پارتی کاری گەل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پارتی کاری گەل
Halkın Emek Partisi
ناوی کرمانجیPartiya Kedê ya Gel
سەرۆکئەحمەد فەھمی ئیشیکلار
دامەزراندن٧ی حوزەیرانی ١٩٩٠
جیابووەتەوە لەپارتی پۆپۆلیستی سۆسیال دیموکرات (سەھەپە)
پاشینەپارتی ئازادی و دیموکراسی
پارتی ئازادی و یەکسانی
قێخەکران١٤ی تەممووزی ١٩٩٣
ئایدۆلۆژیادیموکراسیی کۆمەڵایەتی
مافی چارەنووس بۆ کورد
شوێنی سیاسیچەپی ناوەندی

پارتی کاری گەل یان پارتی کەدی گەل (بە تورکی: Halkın Emek Partisi, HEP) یان بە کورتی ھەئەپە پارتێکی سیاسیی چەپی لایەنگری مافەکانی کوردەکانی تورکیا بوو کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩٣ چالاکیی دەکرد.

مێژوو[دەستکاری]

لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٠ لەلایەن ھەوت ئەندامی مەجلیسی نیشتمانیی گەورەی تورکیاوە دامەزراوە کە لە پارتی پۆپۆلیستی سۆسیال دیموکرات (SHP) دەرکرابوون.[١] ئەوان بەھۆی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەیەکی کوردی کە لە لایەن ئینستیتیوتی کوردیی پاریس ڕێکخرابوو، لە پارتی سەھەپە دەرکران.[٢] سەرۆکی پارتی کاری گەل ئەحمەد فەھمی ئیشیکلار بوو.[١] پارتی کاری گەل لە سەرەتا خۆی وەکوو حیزبێک بۆ ھەموو تورکیا سەیر دەکرد. بەڵام ئەوەی کە پارتیەک کە نوێنەری لە پەرلەمانی تورکیادا ھەیە بە ئاشکرایی داوای مافی زیاتری بۆ کورد بکات، بۆ سیاسەتی تورکیا شتێکی تازە بوو.[٣] سیاسەتمەدارانی پارتی کاری گەل لە پارێزگاکانی کوردستانی تورکیا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە لەبەردەم ئامادەبووانی ھەتا دە ھەزار کەس وتاریان پێشکەش دەکرد، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی گشتی دادەنرا.[٤] پارتی کاری گەل لە ڕوانگەی "پرسی کورد"، بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەل بە ڕێگەی فیدراسیۆن، ڕیفراندۆم یان ھەر جۆرێکی ھاوشێوەی چارەسەری کە گەل بدۆزێتەوە، بە توندی کەمپەینی ساز کرد.[٤] بەدوای ئاھەنگەکانی نەورۆز، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩١ ئەحمەد فەھمی ئیشیکلار سەرۆکی پارتی کاری گەل لە کاتی کۆنگرەی یەکەمی حیزبدا ڕایگەیاند کە چەند بازنەیەک ھەوڵیان داوە پارتەکە وەکوو پارتێکی کوردی مارکە بکەن، و بەو پێیەی پارتی کاری گەل حیزبێکی سەرکوتکراوانە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەی کە پێیان دەوترێت حیزبێکی کوردی مایەی شانازی خۆیان دەزانن. ئیشیکلار چەند ڕۆژی دواتر دووپاتی کردەوە کە ئەوان بەوەی کە بە 'پارتی کورد' ناویان ببەن ناڕەحەت نین، چۆنکە ئەمە کوردە کە زۆرترین پێشێلی مافەکانی کراوە. بە دوای ئەم ڕاگەیاندنە، چەند ئەندامانی دامەزرێنەری حیزبەکە کە تورک بوون دەستیان لە کار کێشایەوە.[٥]

ھەڵبژاردنی ١٩٩١[دەستکاری]

پارتی کاری گەل لە ھەڵبژاردنی گشتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩١، لەگەڵ پارتی سەھەپە بە سەرۆکایەتیی ئەرداڵ ئینونۆ ھاوپەیمانییەکی ھەڵبژاردنیی پێکھێنا[٤][٦] و ٢٢ سیاسەتمەداری حیزبەکە توانیویان لە ڕێگەی ئەم ھاوپەیمانییە بڕۆن بە ناوی پەرلەماندا.[٧] پارتی کاری گەل لە دانوستانی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشدار بوو. لە ١٦ی نیسانی ١٩٩٣دا ئەحمەد تورک سەرۆکی حیزبەکە و پێنج پەرلەمانتاری دیکە سەفەریان بۆ بەر ئەلیاس لە لوبنان کرد و داوای بەردەوامکردنەوەی ئەو ئاگربەستەیان کرد کە پێشتر پەکەکە ڕایگەیاندبوو.[٨] ئاگربەستەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ھەمان ڕۆژ بەڕێوەبرابوو بەردەوامکرایەوە.[٩]

قێخەکردن[دەستکاری]

پارتی کاری گەل بەھۆی پێشخستنی ئاشکرای مافە چاندی و سیاسییەکانی کورد، لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە قەدەغە کرا.[١٠] بەدوای ئەو، پارتی دیموکراسی (DEP) ڕێکخرا کە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٣ دامەزرا.[١] لە ساڵی ٢٠٠٢ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ١٠ ھەزار یۆرۆ و ١٠ ھەزار یۆرۆی دیکەیش بەشێوەی ھاوبەش بە ھەریەک لە فەریدوون یازار، ئەحمەد کاراتاش و ئیبراھیم ئاکسۆی بەھۆی قەدەغەکردنی پارتەکەیانەوە بەخشی.[١١]

ڤەدات ئایدن سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی کاری گەل لەلایەن کەسانێکی چەکدار لە ماڵی خۆی لە ئامەد برا و کوژرا و جەستەکەی لە لە ٧ی خاکەلێوەی ١٩٩١ بەدوای دوو ڕۆژ لە ڕفاندنی لەسەر جادەیەک لە نزیکی مەلەتی دۆزرایەوە. شوکران ئایدن ھاوسەری ڤەدات ئایدن باس لەوە کردووە کە کوشتنی ھاوسەرەکەی خاڵی وەرچەرخان بووە و بەدوای کوشتنی ئەو لە ناوچەی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا ژمارەی کوشتنە چارەسەرنەکراوەکان لەناکاو زیادی کردووە. ئەو گوتووە کە ژیتەم کە یەکەیەکی نھێنیی ناو جەندرمەی تورکیایە، لە کوشتنی ڤەدات ئایدن بەرپرسیار بووە.[١٢]

پەرلەمانتاران[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب Aylin Güney. "The People's Democracy Party" (PDF). Political Parties in Turkey. Archived from the original (PDF) on 2016-03-04. Retrieved 13 September 2015. ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Almost All Party Chairs Served Jail Term". Bianet. 3 May 2017.
  3. ^ Güvenç, Muna (2011). "Constructing Narratives of Kurdish Nationalism in the Urban Space of Diyarbakir, Turkey". Traditional Dwellings and Settlements Review. 23 (1): 27. ISSN 1050-2092. JSTOR 41758881.
  4. ^ ئ ا ب Watts, Nicole F. (November 1999). "Allies and Enemies: Pro-Kurdish Parties in Turkish Politics, 1990–94". International Journal of Middle East Studies (بە ئینگلیزی). 31 (4): 636–637. doi:10.1017/S0020743800057123. ISSN 1471-6380. S2CID 155216330.
  5. ^ Watts, Nicole F. (2010). Activists in Office. University of Washington Press. pp. 64. ISBN 9780295990491.
  6. ^ Turan, Ilter (2015-04-16). Turkey's Difficult Journey to Democracy: Two Steps Forward, One Step Back (بە ئینگلیزی). OUP Oxford. p. 205. ISBN 9780191640612.
  7. ^ Watts, Nicole F. (2011-07-01). Activists in Office: Kurdish Politics and Protest in Turkey (بە ئینگلیزی). University of Washington Press. p. 68. ISBN 9780295800820.
  8. ^ Gunes, Cengiz (2013-01-11). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance (بە ئینگلیزی). Routledge. p. 163. ISBN 9781136587986.
  9. ^ Özcan, Ali Kemal (2006). Turkey's Kurds: A Theoretical Analysis of the PKK and Abdullah Ocalan (بە ئینگلیزی). Routledge. p. 205. ISBN 9780415366878.
  10. ^ Güney 2002, p. 124.
  11. ^ CHAMBER JUDGMENT IN THE CASE OF YAZAR, KARATAŞ, AKSOY AND THE PEOPLE’S LABOUR PARTY (HEP) v. TURKEY, p.1
  12. ^ Melik Duvakli (2 March 2009). "Wife of slain Kurdish politician says husband killed by JİTEM". Today's Zaman. Retrieved 24 May 2010. Şükran Aydın: a clandestine unit within the gendarmerie is responsible for the murder. ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.