ئاسنی دووانە ئۆکسید بەھۆی پڕۆسەی ئۆکساندنەوە.

ئاوە پیسبووی ژێر زەوی درکپێکردن و پاککردنەوەی قوڕسترە بە بەراورد بە ئاوی کانی و ڕووبارەکان. پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی لە ئەنجامی فڕێدانی زبڵ و خاشاکە بۆ نێو ئەو سەرچاوانەی سەر ڕووی زەوی. ھۆکارە دیارەکانی تری پیسبوونی ئاو ئەمانەن:

  1. فڕێدانی زبڵ بۆ نێو ڕووبارەکان.
  2. پاشماوە پیشەسازییە کیمیاوییەکان،
  3. پڕکردنەوەی گۆمەکان بە زبڵ.
  4. تەقینی بۆڕی تایبەت بە نەوت و گاز.
  5. تێکەڵبوون بە سەرچاوەی ئاوەڕۆکان.

مەترسی پیسبوونی ئاوی شارەکان بەوە کەمدەکرێتەوە کە بیرەکان لەو شوێنانە لێبدرێن کە گەیشتن بە ئاوە ژێرزەوییەکە قووڵتر بێ و خاوەن خۆڵی نەدەڵێنن، لەپاڵ ئەمانەشدا تاقیکردنەوەی ورد بۆ کۆگا ئاوەکەی ژێرزەوی.[٥]

فلۆراید و زەڕنیخ[دەستکاری]

نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی زەوی ئاو لە سەرچاوەکانی ژێر زەوییەوە ئاو دەخۆنەوە. لەو ڕێژەیەشدا، نزیکەی ١٠٪ی کە دەکاتە ٣٠٠ ملیۆن کەس، ئەو سەرچاوانەی کە ئاوی لێ دەخۆنەوە بە تەواوەتی بە ماددە توخمە کیمیایییەکانی وەک زەڕنیخ و فلۆراید پیسبووە.[٦] ئەو توخمانەش بەزۆری لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە پەیدا دەبن کەوا کەڤر و ماددە نیشتووەکان دەگرنەوە.

ڕێگا نوێکانی دیاریکردنی پیسبوونی ئاو[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠٠٨دا، پەیمانگای توێژینەوەی ئاوی سویسڕی، Eawag، ڕێگایەکی نوێیان داھێنا کە تێیدا نەخشەی تایبەت بەو ئاوانەی ژێرزەوی ھەبێ لەگەڵ دووریان لە ھەر پیسبوونێکی نزیک لەخۆشیان.[٧][٨][٩] ئەمەش ڕێگایەکی نایابە بۆ ئەوەی بزانرێ کە کامە بیرە ئاو پێویستی بە پشکنینە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ فەرھەنگی زەویناسی. سلێمانی: کتێبخانەی کتێبیاران. 2009. pp. ٦. |first1= missing |last1= in Authors list (help)
  2. ^ Richard Greenburg (2005). The Ocean Moon: Search for an Alien Biosphere. Springer Praxis Books.
  3. ^ ھەڵەی دەق: مۆدیوول بە ناوی «citation/CS1» بوونی نییە.
  4. ^ Upmanu Lall. "Punjab: A tale of prosperity and decline". Columbia Water Center. Retrieved ٢٠٠٩-٠٩-١١.
  5. ^ "What is hydrology and what do hydrologists do?". The USGS Water Science School. United States Geological Survey. 23 May 2013. Retrieved 21 Jan 2014.
  6. ^ Eawag (2015) Geogenic Contamination Handbook – Addressing Arsenic and Fluoride in Drinking Water. C.A. Johnson, A. Bretzler (Eds.), Swiss Federal Institute of Aquatic Science and Technology (Eawag), Duebendorf, Switzerland. (download: www.eawag.ch/en/research/humanwelfare/drinkingwater/wrq/geogenic-contamination-handbook/)
  7. ^ Amini, M. ; Mueller, K. ; Abbaspour, K.C. ; Rosenberg, T. ; Afyuni, M. ; Møller, M. ; Sarr, M. ; Johnson, C.A. (2008) Statistical modeling of global geogenic fluoride contamination in groundwaters. Environmental Science and Technology, 42(10), 3662–68, doi:10.1021/es071958y
  8. ^ Amini, M. ; Abbaspour, K.C. ; Berg, M. ; Winkel, L. ; Hug, S.J. ; Hoehn, E. ; Yang, H. ; Johnson, C.A. (2008). “Statistical modeling of global geogenic arsenic contamination in groundwater”. Environmental Science and Technology 42 (10), 3669–75. doi:10.1021/es702859e
  9. ^ Winkel, L. ; Berg, M. ; Amini, M. ; Hug, S.J. ; Johnson, C.A. Predicting groundwater arsenic contamination in Southeast Asia from surface parameters. Nature Geoscience, 1, 536–42 (2008). doi:10.1038/ngeo254