کۆمسای (گۆرانیبێژ)
کۆمسای | |
---|---|
لەدایکبووی | سنە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان | ١٤ی ئابی ١٩٩٢
چەشنەکان | پۆپ، ڕاپ |
پیشە(کان) | گۆرانیبێژ |
ساڵانی چالاکبوون | ٢٠١٣–ئێستا |
کۆمسای (لەدایکبووی ١٤ی ئابی ١٩٩٢ لە سنە) ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کوردە. سەرەتاکانی دەرکەوتنی بۆ پڕۆگرامی خۆشترین دەنگ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەگەڕێتەوە و پێش قۆناغەکانی کۆتایی وازی لە پڕۆگرامەکە ھێنا. ئەو لە ئێستادا خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆکلیپە.[١]
نازناو[دەستکاری]
ئەو نازناوی «کۆمسای» لەسەر خۆی داناوە و لەبارەی ماناکەیدا وتوویەتی: «کۆمسای ناوی جێژنێکە لە ھەورامانی تەخت، لای گۆڕی پیرشالیاری زەردەشت، ھەموو ساڵێک خەڵک کۆدەبنەوە و بەردێک بەناوی کۆمسای دەشکێنن، لە ماوەی ساڵێکدا ئەو بەردە وەک خۆی لێدێتەوە و دەڵێی نەشکاوە، پێی دەڵێن کۆمسای».[٢]
ژیانی کەسی[دەستکاری]
کۆمسای ھاوسەرگیری کردووە و لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە وڵاتی یەریڤان، پایتەختی ئەرمەنستان دەژی.[٣] ئەو سەبارەت بەوەیکە پەیڕەوی کام ئایینێکە، ڕایگەیاندووە بیروبڕواکەی ھیچ شتێک لە ژیانی کەس ناگۆڕێت[٢] و خۆی بە کەسێکی فێمینیزم و ئازاد دەزانێت.[٤] کۆمسای ھەروەھا لە وەسفی خۆیدا دەڵێت: «من ھونەرمەندم، خێرخوازم و خوێندەوارم، دوو زانکۆم تەواوکردووە، ئەسترۆلۆژی زانم و ئاشقی مێتافیزیکم، بڕوام بە کارما ھەیە و یۆگا دەکەم و ئازادم، چۆنکە بە پێ سونەتە دروستکراو و بیرە کۆنەکان ناژیم، ژیانم پاک و سادەیە».[٤]
ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]
ئەو لە ١٤ی ئابی ١٩٩٢ لە خێزانێکی کورد لەدایکبوو و بەوتەی خۆی باوکی خەڵکی باشووری کوردستان و دایکی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. لەبارەی ئاستی خوێندنیدا ئاشکرایکردووە کە زانکۆی تەواو کردووە و بەشی بازرگانی و وەرگێڕانی ئینگلیزی خوێندووە و بۆ بەشی پزیکشی دەخوێنێت.[٣]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ بەوێنە.. کۆمسای یادی لەدایکبوونی دەکاتەوە. xendan (لە ڕێکەوتی 15/08/2018).
- ^ ئ ا کۆمسای سەبارەت بە ناوەکەی و ئاینەکەی چی دەڵێت؟. NRT2 (لە ڕێکەوتی 06/09/2022).
- ^ ئ ا کۆمسای کۆمەڵێک نهێنی لە بارەی ژیانییەوە ئاشکراکرد. NRT2 (لە ڕێکەوتی 06/09/2022).
- ^ ئ ا کۆمسای: من فیمینیستم من ئازادم. xendan (لە ڕێکەوتی 13/04/2019).