حیزبی ھیوا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

حیزبی ھیوا یان کۆمەڵەی ھیوا حیزبێکی کورد بوو کە لە ساڵی ١٩٣٩دا لە بەغدا دامەزرا. ئەندامانی حیزبی ھیوا زۆرتر لە ڕۆشنبیرانی شاریی کورد بوون. لە ڕەفیق حیلمی وەکوو دامەزرێنەری حیزبی ھیوا ناو دەبرێت.[١] حیزبی ھیوا گەورەترین حیزبی کوردی تا کاتی خۆی بوو و توانی بۆ ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیش پەل بھاوێژێت.[٢] حیزبی ھیوا لە ساڵی ١٩٤٤ بوو بە دوو ئاراستەی چەپ و ڕاست بە ناوەکانی شۆڕش و ڕزگاری و لە ساڵی ١٩٤٦دا ھەڵوەشێندرا.

مێژوو[دەستکاری]

محەممەدئەمین مەنگوڕی ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ تاقمێک پۆلیسی نیشتمان پەروەر و باوەڕپێکراو، حیزبێک بە ناوی خوێنڕێژی پیک دێنن کە پەیڕەو و ئامانجیان ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بوو. لە ساڵی ١٩٣٥ مەلا حەسەن قازی (شاھۆ) چوو بۆ شاری سلێمانی و پێوەندیی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە گرت. پاشان مەلا حەسەن بوو بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە و ناوی گۆڕاند بە کۆمەڵەی برایەتی. شێخ لەتیفی حەفید و مەلا ئەسعەدی مەحوی لە ئەندامانی ناسراوی کۆمەڵەی برایەتی بوون.

لە لایەکی دیکەش لە ساڵی ١٩٣٧ کۆمەڵێک لە قوتابییەکانی کورد لە شاری کەرکووک کۆمەڵەی دارکەریان دامەزراند کە دڵدار و موکەڕەم تاڵەبانی سەرکردەی بوو و لە ماوەیەکی کەم ژمارەیەکی زۆری خەڵک پەیوەندییان پێوە کردوون و گەورە بوو.[٢]

لە ساڵی ١٩٣٩ دوو کۆمەڵەی دارکەر و کۆمەڵەی برایەتی یەکیان گرت و حیزبی ھیوایان پێکھێنا. لەسەر خواستی ڕێبەرانی ھەر دوو کۆمەڵەی برایەتی و دارکەر، ڕەفیق حیلمی بوو بە سەرۆک و کەسی یەکەمی حیزبەکە.[٣]

ئاکام[دەستکاری]

لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی ھیوا، دوو بەرە لە سەرکردایەتیی حیزبەکە لە ئارادا بوو. باڵی چەپی حیزبەکە پێیان وابوو کە ھیوا دەبێت خۆی بە یەکێتیی سۆڤیەت نزیک بکات. لە بەرامبەر باڵی ڕاستی حیزبەکە کە ڕەفیق حیلمیش ھاوڕایان بوو، داوای ھاوکارییان لە بەریتانیا و ڕۆژاوا دەکرد و داوایان دەکرد کە حیزبی ھیوا ناتوانێت دژایەتی لەگەڵ ئینگلیز بکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دوو باڵی حیزبەکە، سەرکردەکانی ھەردوو لایەن لە ھاوینی ساڵی ١٩٤٤دا لە شاری کەلار دانیشتنێکیان لە ماڵی داود بەگی جاف بەڕێوەبرد. بەڵام لەو کۆبوونەوەیە نە تەنیا کێشە و ململانییەکان چارە سەرنەکرا، بەڵکو کۆتایی بە حیزبی ھیوا ھێنرا و ھەڵوەشاندنی حیزبەکە ڕاگەیەندرا.[٣]

بەدوای ھەڵوەشاندنەوەی حیزبی ھیوا دوو باڵە ناکۆکەکەی چەپ و ڕاستی حیزب لەژێر ناوی گرووپی «شۆڕش» و گرووپی «رزگاری» چالاکییەکانیان بەردەوام کرد. گرووپی شۆڕش کە کەسانێک وەکوو عەلی عەبدوڵا، نووری شاوەیس، ساڵح حەیدەری و جەمال حەیدەری لە نێوانیاندا، دواتر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی کوردستان-عێراق بەشدار بوون.[٣]

گرووپی ڕزگاریش کە بریتی لە کەسانێک وەکوو تەھا محێدین مەعرووف، جەعفەر عەبدولکەریم و سدیق ئەترووشی لە سەرکردەکانیان بوون، لە دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ ڕۆڵێکی گرینگیان بوو.[٣]

ئەندامان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پشنگ, اردشیر (1394). کردھا در میانۀ جنگ ایران و عراق (اول ed.). تھران: مرز و بوم. p. ١١٧. ISBN 9786007384084.
  2. ^ ئ ا "ئەو ڕێکخراوەی دەیانویست لە کەرکووکەوە سەربەخۆی بۆ کوردستان بەدەستبھێنن". پەیسەر. 7ی کانوونی یەکەمی 2019. Retrieved ١٨ی ئازاری ٢٠٢١. Check date values in: |accessdate=, |date= (help)
  3. ^ ئ ا ب پ مەحمود, سالار (8ی تەممووزی 2018). "حزبی ھیوا، دەروازەی ئینشیقاق لە حزبی کوردیدا". کۆواری دیپلۆماتیک. Retrieved ١٨ی ئازاری ٢٠٢١. Check date values in: |accessdate=, |date= (help)