بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی
جبھة النضال الديمقراطي
سەرۆکئارام کەرکووکی
دروشمدادپەروەری، ئاشتی، ئازادی و پێکەوە ژیان
دامەزراندن٢٠١٦ (بەرەی دیموکراسی گەل)
٢٠٢١ (بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی)
پێشینەبەرەی دیموکراسی گەل
شوێنی سیاسیباڵی چەپ
ڕەنگەکانسوور، زەرد، کەسک، شین، سپی
ماڵپەر
https://j-alnidhal.com

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی (بە عەرەبی: جبھة النضال الديمقراطي) کە پێشتر لەژێر ناوی بەرەی دیموکراسی گەل (بە عەرەبی: الجبھة الديمقراطية الشعبية) چالاک بوو، ڕێکخراوەیەکی سیاسییە کە لە چالاکوانان و سیاسەتوانانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پێک ھاتووە و لە ئاستی وڵاتی عێراق چالاکی دەکات. دروشمی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی دادپەروەری، ئاشتی، ئازادی و پێکەوە ژیانی گەلانی عێراقە.[١]

ناو[دەستکاری]

لە سەرەتادا ناوی ڕێکخراوەکە بەرەی دیموکراسی گەل بوو، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کە ڕێکخراوەیەکی دیکە ھەر بەم ناوە لە وڵاتی عێراق ھەبوو، ناوەکەی گوڕدرا بۆ بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی.[١]

مێژوو[دەستکاری]

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٦ لەژێر ناوی بەرەی دیموکراسی گەل دامەزرا.[٢] بەڵام بەھۆی ئەوەی کە ڕێکخراوەیەکی دیکە لەژێر ئەو ناوە ھەبوو نەیتوانی مۆڵەتی چالاکی وەربگرێت. بەدوای ئەوە دامەزرێنەرانی بەرەی دیموکراسی گەل ناوی ڕێکخراوەکەیان گۆڕاند بە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و لە ئەکامدا توانیویان لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق مۆڵەت وەربگرێن.[١]

بەدوای ئەوە کۆنگرەی دامەزراندنی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لە ھۆڵی چوارچرا لە شاری کەرکووک بەسترا. ھەڵبژاردنی کەرکووک بۆ ئەم مەبەستە بەم ھۆیە بوو کە کەرکووک لە مێژووی خۆی شارێک بۆ پێکەوەژیانی پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکان بووە و لەو کۆنگرەشدا کورد، عەرەب، تورکمان و نەتەوەکان و باوەڕە جیاوازەکان پێکەوە تێیدا بەشدار بوون.[١]

ئامانجەکان[دەستکاری]

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی تەنیا لە کوردەکان پێکنەھاتووە و بەھۆی ئەوەی کە پێکەوەژیان لە خاڵەکانی سەرەکیی چالاکیی خۆی ھەڵبژاردووە، بۆیە ھەموو پێکھاتەکانی وڵاتی عێراق بریتی لە ھەموو نەتەوە و باوەڕە جیاوازەکان لە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسیدا بەشداری دەکەن.[١]

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چالاکی دەکات و خوازیاری بەدیھێنانی یەکێتییەکی نیشتمانی، دڵنیایی تەندروستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەھێزکردنی یاساکان و زیندووکردنەوەی ڕاستینەی پەروەردە و فێربوونە. جگە لەمانە بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و ھاتنەپێشەوەی ژنان لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ھەوڵ دەدات.[١]

محەممەد کیانی، وتەبێژ و یەکیک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بەرەی دیموکراسی گەل لە ساڵی ٢٠١٦دا لە وەتوبێژ لەگەڵ ڕۆژنیوز سەبارەت بە جیاوازیی بەرەکە تەک ھێزە سیاسییەکانی دیکە گوتی ھەموو حیزب و لایەنەکانی دیکە «دەیانەوێت ریفۆرم لەسەرەوە بۆ خوارەوە بکرێت لەو حاڵەتەشدا بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن، ئێمە دەمانەوێت ریفۆرم لەخوارەوە بۆ سەرەوە بکرێت».[٣] کیانی ھەوەھا گوتی بەرەی دیموکراسی گەل لە دیموکراسی گەل پەیرەو دەکات کە لەگەڵ ئەو دیموکراسییە کە لە باشوری کوردستان پەیڕەو دەکرێت و دیموکراسی تەمسیلی و نوێنەرایەتییە و فەشەلی ھێناوە جیاوازە. بە وتەی محەممەد کیانی بەرەی دیموکراسی گەل باوەڕی بە دیموکراسی ڕاستەوخۆ و لامەرکەزیەت ھەیە و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان ئەنجومەنیان بێت و لەسەر دەسەڵات چاودێری بکەن.[٣]

کۆنگرەکان[دەستکاری]

  • کۆنگرەی یەکەم (دامەزراندن)، ٣١ی ئازاری ٢٠٢١.[٤]

بەڕێوەبەرایەتی[دەستکاری]

لە کۆنگرەی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١دا ئارام کەرکووکی، وەک سەرۆکی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ھەڵبژێردرا. ھەروەھا ١٢ ئەندامیش وەکوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ھەڵبژێردراون، کە چوار کەسیان ژنن. جگە لەمانە چوار جێگریش بۆ سەرۆکی بەرەکە ھەڵبژێردران.[١]

ڕێگری کردن لە سیمینارەکانی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی[دەستکاری]

بەرەی دیموکراسی گەل دەیھەویست لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٧ لە شاری ھەولێر سیمینارێک سەبارەت بە «چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پەکەکە و پارتی» بە بەشداریکردنی عەبدوڵا ئاگرین ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و محەممەد کیانی بەرپرسی دەستەی سەرکردایەتی بەرەی دیموکراسی گەل بەڕێوەببات کە لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێم ڕێگریی لێ کرا و سیمینارەکە بەڕێوەنەچوو.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]