سالار سەلمان
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
سالار سەلمان | |
---|---|
لەدایکبوون | |
نیشتەجێی | ھۆلەند |
نەتەوە | کورد |
پیشە | ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و گۆرانینووس |
چەشن | گیتار |
سالار سەلمان میراخۆر (لەدایکبووی ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٥٩ لە کەرکووک، عێراق) ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن، گۆرانینووس و گۆرانیبێژێکی کوردە.
ژیانی تایبەتی و ھونەری
[دەستکاری]سالار سەلمان لە دەیەی ١٩٨٠وە سەرقاڵی کاری ھونەرییە و بەھۆی ئەو ئاوازانەی کە دایناوە، ئەو گۆرانییانەی کە نووسیویەتی و ئامێرەکەی (کە گیتارە) بە کەسێکی داھێنەر و پێشەنگ پێناسە دەکرێ کە کارەکانی دانسقە و جیاواز بووە. سالار زیاتر بە ئاوازەکانییەوە ناسراوە، و ئەو کاسێتەی تیپی مۆسیقای سروود لە ساڵی ١٩٨٦دا تۆماری کرد، ھەمووی بەرھەمی ئەو بوون. زۆر ھونەرمەندی کوردی وەکوو: کڵپە مستەفا، کەمال محەممەد و سالار مەحموودی پێگەیاندووە[١] و ھەنووکەش بەردەوامە و جگە لە کاری ھونەری لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩دا لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی تر یانەی کوردیی میدیای لە ئەمستەردامی ھۆڵەند دامەزراندووە.[٢][٣] زۆربەی گۆرانییەکانی سالار سەلمان لەلایەن گۆرانیبێژانی ترەوە وەکوو چیا مەدەنی وتراونەتەوە.
گۆرانییەکانی سالار سەلمان سەبارەت بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و ژانن و، ئەمەش وای کرد کە شۆرەتی «سانتانای کوردستان» وەرگرێت کە شۆرەتێکی ئیسپانییە. سالار بە دوورکەوتنەوە لە شێوازە تەقڵیدییەکان و فۆلکلۆرییەکان و دەنگە دووبارەکان، شێوازێکی ئازادی بە ئاوازەکانی داوە. لەجیاتیی ئەوانە، بیرۆکەی لە دەنگە ئافڕۆ–ڕۆژئاوایییەکانی دەیەی حەفتا و ھەشتا وەک جاز، ڕۆکی ھەلوەسەبزوێن یان فلامێنکۆ وەرگرتووە و بەمەش توانیی مانایەکی نوێ بە مۆسیقای خۆی بدات.[٤]
دوای ساڵانێک بێدەنگی، دواجار سالار لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پیتەر ھۆڵسڵن بۆ باندکامپ دەیلی دەرکەوت. نووسەر نووسیویەتی سالار بیرۆکەی لە زۆر شت وەرگرتووە. ھەر لە گیتاری فلامێنکۆی ئیسپانیی پاکۆ پنیا بگرە تا دەگاتە ڕیفەکانی ڕۆکی ماڕک ناپفلێری سەرکردەی باندی دایر سترەیتس. دوای ئەوەی لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ ڕووی کردە ئەمستەردام، باندێکی لەگەڵ پیانۆژەنێکی ھۆڵەندی، بەیسژەنێکی مەغریبی، ئەوبۆژەنێکی ئیسپانی و تەپڵلێدەرێکی خەڵکی سورینام دروست کرد. ئەمە زۆر بەڕوونی لە مام لالۆ کە پارچەیەکی خەوھێنەرە دیارە کە لە گوڵچینێکی مۆسیقای سالار لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لەلایەن کۆمپانیای ھۆڵەندی، ئافڕۆبۆتیک میوزیکۆلۆجی بڵاوکرایەوە. سالار لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەسەر واتس ئەپ بۆ باندکاپم دەیلی ڕوونکردنەوەی لەسەر مام لالۆ دا و وتی: «شوانەکە ھەموو مەڕەکانی لەدەست داوە و لەبەرئەمەش شەکەت بووە و بڕسکی لێ بڕاوە.» وەک زۆربەی گۆرانییەکانی، وتی کە «مام لالۆ لە بەرگێکدایە، بەڵام لە ڕاستیدا، من باسی مەڕ ناکەم—باسی چاندی کوردی دەکەم. ھیوابڕاوە.» ئەلبوومەکەی لە ھەشت تڕاک پێک ھاتووە کە حەوتیان لە دەیەی ١٩٨٠ تۆمار کراون کە لە نێو کاسێتێکی زۆر کۆن و ونبوودا تۆمار کرابوون. کچەکەی سەلمان بەناوی «شیرین میراخۆر» بەم دوایییە لەنێو پاکەتێکی پێڵاوی تەپوتۆزاویی پڕ لە کاسێتی کۆن لە پشتی دۆڵابێکدا دۆزیبوویەوە. میراخۆر و مێردەکەی، و بەرھەمھێنەری مەغریبی، شاب ڕانر زۆر سەرسام بوون بەو مۆسیقایە و بڕیاریان دا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە. ھەروەھا شاب ڕانر لە ئەلبوومەکەدا و لە گۆرانیی مام لالۆ بە شێوەی ڕیمیکس بەشداریی کردووە.[٥]
لە چاوپێکەوتنەکەدا، سالار باسی نەھامەتییەکانی کورد و کوردستان و، ئەنفالی ڕژێمی بەعسی بە سەرکردایەتیی سەددام حوسێن کردووە. سالار توانیویەتی لەو سەردەمەدا ڕێگەیەک بۆ گۆرانیوتن بۆ گەلەکەی بدۆزێتەوە. ھەروەھا وتی «بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گۆرانیم دەوت.» ئاماژەی بەوە دا کە گۆرانیی سیاسی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی سەددام حوسێندا کە بەتەواوی دوژمنایەتیی دانیشتووانی کوردی دەکرد مەترسیدار بوو. وتی «من گۆرانیم لەسەر خۆشەویستی بۆ کچێک دەوت، و دەموت، 'ئامادەم لەپێناوتدا بمرم. ھەموو ژیانم بۆ تۆیە. بەبێ تۆ، ژیان بێمانایە.' مەبەستەکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەبوو، بەڵکوو خۆشەویستیی من بوو بۆ کوردستان—ئامادە بووم بۆی بمرم.» دوای ئەوەی ڕووی کردە سلێمانی، بەردەوام لە قوتابخانە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان کۆنسێرتی دەکرد تا یارمەتیی بژیویی خێزانەکەی بدات. بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی ناوبانگەکەی، سەرنجیی نەرێنیی ئەفسەرە تۆقێنەرەکانی پۆلیسی نھێنیی موخابەراتی عێراقیشی بۆ خۆی ڕاکێشا، و بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ھۆنراوەکانی ھێنایان. ھەست دەکرا کە ژیانی لە مەترسیدایە بۆیە لە ١٩٨٢ لە وڵات ھەڵات و چوو بۆ ئێران و پاشان لەوێوە بۆ ھۆڵەندا. سالار لە گەشتە درێژەکەیدا، گیتارەکەی فەوتا؛ پاسەوانانی سنووری ئێران وردوخاشیان کرد، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماریی ئیسلامیی ئێران دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، مۆسیقای ڕۆژائاوایان قەدەغە کردبوو. بەڵام توانیی گیتارێکی نوێ پەیدا بکات دوای ئەوەی کە لە فڕۆکەخانەی ئەمستەردام لە گەشتیارێکی ئەوڕووپی نزیک بوویەوە و بڕە پارەیەکی پێ دا. سالار وتی «من نەمدەتوانی بە ئینگلیزی قسە بکەم. تەنیا دەموت 'من، پەنابەر، عێراق، ئاھ، سیاسەت... پارە، کێشە نییە. تکایە، گیتار،'» ھەر ئەوەندەی بە بیر دێتەوە. «تەنانەت نەمدەویست گیتارەکەش بکرم. ھەر دەمویست گیتارەکە ھەڵگرم و کەمێک بژەنم. وەک ئەوە وا بوو جارێکی تر خۆشەویستەکەم ببینمەوە.» لەو ساڵانەدا، سالار بەردەوام بوو لە نووسینی مۆسیقا لەکاتێکدا لە باندەکانی دەوروبەری پایتەختی ھۆڵەندادا ژەنیار بوو. تا کاتی چاوپێکەوتنەکەش، سەلمان لە ئەمستەردام دەژی، و سەردانی باشووری کوردستانیش دەکات—کە لە ئێستادا زۆر سەلامەتتر و جێگیرترە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خۆبەڕێوەبەری لەنێو دەوڵەتی عێراقدا.[٥]
دیسکۆگرافی
[دەستکاری]گۆرانییەکان
[دەستکاری]- ئەمشەو ئەمشەو
- ئەی مانگ (لەگەڵ سەرکەوت سەعید)
- بڕیاری چی بەم؟
- بە شەوقی
- چەکھەڵگری خاکێکم
- خۆزگە
- دایە گیان
- دەبێت ڕووکەینە سارا
- دەچینۆ
- دەردی غوربەت
- شەوێکە ئەمشەوی تر
- شیرینێ[٦]
- کوڵم و ئەگریجە
- کۆتری سپی[٧]
- گەرچی وێڵی دەشت و دەرم
- لە پاش تۆ[٧]
- لە ھەر سووچێ
- مام لالۆ
- وڵاتم بەجێھێشت
- وێنەی تۆ
ئاوازەکان
[دەستکاری]سالار ئاوازی بۆ چەندین گۆرانی و گۆرانیبێژ داناوە:
- کڵپە مستەفا
- بە شەوقی
- گەرچی وێڵی دەشت و دەرم
- وێنەی تۆ
- کەمال محەممەد
- بڕیاری چی بەم؟
- شیرینێ
- سالار مەحموود
- ئەرێ ھۆ لەیلی
- لە پاش تۆ
- کەمال محەممەد و میران عەلی
- جەژنی مەرگ[٨]
- سەرکەوت سەعید
- یاران
ئەلبوومەکان
[دەستکاری]سالار تاکە ئەلبوومێکی فەرمیی بە ناوی خۆیەوە ھەیە کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ و لەلایەن ئەی ئێم ڕیکۆردز لەسەر ئاپڵ میوزیک، ئایتیوونز، سپاتیفای، دیزر، ڵاست.ئێف ئێم و چەندین شوێنی تریش بڵاو کرایەوە.[٤][٥]
ژمارە | ناو | ماوە |
---|---|---|
١. | «شەھرەزادە» | ٦:٢٠ |
٢. | «نازێ» | ٨:٤٢ |
٣. | «شەپۆلەکان» | ٢:٠١ |
٤. | «مام لالۆ» | ٥:٠٠ |
٥. | «شیرین» | ٧:٠٤ |
٦. | «لە تەنھایی» | ١:٤٤ |
٧. | «لۆی لۆی» | ٢:٤٩ |
ماوەی گشتی: | ٣٣:٤٠ |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «سالار و عەتا کارێکی نوێ دەکەن». www.wishe.net. لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ Administrator1. «ڕاپۆرتە هەوڵ لە هۆڵەنداوە … لە یادی 28 ساڵەی دامەزراندنی یانهی کوردی "میدیا" دا ڕێزلە سەرپەرشتیارانی دێرین و نوێی سەرجەم بەشەکانی"میدیا" دەگیرێت». www.kurdistannet.biz (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە ژمارەیییەکان: authors list (بەستەر) - ^ «یانەی کوردی میدیا لە ھۆڵەندا 28 ساڵ خزمەت و خزمەتگوزاریی بەردەوام – Knwe.org». knwe.org. لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ ئ ا «Salar Salman, by Afrobotic Musicology». Afrobotic Musicology (بە ئینگلیزی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ ئ ا ب «The Legacy of Salar Salman, Kurdish Guitar Hero». Bandcamp Daily. ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢. لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ «کەمال محەممەد ئێستاش دەڵێ نازە ڕقم لێ ھەڵمەگرە». gulan-media.com. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ ئ ا «سالار سەلمان، سەربازێکی ونی زیندوی موزیکی کوردی». کولتور مەگەزین. لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ «کەمال محەممەد و میران دوێت دەکەن». www.rudaw.net. لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]- سالار سەلمان لە فەیسبووک
- کەناڵی سالار سەلمان لە یووتیووب
- سالار سەلمان لە ئاپڵ میوزیک
- سالار سەلمان لە دیزر