محەممەد ماملێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

[سەرچاوەیەکی باشتری پێویستە]

محەممەد ماملێ

لەدایکبوون٢ی حوزەیرانی ١٩٢٥
مەرگ۲٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩
ھۆکاری مەرگئالزایمێز (فقدان زاکرە\فەرامۆشی)
نەتەوەکورد
پەروەردە٦ی سەرەتایی
پیشەگۆرانیبێژ، مەقامبێژ
ناسراوە بەھونەری گۆرانی
ئایینئیسلام، سوننی
ھاوسەرئامین مەولوودیان و دوو ھاوسەری تر
مناڵ(ەکان)فاتم، شەونم، چیا، وریا، خوسرەو، چالاک و عبدوڵا و خالید و (شەھید نەجات).
وێبگەhttp://www.mamle.net


محەممەد ماملێ (لەدایکبووی ٢ی حوزەیرانی ١٩٢٥ – مردووی ۲٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەقامبێژ کورد، خەڵکی مەھابادە. ماملێ لە ساڵی ١٩٢٥ز بەرامبەر بە ١٣٠٤ی ھەتاوی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەھاباد بە ناوی (خڕێ) لەدایکبووە.[١] ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەھاباد تەواو کردووە. نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات کە باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک سەرژمێری گشتی ھاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش وتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملی چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناھێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە ھەر دەڵێن ماملێ. محەممەد ماملێ پیاوێکی لەسەرخۆ و ھێمن و لێبووردە بووە و زۆر بە وەفا بووە بەرامبەر خزم و دۆست و ناسیاوەکانی. ماملێ سێ ژنی ھێناوە. دوا ھاوسەری کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوە ناوی ئامینە خانە. ھەروەھا حەوت کوڕ و دوو کچی ھەیە. ئەمەش ناوی ھەندێکیانە (عەزیز کە بە خانە ناسراوە، خەسرەو، چالاک، وریا، نەجات، شەونم، خوبی) ماملێ خۆی دەڵێت کە ئەوەندە ئاشنای گۆرانییەکانی ڕەفیق چالاک بووم بە خۆشی ئەوەوە کوڕێکم ناونا چالاک. ماملێ چوار برای ھەیە ناویان (حەسەن، حوسەین، موتتەلیب و جەعفەر)ە و خوشکێکی ھەیە ناوی تووبایە.[١]

بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستا دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە. ھەر ئەم بۆمانەوەشە بووەتە ھۆی ئەوەی ھانی ئەم ھونەرمەندە بدات ھەر لە منداڵییەوە ھونەر بکاتە ھاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی ھونەری کوردی. یەکەم گۆرانی کە دەرگای ھونەری پێ کردەوە گۆرانی (ڕۆیی بەجێی ھێشتم)ە. ھەروەھا سەعید ماملێی باوکیشی ھەر دەنگی خۆش بووە. ڕەحمانی براشی واتە مامی محەممەد ماملێ ئەوەندە دەنگی خۆش بووە دانیشتووانی قەڵادزێ ئەوەی ھاوسێی بوون و لە دووریش دەھاتن شەویان لەلای ڕۆژ کردووەتەوە. محەممەد ماملێ لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا چەند جارێک بەند و دەست بەسەر کراوە و دوور خراوەتەوە.[١]

ماملێ لە ساڵی ١٩٦٣ ھاتووەتە قەڵادزێ و چەند ئاھەنگێکی گێڕاوە و پاشان چووە بۆ شاری سلێمانی و سەرچنار و لەوێش چەند ئاھەنگێکی گێڕاوە. ماملێ زۆر ئاشنای خەلیلی سەددیقی و ڕەفیق چالاک بووە و گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و محەممەد عارف و تەحسین تەھای زۆر بە دڵ بوون. لە ھەڵبەستیشدا ھەڵبەستەکانی (وەفایی و سڵێمانی شاوەلە و مارف ئاغا و گۆران و ھەژار و ھێمن)ی لا پەسەندە و لە زۆر گۆرانیدا بەکاری ھێناون. ماملێ خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانییە.[١]

ژیانی بنەماڵەیی[دەستکاری]

ناوی ماملێ بەھۆی خزمەت و ھەڵوێست و ھاودەردییەکی کە بنەماڵەی ماملێ لە مێژووی ھاوچەرخی نەتەوەی کورددا ھەیانبووە، ناوێکی ناسراوە. بەھۆی ھەندێک تایبەتمەندی حاشاھەڵنەگر و لەبەرچاوگرتنی زەمەنی تایبەت و چەند فاکتەرێکی بەرچاو، مامۆستا محمد ماملێ لە ناو نەتەوەی کورددا ناسراوترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە. لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و پەرتووکاندا نووسەران و چالاکڤانانی ڕامیاری و کولتووری ھەوڵیان داوە تا ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و مامۆستا محمد ماملێ بە تایبەتی بناسێنن. یەکەم کەس کە پەرتووکی لەسەر ئەو ھونەرمەندە نەتەوەیییە[١] نووسی، ڕێزدار و مامۆستای ھونەردۆست ”محمد حسن احمد ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.” بوو. ڕێزدار سمایلی ماملێش لە دواییدا پەرتووکی خۆی لەسەر بنەماڵەی ھونەرمەندی ماملێ و زۆر تایبەتمەندی مامۆستا محمد ماملێ لە ژێرناوی توێشەبەرەی ھونەری ماملێ بڵاو کردەوە. لە دواییدا ھێژا ھیوا قارەمانی پەرتووکێکی[بەستەری مردوو] لەسەر ئەم مامۆستا کوردپەروەرە و بەرھەمەکانی بە چاپ گەیاند. لە پەرتووکی مێژووی مەھاباد نووسینی مامۆستای ھێژا سید محمد صمدی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا زانیاری لە مەڕ مامۆستا ماملێ دەست دەکەوێ. ڕێزدار ”فریدون حکیم زادە”ش لە پەرتووکی خۆیدا ئاماژەیەکی بە مامۆستا محمد ماملێ کردووە. نووسین و بیرەوەری زۆر بە نرخ لەسەر ئەو بنەماڵەیە و مامۆستا محمد ماملێ تا ئێستا بڵاو کراوەتەوە بەڵام بەھۆی نەبوونی ئازادی لە نێوخۆی وڵاتدا و دەستڕانەگەییشتنی زۆر کەس بە سەرچاوەی جێی متمانە، کاریگەری خۆی داناوە و ھەر بۆیە دەکرێ لەسەر ئەو بنەماڵەیە زۆرتر بنووسرێت. بنەماڵەیەک کە دیاری پیرۆزی وەک مامۆستا محمد ماملێی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کردووە، ناوبانگ و جوانییەکانیان تەنیا بە ھونەر و دەنگخۆشی نەبەستراوەتەوە، ھەر چەند کە مرۆڤ پێویستە قەڵەمی شازادەیەکی وەک شەڕەفخانی بەدلیسی ھەبێ تا بتوانێ لەسەر بەرزایی و گەورەیی ماملێ بنووسێ.

میرزا سعید کوری میرزا علی (ناسراو بە مام علی)یەک لە ئەندامانی کۆنی بنەماڵەی ماملێ لە ناوچەی موکریانی کوردستان بوو. لەو سەردەمدا کە کوردستان لە ھەر چەشنە فێرگەیەکی زانستی، خزمەتگوزارییەکی حکوومەتی ناوەندی و زۆر پێداویستی سەردەم بێبەر بوو، میرزا سعید ژیانی بنەماڵەی لە ڕێگەی دوکانداری و کرین و فرۆش لە ناوچەدا بە سەربەرزی دابین دەکرد.[٢]،[٣] میرزا سەعید بەپێی ئەو جۆرەی کە لە کۆنەوە لە ناو کورددا باو بووە، بە سعیدی مام علی (سعیدی کوری مام علی) دەناسرا. کاتێک کە حکوومەتی ناوەندی کاری تۆمارکردنی ناو و ناسناوی لە کوردستان دەست پێکرد، بەھۆی نائاگایی و ناشارەزایی بەرپرسی حکوومەتی ھەڵەیەک ڕووی دا و مام علی بە ماملێ تێگەییشتبوو.[٤] ناوی ماملێ لەو ڕۆژەوە وەک ناسناوی ئەو بنەماڵەیە ماوەتەوە و موکریانی گوتەنی لە زاران زۆر خۆشە.

میرزا سعید ماملێ کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشی ھەبووە. لە کوردستانێکدا کە بە ھەموو جۆرێک ئاسایەش و ھێمنی لە جەماوەری کورد خەوشەدار کرابوو، لە ھەر دەرفەتێکی گونجاودا کەڵکی وەردەگرت تا شێعری کوردی بخوێنێتەوە و بە تایبەتی حەزی زۆر لە شێعرەکانی وەفایی بوو.[٥]،[٦]،[٧] لە ماڵێدا گۆرانی بۆ منداڵەکانی دەکوت و جیا لە دەربڕینی دەنگی خۆش و ڕەسەنی، وانەکانی گۆرانی گوتنەوەی بە منداڵەکانی دەدا. لە سەردانێکدا کە سید علی اصغر کوردستانی بۆ شاری مەھابادی کردبوو، جیا لەوە کە سید علی اصغری ھونەرمەند، خۆشی لە دەنگی میرزا سعیدی ھاتبوو، کەسایەتی ناوبراویش زۆر سەرنجی مامۆستا کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. دەگێڕنەوە کە مامۆستا سید علی اصغر کوردستانی میرزا سعید ماملێی لە باوەش گرتبوو و فەرمووبووی:

 «مام سعید خودا شاھیدە من بە دڵ عاشق بە دەنگی تۆم».[٨]

یەکەم کوڕی ئەو میرزا حسین ماملێ لە ساڵی ١٩٠٩ی زایینی ھاتە سەر دونیا[٩] کە وەک باوکی بۆ ژیری و دەنگخۆشی ناوی بەدەر کردبوو. میرزا سعید ماملێ جیا لەم نازدارەی چوار کوڕی دیکەی بە ناوەکانی محمد، مطلب، حسن و جعفر و کچێکی بە ناوی طوبی ھەبوو.[١٠] شێوەی ھەڵس و کەوتی میرزا سعید لە ناو بنەماڵە و بایەخ بە کەسایەتی ژن و ڕێزلێنان لە گەورە و بچووکی کاریگەرییەکی زەقی لەسەر منداڵەکانی دانابوو، بە شێوەیەک کە تا میرزا حسین لە ژیاندا بوو، مامۆستا محمد ماملێ و نێو گۆڕەپانی ھونەر نەکەوت، ھەر وەکی کە مامۆستا جعفر ماملێ تا کاتێک کە مامۆستا محمد ماملێ لە ژیاندا بوو، ئەو نەریتەی پاراست و بە شێوەی فەرمی گۆرانی نەگوت.[١١] مامۆستا محمد ماملێ خۆی لە ناو کۆڕی بنەماڵەییدا دانی بەوە دانابوو کە ئاستی ھونەرمەندی و دەنگخۆشی میرزا حسین ماملێ یەکجار بەرز بوو و فەرمووبووی کە ئەو ھەرکات وەک مامۆستایەک سەرنجی میرزا حسینی دابوو و وانەی لێ ھەڵگرتبۆوە.[١٢] مەخابن بەھۆی نەبوونی بوار لەو سەردەمدا، ئێستا ھیچ بەرھەمێکی ئەو ھونەرمەندە لە بەر دەستدا نییە.

مامۆستا محمد ماملێ کە ناودارترین ھونەرمەندی دەنگخۆشی ئەو بنەماڵەیە بووە، لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە شاری مەھاباد لە گەڕەکی خرێ ھاتە سەر دونیا.[١٣]،[١٤]،[١٥]،[١٦]،[١٧] بەپێی ئەو زانیارییانەی کە مامۆستا سید محمد صمدی کۆی کردوونەتەوە، مامۆستا محمد ماملێ یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە فەرمی خوێندبوو[١٨] و یەکەم گۆرانییەکی کە گوتبووی بە ناوی «ڕۆیی بە جێی ھێشتم»[١٩] ناسراوە.

محمد ماملێ تەنیا مامۆستایەکی ھونەرمەند و خۆشخوێنێکی شارەزا نەبوو. ئەو ھەر لە سەردەمی گەنجێتییەوە دەگەڵ کاروانی نیشتمانپەروەرانی نەتەوەکەی کەوت. دوایین ژنێکی کە لە ڕووی ئەڤین و خۆشەویستییەکی لە ڕادە بەدەرەوە خواستی، کچی یەک لە قارەمانانی کورد بە ناوی محمد مولودی بوو کە زۆر کەس لە سەری دواون.[٢٠] قارەمانێک کە چەکی شەڕەفی پێشمەرگایەتی کۆماری سەربەخۆ و مستقلی کوردستانی[٢١] لە شان کردبوو. کاپیتان محمد مەولودی کە ئەندامی ک.ژ. ک (حدک) بوو، لە دواییدا لە سەردەمی کۆماردا ئەرکی ئاسایەش و پاراستنی مەھابادی بە دەستەوە بوو.[٢٢] مامۆستا محمد ماملێ بە ھەمان شێوە یەک لە پێشمەرگەکانی دەوڵەتی جمھوری کوردستان بوو[٢٣] و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندابوو لەسەر ڕێبازی پێشەوای کوردان، جەنابی حضرتی قاضی محمد (محمد ھمام قاضی) وەفادار ماوە. گیانبەخت کاک دوکتوور قاسملوو لە مەڕ مامۆستا محمد ماملێ فەرمووبووی:

 «کاک محمد، ھونەرمەندێکی گەورەی سیاسی کوردە، چونکە ھەمووکات لەگەڵ ھەستان و کەوتندا ئاشنایە».[٢٤]

زۆر سیاسەتوان و کەسی ناسراو و خۆشەویستی نەتەوەی کورد لەسەر مامۆستا محمد ماملێ بۆچوونیان دەربڕیوە. کۆی ھەموو دیمانەکان و نووسینەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و ھیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان دوور نەکردەوە. ڕەوانشاد مامۆستا کریم حسامی ھەموو بۆچوونەکانی لە دەقێکدا کورت کردبۆوە و فەرمووبووی:

 << کەسایەتی و ڕەفتار و ئەخلاق و نیشتمانپەروەری و ھونەرمەندی و وشە شیرین و جوانەکانی ماملێ لە یاد و زەینمدا زیندوون و لە بیر ناکرێن >>.[٢٥]

مامۆستا محمد ماملێ لە ھزر و کردەوەدا نەتەوەیی بوو. ڕێزی لە ھەر تاکێکی کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی دارایی و زانایی و ڕەچەڵەکی دەگرت. کوردستانی بوو و ئەڤیندارانی کۆڵنەدەری ڕێبازی نەتەوەیی لای ئەو زۆر خۆشەویست بوون. ھەرکات پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی لە ھەر شوێنێک دەکرد. یەک لە جوانترین کۆرپەکانی بە ناوی گیانبەخت نەجات ماملێ[٢٦] دەگەڵ کۆمەڵێک لاوی بێتاوانی دیکەی شاری مەھاباد ئێعدام کران. ھەر چەند کە ئەو ھیچکات گەرەکی نەبوو لەدەستدانی گیانبەخت نەجاتی کوڕی بپەژرێنێ، بەڵام ماملێ سەرەڕای پەژارەیەکی زۆر، لە بەرامبەر سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری اسلامی ایران[٢٧] نەچەمێوە و ھیچ بایەخ و شرعییەتێکی بەو حکوومەتە دژە مرۆڤییە نەدا. ئەو ھیچکات ئامادە نەبوو کە لەسەر تێلێویزیۆنی ئەو حکوومەتە دۆگماتیستە گۆرانییەک بخوێنێ و ھەر بۆیە لە دڵی نەتەوەکەیدا ماوە.

ماملێ لە ھونەریشیدا کوردایەتی خۆی دەنواند و جارجار کە بەرھەمێکی لە نەتەوەیەکی دراوسێ وەردەگرت، ڕۆحییەکی کوردانەی پێ دەبەخشی. بۆ وێنە گۆرانییەک کە پێشتر بە فارسی گوترابوو لە دواییدا لەلایەن مامۆستا محمد ماملێ لەسەر شێعری مامۆستا ھێمنی موکریانی گوترابۆوە. مامۆستای ھونەرمەند کاک عزیز شاڕوخ لەم پێوەندییەوە فەرمووبووی:

 << کاک محمد بە لەوتێکی وەھا مامۆستایانە و بە ھێز بە توانایییەوە گوتوویەتی کە حاڵەتی گۆرانی کوردی و مێلۆدی کوردی داوەتێ >>.[٢٨]

ھونەرمەندی ڕەسەنی ئەردەڵانی، عباس کەمەندی کە خەڵاتی ماملێی ساڵی ٢٠١١ی زایینی پێ شکەش کرا، لە بروسکەیەکدا کە بۆ مەڵبەندی ھونەری ماملێی ناردبوو، نووسیبووی:

 «لە یادم ناچێ کاتێکی کە ڕەخنەم لە بەرێزیان گرت کە بۆ مێلۆدی ترکیتان بە کوردی وەرگەراندووەتەوە و دەیڵێنەوە؟ بەرێزیان زەردەخەنەیەکییان کرد و فەرموویان: گومانی تێدا نییە کە بەھۆی پێکەوەژیانی میژوویی کورد و تورک و ئەرمەنی لەو ناوچانەدا کە تێیدا دەژین زۆر خاڵی ھاوبەشیان تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام بۆچی ئێوە وا بیر ناکەنەوە کە ئەم مێلۆدییانە پێشتر کوردی بوون و کراون بە ترکی یا ئەرمەنی. کە پێی دا ھاتمەوە زانیم کە حەق بە دەستی بەرێزیانە و بێدەنگیم لێ کرد. محەممەد ماملێ سەرەڕای ھونەری مۆسیقا، لە ھونەری خوشویستن و میوانداریش دا، کوردێک و موکرییەکی ڕەسەن بوو، من لە خزمەتیاندا زۆر ھەستم بە خۆشحاڵی کرد و تامم لێ بینی».

ماملێی نیشتمانپەروەر چەندین جاران لەلایەن حکوومەتی دژە مرۆڤی پاشایەتی محمد رضا سوادکوھی[بەستەری مردوو][٢٩] بە دیل گیرابوو کە زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەھابادیش زیندانی دیبوو.[٣٠] جارێکیان لە ڕێکەوتی ٢٩ی ٢ی ١٩٤٧ی زایینی لەسەر ئەوە بەدیل گیرابوو کە شێعری بەناوبانگی لایە لایەی مامۆستا ھەژاری موکریانی بە گۆرانی گوتبوو.[٣١] یەک لەو بیرەوەرییانەی کە لە مێشکی مامۆستا جعفر ماملێ ناسڕێتەوە ئەوە بوو کە مامۆستا محمد ماملێ پاش ڕووخانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بە دیل گیرابوو. ماملێ ئەو جارەیان لەسەر تاوانی شاردنەوەی ئاڵایەکی کوردستان زیندانی کرابوو کە ھیچکات نەکەوتە دەست ڕێژیمی ایران.[٣٢]

مامۆستا محمد ماملێ لە ناو کۆمەڵگادا تێکەڵ بە ھەموو خۆشی و ناخۆشی و گرفتەکانی خەڵکی خۆی بوو. ئەو ھەرکات دەگەڵ خەڵک ھاودەرد بوو. کاتێک کە تیمی تۆپێنی پێی فارس و ترکان دەھاتن تا خۆیان لە بەرامبەر قارەمانانی مەھابادی تاقی کەنەوە، ماملێ لە گۆڕەپاندا ئامادە دەبوو و ورەی بە شار و یاریزانان دەدا. خۆی بە ھیچ شێوەیەک پێ زۆر نەبوو و بزەی سەر لێوی پێشکەش بە ھەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە گەورەو بچووکەوە دەکرا. کاک ھیوا قارەمانی کە لەم پێوەندییەوە زەحمەتی دیمانەیەکی زۆری کێشاوە، لە زمان دۆستانی نزیکی ئەو ھونەرمەندە نازدارە نووسیوێتی:

<< تایبەتمەندییەکانی کاک محمد لە باری کەسایەتی ئەو ئینسانەوە ڕوون و ئاشکران….. ئینسانێکی زۆر گەورە بووە، ھەروەھا زۆر بە ڕوحم بووە و سەرەڕای ئەوانە ”عزت نفس”یشی ھەبوو، بە ڕاستی کاک محمد شەڕەف و پیاوەتی خۆی ھیچکات و بە ھیچ قیمەتێک نەفرۆشت >>.[٣٣]

یەک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە بنەماڵەی ماملێدا پێویستە سەرنج و بایەخی پێویستی پێ بدرێ، شوێن و کاریگەری ژن لەو بنەماڵە دایە. دایکە حەبیب کە ھەرکات ماملێکان زۆر بە جوانی قسەی لەسەر دەکەن، یەک لە ژنەکانی میرزا سعید ماملێ بوو کە ھیچ منداڵێکیان بە یەکەوە نەبوو. دایکە حەبیب ئەڤینێکی وا ڕاستەقینەی بە منداڵەکانی میرزا سعید بەخشیبوو کە ھەموویان وەک دایکی خۆیان سەیریان دەکرد و حوڕمەتێکی تایبەتییان بۆی ھەبوو. ئەو کەسێک بوو کە پاش کۆچی دوایی میرزا سعیدی دەنگخۆش، یاریدەدەری منداڵەکان بوو تا گۆرانییەکانی باوکیان بە دروستی بڵێنەوە. ڕەخنەگر و ساغکەرەوەیەکی دڵسۆز بوو و توانی منداڵەکان ڕا بھێنێ تا ھونەر و شێوازی ماملێ تەمەن درێژ بمێنێتەوە. ژن بە گشتی لە ناو بنەماڵەی ماملێدا جێگە و پێگەی تایبەت و بەرچاوی ھەیە. ئازادی و بوێری لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کچان و ژنانی ئەو بنەماڵەیە بووە. ئەوە ژنانی ناو بنەماڵەی ماملێ بوون کە پشتیوانی بێچاوەڕوانی پەرە سەندنی ھونەری ماملێکان بوون. لە بواری ھەڵوێستی نەتەوەییشەوە وێنە زۆر بۆ ھێنانەوە لە بەر دەستدا ھەیە. بۆ وێنە لە ساڵانی ڕابردوودا تێلێڤیزیۆنی کۆماری اسلامی ایران زۆری ھەوڵ داوە کە یای ئامە، ھاوسەری نیشتمانپەروەری مامۆستا محمد ماملێ دیمانەیەکیان دەگەڵ بکا، بەڵام ئەو لەو پەڕی بوێری و وەفاداری بە ڕێبازی مێرد و باوک و نەتەوەکەی ڕێگەی پێ نەداون کە بچنە خزمەتی.

درێژەی ھەیە.

سۆران کرباسیان

ئوسلۆ – خاکەلێوەی ٢٠١٢ سەرچاوە/ژێدەر

[١] بە شێوەی فەرمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان مامۆستا محمد ماملێی وەک ھونەرمەندی نەتەوەیی کورد پێناسە کردووە. چاوخشاندنێکیش بە بەرھەمەکان، ھەڵوێستەکان و ژیانی مامۆستا محمد ماملێ ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو کەسێکی نەتەوەیی بوو، کەسێک بوو بۆ کورد و کوردستان ژیا.

[٢] میرزا سعید ماملێ دوکانی گۆشتفرۆشی ھەبوو. لە دواییدا چوو لە نێو بازەرگانی تووتنی ناوچە. لەو سەردەمدا تووتنی زۆر شاری دەورووبەر وەک پیرانشار و سەردەشی دەچۆوە مەھاباد. جار جار بەپێی زەمەن و وەرزی تایبەتییەوە کاری کرین و فرۆشی خوری دەکرد بەڵام زۆرتر سەرقاڵی تووتنی ناوچە بوو. ئەم زانیارییانەم لە ھاوڕێ و برای مامۆستا محمد ماملێ، ھێژا کاک جعفر ماملێ وەرگرتووە.

[٣] ھیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی ڕەھرەوی مەھاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠ی ئەیلوولی ٦٨٠٦–٩٦٤، لاپەڕەی ٢١

[٤] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[٥] سید محمد صمدی، نگاھی بە تاریخ مھاباد، انتشارات ڕھرو مھاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[٦] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مھاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرھنگی ھیوا-مھاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٧٠٧

[٧] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[٨] ھیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی ڕەھرەوی مەھاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠ی ئەیلوولی ٦٨٠٦–٩٦٤، لاپەڕەی ٢٢

[٩] سید محمد صمدی، نگاھی بە تاریخ مھاباد، انتشارات ڕھرو مھاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٤

[١٠] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٨

[١١] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[١٢] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ھێژا کاک وریا ماملێ

[١٣] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٧

[١٤] ھیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی ڕەھرەوی مەھاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠ی ئەیلوولی ٦٨٠٦–٩٦٤، لاپەڕەی ٢٨

[١٥] سید محمد صمدی، نگاھی بە تاریخ مھاباد، انتشارات ڕھرو مھاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[١٦] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مھاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرھنگی ھیوا-مھاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٩٣

[١٧] لە چەند سەرچاوەیەکدا خوێندبوومەوە کە گوایە مامۆستا محمد ماملێ لە گەڕەکی ئەرمەنیان (یەک لە گەڕەکەکانی شاری مەھابادە) لە دایک ببوو. مامۆستا جعفر ماملێ لەم پێوەندییەوە فەرمووی کە ئەوان بە منداڵیش بە گەڕەکی ئەرمەنیانیان نەدەزانی و خۆی و کاک محمد لە گەڕەکی خڕێ لەدایکبوون. محمد حسن احمد کە ھۆگرێکی مامۆستا ماملێ بووە لە زمانی خۆیەوە ھەمان زانیاری بڵاو کردووەتەوە. ھێژا ھیوا قارەمانی و ڕێزدار سید محمد صمدی بە ھەمان شێوە لە نزیکەوە خودی مامۆستا محمد ماملێیان بە دەیانجار بینیبوو کە ئەوانیش لە پەرتووکەکانی خۆیاندا ھەر ئاماژەیان بە گەڕەکی خڕێ کردووە.

[١٨] سید محمد صمدی، نگاھی بە تاریخ مھاباد، انتشارات ڕھرو مھاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[١٩] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٨

[٢٠] بڕوانە ژمارە ٥٩ی گۆڤاری مەھاباد کە لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی دەرچوو، ھەروەھا بڕوانە لاپەڕەی ٣٣٥ی پەرتووکی کورد و کوردستان نووسینی کمال مظھر، ڕحیم سابیریش ڕەوانشاد محمد مەولودی وەک یەک لەو نیشتمانپەروەرە کوردانە ھەڵبژاردووە کە پەرتووکی خۆی پێ پێشکەش کردووە. بڕوانە ڕەحیم سابیر، حکوومەتی میللی کوردستان، چاپەمەنی چوارچرا، چاپە یەکەم، سلێمانی ٢٠١١

[٢١] بۆ زانینی بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆماری کوردستان بڕوانە نامیلکەیەک کە نووسەری ئەم دێڕانە لە ڕێکەوتی دووی ڕێبەندانی ٢٠١٢ی زایینی بڵاوی کردووەتەوە.

سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان

http://www.kurd.no/komar.pdf

[٢٢] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مھاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرھنگی ھیوا-مھاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەکانی ٦٢٧ و ٧٠٧

[٢٣] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ھێژا کاک وریا ماملێ و ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[٢٤] کاک سمایلی ماملێ لە نووسینەکانی خۆیدا ئاماژەی بەو قسەی گیانبەخت کاک دوکتوور کردووە. مەخابن ئێستا ئەم پەرتووکەم لە بەر دەستدا نییە بەڵام لە یادداشتەکانی خۆمدا دەقی گوتەی ئەو زانا کوردەم نووسیبۆوە.

[٢٥] ئەم زانیارییەشم لە ڕووی یادداشتەکانی خۆم نووسیوەتەوە کە کاک سمایلی ماملێ بڵاوی کردبۆوە. ناوبراو خۆی زانیارییەکەی لە ژمارەی ١٥ی ڕۆژنامەی پەیام وەرگرتبوو کە بە بۆنەی چلەی ماتەمینی محمد ماملێ لەژێر ناوی شینگێڕی بڵاو ببۆوە.

[٢٦] گیانبەخت کاک نەجات ماملێ یەکەم کوڕێک بوو کە لە ژیانی ھاوبەشی یای آمین (ئامە) و مامۆستا محمد ماملێ لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی بەرھەم ھات. لە سەردەمێکدا کە کۆماری اسلامی ایران تەواوی زەختی خۆی بۆ سەرکوت و بە فەرمی نەناساندنی پرسی کورد بەکار دەبرد، سەرچاوەی ژیانی زۆر کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوتبوو ژێر مەترسییەوە. لەو کاتەدا کاکە نەجات دەگەڵ ئامەی قارەمان و بوێر دوکانی بەڕێوە دەبرد و حوڕمەتی ماملێی ناوداریان دەپاراست کە ئامادە نەبوو بە ھیچ شێوەیەک ڕووی خۆش بە حکوومەتی ناوەندی نیشان بدا. ماملێی کوردان میوانی لە ھەموو کوردستانەوە بۆ دەچوو و لەو سەردەمدا گیانبەخت کاک نەجات و یای ئامە ھەموو ھەوڵی خۆیان دا تا ناوداری دەنگخۆشی کورد لە لای میوانەکانی ھەست بە شەرم نەکا. کەسێک کە باوکی ماملێی نەتەوەیی بێ و لە دایکێکی وا قارەمان و قارەمانزادە بووبێ، ئاسایییە کە خاوەن پەروەردەیەکی نەتەوەییش دەبێ. ئەو دەگەڵ کۆمەڵێک پەپوولەی جوانی دیکە تەنیا بە تاوانی کوردبوونیان لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی ئێعدام کران. ئەوەی کە دەورووبەری لە سەری دەیگێڕنەوە تەنیا باس لە ژێری و وشیاری و لەسەرەخۆیی ئەو گیانبەختەیە. ئێعدامکردنی کاک نەجات ماملێ کاریگەری زۆری لەسەر بنەماڵەی ماملێ و ھونەر دانا. ڕۆحی شاد بێ و یادی ھەر بە خێر.

[٢٧] سیستەمی جەنایەتکار بۆ پێناسەکردنی حکوومەتی کۆماری اسلامی ایران بە شێوەی فەرمی لەلایەن دادگای میکۆنووس بەکار بردراوە. بەھۆی ئەوە کە ئەم دادگایە شرعییەتی نێونەتەوەیی ھەبووە، ھەر بۆیە لێرە بە پێویست زانراوە کە ئەم دەستەواژەیە بەکار ببردرێت.

[٢٨] ھیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی ڕەھرەوی مەھاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠ی ئەیلوولی ٦٨٠٦–٩٦٤، لاپەڕەی ١٧

[٢٩] ترکێکی دانیشتووی آذربایجان کە لێکۆڵەری مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار ناسناوی ”پھلوی” بۆ خۆی ھەڵبژارد و بە ناوی محمود پھلوی ژیانی دەکرد. ناوبراو لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری پروین کە لە ساڵی ١٩١٥ی زایینی بڵاو بۆوە، بابەتێکی بە ناوی ”محمود پھلوی” لەسەر کتێبخانەی اسکندرییە بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٢٤ی زایینی لەلایەن زۆردارێکی حکوومەتی بە ناوی ”فرج اڵڵەخان بھرامی” نامەیەک بە دەستی ”محمود پھلوی” گەییشت و بە ڕاشکاوی فەرمان درابوو کە چیتر بۆی نییە ناسناوی پھلوی بەکار ببا. ئەو بڕیارەش لەلایەن رضا سوادکوھی پاشای ئەوکاتی ایران درابوو کە ناسناوی پھلوی بۆخۆی ھەڵبژاردبوو و حەزی نەدەکرد کەس ئەو ناوە بەکار ببا. محمود پھلوی بەم ھۆیەوە ناوی خۆی وەک ناسناویش بەکار برد و بە ناوی ”محمود محمود” درێژەی بە ژیان و نووسین دا. بنەماڵەی سوادکوھی لە شێواندنی مێژووی نەتەوەکانی ناو ایراندا بە بنەڕەتی کاریان کرد و ھەوڵی شاردنەوەی زۆر ڕاستییان دا. ئێمە لە نووسیندا ھەوڵ دەدەین کە بەپێی ڕاستییەکان مێژوو بخەینە بەر چاوی جەماوەر و ھەر بۆیە ناسناوی سوادکوھی بۆ ئەو باوک و کوڕە ڕاسیست و دیکتاتۆرە بەکار دەبەین کە لە ڕەچەڵەک و ڕاستییەکانی ژیانیان نزیکترە. یەک لە پەرتووکە بە نرخەکانی ”محمود محمود” لەژێر ناوی ”تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلیس در قرن نوزدھم” لە ھەشت بەرگاندایە کە لەو پەرتووکەدا لەسەر بەکرێگیراوی ئەو باوک و کوڕە کەمی نەدرکاندووە. بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بۆ وێنە بڕواننە نووسینەکانی دوکتوور فریدون آدمیت و محمود کثیرایی و علی دھباشی

[٣٠] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[٣١] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مھاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرھنگی ھیوا-مھاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٧٠٤

[٣٢] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[٣٣] ھیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی ڕەھرەوی مەھاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠ی ئەیلوولی ٦٨٠٦–٩٦٤، لاپەڕەی ٢٠ - See more at: http://www.mamle.net/?page_id=35#sthash.2drXcG08.dpuf ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

  • [٢]محەممەدی ماملێ، کوڕی میرزا سەعیدی ماملێ (مام عەلی) لە ساڵی ١٩٢٥ لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەند و نیشتمانپەروەر، لە گەڕەکی ھەرمەنییانی مەھاباد لەدایکبوو. میرزا سەعید ھەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بەھۆی ھونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شێعرخوێنی (بەتایبەت شێعرەکانی وەفایی) لە کۆڕەکانی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێ گیراوە و لە گەڕەک و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.

لە زۆر کەسی بەتەمەنی ناوچەی موکریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ دەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگ سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی کە لە ساڵی ١٩٣٢ دا ھاتووەتە موکریان و لە باغی میرزا شەریفی حاجی ڕەشید، بۆ خەڵکی مەھاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە. محەممەد حەمەباقی نووسەری کتێبی «سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی» دەڵێ:

حاجی غەنی چایچی بۆمی گێڕایەوە کە جگە لە سەعیدی ماملێ، سێ گۆرانیبێژی تری مھابادی، بە ناوی عەبدوڵلا ڕەش، کەوێ جوو و حسەینی قاقی گۆرانییان لەگەڵ سەید عەلیئەسغەر وتووە. سەید عەلیئەسغەر لە ڕادەبەدەر ڕێزی بۆ ئەم گۆرانیبێژانە دادەنا؛ بەتایبەتی بۆ سەعیدی ماملێ.

لەم بارەیەوە محەممەدی ماملێ دەگێڕێتەوە کە:

ھەر جارەی سەعیدی ماملێ بەندێکی خۆشی گۆرانی وتووە، سەید عەلیئەسغەر لە جێی خۆی ھەڵساوە و سەعیدی ماملێی ماچ کردووە.

محەممەدی ماملێ خۆی لە بارەی میرزا سەعیدی باوکیدا گوتوویە:

«بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕدا دوکانێکی چکۆڵەی خوری فرۆشتنی ھەبوو. ئێمە شەش کوڕ و کچێک بووین.. ھەربە گشتی تایفەی ئێمە، تایفەی گۆرانیبێژانە. بابم زۆربەی ئەو گۆرانییانەی کە ئەمنیش دەیانڵێمەوە، بۆ خۆی دایناون و ئاھەنگی خستوونەسەر. نەیتوانیوە سازێک لێ بدا، بۆ ئەو مەبەستە سازژەنی خۆی ھەبووە. ئەو لە ھەموو گۆرانییەکی زیاتر حەزی لە گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.

ھەرچەند بنەماڵەی ماملێ بە تێکڕایی ھونەرمەند و دەنگخۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەممەدی ماملێ ھونەرمەندێکی دەگمەن و ھەڵکەوتە بوو کە لە دوای میرزا سەعیدی باوکی و ھەروەھا میرزا حوسێنی برای کە دە ساڵێک لە خۆی گەورەتر بووە، توانی وەک بەرپرس و نوێنەری ھونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی کوردی برەو و ڕەواج پێبدا. حامیدی کاکیلی یەکێک لە نیزیکترین دۆستانی محەممەدی ماملێ لەو بارەیەوە دەڵێ:

ناکرێ بڵێین بنەماڵەی ماملێ لە چ کاتێکەوە و لە کوێوە دەستیان پێکردووە. ئەوانە ژن و پیاویان دەنگخۆش بووە وەک ماسی وابوون ھەر وەختێکی دە ئاو ھاویشتراون مەلەزان بوون. محەممەدیش ھەروەتر ناتوانین بڵێین بە چ ئاھەنگێک و لە کوێوە دەستی پێکردووە. تەنانەت بەشێک لەو بنەماڵە کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن دەنگیان خۆشە. بە گشتی ئەو بنەماڵەیە، لە مام عەلی و مام سەعید ڕا بگرە ھەتا میرزا حوسێن و محەممەد و ئەوانی تر بەھۆی دەنگەکەیانەوە دەگەڵ ھەموو بەزم و خۆشی و دانیشتنەکی ئەو شارە و ئەو ناوچەیە تێکەڵاو بوون بەتایبەت ئەودەم کە وەک ئێستا مەحدودییەت نەبوو.

زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە ماملێ بێجگە لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی خۆی، ھونەرمەندێکی ڕەسەن و خاوەن قوتابخانەیە. سەبارەت بە ماملێ دەیانگوت: "زۆر بەجێ و ڕێ گۆرانی دەڵێ". ڕاستە، دەنگخۆشیی بەھرەیەکی دایکزایییە، بەڵام با بزانین چ ھۆکارێک محەممەدی ماملێی بەو پلەیە گەیاند و نێویان لەسەر چڵەپۆپەی ھونەری مەقام و گۆرانی کوردیی نەخشاند.

ژیانی تایبەت[دەستکاری]

ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەک ھونەرمەندێکی ئازادی خواز و خەڵکخۆشەویست، دەرکەوتووە و بەپێی ئەرکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی، خۆی پێگەیاندووە. لەگەڵ ھیچ دارودەستە و تاقمێکی سەرەڕۆ و زۆردار دانووی نەکوڵاوە و لە ئەستەمترین قۆناخەکانی ژیاندا، وەک بولبولێکی خوشخوێن، سەری لە ھەموو ھەوار و کوێستانەکانی کوردستان داوە و مزگێنی شادی و ئازادی بۆ ڕێڕەوانی ئەوین ھێناوە. لە ڕۆژانی خۆشیدا بە بەستە و گۆرانی، بەزم و کۆڕی ھاوقەتارانی ڕازاندووەتەوە و لە ڕۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایلایە خەڵکی لاواندووەتەوە. ماملێ بێجگە لە کوردایەتی، سەربازی ھیچ ڕێبازێکی ئیدەئۆلۆژی نەبوو؛ ئەو تەنیا گیانبازی گەلەکەی بوو.

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە دەست تاقمێکی خۆبەخودازانی ھیچنەزان دایە، زۆر بە دەگمەن ھەڵدەکەوێ کە ھونەرمەند بتوانێ لەنگەری خۆی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا ڕابگرێ و بە پووڵ و پارە ھەڵنەفریوێ و ھەڵە نەڕوات؛ ماملێ چ وەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چ وەک کەسایەتی ھونەری، ھەم لە ڕێژیمی پاشایەتی (ڕەزاخان ١٩٢٥١٩٤١ و محەممەدڕەزا پەھلەوی ١٩٤١١٩٧٩) دا و ھەم لە ڕێژیمی مەلایەتی (١٩٧٩... ؟) دا، توانی بە شێوەیەکی گونجاو، نە تەنیا ئەو لەنگەرە ڕابگرێ، بەڵکوو وەک ھونەرمەندێکی ئازادی خواز و گەلنەواز لە ساڵی ١٣٤٧(١٩٦٨) لە بەندیخانە بکرێت. بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە ماملێ لە بارودۆخێکی زۆر تایبەتیی کوردستاندا، وەک ھێمای نواندنی بەشێک لە فەرھەنگی خۆڕاگری و سەرزیندوویی گەلی کورد کە لە زۆربەی گۆارانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ھەمیشە چقڵێک بووە لە چاوی نەیاران و دژبەرانی گەلەکەی. ھەربۆیەش، ھەر بەستە و گۆرانییەکی کە ماملێ دەیگوت و دەیخوێند، بۆ ئەوەی بزانرێ چ مەبەست و ڕەمز و ڕازێک لە گۆرانییەکانیدا حەشاردراوە، لەلایەن ساواکی مەھابادەوە، بە وردی سەرنجی دەدرایە. ھەڵبەت ماملێش ئەو کەسە نەبوو کە لە خۆڕا بیانوو بداتە دەست ساواک، زۆر عاقڵانە و ھونەرمەندانە ھەڵسوکەوتی دەکرد و بە شێوەیەکی زۆر مەنتیقی تەقییەی ھونەریی بەکاردەبرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ کتێبی: بازی بێریان، ژیانی و گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ. کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: محەممەد حەسەن ئەحمەد. بەرگی یەکەم ١٩٨٣

بەستەر بۆ گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ[دەستکاری]

گۆرانییەکانی مامۆستا محەممەدی ماملێ ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. چریکەی کورد[دەستکاری]