ئەحمەد شەماڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەحمەد شەماڵ

لەدایکبوون
ئەحمەد مەحموود محەممەد

١٩٢٣[ئ]
مەرگ٣ی نیسانی ١٩٩٧(١٩٩٧-٠٤-٠٣) (٧٣–٧٤ ساڵ ژیاوە)
سلێمانی
نیشتەجێیسلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەگۆرانیبێژ
چالاکبوون١٩٥٣
مناڵ(ەکان)٦[١]

ئەحمەد مەحموود یان ئەحەی خولە سنەیی ناسراو بە ئەحمەد شەماڵ (١٩٢٣[ئ] لە سلێمانی، عێراق – ٣ی نیسانی ١٩٩٧ لە سلێمانی) گۆرانیبێژێکی کورد بوو، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و بەھۆی کاری کاروانچێتییەوە باوک و باپیری لە شاری سنەوە ھاتوونەتە شاری سلێمانی بۆیە بە ئەحەی خولە سنەیی ناسراوە. دواتریش و ھەر لەو شارەدا نیشتەجێ بوون.[١][٣]

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

ئەحمەد شەماڵ لە ١٩٢٢ لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی لە خێزانێکی کەم دەرامەت لەدایک بووە. لەسەرەتادا دەخرێتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز، بەڵام لەبەر ھەژاری واز لە خوێندن دەھێنێت و دەست بە کارکردن دەکات و خەم و کەسەر و مەینەت دەبێتە بەشێک لە ژیانی. ئەحمەد شەماڵ ھەر لە سلێمانی ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێناوە و چەند منداڵێکی بە ناوەکانی جەمال، جەلال، جەزا، شەماڵ، ناسک و بەناز ھەیە.[١]

پیشە[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٣ دەستی بە کاری ھونەری کردووە، پاش ئەوەی کە خەڵک زیاتر ئاشنای دەنگی دەبن وای لێدێت خەڵکانێکی زۆر حەز بە دەنگی بکەن. لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە گۆرانیی گوتووە وەک: محەممەد ماملێ، حەسەن زیرەک، عەلی مەردان و سەڵاح داودە.[٣] زۆرن ئەو کەسانەی، کە بە ئامێرە مۆسیقییەکانیان یارمەتییان داوە، وەک ھونەرمەندان سمکۆ بە ساز، ئومێد ڕەحیم بە نەی و ئیسماعیل بە زەڕب و عوسمانیش، کە برای ھونەرمەندە، بە لێدانی زەڕب.

لە چەپەوە، ئەحمەد شەماڵ و ئیسماعیل محەمەدی شاعیر لە ١٩٨٩

گۆرانییەکانی باس لە ژیانی خۆی دەکات و زۆر لە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی و چەند چیڕۆکێکی ھەیە و لە شانۆی «مەتەدا» ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، حەیرانبێژ بووە، ھەرچەندە لە ژیاندا گرنگی پێنەدراوە و دەبینین لە ماڵاندا کارە ھونەرییەکانی ئەنجامداوە، بەڵام بەو شێوەیەش توانی مۆسیقا و ھونەری کوردی بەرەو پێش بەرێت،ئەگەر گوێت لە دەنگی و گۆرانییەکانی ئەم ھونەرمەندە گرتبێت، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کە لە چ ڕەوشێکدا ژیاوە و چەندە ھەژار بووە و ھەر ئەم ھەژارییەش وای کرد، کە گۆرانی بڵێ و ھەمیشە گلەیی لە چارەنووسی خۆی و سکاڵای لە چەرخی گەردوون کردووە، وەک دەڵێ:

ئەی گەردوون قابیلی خۆتە چەرخت بگێڕی
زۆر ناپیاوت کردە پیاو زۆر ناپیاویشتت کردە خوێڕی

جگە لەوەی، کە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی لەگەڵ ئەمەشدا گۆرانی بۆ ئەوینداران و سروشتی کوردستان گوتووە و کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە، لە ژیانی دا گەلێ کاری وەک توتنچێتی و کاروانچێتی و حەماڵ و شوانی کردووە و ژیانی ھەمیشە پڕبووە لە دەرد و کەسەر و ناخۆشی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەنێو خەڵکی بە قسەخۆش ناوبانگی دەرکردووە و ھەمیشە قسەی خۆشی لەسەر زاری بووە، بۆیە خەڵکانێکی زۆر خۆشیان ویستووە و ھەمیشە سەردانیان کردووە، بەڵام لەو سەردەمەدا ھونەر نرخی کەمبووە و بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین سەیرکراوە و بەگۆرانیبێژ گوتراوە لۆتی، بۆیە ئەمەش ئازاری زۆری دەروونی ھونەرمەندیان دەدا ھەر بۆیە شەماڵ دەڵێ:

ھونەر زۆر بەنرخە، ئاخ نرخی نییە
لەناو کوردی ئێمەدا قیمەتی نییە
بەناشیرین بانگی دەکەنی پێی دەڵێن
ئەو کابرایە لۆتییە
لەو خراپتر کە فەقیر بوو پێی دەڵێن کونییە
بەڵام سەروەت و ماڵێکی زۆری ھەبێ
ھەرچی جۆری بێ
ئەشھەدووی پیادەکێشن پێی دەڵێن
پیاوی وا ھەر نییە

ئەحمەد شەماڵ دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ ھونەرمەند حەسەن زیرەکدا ھەبووە و وەک خۆی گوتوویەتی

«ھەر کاتێ زیرەک سەردانی باشووری کوردستان بکردایە سەری لە ئێمەش دەدا و ماوەیەک لەلامان دەمایەوە و چەندین ئاھەنگمان بەیەکەوە دەگێڕا، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاھەنگانە تۆمار نەکراون.»

شەماڵ لە یەکێک لە ئاھەنگەکانیدا بەم شێوەیە باسی ھونەرەکەی زیرەک دەکات و دەڵێت:

وەرە خەڵکە پێم بڵێن ھونەر شەتڵە
قەڵەمە یان تۆوە؟
ئەی چییە و ناوی چییە ئەی بۆچی چاکە؟
کێ دیبووی ھونەرێکی وەک زیرەک
بەدووچاو لەم خاکە
ئەی ئافەرین کە ئێستا مردووە
پێی دەڵێن کاکە

مردن[دەستکاری]

ئەحمەد شەماڵ لە ٣ی نیسانی ١٩٩٧ بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دواییی کرد.[١] لە ٢٠١٦ لە یادی ساڵڕۆژی مردنی شەماڵ، تەھا ڕەسوڵ پەیکەرێکی بۆ شەماڵ دروست کرد، کە لە زێدی شەماڵ لە گەڕەکی چوارباخ دانرا.[٤] ڕەئووف شێخ جەمیل کتێبێکی بە ناوی «گۆرانیبێژی میللی، ئەحمەد شەماڵ» نووسیوە و لەسەر ئەرکی تەھا ڕەسوڵ چاپ کراوە.[٥] کارزان قەرەداغی کۆمەڵێک گۆرانیی ئەحمەد شەماڵی لە سی دییەک بە ناوی یادگارییەکان، ئەحمەد شەماڵ تازە کردووەتەوە.[ژێدەر پێویستە]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا بە ھەفتەیەک پێش مردنی، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی خاک بە دەمی خۆی دەڵێ «موالیدم سی و دووە»، بەڵام سەرچاوەکان بە بیست و دوو یان بیست و سێ تۆماریان کردووە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "ئەحمەد شەماڵ". Kurdipedia.org. Retrieved 2024-02-11.
  2. ^ چاوپێکەوتنی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ، هەفتەیەک پێش کۆچ کردنی, retrieved 2024-02-11
  3. ^ ئ ا "ئەحمەد شەماڵ.. هونەرمەندی هەژاران -". RojNews.News. 2022-04-03. Retrieved 2024-02-11.
  4. ^ "ئەحمەد شەماڵ". www.khaktv.net. Retrieved 2020-09-30.
  5. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "لە ئەرشیفی شارەوە، گۆرانیبێژی میللی، ئەحمەد شەماڵ". Kurdipedia.org. Retrieved 2024-02-11.