جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆمەڵەی بانگەشە و چاکسازی ئێران
سەرکردەعەبدولرەحمان پیرانی
دامەزراندن١٩٧٩
شوێنگەی سەرەکیتاران
ئایدۆلۆژیانەتەوەخوازیی کوردی، ئیسلامیزم
ماڵپەر
islahweb.org

فیکری ئیخوان موسلمین کە بە ھۆی ئاوارە بوونی دەیان کەس لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە لە وڵاتی میسر بە ھۆی ڕێژیمی تۆتالیتێرو چەپی جەماڵ عەبدولناسر و ھەر وەھا بە ھۆی ئەو قوتابیانەی کە بۆ خوێندنی زانستە شەرعیەکان دەچوونە میسر، بۆ نموونە کەسانێکی وەکوو ئەمجەد زەھاوی و شێخ محەممەد سەووافەوە ھاتە عێراق و کوردستانی باشوور و لەوێشەوە لە ڕێگەی چەند فەقی‌یەکی مەریوانی و پاوەیی کە لە کۆتایی شەستەکانی زایینی‌ و ھەفتاکاندا لەوێ، دەیانخوێند، ھاتە کوردستانی ئێرانەوە، دیارە ئەو چەند کەسە ئیخوانیە کە ھاتنەوە بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات، لەگەڵ کەسایەتی ئەحمەد موفتی‌زادە ئاشنا دەبن و بە پاراستنی شوناسی فیکری‌ خۆیان، ھاوڕێ لە گەڵ کاک ئەحمەد دەست بە دەرس ووتنەوە لە مەدرەسەی قورئانی مەریوان دا دەکەن و کاک ئەحمەد ڕێزێکی زۆریان لێدەگرێ و ئەوانیش کاک ئەحمەدیان لە لا زۆر گەورە دەبێ‌و لە خزمەتی دا دەبن. لە پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دوای ئەوە کە مەکتەبی قورئان لەگەڵ شۆڕش دەکەوێ‌و دواتر کاک ئەحمەد بە ھاوکاری ناسر سوبحانی وەک دیارترین سیمایی ئیخوانی‌و مەولەوی عەبدولعەزیز مەلازادەی بەلووچ‌و چەندین کەس لە زانایانی ئایینی کەمەنەتەوەکانی‌تری سووننی ئێرانی،‌ شۆڕای ناوەندی سوننەت (واتە شمس) بۆ داکۆکی لە مافەکانی سووننە‌مەزھەبەکانی ئێران لە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو‌دا دادەمەزرێنن‌و بۆ ئەم مەبەستە دوو کۆنگرە پێک دێنن؛ یەکەمیان لە تاران و دوھەمیان لە کرماشان دەبەسترێ.

بە ھەر حاڵ لە ساڵی ١٣٦١ لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی‌یەوە‌، بڕیار دەد‌رێ کە کاک ئەحمەد لەگەڵ ٢٠٠ کەس لە زانایان دەسگیر بکرێن. سەرەنجام کاک ئەحمەد لە تاران دەگیرێ و کاک ناسر کە وەکوو ھاوکار و دۆستی زۆر نیزیکی کاک ئەحمەد بوو، لە مەریوان دەبێ، وەبەر دەست ناکەوێ. ناسر سوبحانی لەو ساتەوە تا کاتی تیرۆرکردنی بۆ ماوەی ٨ ساڵ ژیانی نەھێنی خۆی دەس پێدەکاو تا کۆتایی ژیانیشی لە دیتنی دەڤەرو گووندی خۆیان (دوریسان) بێبەش دەبێ.

سەرەتا ئیخوانیەکان لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ مەکتەبی قورئان، دووبەرەکی ساز نەبێ‌، ھەموویان لە خزمەتی بەرنامەکەی کاک ئەحمەد دا دەبن، ھەر بۆیەش زۆرێک لە ئەندامانی شووڕای مەکتەب، دوای گیرانی کاک ئەحمەد و یارانی لە ئەندامانی ئیخوان بوون، بۆ وێنە ناسر سوبحانی (بە پاراستنی شوناسی جەمعی خۆی) ھەزار ڕۆژی تەواو سەپەرەشتی شووڕای مودیریەتی مەکتەبی قورئانی لەئەستۆ دابووە.

دوای ئەوەی‌ کە گیروگرفتەکانی ناوخۆی مەکتەب ڕەھەندێکی ئاڵۆزتریان پیا کرد، کاک ناسر‌ و باقی ھاوڕێیانی لە شووڕای مەکتەبی قورئان ھاتنە دەرەوەو ‌ئیخوانیەکانی ڕۆژھەڵات لە ساڵی ١٣٦٤وە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بە ڕێخستنێکی نوێ‌و بە ‌ڕێبە‌رایەتێکی نوێ، کارو تێکۆشانی خۆیان لە پێشدا لە کوردستان و دواتریش لە ھەموو ئەو ناوچانەی ئێران کە سووننی لێن، درێژە پێدا. ئاشکرایە ئەو جەماعەتە لە سەرەتاوەو لە ڕووی مێژوویەوە‌‌ بە ناوی ئیخوانولموسلمینی ئێران ئیشیان دەکرد ‌و مەنھەجی فیکریان‌و بەرنامەی کاریان (سەرچاوەکانی دەرس و شێوازی کارو دەعوەیان) وەرگیراو لە ئیخوانی کوردستانی باشوور بووە،‌ کە دیارە‌ ئەوانیش بە ئاوارەیی ھاتبوونە ڕۆژھەڵات و ماوەی دە ساڵ لە ئێران مانەوە‌و ئیشێکی زۆریان لەم پێناوە دا کرد.

سەرەکی‌ترین کەسایەتی ئیخوانی لە ئێران واتە کاک ناسر سوبحانی لە ڕۆژی ١٦/٣/١٣٦٨ لە شاری سنە دەسگیر کرا کە بوو بە ھۆی نارەزایەتی ھەموو لایەنە ئیسلامیەکانی دەرەوەی وڵات و نارەزایەتی ناوخۆیی زانایانی ئەھلی سووننەتی ئێران‌و نووسینی تۆماری نارەزایەتی کە بە ئیمزای چل کەس لە زانا بەناوبانگەکانی سووننە گەیشت‌، بەڵام مخابن ئەم زانا گەورەیە لە تەمەنی ٣٩ ساڵی دا بە بێ ھیچ تاوانێکی دیاریکراو، بە بێ ئەوەی مافی دیفاعی یاسایی لە خۆی پێبدرێ، دوای نۆ مانگ زیندانی ئینفرادی، لە شاری سنە لە سێدارە دراو، کاربەدەستان دوای ماوەیەک دەستەودەست پێکردن بە کەس‌و کارو ھاوڕییانی سەرەنجام، گۆڕێکیان لە گۆڕستانی شاری قوروە ‌دیاری کردو پیشانی کەس‌و کاریان دا.

لە دوای ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، قۆناغی نەھێنی کاری ئیخوان کۆتایی پێھات‌و ئیخوان کەوتنە جمووجۆڵی ئاشکرا لە لایەن حوکومەتەوە، گەرچی لە دەستدانی رێبەرێکی بلیمەتی وەکوو ناسر سوبحانی خەسارێکی گەورە بوو بۆ ئیخوان و زەبرێکی کاریگەر و گورچووبڕی لەم بزووتنەوە دا؛ بەڵام لە ئاکامدا بوو بە مایەی بڵاوبوونەوەی بیری ئەم کاک ناسر کە لە ماوەی ئەم ھیبەتی‌و ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە بە گشتی‌ کرد و تووانی زیاتر لە ھەزار کاسێت بە سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی لە بواری زانستە شەرعییەکانی وەکوو زانستی حەدیس، تەفسیرو راڤەی قورئان، ئوسوڵی فیقھ، کەلامی ئیسلامی، زانستی فێقھی، مەسەلە سیاسیایەکان و ھتد دا تۆمار بکا. بێگوومان، کاک ناسر لەو کەسانەیە کە چەشنە نبووغێکی تێدا بووە‌‌و زۆر داھێنان‌و ئیجتیھادی نوێی لەم بوارگەلی جۆربەجۆر، پێشکەش بە قوتابخانەی بیری ئیسلامی ھاوچەرخ کردوەو بە شایەتی زۆرێک لە زانا پایەبەرزەکان بۆ وێنە دوکتۆر قەرەزاوی، محەممەد ئەحمەد راشد، خاوەنی لێھاتوویەکی کەموێنەی ئیجتیھادیی ‌بووە.

ھەر چەند کە ناسریش لە سەرەتاوە تا رادەیەکی باش لە ژێر کاریگەری فیکری سەید ئەبولئەعلا مەودوودی ‌و سەید قوتب بەتایبەت لە بواری عەقیدە (مصطلحات اڵاربعة) دا بووە، بەڵام ئەوە نەبووتە ھۆی ئەوەی کە خۆی کەسایەتێکی سەربەخۆیی زانستی نەبێ‌‌و لە زۆر بوار دا، لە بۆچوونەکانی ئەوانیش رەخنەی‌ گرتووە!

بە ھەر حاڵ لە ساڵی ١٣70ھەتاوی‌یەوە تێکۆشانی ئیخوانیەکان لە زیاتر‌ لە ١٢ پارێزگای سووننی نشین درێژەی پێدرا و لە دوای شەھیدبوونی کاک ناسر، مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی وەکوو بەرپرسی یەکەمی جەماعەت لە لایان صلاح الدین محمد بھاءالدین دیاری کرا، لەدوای ھاتنە سەرکاری ڕێفۆرمخوازانی ناو ڕێژیم بە سەرۆکایەتی محەممەد خاتەمی لە ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ کە ھاوڕێ بوو لەگەڵ کرانەوەیەکی زیاتری کەش‌و ھەوای سیاسی ئێران‌ گەڵالە‌و پەیرەو‌ پڕۆگرامی نێوخۆیی جەماعەت پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران کراو داوای بە فەرمی بوونی یاسایی‌و تێکۆشانی تابلۆداریان وەکوو جەماعەتێکی فەرھەنگی- سیاسی یاسایی لە دەوڵە‌تی داواکەرانی چاکسازی کرد، بەڵام تا ئێستا ئەم داوایە بێ‌وڵام ماوەتەوە.

ئەم جەماعەتە لە ساڵی ١٣٨٠دا تووانی یەکەمین کۆنگرەی خۆی‌و دواجار لە خەرمانانی ساڵی١٣٨٥ کۆنگرەی دوھەمی خۆی بگرێ‌، دیارە لە ھەر دووک کۆنگرەش دا، پیرانی وەکوو ئەمینداری گشتی ھەڵبژێردراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، ھەر لە کۆنگرەی یەکەمدا بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، ناوی جەماعەت لە ئیخوانولموسلێمینی ئێران بۆ «جەماعەتی دەعوەت‌و ئیسلاحی ئێران» گۆڕدرا. بەڵام ئەو نێوگۆڕێنە تەنیا ڕواڵەتی‌و مەسڵەحەتی سیاسی نەبوو بەڵکوو بە باوڕی من ئەم جەماعەتە توانوێتی لە ڕواڵەتی چەپ و ئیسلامی شۆڕشگێڕ کە باڵی بەسەر ھەموو لایەنەکان بە ئیسلامی‌ نائیسلامیەوە داکێشابوو، بێتە دەرێ‌و بە ئاراستەیەکی سەردەمیانە‌و زانستیدا بکەوێ، ئەو‌ دگەردیسیەکە لە دە ساڵیی رابردوو دا لەم کۆمەڵەیەدا بەدی دەکرێ‌، ئاماژەیە بۆ خۆگونجاندنێکی زێدەتر لە گەڵ واقیعی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی. ئێستاکە ئەو جەماعەتە خاوەنی پڕۆژەیەکی ئێرانی- کوردستانی تایبەتی خۆیەتی‌و حەول دەدا خۆی لەگەڵ تەعددودیەت‌و مافی مرۆڤ، دێمۆکڕاسی، ئازادیە گشتیەکان و ھەموو بەھا سەردەمیەکاندا بە لەبەر چاو گرتنی بنەما فیکریە ئیسلامیەکانی خۆی، بگوونجێنی. ئەوان خۆیان بە خزمەتکاری ھەموو گەلانی سووننی ئێران دەزانن‌و لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرھەنگی، ئابوورێ بەپێی وزە‌و ڕێژەی ئەندامان‌و لایەنگرانی خۆیان خزمەت دەکەن.

ئەو جەماعەتە زۆر گرنگیی بە پەروەردەی ئەندامانی خۆی دەدا، ڕێزی ھەموو حیزب‌و لایەنەکان، دەگرێ‌و ئامادەی ھاوکاری لەگەڵیانە. خۆی بە بەدیلی کەس‌و لایەنێک نازانێ‌و جێگەش بە کەس تەنگ ناکاتەوە، تا رادەیەکی باش تووانیوێتی ببێتە بەشێک لە خەڵک‌و خەڵک بە ھیی خۆیانی بزانن‌و ڕێز لە ئەندامانی بگرن، ھەرچەند ھێشتا زۆری ماوە تا ببێتە بزووتنەوەیەکی گشتیی لە ھەموو گووندو شارەکانی وڵات.

لە ئاماژەو بڵاوکراوە فەرمیەکا‌نیاندا، بە کورتی بۆچوونیان سەبارەت بە خەڵک، کۆمەڵگە‌و مەسەلە جەوھەریەکان بریتین لە:

  • خەڵک بە موسوڵمان دەزانن‌و ھەر بۆیەش بە گشتی خوێنی خەڵک، سامانی خەڵک و شەرەف‌و کەرامەتی خەڵک لای ئەوان پارێزراوە‌و تا بۆیان بکرێ دیفاعی مەشرووع لەم سێ مافە ڕەوایەی خەڵک‌ دەکەن.
  • ئەوان باوڕیان وایە کە ڕێژەی پابەندیی خەڵکی موسوڵمان، بۆ ئیسلام وەکوو یەک نییە و خەڵک بە گشتی وەکوو یەک گۆێڕایەڵی یاساو رێساکانی ئیسلام نین.
  • ھەوڵیان داوە بۆ پتەوکردنی ئاستی ئیرادەی بەیەکەوە ژیانی پێکھاتەکانی کۆمەڵگە بە سوننی‌ شیعەوە‌و بە ئیسلامی‌و نائیسلامیەوە.
  • ھەوڵ دەدەن‌ بە دیدێکی ئیسلاحی لەگەڵ کۆمەڵگە دا بجووڵێنەوە‌و بە پێوەری عەقیدە‌و بیرو باوەڕ خەڵک پۆڵێن نەکەن‌و رەقابەتی عەقیدەتیان لەگەڵ کەس نییە،‌ بەڵکوو ئەگەر رەقابەتێکیشیان ھەبێ؛ لە سەر ئاستیی فیکری‌یە نەک بیرو باوەڕ، لەبەر ئەو راستیە کە، ئەگەر‌ رەقابەت ڕواڵەتێکی عەقیدەتی بە خۆوە بگرێ، باسی کوفرو ئیمان دێتە گۆڕێ‌و کوفرو ئیمانیش لە کەوشەنێک دا ھەرگیز ناتوانن بە یەکەوە بە ئاشتی بژین.
  • باوڕیان وایە کە نابێ بە عەقڵانیەتی موحاسەبەکردن لەگەڵ خەڵک، مامەڵە بکەن‌و بەڵکوو بە ئەقڵیەتێکی خزمەتکردن لەگەڵ خەڵک و لە ناو خەڵک دا بن، چونکە دابەشکردنی خەڵک لەسەر بنەمای باوەڕ‌و عەقیدە، تەکفیر بەرھەم دێنێ‌و دەرەنجامی تەکفیر‌و بە کافرزانینی خەڵکیش، دەبێتە تیرۆرو ڕەشەکووژی.
  • .باوڕی قووڵیان بە پلۆڕالیزمی سیاسی وەکوو بنەمایەکی بنەرەتی دێمۆکڕاسی ھەیە‌و بە تەکفیری ھیچ لایەنێک ئیش ناکەن بەڵکوو بە پڕۆژەی چاکسازی لە ڕەھەندە جیاوازەکاندا رەقابەت لەگەڵ بەرانبەرەکانیان دا دەکەن.
  • لە کوردستاندا بۆ سڕینەوەی ئاسەواری پەڕاوێز خستنی لایەنی ئیسلامی شوناسی کورد‌و بەدیھێنانی شەخسیەتێکی پاردۆکسیکاڵ لە ژێر کاریگەری جووڵانەوەی چەپ، تێدەکۆشن ھەموو ڕەھەندەکانی کەسێتی کوردی وەکوو "کوردبوون‌"‌و "ئیسلامیی بوون" کە لە ژێر زەختی ئیدئۆلۆژیای چەپدا بە تەو‌اوەتی لە چاڵ خرا بوو، لە پڕۆژەیەکی ژیاری ئیسلامی سەردەمیانەی خزمەتگوزار دا، چالاک کەنەوە.
  • بۆ گۆڕین‌و‌ چاکسازی لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا وەکوو ئامرازێک لە پەندو ئامۆژگاری‌و دەرس‌ووتنەوە و بە گشتی لە "موعڤە حسنە' کەڵک وەردەگرن. دیارە لابردنی ھەموو نالەباریەکان‌و چەوتی‌یەکانی کۆمەڵگە تەنیا بە پەندو ئامۆژگاری چارەسەر نابن، بەڵکوو فرەیەک لە رەوشتە نابارەکان ھۆکاری ئابووری‌و سیاسیان ھەیە‌و پەیوەندیان بە چاکسازی لە بواری کۆمەڵایەتی‌، سیاسی‌و ئابووریەوە ھەیە، ھەر بۆیە ئەم جەماعەتە ھەوڵ دەدا لە پرۆسەی سیاسی دا بەشداری ھەبێ‌و بینای لەسەر بەشداری سیاسیی ئاگایانە(مشارکت سیاسی) و لە بوواری کۆمەڵایەتیش دا لە ڕێگەی ڕێخراوە ناحوکومیەکان وەکوو ئەنجومەنە خێرخوازیەکان، مناڵانی بێ‌سەرپەرشت، پێشگیری لە ئێعتیاد، پاراستنی ژینگە، یانە وەرزیشیەکان، ئەنجومەنی ئەدەبیەکان، ئەنجومەنی قورئان‌و کۆمەڵناسی و ... بەشداری چالاکانەیان ھەیە. لە بواری ئابووریش دا لەگەڵ ھەموو ئەو پڕۆژانەن‌ کە بەرژەوەندی گشتیی خەڵکیی، تێدا ھەیە.
  • وەلانانی شێوازی زۆرەملی لە داسەپاندنی عەقیدە و مۆدێلێکی تایبەتی لە خوێندنەوەی ئینسانی بۆ ئیسلام‌و سەلماندنی ئەو راستییە کە ئەوان ھەڵگری فیکر، مەعریفە‌و خوێندنەوەیەکی دیاریکراو لە ئیسلامن نەک تەنیا قسەی ئەوان‌و تێگەیشتنی ئەوان بۆ ئیسلام، ئیسلام بێ‌و بەس.
  • خۆ قووتار کردن لە پاشکۆیەتی موتڵەقی فیکری بۆ ئیخوان‌‌و سەربەخۆیی تەواو لە بڕیاردان‌، ھاوڕێ لەگەڵ ھەبوونی پەیوەندێکی تووندوتۆڵ لەگەڵ بزاڤە دۆستە میانەرەوەکانی ئیسلامی جیھان.
  • خۆ قووتار کردن لە بازنەیەکی تەنگیی ئیدئۆلۆژیکی کە لە ژێر کاریگەری خوێندنەوەی شۆرشگێڕانە بۆ دەقی قورئان کرابوو‌و ھەوڵدان بۆ کرانەوە‌ی زیاتر و گۆڕێنی ئیدئۆلۆژی دینی بە مەعریفەیەکی ئایینی سەردەمیانە.
  • قاڵ بوونەوەی ئەندامانیان لە ئیش‌و کاری کۆیی کۆمەڵایەتی‌و ‌ ئایینی بەشێوەیەکی ڕێک‌و پێکتر لە جاران‌و ھەست بە نایاسایی نەکردن‌و یاساغ‌نەبوونی ئیش‌وکاریان و ئەوە کە بەپێی یاسایی بنەرەتی ئێران خەریکن کاری فەرھەنگی دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ماف بزانن نەک وەک تاوانبارێک سەیری خۆیان بکەن‌و خۆیان بە بەشێک لە مشوورخۆرانی خەڵک بزانن‌و خەڵکیش متمانەیان پێبکەن‌و لە خۆیانیان بزانن.
  • بەشداری چالاکانە لە کۆڕو کۆبوونەوە نێونەتەوەیی‌‌و ئیقلیمی‌یەکان؛ بۆ نموونە بەشداری کاریگەر لە پێکھێنانی یەکێتی ڕێخراوە ناحوکومیەکانی جیھانی ئیسلام لە ئاستی دەستەی بنیاتنەری ئەم سەندیکا جیھانیە‌و بە ئەندام بوونی فەرمیی ئەمینداری گشتی لە یەکێتی زانایان جیھانی ئیسلام بە سەرۆکایەتی د. قەرەزاوی.
  • پاراستنی مۆرک‌و شوناسی نەتەوەیی لە سەردەمیی جیھانگیری‌دا، کە ئیسلام‌و فیکری ئیسلامی دەتوانێ تا ڕادیەکی زۆر لە قاڵبوونەوە‌و تووانەوەی نەتەوەیی‌مان بەر‌گری بکا.
  • ھەوڵ دەدەن بە زەمانی ئایین کە زمانێکی زگماکی کۆمەڵگەی ئێمەیە لەگەڵ ھەموو چەشنە چەوتی‌و لاریەک بەربەرەکانی مەدەنیانە بکەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]