فەتانە وەلیدی
فەتانە وەلیدی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٥٣ ![]() |
پیشە | گۆرانیبێژ ![]() |
فەتانە محەممەد شەریف وەلیدی (لەدایکبووی ١٩٥٣ لە سنە، ئێران) خانمە ھونەرمەندێکی کوردیی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە.[١] لە خوێندنگەی باڵای میوزیک لە تاران خوێندوویەتی و لە ساڵانی حەفتاکان لە ڕێگەی حەسەن کامکار، باوکی گرووپی کامگارەکان و محەممەد شەریف وەلیدی باوکی خۆی، ئاشنای جیھانی مۆسیقا بووە.[٢] دەسکەوتی ژیانی کورتی ھونەری فەتانە تۆمارکردنی ٥٦ گورانی لە ڕادیۆ سنە و کرماشانە کە ھەر ئەلبوومێکی لەبەردەست دایە.[٣] ژیانی ھونەری ئەو ھونەرمەندە بە ھۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونیەوە زۆر زوو کۆتایی پێ ھات. بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە ھونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێ. ناوبراو یەکێک لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە دواتر بووە ئیلھامبەخشی ژمارەیەک لە ھونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.[٤]
ژیان[دەستکاری]
ھونەرمەند فەتانە وەلیدی لە ساڵی ١٩٥٣ لە بنەماڵەیەکی ھونەریی لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و ھەر لە منداڵیەوە ڕووی کردە ھونەری مۆسیقا و ئاواز و توانی ببێتە یەکێک لە ژنە ڕچەشکێنەکان لە مەیدانی ھونەر و مۆسیقای کوردی.[٥] باوکی فەتانە گۆرانیبێژ بووە و کەمانی ژەنیوە، ھەر لە منداڵیەوە فەتانە لەلای حەسەن کامکار دەست بە فێربوونی وانەکانی میوزیک دەکات.
لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کرد و لە ڕادیۆی سنە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد، بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو ھۆیەوە فەتانە ڕووبەڕووی جۆرەھا توانج و تانە و کاری نەشیاو بوویەوە.[٦]
چەندین چیرۆک و گێڕانەوە سەبارەت بە ھۆکاری دوورکەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی و میوزیک باس دەکرێن بەڵام دیارترینیان چیرۆکێکی خۆشەویستییە کە بووەتە ھۆی خراپی دۆخی دەروونی بۆی.[٧]
گۆرانییەکان[دەستکاری]
بەشێک لەو گۆرانیانەی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی ھونەریدا تۆماری کردوون، بریتین لە:
- ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری.
- لە ژین بێزارم.
- لای لای دڵم لای لە باغی سینەم.
- ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم.
- لە سەرووی قامەتی یار.
- ھاتەوە یارم یاری وەفادارم.
- بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم.
- بەھار فەسڵێکی خۆشە.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ "دیدار با فتانه که گوشهنشین عشق شد". isna.ir. 2022-08-08.
- ^ "فەتانەی وەلیدی.. شاژنە فەرامۆشكراوەكەی مۆسیقای كوردی". rudaw.net. 2022-08-08.
- ^ "فەتانە وەلیدی، تریفەدەنگی مۆسیقای کوردی بە سەر کرایەوە". ku.mehrnews.com. 2022-08-08.
- ^ "خانمە هونەرمەندێکی کورد باری تەندروستی ناجێگیرە". speemedia.com. 2022-08-08.
- ^ "دۆخی تەندروستی "فەتانە وەلیدی" ناجێگیرە". kurdistanukurd.com. 2022-08-08.
- ^ "فەتانە؛ چریکەی ئەوینێکی ناکام". mewdamedia.com. 2022-08-08.
- ^ "خانمە هونەرمەندێکى ناودارى کورد گەیەنرایە نەخۆشخانە". zamenpress.com. 2022-08-08. ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.