مەرزیە فەریقی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵا

لەدایکبوون٢٢ی ئایاری ١٩٥٨
مەرگ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥
پیشەگۆرانیبێژ، پێشمەرگە


مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵا ناسراو بە مەرزیە فەریقی (٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ – ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥) گۆرانیبێژێکی کورد بوو. مەرزیە لەدایکبووی شاری مەریوان بوو و لەگەڵ ھاوسەرەکەی ناسر ڕەزازی (گۆرانیبێژ) ماوەیەک لە نێو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون. لەژێر نەشتەرگەریی دڵ لە سوید کۆچی دوایی کرد و لەسەر داواکاریی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە کوردستان و لە سلێمانی لە گردی شەھیدان بە خاک سپێردرا.

ژیان[دەستکاری]

مەرزیە فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زایینی لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، بەڵام دایک و باوک و کەسوکاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەست پێ کردووە؛ ھەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە قوتابخانەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا بەشداری کردووە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێکۆشان کردووە. بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و زۆرییەی کە حکوومەتی حاکم لە کورد و زمان و ئەدەب و ھۆنەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانیی فارسی ھێناوە و گوتنی گۆرانی کوردی دەست پێ کردووە.

مەرزیە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بووە، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە شاری سنەی ناوەندی پارێزگا. لەوێ چووەتە زانستە ئامادەیییەکان و خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردووە. ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی مۆسیقای سنە چەندین جار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی گوتووە. پاش تەواوکردنی ئەو دەورەیە لە سنە، گەڕاوەتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووە بە مامۆستا. مەرزیە پاش دوو ساڵ وانەگوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە قوتابخانەی سەرەتایی دامەزراوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووەتەوە.

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێک دێنێت؛ لەبەر بەسەرداھاتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ناسر شانبەشان لە خۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە و کەوتووەتە ژێر چاوەدێری. کە ئێران ھاتووەتە سەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی کوردستان ھەر درێژە پێ داوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیکی کورت کەوتووەتە بەندیخانە و کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لەبەر ڕاوەدوونان و گرتن نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە. مەرزیە لەگەڵ ناسر و دوو منداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی کوردستاندا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خەباتیان کردووە. ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا، لە ناو کۆڕی بانگەوازدا کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانیی و شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووەتەوە کە بوونەتە وێردی سەر زاری پێشمەرگە و خەڵک و ڕادیۆکانی شۆڕشی کوردستان.

مەرزییە ساڵی ٢٠٠٥ لەژێر نەشتەرگەریی دڵ گیانی سپارد.

چەند گۆرانیی مەرزییە فەریقی[دەستکاری]

سڵاو بۆ پێشمەرگە[دەستکاری]

گۆرانیی سڵاو بۆ ھەڤاڵی پێشمەرگە بە دەنگی مەرزییە فەریقییەوە.

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

لە دەوری دەست و تفەنگت گەڕێم کە ڕۆژی خەبات
لە ئاستی ھەڵمەتی تیژت چ ناگرێ بەرگە

ئەوێستە تۆی لە شەوی تار مۆمی ھەڵگیرساو
لە نێو دڵی شەوەزەنگا وەکوو گڕێک ڕاساو

کە ڕاتشەکاندووە ئاڵا بە دەستی خاراوت
دەگەی لە کۆسپ و بوواران بە ھەستی پاراوت

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

لانکۆڵێ[دەستکاری]

لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار ھەنارێ
وەستا بێ لە تارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لە لانێکدا نانووم دەبا بۆی ساز کەم جۆڵانێ
ھەی ڕۆڵە سەردڵ خڕ بی باب مردوو بی، شەو درەنگە بۆ جێژوانێ
تاوە ڕۆژی ڕووناکە ھەموو عالەم دەیزانێ

قەت نەبوو بڵێ دانیشین تۆزێک بکەن ڕا و تەگبیر
سەد لەعنەت لەو کەسەی بێ دەس لە باڵات بکا گیر
جا چی بوو ماڵەبابم ئەتۆ جحێڵەو ئەمن پیر

ئەو قورعانەی بتگرێ ھێنات لێکت کردووە
سێ جار دەستت پێ دادا بۆ مزگەوتت بردەوە
بۆخۆت کەیفم بۆ دەکەی بە دەم داخ و دەردەوە
دەستە و ئەژنۆت داناوم بەھەناسەی سەردەوە

لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار ھەنارێ
وەستا بێ لە تارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانووم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ
ھەی ڕۆڵە سەر دڵ خڕ بی باب مردوو بی، شەو درەنگە بۆ جێژوانێ
تاوە ڕۆژی ڕووناکە ھەموو عالەم دەیزانێ

ژنان[دەستکاری]

ژن ئەی مایە و ماک و ھەوێن
ئێوە زەریان گەر بھەژێن
بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
ئەی ژنانی دایکی زەوین
ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین
ئەی ژنانی زام و ئەوین
ئەستێرەمان لەئێوە زا
گەردنتانا شەو چرا
مێژووی ئێوە جیھانی بوو
زامی ئێوە بارانی بوو
دژی ئێوە نەزانی بوو
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
باڵاتان باڵای وڵاتە
سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە
بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانەشەو چرا

ئەم سرودە، ھۆنراوەی شێرکۆ بێکەسە، مەرزیە فەریقی بە بۆنەی ٨ی ئازار لە میدیا تی ڤی بڵاوی کردەوە. ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی جیا، لە کاری ھونەری وەکوو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات لە بەرامبەر مەسەلەی مافی ژن چالاکانە بەشداری کردووە. مەرزیە لە دەرەوەی وڵات ئەندامی کۆمەڵەی مافی پاراستنی منداڵان لە سوید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ھەروەھا ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی بووە.

ھونەری مەرزییەی فەریقی[دەستکاری]

  • یەکەمین گۆرانیی کوردی کە مەرزیە فەریقی تۆماری کرد: «لەسەر کانی دێتەوە لێو بە کەنی و گۆزە بە شانەوە» بوو. مەرزیە فەریقی زۆر حەزی لە بیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابانی دەکرد.
  • یەکەمین سروود کە مەرزیە، تۆماری کرد سرودی «سڵاو بۆ پێشمەرگە» بوو؛ دوای ئەوە گۆرانی «گیانەکەم بە ئاسمانی شین». ئەم گۆرانییە ھونەرمەندی کورد عەزیز شاھرۆخ گووتەیەتی بەڵام مەرزیە دەسکاری شیعرەکانی کردووە و لە قاڵبی شۆڕشگێڕیدا وتوویەتی دوای ئەوە گۆرانی «ماچی خودایی» و گۆرانی «پاییز». ئەمانە ھەموویان دیاریی سەردەمی پێشمەرگایەتین. دەتوانین بڵێین کە مەرزیە یەکەمین گۆرانیبێژی ژن بوو کە سرودی تۆمار کردووە.

مەرزیە بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لە سەردەمی شادا، لە سنە لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا کە تێکۆشانی ھونەری بۆ ژن قەدەغە بووە، وازی لە کاری ھونەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لە سەردەمی شاخ کاری ھونەری دەس پێ کردووەتەوە. بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی و بێ دەرەتانی ھونەری و پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لە پێشمەرگایەتی ھێناوە و ساڵی ١٩٨٥ چوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزییە لە سوید بووە بە خاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی کاردۆ.

سەرەتا مەرزیە لەگەڵ ناسر لە سوید و ئەورووپا، کاری ھونەری دەست پێ کردووەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی کە کاردۆی کوڕی منداڵ بووە، بۆ ماوەیەک لە کاری ھونەری دابڕاوە.

  • دوای ماوەیەک دابڕان مەرزیە فەریقی دەست دەکاتەوە بە کاری ھونەری و لە ساڵی ١٩٩٥دا، لەگەڵ ناسر ڕەزازی ئەلبومێک بە ناوی (پایز) بڵاو دەکەنەوە کە لە ٧ تراک پێک ھاتووە.

ناوی ئەو شاعیرانەی لەم ئەلبومەدا ھۆنراوەکانیان کراوە بە گۆرانی بریتین لە:

(گۆران، ھێمن، مەولەوی، ڕێبوار پشکۆ و چەند ھۆنراوەیەکی فۆلکلۆر)

ناوی ئاوازدانەرەکانی نێو ئەم ئەلبومە بریتین لە:

(بورھان موفتیزادە، مەرزیە فەریقی، ناسڕ ڕەزازی و چەند ئاوازێکی فۆلکلۆر)

  • لە درێژەی کار و چالاکییە ھونەرییەکانی ھونەرمەند مەرزیە فەریقی لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەلبومێکی تایبەت بە خۆی لە سوید بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (بەڵێن بدە) کە لە ٧ تراک پێک ھاتووە.

ناوی ئەو شاعیرانەی لەم ئەلبومەدا ھۆنراوەکانیان کراوە بە گۆرانی بریتین لە:

(عەبدوڵڵا پەشێو، ئەحمەد ھەردی، ناسر ئاغابرا، کاکەی فەلاح، ھێمن و شێرکۆ بێکەس)

ناوی ئاوازدانەرەکانی نێو ئەم ئەلبومە بریتین لە:

(بورھان موفتی زادە، مەرزیە فەریقی و ناسڕ ڕەزازی)

  • دواتر لەگەڵ ناسر لە سوێد، ئیتالیا، ئەڵمانیا، سویس بەلجیکا، بەریتانیا، دانمارک، فینلاند، ئوتریش، کەنەدا، ئوسترالیا و ئەمریکا لە ئاھەنگ و بەرنامەدا بەشداریان کردووە مەرزیە کاری ھونەری خۆی لەوێ پەرە پێ داوە و ھەمیشە داکۆکیکەری مافی ژنانیش بووە.
  • دوای ئەم ئەلبومە مەرزیە فەریقی چەند کۆنسێرتی لە چەندین شاری کوردستان و وڵاتانی دیکە گێڕاوە.
  • ساڵی ٢٠٠٣ بۆ دواجار، کۆتا بەرھەمی بە ناوی «ھەموو شەو» بڵاو دەکاتەوە. وا بڕیار دەبێت کە ھونەرمەند مەرزیە فەریقی دوو ئەلبومی دیکە بڵاو بکاتەوە و زۆرینەی کارە میوزیکەکانی ھەردوو ئەلبومەکە بەشێکی تەواو و بەشێکیشی لە قۆناغی ئامادەکردندا دەبێن؛ تەنھا ئەوە دەمێنێت دەنگی مەرزیەیان لەسەر تۆمار بکرێت بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگای پێ نادات ئەم کارانەی بە ئەنجام بگەیەنێت. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥، بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید کۆچی دوای دەکات و تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە کوردستان و لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.

کاریگەریی ناسر لەسەر گۆرانییەکانی مەرزییە[دەستکاری]

ناسر ڕەزازی وەکوو ھاوسەری مەرزیە لە بواری کاری ھۆنەریی گۆرانیگوتندا، زۆر یارمەتی مەرزییەی داوە. کاریگەرییەکانی ناسر لەسەر مەرزیە بۆ وێنە گوتنی گۆرانی بە چوار زاراوە واتە: ھەورامی، کورمانجی، کوردیی باشووری و سۆرانییە و یەکەم گۆرانیبێژی ژن لە کوردستان مەرزیەی فەریقییە کە توانیوەتی بەم چوار زاراوە گۆرانی بڵێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]