کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا
Konfederasyona Civakên Kurdistaniyên li Almanya
Konföderation der Gemeinschaften Kurdistans in Deutschland E.V
ناوبڕکۆن-مەد
دامەزرانئایاری ٢٠١٩
شوێن
وێبگەhttps://kon-med.com

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا یان بە کورتی کۆن-مەد (بە کرمانجی: Konfederasyona Civakên Kurdistaniyên li Almanya، بە ئەڵمانی: Konföderation der Gemeinschaften Kurdistans in Deutschland E.V.) ڕێکخراوێکی چەترەکی بۆ کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە. کۆن-مەد ئامانجی خۆی نەک ھەر بە تەنیا پاڵپشتی کردن لە کۆمەڵە کوردییەکان، بەڵکوو خۆڕێکخستنەوەی کورد لە بوارەکانی سیاسی، ئایینی، ئابووری و ڕۆشنبیری ڕایگەیاندووە. کۆن-مەد لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوەتەوە. پاشگری e.v. لە کۆتاییی ناوی کۆنفیدراسیۆنەکە بە واتای ئەوەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی تۆمارکراوەتەوە.[١]

مێژوو[دەستکاری]

نەریتی خۆڕێکخستن لە نێو کوردەکانی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە بە ھۆی شەڕێکی بەردەوام لە کوردستان، لەو کاتەدا کوردەکان لە چەند شەپۆلێکدا کۆچیان کرد بەڕەو ئەڵمانیا و ئەورووپا، تا ڕادەیەک کە جەماوەری کوردەکانی ئەڵمانیا ھەتا ١ ملیۆن کەسیش ھەزیر دەکرێت. ئەو کوردانە لە ئەڵمانیادا گرنگییەکی زۆرییان دەدا بۆ ئەوەی کە لە پێناوی ئاشتی و دیموکراسی و کۆتاییھێنانی ئاشتیانەی ململانێ لە زێدی خۆیاندا چالاکی بکەن. کۆن-مەد لەسەر ئەو نەریتە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و گەیشتن بەو ئامانجانە و ھەروەھا پێشخستنی بەشداریی کۆمەڵایەتیی کوردەکان لە کۆمەڵگای ئەڵمانیای وەکوو ئامانجی خۆی ڕایگەیاندووەتەوە.[١]

نزیکەی ٢٥٠ دامەزراوە و ئەنجومەن و کۆمەڵەی کوردی بە ھەزاران ئەندام لە ژێر چەتری کۆن-مەد ڕێکخراون. لە چوارچێوەی نامەرکەزیەتی خۆڕێکخستنی دانیشتوانی کورد لە ئەڵمانیا، پێنج فیدراسیۆن دامەزران:

  1. فیدراسیۆنی کۆمەڵگەی ئازادی میزۆپۆتامیا لە ڕاینی باکوور-وێستفالیا (FED-MED NRW)
  2. فیدراسیۆنی دیموکراتی کۆمەڵگاکانی کوردستان (کاوە)
  3. فیدراسیۆنی کۆمەڵگە کوردستانییەکانی بادن-ڤورتەمبێرگ و باڤاریا (FCK)
  4. ناوەندی کۆمەڵایەتیی دیموکراتی کورد لە باکووری ئەڵمانیا (FED-DEM)
  5. فیدراسیۆنی ئازادی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ئەڵمانیا (FED-KURD)[١]

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا ھەر بە تەنیا ڕێکخراوێکی چەترەکیی سەرتاسەری نییە، بەڵکو لە دەیان شاری ئەڵمانیاشدا نوێنەرایەتیی ھەیە کە “ناوەندە کۆمەڵایەتییە دیموکراتییەکانی کورد”یان پێ دەوترێت. ئەم ناوەندانە بۆ ھەموو دامودەزگا، یانەکان، پێکھاتە ئایینییەکان، دەستپێشخەری و گروپە کۆمەڵایەتییە کوردییەکان سەقفێکی ھەرێمی دابین دەکەن. ھەر گروپێک دەتوانێت لەژێر ئەو سەقفەدا تایبەتمەندییەکانی خۆی بپارێزێت و لە ھەمان کاتدا بە ھەماھەنگیی ھاوبەش لەگەڵ ئەوانی تردا کاردەکات.[١]

ئامانجەکان[دەستکاری]

کۆن-مەد بەرزڕاگرتنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، یەکسانیی ڕەگەزی، بەشداریکردنی دیموکراتی و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ئیکۆلۆژی لەنێو ئەندامەکانی خۆی و لەنێو کۆمەڵگەدا وەکوو بنەماکانی خۆی ڕاگەیاندووە.[١]

ئەمەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]