ڕەسوول بێزار گەردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

رەسوول بێزار گەردی (١٩٢٤ ز - ١٩٩٤ ز) حەیرانبێژ و گۆرانیبێژی کوردی لە دایک بووی ھەولێرە.

ژیان[دەستکاری]

ئەم ھونەرمەندە لێھاتووەی کورد لە ساڵی ١٩٢٤ دا ھاتۆتە دنیاوە، لە شاری ھەولێری قەڵاو منارە پەروەردە بووە چۆتە بەر خوێندن و بۆتە خوێندەوارێکی ڕووناکبیرو ھەر لەمنداڵییەوە بەھرەی ھونەری حەیرانبێژی لەمێشکدا چەکەرەی کردووەو دەنگی سازگاری خۆی لەگەڵ ھەموو جۆرە مەقام و بەستەیەکی کوردیدا تاقیکردتەوەو ھەستی کردووە لە حەیرانبێژیدا لەھەموو جۆرەکانی دیکەی گۆرانی کوردی سەرکەوتووترە، بۆیە خۆی داوەتە ئەو ھونەرە ناسکەی کوردو بۆتە مەزنترین حەیرانبێژی کوردستان و لە ھەموو لایەکی نیشتمانەکەی دەنگیداوەتەوە.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٤٧دا چۆتە بەغدا و لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردی ھەفتانە ئاھەنگێکی گۆرانی ڕاستەوخۆی پێشکەشکردووەو ناوبانگی ھونەریی بەھەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە.

لە ڕۆژی ١٩٩٤.١٠.١٧ دڵە گەورەکەی حەیرانبێژی ناوداری کورد ڕەسووڵ گەردی کوڕی محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا گەردی لە باڵەخانە بێنازەکەی لە گەڕەکی ئیسکانی شاری ھەولێر لە لێدان کەوت و لەنێو شەپۆلی غەم و بە ئامادەبوونی ھونەرمەند و دۆست و یارانی بەخاک سپێردرا.

ھونەری ڕەسوول بێزار گەردی[دەستکاری]

لەماوەی کارکردنی لەو ئێستگەیەدا پتر لە ٦١٥ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی تۆمارکردووەو زۆربەیان حەیران و بەستەن و لەپاڵ گۆرانی گوتنیشی دەستی شیعر ھۆنینەوەیش بووەو نازناوی شاعیری "بێزار" بووە، بۆیە حەزی دەکرد پێی بڵێن "ڕەسوڵ بێزار گەردی" و لەماوەی ژیانیدا ئەم پەرتووکانەی لە شیعری خۆی و شیعری شاعیرانی دیکەی کورد چاپ و بڵاوکردۆتەوھ:

  1. بژاری لاوک و ‌حەیران—ساڵی ١٩٥٧دا لە بەغدا چاپی کردووەو ١٠٦ لاپەڕەیھ
  2. گوڵە مێلانەی کوردستان—لە ١٩٦٠دا لە بەغدا چاپی کردووەو ١٥٤ لاپەڕەیھ
  3. شیلان و شلێر --- لە ١٩٦٧دا لە بەغدا چاپکراوەو ١٣٠ لاپەڕەیە

ئەم ھونەرمەندەی کورد خاوەن ھەڵوێستێکی نیشتمانی بوو، گەلێک دڵسۆزبوو بۆ نەتەوە نیشتمانە خۆشەویستەکەی، بۆیە لەدوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ماوەیەک چووە پاڵ شۆڕش بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە بەھاری ١٩٧٤دا وەک ھەموو ڕۆشنبیران و ھونەرمەندانی خۆی گەیاندە شاخ، ئەم ھونەرمەندە ھەر بە نەمری لە دڵ و ویژدانی ھونەردۆست و سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی چیا [١]