مریەم خان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مریەم خان
زانیارییەکان
لەدایکبووی١٩٠٤
دێرگول، بۆتان
مردوویتەممووز ١٩٤٩
بەغدا
پیشە(کان)گۆرانیبێژ

مریەم خان (١٩٠٤ لە دێرگول، بۆتان - تەممووزی ١٩٤٩ لە بەغدا) گۆرانیبێژی کوردی لەدایکبووی بۆتانە. مریەم خان (مێرەم خان) یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی کوردە کە گۆرانی‌یەکانی لەسەر قەوان یان گرامافۆن تۆمار کراوە.

ژیان[دەستکاری]

مریەم کچی موحەممەدی کوڕی ئە‌حمەدی بۆتانی ناسراو بە مریەم خان لە ساڵی ١٩٠٤دا لە گوندی دێرگولی جزیرەی بۆتان لە باکووری کوردستان چاوی بە ژیانی ھەڵھێناوە. ژیانی منداڵیی لە شاری دیاربەکر بەسەر بردوە، کە شەڕی یەکەمی جیھانی لە پایزی ١٩١٤دا ھەڵگیرساوە ژیانی ناوچەکەیان لەڕووی ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەوە ئاڵۆزبووە و تووشی کارەساتی ژیان و گوزەران بوون، بۆیە بەزۆری خەڵکی ئەو ناوچانە ڕوویان کردۆتە پارچەکانی دیکە کوردستان، بەتایبەتی بەرەو کوردستانی باشوور و وڵاتی شامەوە چوون و موڵک و دێھاتی خۆیان بەجێھێشتووە. مریەم خانی کچە دەنگخۆش و شەیدای ھونەر و ئاوازی کورد لە سەرەتادا بەرەو سوریا دەچێ و ماوەیەک لە دیمەشق دەژی و مریەم خان لە ساڵی ١٩٢٤دا دێتە باشووری کوردستان و لە زاخۆ ماوەیەک نیشتەجێ دەبێت و لە دواییدا، لە دەبیستێ لە بەغدا کۆمپانیای گۆرانی تۆمارکردن لەسەر قەوان دامەزراوە، ڕوودەکاتە پایتەخت خانوویەک لە باب الشرقی بەکرێ دەگرێ و ماڵێکی خنجیلانە دادەنێ و لە ساڵی ١٩٣٠دا چەند لاوک و بەستەیەکی بەسۆز لەسەر قەوان لە کۆمپانیاکانی ئۆدین و بەیزافۆن تۆمار دەکات و ئەم سترانانەش ھەندێکن لە لاوک و بەستە تۆمار کراوەکانی لەسەر قەوان:

  • لۆرکێ لۆرکێ
  • گولێ وەی نار وەی نارێ
  • ھەی بەردە بەردە
  • لێلێ وەسۆ
  • گوڵ شێنی شێنی
  • یار حەلیمێ
  • محەمەدێ ڕۆمی
  • لێلێ ئێمۆ
  • لێ داێ
  • لێلێ سوارۆ
  • ئەی دەلال
  • مێرەمێ

جگە لە سترانەکانی سەر قەوانی، بەدەیان لاوک و بەستەی کوردی لە ئاھەنگی گۆرانی ڕاستەوخۆی لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردیی بەغدا چڕیوە و چەپکێک گۆرانیش بە دووقۆڵی لەگەڵ سترانبێژە ھونەرمەندەکانی کورد، موحەممەد عارفی جزیری، حەسەن جەزراوی، ئەڵماس موحەممەد گوتووە.

مریەم خان لە ساڵی ١٩٤٩دا تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە، ھەرچەندە خرایە نەخۆشخانەی تایبەتی و ھەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی درا، بەڵام بێ سوود بوو و لە ئەنجامی ئێش و ئازار لە دوادوای مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری بە‌غدا کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی چیا [١]
  • ماڵپەڕی خۆزگا [٢]