حەسەن زیرەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حەسەن زیرەک
Hesen Zîrek

حەسەن عەبدوڵا
لەدایکبوون (١٩٢١-١١-٢٩) ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١
بۆکان، گەڕەکی قەڵا
مەرگ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢(١٩٧٢-٠٦-٢٦) (٥٠ ساڵ ژیاوە)
بۆکان
ھۆکاری مەرگژەھر خواردکردن، شێرپەنجەی جگەر[١][٢][٣]
شوێنی گۆڕناڵەشکێنە، بۆکان
36.5005291, 46.2082101
نەتەوەکورد
شارۆمەندێتیھاووڵاتی ئێران
پەروەردەنەخوێندەوار
پیشەگۆرانیبێژ، وێنەکێش[٤]
چالاکبوون١٩٥٦–١٩٧٢
ناسراوە بەبولبولی کوردستان[٥]
چەشنفۆلکلۆر
ئایینئیسلام
ھاوسەرمیدیا زەندی، ڕابیعە سەرئەنجام [٦] [٧]
مناڵ(ەکان)مەھتاب(ئارەزوو)، ساکار[٨]


حەسەن زیرەک (٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان – ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان) ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو. بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد ھەژمار دەکرێت. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانیی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراونەتەوە. حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان، پارێزگای ورمێ کۆچی دواییی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا.

پوختەی ژیان[دەستکاری]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

حەسەن زیرەک لە ڕۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موکریان لە دایک بووە، شوێنی لەدایکبوونی زۆر ڕوون نییە، بە گوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکانە و زیرەک لە گەڕەکی قەڵای سەرداری ئەم شارە لە دایک بووە، زۆر کەسیش کە لە نزیکەوە دەیناسن گوندی ھەرمێلە، کە سەر بە شاری سەقزە، بە شوێنی لەدایکبوونی دادەنێن. باوکی ناوی عەبدوڵڵایە و دایکی ئامینی ناو بووە. باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە و لەبەر لێھاتوویی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو کوڕی تری بە ناوەکانی حوسێن و مینە ھەبووە. حەسەن زیرەک لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە شایییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانیی وتووەتەوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی کردووە و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک ١١ ساڵان دەبێت کاتێک باوکی دەمرێت. لەدوای مردنی باوکی، بنەماڵەکەیان لە دێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز. پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوە و ئەمە دەبێتە ھۆی دژواریی زیاتر لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زیرەک و خوشک و براکانی. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لەلای خانانی ئاغای ئەو دێیە بە کارکەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکات بە قاوەچییەتی و چاوساغی و بەردەستیی ئاغاوات.

ساڵانی ھەرمێلە و سەقز[دەستکاری]

ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و ھەموویان ھەوڵی ئەوەیان دەبێت کە زیرەک لە دەنگە خۆشەکەی بێبەشیان نەکات. کاتێک خانان دەبینێت زیرەک دەنگی ئەوەندە خۆشە ئەمجارە زیاتر گرنگی بە ئەو دەدات و ڕێگە دەدات زیرەک بێتە دیوەخان و بە گۆرانی میوانداریی خان بڕازێنێتەوە. لەولاشەوە زیرەکی مێرمنداڵ و دەنگخۆش بۆ بانگھێشتی شەوان و ڕەشبەڵەکی کوڕان و کچانی گوند، و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکات. دوای ساڵێک ھەرمێلە و لای ئاغاوات بەجێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە شار، بە شاگرد لای کەبابچی و وردە کاری تر ژیان دەباتە سەر. ساڵی ١٩٦٠ دێتەوە ھەرمێلە و وەک تفەنگچی لە ماڵی ئاغاوات دادەمەزرێت، و پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێکدەچێت و واز لە تفەنگچییەتی و ئازار و ئەزییەتی خەڵک لە پێناو ئاغادا دێنێت و دەچێتە سەقز و دەبێتە شۆفێری مینەخانی ئەردەڵان و لەنێوان سەقز و بانەدا دەست بە کار دەکات.

ئاوارەیی و بەغدا[دەستکاری]

ڕۆژێک لە ڕۆژان کوڕە جەحێڵەیەکی گوندی قوڕەدەرێ، بە ناوی مەحموود نارنج، بە ئۆتۆمبێلەکەی حەسەن کۆمەڵێک باری دار دەگوازنەوە، لە نزیک گرداییەک ئۆتۆمبێلەکەی حەسەن گڕ دەگرێت و ھاوڕێیەکەی حەسەن لەناو ئۆتۆمبێلەکە دەسوتێت و گیانی لە دەستدەدات. حەسەن لەترسان ڕادەکات و ئاوارە دەبێت تا لە باشوری کوردستان دەگیرسێتەوە. دواتر زیرەک دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بەھۆی چەند کەسێک لە میوانخانەی شومال ئەلکەبیر دادەمەزرێت. لەوێش دەست دەکات بە گۆرانی وتن و لە ماوەیەکی کەمدا بەم ھۆیانە ناوبانگ دەردەکات. چەند کەس لە ناودارانی مۆسیقای کوردی، وەک عەلی مەردان، لە ساڵی ١٩٥٣ زیرەک لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی کوردیی ڕادیۆ بەغدا و بۆ یەکەم جار دەنگی لە ڕادیۆی کوردیی بەغداد دەبیسترێت و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژیی زیرەک پەیدا دەبێت. حەسەن زیرەک لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکات، و ئەم گۆرانییانە و ناو و ئاوازی زیرەک بە کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە. زیرەک لە ماوەی نزیک بە دە ساڵ مانەوە لە عێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێت و سەرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە کەم وێنەکەی خۆی ڕادەکێشێت.

گەڕانەوە بۆ ئێران[دەستکاری]

لە ١٤ی ئابی ١٩٥٨ حەسەن زیرەک گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، کرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانیی خوێندووە. ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێک دێنن کە ئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەکانی مەھتاب(ئارەزوو) و ساکاریان دەبێت. ساڵی ١٩٦٩ حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە کانی مەلا ئەحمەد چایخانەیەک دادەمەزرێنێت، شانبەشانی ئەو کارەش لە گۆرانیوتن و کاری ھونەری ناوەستێت و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکات. پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ. لە شاری شنۆ بە کار و کاسبی ژیان تێپەڕ دەکات. لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی شانۆی ھونەرەجوانەکان لەگەڵ سێوەخان و ڕەشۆڵ عەبدوڵڵادا لە شانۆی بووکی ژێر دەواری ڕەش و خەسوو یان ئەژدیھا و تەڕپیر بەشداریی کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧–١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانیی وتووە.

گۆرانییەکان[دەستکاری]

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک پشتبەستنی بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانە. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەندە زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی، زیرەک لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە. لە ئەو شاعیرانە: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ئەحمەد ھەردی، پیرەمێرد و ھێمن. زیرەک بۆ وێنە شیعری «شەو»ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەک گۆرانیی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردیی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری وتوویەتی.

بەشێک لە گۆرانییەکانی:

  • دیسان شەو ھات
  • وەک قومری
  • لۆرکێ
  • کەتانە
  • ھەی نار
  • کابوکێ
  • لەیلا
  • کرماشان شاری شیرین
  • ئەمان دۆکتۆر
  • بۆ چ منت ناوێت
  • ھۆ لەیلی
  • ماڵی بابم نەسرین
  • کەویار
  • ئەسمەر

ھاوڵەنای گۆرانیبێژ[دەستکاری]

حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە محەممەد ماملێ، مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە، عوسمان بۆکانی، ڕەزا سەقایی، سەید محەمەد سەفایی و ئەحمەد شەماڵ. گۆرانیی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە ساڵی ١٩٥٩ بە یارمەتیی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە. «بەرھەڵبێنە» و «ھەوارە، گوڵم ھەوارە» دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوە وتوویانە.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

لە ماوەی ژیانی ھونەریدا زیرەک دەربەدەری زۆری چەشتووە. ماوەیەک لە شارەکانی ئێران و ماوەیەک لە عێراق. لە ڕۆژانی دەستپێکی ژیانی لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی کاری دەکرد. ڕۆژێک بەدەم کارەوە لەژێر لێواندا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانییە و دەنگی زیرەک ھەستی ڕێبوارێک دەبزوێنێت و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ژیانی زیرەکدا و ڕێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە ڕادیۆی بەغدا. بۆ ماوەیەک لە ڕادیۆ بەغدا کار دەکات و کاتێک لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردیی ڕادیۆ تاران دەست بەکار دەکات، حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بە کار دەدات. زۆربەی بەرھەمەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە.

ئەو ناوچە و شارانەی حەسەن زیرەک گرنگترین ئێستگەی ھونەریی خۆی تیادا تۆمارکردووە

حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێبەش مابوو، بەڵام توانای بێوێنەی لە ھۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێوێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە سەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە ماڵی کوردەکان گوێ لە گۆرانییەکانی دەگیرێت. زیرەک چەند گۆرانییەکی بە کچەکانیدا وتووتەوە. حەسەن زیرەک نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕووی خۆشیی نەدیوە. ھەڵسوکەوتی حکوومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ دروست کردووە. بۆ نموونە، دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەیان نەداوە بە ڕادیۆ تاران. ئەوە دڵی ناسکی زیرەکی ڕەنجاند و بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە بۆ تاران. باری کرد بۆ عێراق بەڵام لە بەغدا دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەیگێڕێتەوە کە بە بنمیچەوە ھەڵواسراوە و لێی دراوە؛ بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی لە ئێرانیش ساواک دەیگرێت و ئەشکەنجەی زۆری دەدەن، زیرەک لە شوێنێک چۆنییەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. حەسەن زیرەک لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەممەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی کاری کردووە و ئەو ھاوکارییە بووە ھۆی دروستکردنی بەرھەمی وا کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە بە یادگاری ماون.

مردن[دەستکاری]

قەبری حەسەن زیرەک (چەپ) و قەبری قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆکان.

ساڵی ١٩٧٢ نەخۆشیی شێرپەنجە کە لە مێژ بوو حەسەن زیرەکی ئازار دەدا، لێی تووند دەکات، چەند جار لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان دەیخەوێنن، بەڵام دەستبەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک وازی لە گۆرانیوتن نەھێنا:

لە پڕدا پیریم لێ وەدەرکەوتبەختیش وەکوو خۆم ھات و لێی خەوت
فتیلەی عومرم ھاتووەتە کزیھەر بینا ئەویش لە سووتان کەوت
ئەسپی تەبیعەت ھەروا خۆش ڕۆیەبەبێ ئاوزەنگی لە ڕەوت نەکەوت

سەرەنجام ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧١ی زایینی نەخۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە ئەرزی دەدات و دوای ماوەیەکی زۆر لە جێگەدا کەوتن لە ١٩٧٢ لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵاوایی لە زێد و نیشتمانەکەی دەکات و چرای تەمەنی لە سووتان دەکەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت. لەسەر ویستی خۆی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، کە دەڕوانێتە بۆکان ئەسپاردەی دایکی نیشتمان دەکرێت.

مەرگی حەسەن زیرەک وەک بۆمبێک لە نێو کوردستاندا تەقییەوە و شەپۆلەکانی خەم و ماتەمی لەدەستچوونی لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕی.

ژیان و بەرھەمەکانی لە پەرتووکدا[دەستکاری]

  • چریکەی کوردستان
  • ژیان و ھونەری
  • گەوھەرێ
  • حەسەن زیرەک و ھێندێ لە بەرسەرھاتەکانی

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ئیمپراتۆری گۆرانی و میوزیکی کوردی‌". knwe.org. Retrieved 2023-11-10.
  2. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت؟". Kurdipedia.org. Retrieved 2023-11-10.
  3. ^ "حەسەن زیرەک.. له نێوان مردنى ئاسایی و تیرۆرکردندا". politicmedia.net. Retrieved 2023-11-10.
  4. ^ "بەرگرییەک لەھونەرمەند حەسەن زیرەک". hawlati.co (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-09-25.
  5. ^ "بولبولی کوردستان بوو بە 100 ساڵ". SAHAR KURDISH (Sorani). 2021-11-28. Retrieved 2023-11-10.
  6. ^ "وت‌ووێژێکی بڵاونەکراوە لەگەڵ میدیا زەندی ھاوسەری مامۆستا حەسەن زیرەک". haje.ir. Retrieved 2023-11-10.
  7. ^ "ھاوسەری ھونەرمەند حەسەن زیرەک کۆچی دوایی کرد". Kurdistanmedia (kurdistanmedia.com) (بە کوردی). 2023-06-07. Retrieved 2023-11-10.
  8. ^ "حەسەن زیرەک". www.khaktv.net. Retrieved 2023-11-10.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]